کار و گوزەران لە کەرکووک

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 7 دقیقه  966 مشاهده

وە ناو بازاڕ کەوتم. گۆزەیەک، کەترییەک، خەڵووز و مقەڵی و گەسک، دوو حەسیر، دوو ئستیکان، مەنجەڵێکی ئەلمونیۆم و دوو قاپ و کەوچکێک و خوێ و شەکر و چا و برینج و هێندێ ڕۆنم کڕی. کەمێ وردەبابەتی دیش کە لەبیرم نەماوە، لێفەشم لە بەغداوە هێنابوو. ماڵ هەی ماڵ! کابرایەکیش - کە وەک من لە ئوتێل بوو - ڕۆژانە دەچووە کار، تەختێکی دارینی دامێ بە قەد دوو نیمکەت پان. گوتی من جێگەم نییە لێی دانێم؛ با لای تۆ بێ. لێفە لەسەر تەخت ڕاخە و تەخت خۆت درێژ کە!

جگە لە یەکشەممە - کە وچان بوو - نیوەڕۆ لە چێشتخانە و شەو و بەیانی بە نان و پێخۆرێکی وەک پەنیر و ماستم دەگوزەراند. لە چێشتخانەش - وەک زۆربەی کرێکارانی فەقیر - داوای فۆگەم دەکرد؛ کە هێندێ خۆرشت بە سەر برنجدا کەن؛ نەک خۆرشت و برنج هەر یەک بە جیا کە گرانتر دەکەوت. ڕۆژی یەکشەممان کەتەم لێدەنا و لەجیاتی خۆرشت، ترێ ڕەشکە یان کشمیشم تێ دەکرد. کەوشیشم بۆ خۆم ڕەش دەکردەوە؛ پاتشا بووم و تاجم نەبوو! تەنیا لە زستان و سەرمادا زۆر حاڵم شڕ بوو. نە کونی ژوور دەگیرا، نە ئاگری سۆپەش خەبەری هەبوو.

کە دەهاتم بخەوم، ئاوم دەکوڵاند، دوو شووشەم لێ پڕ دەکرد، دەمخستە ناو توێی لێفەوە. لێفەکەشم بە پەتێک بە تەختەکەوە دەبەستتەوە کە لەسەرم لانەچێ و دەچوومە ناویەوە. ئارەقم دەکرد. لەپڕ بە لەرزە لەرز خەبەرم دەبۆوە؛ شووشە ئاو سارد ببوونەوە. دیسان و دیسان ئاو گەرم کە و دە شووشەی کە! شەوانە سێ چوار جار ئەم کارەم دەکرد.

نیوەڕۆیانی گەرما - کە دەمەویست ئیستراحەت بکەم - واوەیلا بوو. هەڕاجەبازاڕێک و چەند میوەفرۆشێک لە دەم خاسە و بەرانبەر بە ژوورەکەم هاواریان دەکرد: تەنزیلات، شەربەت بە دوو فلس؛ ترۆزی بڵاوە؛ خەیاری ئیمام قاسم...» چەققەیەک بوو مێشکی سەرم دەزرینگا.

«مەلا شوکور مستەفا» لە فەقێیەتییەوەگەیبووە بەغدا؛ زۆر زیرەک بوو. لە دانشکەدەی شەریعە قبووڵ کرابوو؛ دانشجوو بوو. دایکێکی فەقیری بوو لە گوندێکی دەوری کەرکووک، مێردی کردبۆوە. هیچی نەبوو یاریدەی کوڕەکەی پێ بدا. دانشجووی شەریعەش جگە لە خواردن و جلی مەلایانە، ڕۆژێ پەنجا فلسی بۆ گیرفان پووڵی دەدرایە؛ بەڵام لە چوار مانگی وچانی هاوینەدا دەرگا دادەخرا. نە خواردن، نە پووڵی گیرفان. تا دانشکەدەش دەکرایەوە دەبوایە خۆیان بەڕێ بەرن. مەلا شوکور دەچوو دەبوو بە شاگرد قاوەچی، شاگرد نەققاش و هاوینی دەگوزەراند. پێکەوەش ئاشنا بووین. ڕۆژێک لە کەرکووک هاتە لام.

