هەڵاتن بۆ کەرکووک
شەوانە لەو ماڵە - کە دەچووینە سەرجێ، لە سەربان - زەبیحی لە سەر یەک «ئارسین لوپین»ی دەخوێندەوە. دەمگوت: چرا بکۆژێنەوە! من سەیری ئەستێران دەکەم. دەپاڕاوە مەلا! هەر ئەوەندەشم لێ گەڕێ؛ هەر ئەم چەند پەڕەم ماوە!. گوتم: چرا بەش دەکەین؛ سەعاتێک بۆ تۆ، سەعاتێک بۆ من! سەری وەخت، ئەو هێشتا «ئەو تۆزە» و «ئەو چەند پەڕەی» هەر دەما، بەشە چرای خۆم بە کیلۆیەک خورمای تەڕ (روتەب) پێ دەفرۆشت؛ بەو شەوە دەبوو بچێ بیکڕێ! لە پاش چرا کوژاندنەوە، کەوتبووینە باسی ڕیشەی وشەی کوردی: بۆ وای ناو نراوە؟ تەختەکەی - کە دەبێ دوو حەرف و بزاوێک بێ - کامەیە؟... بەڕاستی ئەوە زۆری بەهرە هەبوو؛ چاوی ڕوون کردینەوە و زۆر شتی سەیرمان دەبردەوە سەر یەک. قزڵجی گاڵتەی پێ دەکردین؛ لە پاشان ئەویش ئەو نەخۆشییەی گرت و یاریدەی دەداین.
لە پاش ئەوەی زانیم پۆلیس لێم دەگەڕێ، نەموێرا لە بەغدا بم. چووم لە مەیدان سواری ماشێن بم، جەمال ڕەفعەت ناوێکی ئاشنام تووش بوو.
- وەرە سوار بە!
ماشێنی مارسیدسی ئاخر مودێل، پشتی پڕ لە ڕۆست و ئابجۆ. لەتەنیشت جەمال دانیشتم؛ کەرکووک بگرە و هاتم! لە ڕێگە جەمال دەڵێ:
- خەجاڵەتم! جێگەت ناخۆشە!
گوتم: ڕاست دەکەی! ئەو دەم کە سواری بارە گێچ دەبووم و ڕۆژم لێ دەبوو بە مانگ، جێگەم لیرە نەرمتر بوو!
لە ڕێگە زۆری حەول دا، نەچوومە سلێمانی کە میوانی بم. لەبەر دەرکی ئوتێل سیروان - کە هی کوردان بوو - دایبەزاندم و ڕۆیشت. لە ئوتێل بردیانمە وەتاغی ژمارە سێزدە کە لەبەر نەحسی سفریان لێ نووسیبوو. لە دیوار تەقویمێک هەبوو، دیار بوو سێزدەی مانگە. پووڵی گیرفانم بژارد، سێزدە دینارم هەبوو. کۆبوونەوەی ئەو سیزدەم پێ سەیر بوو! لەپڕ میوانێکی تریان هێنا وەتاغەکەم، چاوی چەپی کوێر بوو. سەرباریش کابرا لە درۆ هەڵبەستندا بێوێنە بوو. ئەفسەری تورک بووە، ژنی ژەنەڕاڵی ڕووس لە جەنگەی شەڕدا عاشقی بووە! مۆسیقارێکی زۆر زەبر بە دەست بووە، بەڵام ئێستا لە بیری چۆتەوە و هەزار درۆی سەر بە کوڵکە.
شەو چوومە چێشتخانە شێو بخۆم، کاربەدەستی چێشتخانەکەم دەناسی.
- کاکە غەریب! من پووڵم زۆر کەمە؛ تا دەتوانی خۆراکی هەرزانم دەیە. دەترسم زۆر بمێنمەوە و دەری نەهێنێ.
- تۆ بمکە وەکیل و حەقت نەبێ.
- گۆشت بەرخ و برینجی بۆ هێنام.
- هەتیو ئەمە چییە؟
- بخۆ دڵم مەشکێنە!
سبەی کەرە و هەنگوین.
- تو خوا بخۆ!
نیمەڕۆ مریشک و برینج.
- تکایە مەیگێڕەوە!
پازدە ڕۆژ لەوێ بووم، هەر چی دادم کرد، غەریب بە تکا و «خۆشە» و «لەبەر دڵی من»، ئاوای بە خێو کردم. دواڕۆژ گوتم: حیسابی ئوتێل و خواردن چەندە؟ من تەنیا سێزدە دینارم هەیە، ئیتر گوناح لە خۆتە، چت دەمێنێ با قەرز بێ.
گوتی: ئەو ڕۆژە کە هاتی و جەمال ڕۆیشت، پاش تاوێک گەڕاوە، گوتی: هەژار ئەگەر پارەی بدەمێ لێم تووڕە دەبێ. هەر چەندی لێرە بێ، هەرچی دەخوا و حەقی ئوتێلی لە سەر من حیساب کەن! بڕۆ خواحافیزت بێ.