دیسان بۆ کەرکووک

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  808 مشاهده

نەدەکرا بچمەوە دووکانی وەستا؛ دیسان بێکار دەخولامەوە و دەمپرسی. بەڵام ئەمجار برسی نەمام؛ قزڵجی و زەبیحی کاریان هەبوو؛ یاریدەیان دەدام.

ڕۆژێک تووشم هات بە تووشی ئارتینەوە؛ گوتی: ئەرمەنییەکی دەرمانفرۆش دەڵێ بچۆ کەرکووک شاگرد عەکاس بە؛ مانگێ شازدە دینار وەرگرە. من ناچم. تۆ لە جیاتی من بچۆ!

- ماڵت ئاوا بێ!

بلیتی قەتار و دوو دیناری لە ئەرمەنییەکە ساند؛ گوتی: ئەگەر قبووڵیان نەکردی، بەو دوو دینارە دێیتەوە بەغدا و زیان ناکەی. لەسەرڕا چوومەوە کەرکووک. لای ئەرمەنییەک «پۆرتۆیان» لە «ستۆدیۆ سۆنا» بوومە شاگرد. شاگردێکی سووریاییی مەسیحی هەبوو، جامی ڕتووش دەکرد و عەکسی گەورە دەکردەوە ناوی «حەننا» بوو. من لە ژووری تاریکا عەکسم چاپ دەکرد. منداڵێکی ئاشۆریشی کردبووە بەر دەستم.

پۆرتۆیان موهەندیس نەفت و لە شرکەتی کەرکووک ببوو؛ دەرکرابوو. لە عەکاسی نەدەزانی و کارەکەی ئێمە بۆمان دەگەڕاند. ئەرمەنییەکی زۆر بەدین بوو. زۆر دەچووە کلیسا و زۆر جار کەشە دەهاتە لای. کارەکەم - کە بە شیعریش باسم کردووە - لە هەشتی بەیانەوە تا نیوەڕۆ، لە چواری پاش نوێژەوە تا حەوت بوو. کەرکووک هاوین لە بەغدا گەرمتر و زستان لە کوردستان ساردترە؛ جەهەنندەمێکە لەو دەشتە. لە ژووری تاریکی بێمەنفەزدا، باوەشێنی بەرقی وەها گەرم دەبوو دەمکوژاندەوە. ڕۆژانە لە دەمی گەرمادا چەند جار فانیلە(ژێرکراس) کەم دادەکەند، دەمکوشی، وەک دە جار دە ئاو هەڵکێشرابێ ئارەقی لێ دەچۆڕا.

لەسەر لێواری چۆمی خاسە - کە هەمیشە وشکە و تەنیا لە ڕۆژی باران و سێڵاودا ئاوی تێدایە - ژوورێکم لە ئوتێل «سەرجسر» گرت. بەڵام چۆن ژوورێک و چۆن ئوتێلێک؟! کۆنەخانوویێکی بە قوڕکراوی دوور و درێژ کە لە ناودا چاوە چاوە کراوە؛ هەموو دیوار قەڵشاون. ئەو ژوورانەی ڕوو بە خاسە نیین، دەبێ بە ڕۆژ چرایان تێدا هەڵکەی. بۆنی تەرەشوح گێژت دەکا. ژوورەکەی من لە ڕووی خاسە بوو؛ ڕووناک بوو. پەنجەرەکانی داری کون چکۆڵەی خشتی چوارگۆشەی بێ شووشە بوو. دەرگای وەک دەرگای زەمانی عەبباسییان بە بزماری سەر بە قوببە نەخشابوو. لە گرێژنەوە نەچووبوو؛ هەتا دەتکردەوە جیڕەی توومار بە توومار دەڕۆیشت. کرێش مانگێ دینارێک.