- کاکە چم لێ دەکەی! هەر چی گەڕاوم کەس کاری نەداومێ.

- ئەوەی بۆ چییە؟ وەرە پێکەوە دەژین تا دەچییەوە دانشکەدە. حقووقەکەم لای تۆ بێ. تا لە کار دێمەوە چێشت و نان ساز کە و لێفەیەک بۆ خۆت پەیدا کە و جێگەی هەردووکمان دەبێت.

مەلا چووبوو پریموسێکی لە دایکی ئەمانەت وەرگرتبوو؛ کارمان زۆر بە مقەڵی نەما. مەلا ئاشپەزێک بوو قەت نەمدی برینج و شلەکەی بۆنی دووکەڵی لێ نەیە!

شێخ مارفی بەرزنجی - کە بەعسیی ئیعدامیان کرد - هاتوچۆی دەکردم. جارجار بۆ نەهار دەیبردمەوە ماڵێ. زانیبووی کە من چەند تینووی خوێندنەوەم و ناشتوانم هەموو کتێبێک بکڕم؛ ڕۆژێک کتێبێکی تازە لە چاپ دراوی هێنا، گوتی: نێوان هەڵبڕینی پەڕە کتێبم زۆر لە لا زەحمەتە، ئەم کارەم لە باتییان بکە و بیشیخوێنەوە؛ جا بمدەوە! ئیتر هەر کتێبێ دەربچووبایە - میسری یان لوبنانی و عێراقی بوایە - دەیکڕی و من دە پێشدا دەمخوێندەوە.

جارێک حەننا بۆ پازدە ڕۆژ مەرەخەسی وەرگرت کە سەیرانێک لە عێراق بکا. هاتەوە گوتی: برا هەر خوا دامیەوە! لە بەسراوە دە بەلەمێکدا دەگەڵ شازدە کەس دەچووینە دیتنی ئابادان. لەتەنیشت قەسابێکی بەسرایی دانیشتبووم. لێی پرسیم: کوێندەری؟ وتم: خەڵکی شامم.

یەخەی گرتم، ڕایپەڕاندم، ڕایتەکاندم، چەقۆی دەرێنا زگم بدڕێ. وا حەپەسام هاواریشم بۆ نەکرا. خەڵکەکە دەستاین گرت.

- چیتە بە سەریەوە؟ چی کردووە؟

- چۆن چی کردووە؟ شامییە و ئیمام حوسێنی کوشتووە!

تا دەرنەکەوت کە من مەسیحیم دەستی لێ بەرنەدام!

دەگەڵ وەستاکەم (پۆرتۆیان) جارجار باسم لە هێندێک خرافاتی مەزهەبی دەکرد. کەشەی هەرمەنی - کە پیاوێکی سی ساڵەی ڕیش دووفلیقانە بوو - هەرگا دەهات دەیدواندم. پۆرتۆیان ڕۆژێ گوتی: ئەبوونا (باوکمان)! دەگەڵ عەزیز مەدوێ با کافرت نەکا!

- شتی وا بۆ دەڵێی؟ زۆر کوڕێکی باشە. ئەوە بۆ وات پێ دەڵێ؟

- ئەبوونا تۆ شوکور جوان و بەهێز و توانی؛ ئەگەر چل مریشکت لەو دەشتە بۆ بەرهەڵدا کەم و بڵێم بیانگرە بۆ خۆت، چەندەت بۆ دەگیرێن؟

- خۆم بپسێنم دەم بۆ ناگیرێ.

- ئەدی ئەگەر بڵێن پیاوێک بە تەنیا سێسەد ڕێوی لە دەشت گرت، کلکی هەر دوانی پێکەوە گرێ دا، شاپڵیتەی لێ قایم کردن و گەنمی دوژمنانی پێ سووتاندن؛ دەفەرمووی چی؟!

- دەڵێم ئەوە درۆیەکی ئاپریلە.

- دەسا ئەوا لە کتێبی موقەددەسدا دەربارەی سامسون نووسراوە!

- زۆرم کیتابی موقەددەس خوێندۆتەوە؛ بەڵام هەرگیز فکرم لەو درۆ زلە نەکردۆتەوە!

پۆرتۆیان گوتی: نەمگوت کافرت دەکا؟!

