فستیواڵی لاوان لە بوخارێست

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 7 دقیقه  864 مشاهده

پتر لە ساڵێک لە کەرکووک ڕامبوارد. سەرەتای هاوینی ١٩٥٣ بوو. باسی فستیواڵی جەوانان لە بوخارێست داکەوت. شێخ مارف گوتی: وا دەکەم دەگەڵ لاوانی حیزبی شیووعی بچیە بوخارێست. ئیتر بەر ئەمریشیان نەبی و بە ئازادی بیروبڕوای خۆت بە خەڵکی دنیا ڕابگەیەنی.

ئاخ چەند خۆش بوو ئەم سەفەرەم بکردایە! دوو عەکسی کاڵی نائاشکرای لێ وەرگرتم. ڕۆژێک پاسپۆرتێکی بۆ هێنام کە بە دە دینار بەرتیل دروست کرابوو. گورجێ کەلوپەلم هەڕاج کرد. حیسابی خۆم لە وەستا وەرگرت، گوتم: دەچمەوە بەغدایە. سێ چەمەدانی تەنەکەی پڕ لە کتێبم هێنا و نامەم لە شێخ مارف وەرگرت و چوومە سەر قەتار. لە قەتاردا کە بەرەو بەغدا دەهاتم، لەسەر کورسیی دوو نەفەری، پۆلیسێکی ڕووتەکەی سیسی پۆخەکەم لەتەنیشت بوو. چایان دەگێڕا، گوتم دوو چامان بۆ بێنە. پۆلیس زۆری سوپاس کردم. پاش تاوێک هەستا ڕۆیی. زۆری نەبرد ئەفسەرێکی پۆلیس بە دوو پۆلیسەوە هاتن:

- ئەفەندی ئەوانە چەمەندانی تۆن؟

- بەڵێ.

- ماڵی قاچاغ، تووتن مووتنیان تێدا نییە؟

- خۆتان تماشا کەن و ئەوەش کلیل.

چەمەدان جگە لە کتێب چی تێدا نەبوو. کابرای ئەفسەر لە بەر خۆیەوە:

- ئای تەرەس! ئای بێنامووس! ئەفەندی بمانبەخشە. ئەو پۆلیسەی لە تەنیشتت بوو، هات گوتی ئەو کابرایە لە من ترسا؛ بۆیە چایی بۆ کڕیم. دیارە قاچاغی پێیە! نسحەت بێ لە منەوە:

ڕوحم بە بەراز بکە! بە پۆلیس مەکە! هەموو حەرامزادەن؛ منیش یەک لەوان!

- دوور لە تۆ! بێزەحمەت چەمەدانەکانم وەک خۆ لێ بکەنەوە و لەو سەرە دایاننێنەوە!

شیاوی باسە، لەو ڕۆژانەوە کە ڕۆژانەم سەد سەد و بیست فلس بوو، لە نانی خۆم دەگێڕاوە و کتێب و گۆواری کوردی و عەرەبی بە دڵی خۆم دەکڕی و زۆرم شایی پێیان بوو. شێخ مارف گوتی: کتێبان لای من دانێ! ئەگەر نەشهاتیەوە بۆت دەدەم بە کتێبخانەی گشتی؛ با نەفەوتێن. بە قسەم نەکرد؛ لە بەغدا بە ماڵە مام حوسێنم ئەسپارد. نامەی شێخ مارفم گەیاند. گوتیان: سی دینار بدە و فڵان ڕۆژ حازر بە! یازدە کەس و من بە سواری ئوتوبۆسی نێرن، بە ڕێگەی چۆڵی شامدا کەوتینە ڕێ.

لە سووریا حوکمی «شیشەکلی» بوو؛ شیووعی لە جەوهەر قاچاغتر. گەیشتینە هەووەڵ پۆستی ڕێوانی سووریا - کە ناوەکەیم لە بیر نەماوە - وا بزانم ئەبووششاماتە بوو؛ چەمەدانیان پشکنین، پڕ لە عەگاڵی عەرەبی و کڵاش و خەنجەری کوردی و بەیانات. سوێند بخۆ، بپاڕێوە، ئێمە دەچینە سەیران لە لوبنان و لە سیاسەت دوورین. کابرای ئەفسەر دەیگوت: هەر ئەوە کە لەسەر بەیانەکان نووسراوە «وەتەنی ئازاد و گەلی بەختەوەر» - کە لە جێی بیسمیللایە - لای شیووعیان شایەتی چاکە! بە گیڕەگیڕ نەجاتمان بوو. تۆزێک لە شام ماینەوە و چووینە بێرووت. دەبوایە ویزەی ئورووپا وەرگرین. لە سەفارەتی ئیتالیا پاش پرسیار و وەرامی زۆر، کابرای سەفارەت - کە عەرەبی لوبنانی بوو - پرسی: بۆ چی دەچییە ئیتالیا؟

- بۆ سەیاحەت.

- کێ دەناسی؟

- کەس!

- نابێ، دەبێ یەکێک بناسی.

- ببەخشە وە بیرم هاتەوە، مەلێک فارووق دەناسم کە لە جزیرەی کاپرییە! دەستی کردە پێکەنین.

لەو بەینەدا سەفەرێکی شامم کرد، کە دوو سەعاتە ڕێیە. چوومە سۆراغی برایم نادری کۆنە هەواڵم؛ دیتمەوە.

- چ دەکەی لێرە؟

بۆم گیڕاوە. گوتی: تۆ هیچ فکر ناکەیەوە، پاسپۆرتی جەعلی دوو ساڵی حەبس لە سەرە؛ من قانوون دەزانم. ئەمجار وەدووی کڵاوی بابردە کەوتووی؛ نەدەبوو دەست لە کاسبی خۆت بەردەی. من خوا شوکور عەقڵم هاتۆتە سەرم و پووڵ پەیدا دەکەم.

