یەکگرتنەوەی سێ تفەنگدار (هەژار، زەبیحی، قزڵجی)

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  919 مشاهده

بە هۆی وەستامەوە کارێک بۆ زەبیحی پەیدا بوو. کۆپییە عەکسی بە ماشێن بۆ ئەرمەنییەک دەگرت و مانگی شەش دیناریان دەدایە.

زۆری نەبرد سەر و کەللەی قزڵجیش پەیدا بوو. سێ تفەنگداری ئەلکسەندر دووما گەیینە یەک. قزڵجی لە خانێکی تووتن و مازووکڕین لە لای عەبدولقادر دەفەندییەک کاری دۆزیەوە.

بەیانی زوو من دەچوومە سەموونی گەرم و پێخۆر کڕین. زەبیحی چای لێ دەنا. قزڵجیش هەر خواردنی لەسەر بوو!

نیوەڕۆیان دەچووینە کەبابخانەیەکی زۆر هەرزان بازاڕێکی چەپەکدا. باجی ڕەجۆی خاوەنماڵ ڕۆژێک پرسی:

- لە کوێ نیوەڕۆژە دەخۆن؟

- لە کەبابخانەی بازاڕی سەدریە.

- ئەی دەغیلە نەکەم! شەوێ دیم نیوەشەو، لەو ماڵە جیرانەمان - کە فایتونچییە - سرت و خورت دەهات؛ ترسام. لە دیوارەوە ڕوانیم، سەودای ئەسپێکی تۆپیو بوو؛ ئەو کەبابچییە کڕی!

تۆزێک بێزمان هەستا و هێندێک جنێومان دا و بڕیار درا نەچینەوە لای. هەرچی گەڕاین لەو نزیکانە کەبابخانە نەبوو؛ هەر چییەکیشمان بخواردایە، زۆر گرانتر دەکەوت. پاش تۆزێک منجەمنج و مقۆ مقۆ، وەک تێکوڵە خەیاری فەقێیان خۆمن لێ گێل کرد و ملمان لە کەبابی گۆشت کەر و بارگینی تۆپیو - کە ئیشاڵڵا وا نەبووە - نایەوە.

ڕۆژێک لە دەم بازاڕی گەورە، ڕووبەڕووی ڕەفیق چالاکی جاسووس هاتم. زۆر ترسام؛ بەڵام وەک جاری پێشوو دەرفەتی هەڵاتنم نەبوو. ڕەفیق گوتی: تۆ و قزڵجی وا دەزانن ناتانناسمەوە. نە کوێرم، نە هێندە گێژم. قۆیتاس پەپوولەش تۆ بووی! بەڵام هێندەش جاسووسێکی بێنامووس نییم کە خەبەر لە ئێوەی ئاوارەی کوردایەتی بدەم. مەترسن! هەڵمەیەن...

- کاک ڕەفیق سوپاست دەکەم. بەڵام هەر ئێستا ئاشنایەک بمبینێ دەگەڵ تۆ قسە دەکەم، چ فکر دەکا؟ ئەگەر پیاوەتی دەکەی، مەمناسە و نەتناسم.

گوتی: قسەکەت ڕاستە؛ خواحافیز.

بە هۆی «مستەفا کوێر» ناوێکی بە چاوێک! کە خۆی لە خزمی زەبیحی دەزانی، زەبیحی و قزڵجی لە کافە ڕستوورانێکی هەرە بەناوبانگی بەغدایە - کە خاوەنەکەی عەبدوڵڵا شەریفی کۆنە سابڵاغی و ملیۆنێر بوو - بە نووسەر دامەزران.

زۆر جار شیووعی زەردی ملباریک - کە من ناوم نابوون «تۆپیو» - دەهاتنە لای زەبیحی و پێیانەوە ڕاهاتبووم. شەوێکیان هاتمەوە، دەبینم زەبیحی و هەشت کەس لەو تۆپیوانە بەسەر چینچکان بە هەڵترووشکانەوە، لە سەربان سەریان بە سەری یەکەوە ناوە سرتە دەکەن؛ چراشیان نەکوژاندۆتەوە. بەیانیی ئەو ڕۆژە لێفە شڕم پێچایەوە.

- خوا حافیز!

- بۆ چی بەجێمان دێڵی!

- کاکە! ناترسم بمگرن؛ بەڵام لە سەر کارێک کە خۆم کردوومە. نامەوێ بڵێن زەبیحی گیراوە؛ هەژاریش چونکە هاوماڵی بووە تووش بووە. نانی خۆم لە سەر سفرەی تۆ ناخۆم.

سیپاڵم هەڵگرت و بوومە هاووەتاغی حەمە ڕەشادی.