چیرۆکی وەستا برایمی وێنەگر

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 11 دقیقه  1075 مشاهده

چیرۆکی وەستاکەشم تۆزێک سەیرە: پیاوێک لە «تیلەکۆ» کوژراوە؛ دوو کوڕی نۆ ساڵە و هەشت ساڵەی لە پاش بەجێ ماوە؛ بە ناوی حەمە و گەردالی. دایکیان مێردی کردۆتەوە و بەرەڵدا کراون؛ کەڵاشکەرێک وەخۆی گرتوون وە دێهاتی خستوون کۆنەپەڕۆ کۆ کەنەوە. لەو کارە وەڕەز بوون؛ هەڵاتوون. یەکێکی تر کردوونی بە دواشوان. ئەو جارە کەوتوونە لای خانەقین و میوەیان پێ چنیونەوە. «با بچنە بەغدا، کار زۆرە». بە پێ کەوتوونە ڕێ؛ لە هێز کەوتوون. تووشی عەجەمی گاریەسوار بوون کە دەچنە زیارەتی کەربەلا.

- مامە گیان سوارمان کە!

- کێ جنێو بە عومەر بدا سوار بێ!

حەمە دەڵێ: سا وەڵڵا بشمرم جوێن بە ئیمام عومەر نادەم!

گەردالی دەڵێ: وە قنگ باوک عومەرەوە! ئەگەر پیاگ با کەرێکی بۆ ئەناردم سواری بم!

گەردالی سوار و حەمەی کاکی بە پا دەگەنە بەغدا. هەر یەک لە گەڕەکێک دەبنە ئاوکێشی ماڵان. گەردالی هەشت ساڵە ئاوکێشی گەڕەکە ئەرمەنییە؛ کە زۆر ماڵە ئاشۆری و ترکزمانیشی تێدایە. ئاوکێشە و سەر بە هەموو ماڵاندا دەکا. زۆر زوو لە ناچاری فێری زمانی ئەرمەنی و ئاشۆری و تورکی و عەرەبی دەبێ و کوردیش زمانی خۆیەتی. کاتێ نووسینی پێناس دەبێتە باو، ناو گەردالی دەگۆڕێ و دەڵێ ناوم برایمە. ئیتر لەوێ دەمێنێ و ئاوکێشە تا بە سەرباز دەگیرێ. لە جیاتی ئەرکی سەربازی دەیبەنە دادگای نیزامی، دەیکەنە تەرجومانی سەربازانی عێراقی؛ کە زمانی هەمووانی دەزانی. لە دوای سەربازی دێتەوە گەڕەکی خۆی. لوولە کێشراوە و ئاوکێشی نەماوە. دەبێتە نۆکەری ماڵە ئەرمەنییەک کە یەکەم عەکاسی بەغدایە. ئەرمەنی دەیەوێ بەهەرەی پتری لێ هەڵکڕێنێ، پاش کاری ماڵ دەیبا کاری دووکانیشی پێ دەکا. لەوێ فێرە عەکاسی دەبێ و کوێرەخەتێکیش فێر دەبێ و دەبێتە وەستا برایمی وێنەگر. زڕکچی کابرایەکی خانەقینی دەخوازێ و لەو دەمەدا کە من شاگردی بووم کوڕێک و دوو کچی هەبوو. وەستا - کە دەردی بێکەسی و هەژاری زۆر چێشتبوو - پیاوێکی نەرم و نیان و خۆشزمان و خاوەن بەزەیی بوو؛ بەڵام خات مەلەکی ژنی؛ ژن نەبوو ژان بوو. کەس لەو ڕووگرژتر، لووتبەرزتر، ناحەزتر، خوێڕی و بێکارەتر، پیس و پۆخڵتر، زمانشڕتر نەبووە و نابێتەوە. لە بەهانە دەگەڕا کە شەڕێک بە مێردەکەی بفرۆشێ و خۆی لای خەڵک هەڵکێشێ و بە چاوی سووک بڕوانێتە شاگردی مێردی. هەر دەتدی منداڵە چکۆڵەکانی پێیان دەگوتم: تۆ شاگردی ئێمەی، ئەتوانین دەرت بکەین!

