شوفێرێکی شۆفار

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 6 دقیقه  847 مشاهده

ماشێنی یەکجار زۆر لە سەر سنوور بۆ ئیجازەی چوونە سووریا ڕیز ببوون. زۆر سەرماش بوو. زۆر درەنگ نۆرەمان دەهات. دوو ئەفسەری سووریایی - کە یەکیان لووسکەڵەیەک بوو - بە لاماندا تێپەڕین:

- ئێوە عێراقین؟

- بەڵێ.

لووسکەڵەکە بەگاڵتەوە پرسی: ئەگەر من لە بەغدا بوومایە چۆن دەبووم؟!

من گوتم: بەڕاستی ڕۆژێ سەد دینارت دەرامەت دەبوو!

هەردووکیان زۆر پێکەنین. کوڕە جوانەکە غاری دا نۆبەبڕی بۆ کردین. گوتیان هەر دوو ڕۆژ هەقتان هەیە لە سووریە بمێننەوە. دەگەڵ هەواڵەکان وای بۆ چووین کە ئەو پاسپۆرت گێڕانەوەی دوو ڕۆژە بۆ پۆلیسی عێراق بووە؛ ناویان نووسیوین بمانگرن. با نیشانەیەک دانێین ئەگەر یەکێ گیرا خەبەر بدا. ئادرەسی ئەوانەم وەرگرت کە دەچنەوە بەغدا. هەر هاتمە شام، گیر نەبووم چوومە حەڵەب. سواری ئوتووبووس بووم. خۆم گەیاندە قامیشلی و لەوێوە چوومە «ترپەسپی» (قبورالبیض) ماڵە حاجو. دوای چوار ڕۆژ تێلگرافم بۆ عەبدولکەریم شێخ داود کرد: «حاڵت چۆنە؟» نووسیبوی: «تەنیا سەلیم براوەتە بیمارستان». دەترسام ئەگەر بە پەساپۆرت بچمە سنوور، پۆلیس - قڕ - بمگرێ. دە ڕۆژێک لە ترپەسپی مامەوە. بە جیپێک دەگەڵ یەکێک لە کوڕانی ماڵە حاجۆ، لە ڕێیەکی چەپەکەوە، چوومە گوندێکی عێراقی کە لە سەر سنوور و ناوی «سەعدە» بوو. چوومە دووکانێک، قاوەخانەش بوو.

- کەس هەیە بمباتە مووسڵ؟

کابرایەک کە شۆفێری کامیۆن بوو گوتی: بە چوارسەد فلس دەبتەم.

- باشە.

پشتی کامیۆن چەند بارە دەغڵ و زۆر ژن و منداڵ و پیاوی عارەب و چل پەنجا مریشک و قەلەموونەی لێ بار کرابوو. لەتەنیشت شۆفێر دانیشتم. ئێوارە درەنگ گەیشتینە چاخانەیەکی سەر ڕێ (چاخانەی گوندی کەسک). پۆستی پۆلیس لە پشتیەوە لە سەر گردێک بوو. شۆفێر گوتی با لێرە شێو بخۆین.

- برا تۆ دەڵێی بۆ مووسڵ بیست دەقیقەمان ماوە، ئێستاش هەر ئێوارەیە. بڕۆ بگەینە مووسڵ، شێوی بە کەیفی خۆت بە دەکڕم.

- نەخێر هەر لێرە دادەبەزم.

چووینە قاوەخانە، داوای چام کرد. شۆفێریش داوای شێو. پۆلیسێکی گروهبان ڕووی تێ کردم: چکارەی؟ بۆ کوێ دەچی؟ کوا پاسپۆرتت؟ بۆ لە تەلکۆچەرەوە نەڕۆیشتووی؟ وەرامم دەداوە، لەناو قساندا لە جیاتی بڵێم «ماکو» کە عێراقییانەیە و یانی «نییە» گوتم «مافی» وەک خەڵکی سووریا.

- هەهۆ! تۆ جاسووسی جوولەکەی! پێشم کەوە بۆ پۆست. شۆفێر تۆش نابێ بڕۆی.

- دەناو هەرا و چەقەی سوارانی پشت کامیۆن و غەڵبەغەڵبی چاخانەنشینەکان بە گردیان هەڵگێڕام. بردیانمە ژوورێک کە هەم دەفتەری کار، هەم جێخەوی سێ پۆلیس بوو. سەرگرووهبانێک و چوار پۆلیس دەستیان کرد بە پرسیار کردن. سەرگرووهبان و پۆلیسەکان بێسەواد بوون؛ یەکی تریان بانگ کرد کە کوێرەسیواتێکی هەبوو. ڕوانیانە پاسپۆرتەکە. عەکسەکەم بریقەی بەرقی لە سەرمدا هەبوو.

- ها هۆ! ئەوە عەکسی تۆ نییە؛ تۆ جحێڵی و لێرەدا سەرت سپی بووە!

کێ تێدەگەیەنی؟! باسەوادەکە گوتی: ئاخر عەکسی شای پێوەیە؛ کەس لە دنیادا ناتوانێ عەکسی شا جەعل بکا!» دەلیلێکی باش بوو!

- دەی بۆ گوتووتە «مافی»؟

- لە سووریا فێر بووم.

- تۆ ئەمشەو دەبێ لێرە بمێنی تا بەیانی بە تەلەفۆن لە ئەفسەری تەلکۆچەر دەپرسین؛ با خۆی لێت بکۆڵێتەوە.