- کاکە برایم! لە لەیلە و مەجنوونی وەحشی بافقیدا دەڵێ باوکی مەجنوون نسحەتی کوڕەکەی دەکرد: دەست لە لەیلێ بەردە و وەرەوە ناو خۆمان! مەجنوون لە وەرامیا گوتی: سەد کێوم لەسەر دڵە؛ چۆن هەستم؟ سەد چقڵم دە پێ چەقیوە؛ چۆن ڕاکەم؟ هێندەم لەو ڕێگەیەدا غار دادە کە تازە گەڕانەوەم هەیهاتە! تۆ کە خواشوکور تازە عاقڵ بووی؛ من تازە سەرەتای کەربوونمە... تا ماوم ناگەڕێمەوە و ئێتر ڕەفیقایەتیی عاقڵانیش ناکەم.

کۆت و شاڵوارێکی تورکیا حازر و شاپۆیەکی پووشم کڕی و هاتمەوە بێرووت. سواری دەرەجە سەربانی کەشتیی سامسۆنی تورکیا بووین؛ بەرەو ئیتالیا. چاردە لاوی لوبنانیش هەر بۆ فستیواڵ دەهاتن؛ هەواڵی ناو کەشتی بوون. دەگەڵ ئەفسەرێکی تورک قسەی خۆشمان دەکرد. دەیگوت: پێغەمبەر ئەفەندی هەر نەحلەتی لە عەرەب و چینی کردووە!

شەوی حەوتی جوولای بوو، بەحر کەوتە فەرتەنە. جگە لە کارکەرانی کەشتی - من نەبێ - هەموو کەس گێژ ببوون؛ دەڕشانەوە. لە پەستا پەتوومان بە سەر نەخۆشاندا بەش دەکرد. عێراقییەک بە دەم ناڵەوە دەیگوت: ئافەریم کەشتی! هەزار پیرێژنە یۆنانی قوون زلی لە سەرە؛ چۆن قوم نابێ!».

حەوت ڕۆژ و هەشت شەو لە بەحرا بووین. ئەفسەرەکە دەیگوت ژیان لە ژیانی ناو کەشتی خۆشتر نییە. گوتم: کەشتی وەک بیابانێکە بێ ئاوەدانی. دەنگی کەڵەشێرێک! حەپەی سەگێک، بۆڕەی مانگایەک، هۆقەی گامێشێک نابیسی؛ خۆشییەکەی چییە؟ دەیگوت من بیرم لەو شتانە نەکردۆتەوە.

بەیانییەک گەینە «ناپۆلی». شوێنمان لە قەتاری ڕۆم گرت و چووینە ناو شار. برسیم بوو چوومە بەر دووکانی سەندویچفرۆشێک. دە جۆرە گۆشتی لێ بوو. یەکیان گرانتر لەوی دی. بە ئیشارە و عەکس حاڵی کردم کە بە نرخەکە گۆشت کەرە و هەرزانەکە گۆشت بارگینە. پیاو تا بۆی بلوێ دەبێ شتی باش بخوا! دوو ساندویچی گۆشت کەرم وە بەر گاز دا. هەواڵە عێراقییەکانم گوتیان وەرە بۆ ئێمەش لەو ساندویچەی خۆت بکڕە. پاش قووت دان و ئاو لە سەر خواردنەوە، گوتم: کوڕینە بەڕاستی گۆشتی کەر بەلەززەتە! بوو بە هۆق هۆق و هێڵنجدان. گوتم: مەترسن! ئەوە گۆشتی کەری قوبروسی بوو!

لە ناپۆڵی سێ کەلیمە فێر بووم: پینە (نان)، ئاکوا (ئاو)، لە قەتاریش لە دەرکی ئاودەست نووسرابوو: (ڕیتی ڕاتا) دەی چی ترم دەوێ؟ نان و ئاو و ڕیان دەزانم و دانامێنم!

ڕەئیسی ئێمە عێراقییەکان کوردێک بوو بە ناوی «غەفووری میرزا کەریم»؛ بە کوردی قسەی نەدەکرد کە شۆڤینی نەبێ! عەرەبیشی هەر پەڵخور دەکرد؛ دەتگوت کەرە وگووی شل دەخوا!

حوسێن هەورامانییەکیش بوو؛ ئەویش پێی شەرم بوو بڵێ کوردم. ڕەئیس لە بێرووت گوتی: ئەو سەر و سی دینارەی داوتانە، خەرجی ڕێگامانە و کرێش لەسەر حیزبە. بە برایەتی و بە شەریکی وەک یەک دەخۆین و ڕادەبوێرین؛ لەناو شیووعیدا فەرق و جیاوازی نییە.

ڕۆژێک لەسەر کەشتی کۆ ببووینەوە، یەکێ لە منی پرسی:

- تۆ لە فستیواڵ دەتەوێ چ بکەی؟

- ئەگەر بتوانم هاوارێک بۆ کورد و کوردستانی لێقەوماو دەکەم.

ڕەئیس هەڵیدایە:

- چی؟ کورد؟! کوردستان؟! حیزب قەت بەوە ڕازی نییە!

- برا لە بەغدا قەرار درا من هەر لە ڕێگە ڕەگەڵتان کەوم. لەوێ ئازادانە بیروبڕوام دەرببڕم.

-دەی دەی! ئەم قسە قۆڕە! ساڵح دیلانیش وای گوت و هەر تا سەر دەریا بڕی کرد. دەمت بجووڵێ بڵێی کوردم، خۆت دەزانی!

- باشە با بزانین چۆن دەبێ...