دیسان باسی شێخ قانیع

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  1167 مشاهده

قانیع ماڵی هاتبووە کەرکووک؛ هاتوچۆی دەکردین. بڕیارمان دا کە فێری بلوێر لێدان بین. هەووەڵ دەرس دەبێ وا پکەی (لە بلوێرژەنیدا) نەفەس بخۆیەوە و نەیبڕی. قامیشمان لە ئیستیکانی پڕ ئاو دەنا و فوومان بەو سەریدا دەکرد. نەفەس خواردنەوە کارێکی گران بوو. ئەگەر ئەحیانە جارێک فوومان بۆ دەخورایەوە، ئەوەندە پێدەکەنین تا لە بیرمان دەچۆوە. سەرنەکەوتین.

- قانیع! ماڵت چۆن دەس کەوت؟

- بە خوا باوک! پیاوێ خێرەومەن وتی تۆ سەییدی و کوڕ شێخ دۆڵاشی؛ چاوەیەک خانووی داوە پێم.

- قانیع گیان! کابرا هەر کە بزانێ تۆ وەک بابت ممبارەک نی دەرت دەکا.

- نا باوە پیاوێ خاسە.

ڕەمەزان بوو، ڕۆژێک قانیع بە قاقا هاتە ژوور.

- باوک دەریانکردم! کاورا دیتمی نان دەخۆم، وتی: هەی فاسق ماڵەکەم چۆڵ کە! تێ ناگەم، من وە پارەی خۆم نان بخۆم خراپیم دەگەڵ کێ کردووە؟،

حەولی دابوو کارێکی دەس کەوێ، نەبوو. گوتمان عەرابە دەستی بگێڕە، وردەواڵە بفرۆشە. سندووقە سابوونێکمان بۆ کڕی. مەلا شوکور گوتی: چوار بۆڵبرینگیشی دەوێ.

- باوە! بۆڵبرینگ چەس؟

- کارت نییە، بۆت پەیدا دەکەین.

ئیتر وەک تالیلەی دەروێشان لە سەر یەک دەیگوت: «بۆڵبرینگ!». لە سەقەتفرۆشی دەوری خانەقا دوانمان کڕی. چووینە بەری قۆریە بۆ سانەوە، لە چایییخانەیەک دانیشتین. دووکاندارێکی ئەرمەنی - کە ئامرازی ترۆمبیلی دەفرۆشت - لە پشتەوە قانیعی ناسیبوو؛ هات.

- مەلا قانیع ماندوو نەبی!

- باوک بۆڵبرینگت هەس؟!

- ئەرێ وەڵڵا هەسم و ناتدەمێ! تۆ هیچ نەبێ جوابی سەلام و ماندوونەبیم بدەوە!

بۆڵبرینگی دا، عەرابە ساز بوو. مەجید کاکەش - کە عومدەفرۆش بوو - کەلوپەلی بە قەرز دایە کە پاش توانەوە بیداتەوە. دوو دەستە پزدان (تیزانگ)ی بۆ هێنا کە بیفرۆشێ. بۆ تەجرەبە یەکێکی فوو کرد، درێژ و ئەستوور وەک هەرامەی کەرێ! قانیع گوتی: ئای باوک! ئەمە نافرۆشم؛ ئەمە بۆ دایک کوتەک خاسە! (دایک کوتەک خێزانی بوو).

تۆ ڕەنگە قانیعت نەدیبێ! شتی هێندە ناحەز و ناقۆڵا نەبووە: درێژ، لاواز، چاوچکۆڵە و پرووش، لووتشۆڕ، لاڕوومەت بە کەند و کڵۆ، جل بە پینە و کەڵاش چەک و بەدنموود؛ لە گاڵتە و گەپدا بتکوڵاندایە ئۆخژنی نەدەهات. عاقیدەی شێخ سەمیعم بۆ باسی چڕوچاوی قانیع و گەڕیدەیی و بێنانی وەرگێڕابووە سەر گەپ و گاڵتە. ڕۆژێ دە جار بۆم بخوێندایەتەوە لە پێکەنین ڕەش و شن هەڵدەگەڕا. دوایە گوتی: باوک بیدڕێنە! بە خوا ئەمەشەم ئەبێتە بەزمێکی مناڵان! بەداخەوە دڕاندم و لە بیرم نەما. دانە دانەیێکم لە نزیکەی پێنجسەد بەیت دێتەوە بیر. باسی بەهەشتی شێخ سەمیعم کردبوو باسی چڕوچاوی قانیع:

باسی ڕوخساری نایەتە گوفتار
هەمووی قوڵکەیە و شیوە و چقڵجار
دوو کوێرەکانی ناونراون چاو
دایم دەتکێنن زەرداوی گەناو
مووی کونەلووتی و دوو کونای وەک غار
جەنناتوون تەجری تەحتەهەل ئەنهار

لە باسی نەسەبیدا بە دمەلاسکەی شێخ سەمیع نوسیبووم:

ئەم شێخ قانیعەی هێندە جوان و قۆز
سەر و سمێڵ بۆز، نەجیم و پیرۆز
لە کۆلۆس شەریف بە وەلەد بووە
بۆ لای کەرکووکی هیجرەت فەرمووە
باوکی شێخێک بوو لە تەکیەی دەڵاش
حەفتا ساڵ ژیا، بێ کەوا و کەڵاش
دایکی شێخزادە، نازانم کچ کێ!
دایم دوژداماو لە پشتی دەرکێ
عابا و ئەژدادی لەم سەر تا ئەو سەر
گەدازادە بوون سواڵکەر فەل سواڵکەر

قانیع تورکیی کەرکووکی نەدەزانی؛ بەڵام بە لامەوە سەیر بوو؛ بە تورکی هەجوێکی شێخ جەمیلی کردبوو؛ سەرەتاکەی ئەمە بوو:

شێخ جەمیلن تەکیەسی هەر عەینی ئاودەس خانەدر
هەر کەرێ هیچ عەقڵی یۆخدر، یاری ئەو شەیتانەدر