ماندوو ببووم؛ خۆم هاویشتە سەر تەختی نووستنی پۆلیسێک، گوتم: بە ئیجازەی ئێوە من خەوم دێ. شۆفێر پەیدا بوو:

- جەنابی سەرگرووهبان! ئەم پیاوە زۆر موسوڵمانە؛ بە قورعان قەت نوێژ و ڕۆژووی ناچێ!

ئەی بە بابەوەت بە قوڕێ دابا. شەرت بێ دە ساڵیشە نوێژم نەکردووە! ڕەمەزانیش نییە تا بزانی بەڕۆژووم. ئەوان خەریکی چەنەلێدانی خۆیانن، دیتم چوار شووتی دە بن تەختەکەدایە.

- برا کێ چەقۆی پێیە، قاشێک شووتی دەخۆم!

- شووتی چی؟!

- برا خۆ پیاوەتی نەبڕاوە. ناکا لەسەر قاشێک شووتی بە گژمدا بێن!

چەقۆیەکیان دەمێ و ملم لە شووتی خواردن نا. شەو گەیبووە نیوەشەو، چەقە و هەرا هەر نەبڕاوە:

«جاسووسە؟ جاسووس نییە!».

گوتم: برا جاسووس نییم؛ زگم بەو ژن و منداڵانە دەسووتێ کە لە سۆنگەی منەوە قەتیس ماون؛ سەرمایانە. وەرن دینارێکتان دەدەمێ، سێ بوتری ئارەقی پێ بکڕن و لێم گەڕێن بڕۆم!

- بەرتیل دەدەی بە پیاوی دەوڵەت؟ ئەو هەویرە زۆر ئاو هەڵدەگرێ؛ دەبێ هەر ئێستە خەبەر بە ئەفسەر بدەم، هەر ئەمشەو بتبەنە زیندان.

ئەمشەو نا! با لەسەر ئەم تەختە بنووم!

تەلەفۆنی هەڵخڕاند؛ «ئەلۆ! ئەلۆ»، ماڵی ئەفسەر دەس نەکەوت. خڕخڕ! ئەلۆ! ئەلۆ! ئیدارەی پۆلیس خەبەر بە جەناب سەروان بدەن کارێکی زەرووریم هەیە. دەیانەویست قسە بکەن و من تێنەگەم. بە تورکییەکی نیوە عەرەبی و کوردی شەقوشڕ دەستیان پێکرد.

- دەی کاکە ئەگەر ئێوە تورکمانن و لە خۆمانن بۆ دەنگ ناکەن؟!

- قوت بوون:

- تۆ خەڵکی کوێی لە عێراق؟

- ئەگەر سیوادتان هەبوایە زوو دەتانزانی من خەڵکی تسێنم لەپەنا کەرکووک.

- لە کەرکووک کێ دەناسی؟

- ماڵە ئاوچی!

- لە تسێن کێ؟

- عەموو نەجەف!

- چەند کوڕی هەن؟

حەسەن و عەسکەر.

- برام نەمانزانی تۆش موسوڵمانی (یانی شیعە)، دەبێ ببەخشی؛ خزمەتکارین!

تەلەفۆن لێی دا، ئەفسەرەکە بوو:

- ها چییە؟

- قوربان کوڕێکی زۆر باشمان میوانە و لە خۆمانە؛ زۆر سەلامی بۆت هەیە!

- سەگی سەگباب! لە خەو ڕاستم دەکەیەوە تا سەلامم پێ بگەیەنی؟ بۆ چی ڕۆژ نەدەبۆوە؟!

قرم داخرایەوە.

- دادەی چەمەدانی بۆ هەڵگرن و بەڕێی کەن!

- برا من ئەمجار دینارەکەت بە مزگێنی دەدەمێ؛ ئارەقەکەی ئەوشەوتان بە سەلامەتی هەر چی موسوڵمانە!

گرووهبانەکەی گرتمی، چەمەدانی هەڵگرت و کەوتە شوێنم. لە ڕێ گوتی: تۆ کە تورکمانی بۆ بە زمانی سەگان (یانی عەرەبی) قسە دەکەی؟ ئێمەت تووشی شەرمەزاری کرد! یەکیش کە داوای شووتیت کرد و لەسەر تەخت ڕاکشای و هەر گاڵتەت دەهات، زانیم تۆ کاربەدەستێکی گەورەی! تکات لێ دەکەم خاوەن ماڵ و منداڵم، خراپەم مەڵێ!

- خاترجەم بە!

بۆشی گێڕامەوە کە شۆفێر خەبەری لێداوم؛ گوتوویە من حەقم سەد فلس بووە، چەنەی لێ نەدا و چوارسەد فلسی دامێ. دیارە جاسووسە و پووڵی موفتی پێیە! لە جێگەی خۆم سوار بوومەوە. بە شۆفێری گوت: ئەمەی بە سەلامەت نەگەیەنیە موسڵ، باوکت لە کەر دەکێشم!

- خواحافیز؛ بەڵام لە بیرت نەچێ لەم ڕێوبانانە بە زمانی سەگان ماخێوە!

لە ڕێ شۆفێر لە پاش «خوا شوکور نەجاتت بوو» گوتی: قەولت دا شێوم بۆ بکڕی.

- تۆش قەولت دابوو شۆفێر بی؛ شۆفار نەبی. بە گرتنت دام و ژەقنەمووتت دەوێ؟ هەیهاتە...

دەبوو تا ئێوارە لە مووسڵ بم و بە قەتار بچمەوە بەغدا. بۆ فراوین چوومە ڕستوورانێک. لە دەرکەوتنمدا کە ویستم پووڵ بدەم، گوتیان دراوە.

- کێ دای؟

- هۆو پیاوە.