- پیا! ئەگەر ئیمان باوەڕ کردن بە درۆی وا شاخدار بێ، با هەر نەبێ!

دەگەڵ پیرەئەرمەنییەکدا ببوومە ئاشنا؛کوردیی زۆر باش دەزانی. ڕۆژێک لێم پرسی:

- ئەو کوردییە چۆن فێر بووی؟

- کوڕە من بیست ساڵ میرزا خانی کەڵهوڕ بووم!

گوتی: ڕۆژێک خان هەر بزەی سمێڵی دەهات. چوارمیردەکی قاچی خستبوو سەر قاچ،

تەپلە بە لاتیلاگی سەریەوە، فیتووی لێ دەدا. ڕووی تێ کردم:

- میرزا! ئاخ خودا ساڵێک منی بکردایەتە شای ئێران!

- لەو ساڵە شایەتییەدا چت دەکرد؟

- وەڵڵاهی وا دەڕیامە ئەم مەملەکەتەوە، هەزار ساڵ بیانلستایەتەوە پاک نەکراباوە!

لە ئوتێلە بۆردا حاجییەکی مەککەیی میوان بوو؛ هاتبوو خەڵک بە تەپکەوە کا، لە حەج بیکەنە شارەزای خۆیان. ئاوی ئوتێل دەبڕا، بێئاویمان زۆر دەکێشا. گوتم:

- حاجی دەگەڵ ئاوی دەسنوێژ چۆنی؟

- باشم. ئەسحابەی پێغەمبەر لە تێکوڵە گوێزێکدا غوسڵیان دەکرد!

مەلا شوکور بردمیە دیدەنی «مەلا سەعدوڵڵا» ناو کە: «پیاوێکی زۆر بەدینە». لە مزگەوتی شۆرجەی کەرکووک بە خزمەتی گەیشتین. مەلا شوکور پرسی: فەقێیەکت لە لا بوو، کوا؟

- ئەو کەرەم دەرکرد! ئەمن دەمگوت هیتلەر نوێژی بە جەماعەتی لە مەدینەی پیرۆز دەکرد! باوەڕی نەبوو؛ کەچی دەیگوت پێغەمبەر دوعای لۆ ستالین کردیە! کەری وا بۆ من نەدەبوو!

هاوینی گەرم، یان بڵێم جەهەنندەم بوو. کابرای خاوەن ئوتێل پانکەیەکی شەقوشڕی بە تێل پێچراوی داینێ باوەشێنی خۆمانی پێ بکەین. مەلا شوکور گوتی: ماڵە دەوڵەمەندی بەغدایە وشترخۆرە بە بەر پەنجەرەوە دەگرن و تەڕی دەکەن، هەوای پانکە ساردتر دەبێ. قەفەسەیەک وشترخۆرەمان دەلای پەنجەرە ئاخنی، تەنەکە ئاوێکمان پێدا کرد؛ دەرکەمان داخست، پانکەمان پێ کرد. بە نسیبی دوژمنت بێ! هەڵمێک دە ژوورێ گەڕا نەفەسمان تەنگ بوو، وەختابوو بخنکێین؛ لای دەرکەمان نەدەدیەوە بیکەینەوە. بە هەڵمەوە یەکێک دەکەی کردەوە کە بزانێ چ باسە، ڕامانکرد. تاوێکی باش کۆخین و ئاوی چاومان سڕی. وشترخۆرەکەمان تووڕ هەڵدا. لاسای دەوڵەمەندی بەغدامان پێوە نەهات.

ڕۆژێک مەلا گوتی: خوێندوومەتەوە کە میوە هەر تێکوڵەکەی زۆر بەکارە؛ پێستی پیاو ساف و ڕووناکتر دەکا. جارێ کە لە کار دەهاتمەوە لەپڕ گوتم:

- ئەمڕۆ شتێکی سەریم دیت: زەلامێک بەرانبەر بە چڕوچاوی گامێشێک ڕیشی دەتاشی!

- جا چۆن؟

- گامێش هێندەی تێکوڵە شووتی خواردبوو، نێوچاوانی ببووە ئاوێنە!

مەلا تووڕە بوو؛ گوتی: قەت عاقڵ نابی!