وەستا خانوویێکی باشتری بە کرێ گرت؛ وەتاغێکی لە خۆی زیادی تەرخان کرد، کە زڕخەزوورەکەی و من تیا بژین و کرێ نەدەین. مام کەریمی زڕخەزوورەی لە پیرەپیاوەکانی مێشکڕزیوی بیر عەشایری بوو. سەڵەها چەتەیی کردبوو. ببووە کرێکار و پاسدار لە کەمپی لەشکریانی ئێنگلیسدا. بە سەری پیری و فەقیری لە بەغدا عەمەلەیی دەکرد. ڕایەخمان حەسیری بۆریا بوو؛ سەرو لێفەمان لەسەر ڕادەخست. مقەڵییەکمان دەگەشاندەوە بۆ چا لێنان و پۆلووی قلیانی مام کەریم. قلیانی وەک موسوڵمانان نەبوو! دارەکەی سەرەوەی دەناو شووشە دەرمانێکی دەم زل دەنا و دەستی بە قڕفشت دەکرد. ئەغڵەب شەو لە بیری دەچوو شووشەکەی هەڵبڕێ، لە دارەکەی دەنەوی و شووشە دەشکا و پۆلوو بڵاو دەبوونەوە. هەی بگەیە تا حەسیر و لێفە نەسووتاون!

- بە خوا بەدبەختیی گرتوومی بەرم نادا!

- مام کەریم گیان! شووشەکەت باییی دە فلسە؛ سبەی بۆت دەکڕمەوە!

شەوانە لە چیرۆکی خۆی و باسی چەتە و دزانی تەواو خۆشم دەهات. شەوێک لێی پرسیم:

- باران چۆن ئەبارێ؟ ئێژن لە بەحرەوە ئاو هەڵئەمژێ.

خۆم لێ کرد بە پسپۆڕ و باسی باران بارینم بۆ کرد؛ بۆ نموونەش دەوریەکەم بە سەر هەڵمی کەتریدا گرت و ئاوی لێ چۆڕا و گوتم: ئاوا.

- هەی گووی وە قەور باوک ئەو کەسە ئەمەی وتووە! ئەمە قسەی کافرانە! سا من لە مەلام شنەفتگە لە قورحانا ئێژێ: مەلایەکەتێکی وەقای مێشوولە، وە قامچی هەورەکان پێش خۆی ئەدا، وەک گاگەل ئەیانباتە سەر بەحر. هێندە ئاو ئەخۆنەوە تا ورگیان ئەماسێ. ئەیانهێرێتۆ، وە قامچی لێیان ئەدا کە بوارن. تۆ نازانی هەورەتریشقە چییە؟ قامچی مەلایکە مێشوولەکەیە!

- بەڵێ با وا بێ!

شەوێک لە جەنگەی باسی خۆیدا گوتی:

- ئەو ساڵە کا زاڵی زەر، باوک ڕۆستەم وەفاتی کرد و فاتحامان بۆ خۆند...!

- کەی؟

- ئەم ساڵانە کە من لە خانەقین بووم، زاڵ لەماڵ سیمرخ لە جەوەڵ قاف ئەژیا. خەوەریان هاورد کە عەمری خوای بەجێ هێناوە. ئێمەش لە مزگەوتا ئایەتباریمان دانا و فاتحامان بۆ خۆند!

- ممبارەکە!

ڕۆژێ لە حەمام مام کەریم لفکەکەی خۆی داناوە و سابوونی لە سەر و چاوی داوە؛ دەستی بردووە لفکەکە هەڵگرێتەوە، گونی کابرایەکی عارەبی وەبەر دەست هاتووە - کە داهاتۆتەوە خۆی بشوا - کێشاویەتی. عەرەب لە زیقەی داوە:

- ئای گونم!

مام کەریم کە عارەبی نازانێ:

- لەکە تڕنی گەماڵباوک! لفکەی خۆمە و پێت نادەم!

توند گرتوویە. کابرا لە هۆش چووە و لە دەستیان دەرێناوە.

دەبێ ئەمەش بزانین کە کوردی شیعە بە سوننی دەڵێن: «جاف»، سوننیەکانیش بە شیعە دەڵێن: «لەک».

مام کەریم بە نەخۆشی بردبوویانە بیمارستانی دەوڵەتی؛ سەرم دا.

- ها، مامە! چۆنی؟

- عەزیز گیان! باشم؛ بەڵام شەوانە مەلایکەتان دەس دە گونم وەردەدەن!

بەغدایی بە جنۆکە دەڵێن مەلەک واتا مەلایکەت. چیرۆکی وا خۆشی مام کەریم زۆرن؛ با واز بێنین و باسی خۆم لە دوو دەم.

وەستا کە دەیدی زۆربەی وەخت قڕوقپ لە دووکان دانیشتبووم و خەو دەمباتەوە، ویستی وەختەکەم بە کار پڕ کاتەوە. لە ژووری تاریکدا بەردەستی پێ دەکردم. وردەوردە چاوم کرایە و چاپ کردنی عەکس فێر بووم و زۆرم زەحمەت لە سەر هەڵگرت. حقووقەکەمی کردە مانگێ حەوت دینار و نیو، شەوانیش لە دووکان لە خواردندا بەشدار بووم. ئەو بەستەزمانە ژنەکەی تێری نەدەکرد؛ لە دووکان لە جەرگی برژاو بەرکوڵێکی دەکرد تا بە بەشی ماڵ تێر بخوا.

ساڵێک پتر لای مامەوە. لە دووکانیش نەبا کارەکانم بەڕێوە دەبرد؛ ئەمینداری پووڵ و پارەشی بووم. ڕۆژێ گوتی: تۆ باش فێری کار بووی؛ ئەمەوێ مەعاشەکەت بکەمە ڕۆژێ چوارسەد فلس.

- وەستا سوێند و قورعانم وا بێ تا لە لاتم چارەگە دینارێک زیاترم نەوێ.

- دەسا دەبێ کار لە لایەکی تر پەیدا کەی. من پێم شەرمە دەستت ببڕم.

ڕۆژی جومعە کار زۆرە و نابێ عەکاسی دابخرێ. وەستاکەم - وەک ئەرمەنییان - یەکشەممە دایدەخست. گوتم: بۆ ئەوە هەموو ڕۆژ دووکان هەبێ، من شەممە بەتاڵ دەبم، یەکشەممە من دووکان دەکەمەوە. هەووەڵ شەممە وچانم دا. تا لای سەعات یازدە گەڕام و سووڕامەوە. وەڕەز بووم؛ هاتمەوە دووکان. هێشتا لەوبەری خەیابان بووم، ئارتین ناوێکی ئەرمەنی - کە ئاشنامان بوو - بەغار لە دووکانەوە هات:

- مەچۆوە دووکان! خەتەرە! بڕۆ فڵان قاوەخانە تا من دێم.

لە قاوەخانە بۆی باس کردم کە سەعات نۆی بەیانی، سێ ئەفسەری ئەمن و شەش پۆلیس ڕژاونە دووکان:

- کوا عەزیز قادری شاگردت؟

- دەمێکە لە لام نەماوە.

دووکانیان پشکنیوە و زۆریان هەڕەشە لە وەستا کردووە. قەولیان لێ ساندووە کە ئەگەر زانی لە کوێی خەبەریان بداتێ.

- ئەرێ ئەوە بۆ چی لە تۆ دەگەڕان؟

- ئارتین! بەدبەختی و نەزانی خۆم. ڕۆژێک جگەرەی لوکسی ملووکیم بەراوەژوو داگیرساند؛ عەکسی تاجەکەم سووتاند!

- ئەی ماڵی وێرانم! بە خوا منیش چەند جارێک ئەو خەتایەم کردووە! خوا شوکور پێیان نەزانیوە. باوکم ئاگات لە خۆ بێ!

لەو دەمەدا ئارتین شڵەژا و چاوی بە مۆلەق وەستا:

- هەستە بڕۆ! دەتگەمێ.

- ها! چ بووە؟

ئەو ئەفسەرانەی لە نزیکمانەوە لە قاوەخانە بوون، ئەوان بوون لە تۆ دەگەڕان.

دیار بوو بە ڕوخسار نامناسن.

لەم بەینەدا کە لە بەغدا مەعاشم چارەگە دینار بوو، وەتاغێکم لەنزیک دووکان لە ماڵە مەسیحییەک بە کرێ گرت و بە تەنیا لێی دەژیام و - بەش بە حاڵی خۆم - تەواو ساز بووم.

زەبیحی کە لە ناسریەوە هاتبووەوە، چووبووە سلێمانی، ماوەیەک لە سیتەک، لە ماڵی شێخ مابووەوە و دوایە ببووە هاوکاری «هەمزە عەبدوڵڵا» ڕەئیسی حیزبی پارتی و لە سلێمانی دامەزرابوو. جارێک هاتە بەغدا و گوتی: دەمەوێ چاپخانەیەک پێکەوە نێم. لوولەوموولە مەنگەنەم لێک داوە؛ هێندێک وردەئامراز و حرووف ماوە؛ با بیکڕین. نیازم وایە «نیشتمان»ی کۆمەڵە زیندوو کەمەوە.

نەخشەیەکمان کێشا، چۆن پێمان نەزانن و پێشمان بفرۆشن. چووینە چاپخانەی نەجاح کە زۆری کتێبی کوردی لێ چاپ کرابوو.

- سەلام! مامۆستا پیرەمێرد زۆر سەلامی دەگەیاندی. چەند شتێکی ڕاسپاردووە کە بۆی بنێری و ئێمە پارەکەت دەدەینێ.

- دەی خۆ حاجی تۆفیق ساغ و بە دەماغە؟

- لە سایەی سەری تۆوە!

وردە ئامرازمان کڕی و گوتی: بەیانی وەرن هەشت کیلۆ حەرف حازرە؛ کیلۆی بە هەشسەد فلس. لیستەی فرۆشراوەکانی گرت و گوتی ئیمزای کەن. ئێمەش کەر کەر بۆ شوێنەونی دوو ئیمزای شیعانەمان کردووە: «جەعفەر مووسا»، «حوسێن عەلی». سبەی چووینەوە. کابرا گوتی: خەڵکی سلێمانی زۆربەیان عومەر و عوسمان و کەمالن. ئەو ناوانەی ئێوەم زۆر پێ خۆش بوو؛ بەڵام بەداخەوە حرووفم نەماوە بتاندەمێ! زانیمان چ غەڵتێکمان کردووە. چووینە چاپخانەی تر، گوتیان مەمنووعە؛ بەڵام کیلۆی بە دینار و دووسەد فلس پێتان دەفرۆشین.

زەبیحی لە سلێمانی دەگەڵ هەمزە عەبدوڵڵا کێشەیان لێ پەیدا ببوو. زەبیحی گوتبووی: تۆ شەوانە دوو بوتڵ ئارەق، چێشت و مەزەی شاهانە و مانگی حەفتا دینار لەو ڕەش و ڕووتانە وەردەگری؛ چۆن وا دەبێ؟! لە داخان چووبووە حیزبی «تەحەڕڕوڕ» و ببووە شیووعی. ژمارەیەک نیشتمانی چاپ کرد و تێری تاریفی شیووعی و غەیبەتی کاربەدەستانی پارتی کردبوو. شیعرێکی منیشی - کە نازانم کامە بوو - تێدا بڵاو کردبووە. پارتی گلەیان لێ کردم.

- ئەوەت بۆ کردووە؟

- من ئاگام لێ نەبووە و زۆریش تووڕەم.

نامەیەکی پڕ لە گلەییم لە زەبیحی نووسی، کە بۆ چی بێ پرسی من شیعرم چاپ دەکەی؟ لە ئێستاوە دەنگت لێ دەگۆڕم. شەوێک یەکێک لە دووکان لە گوێمیدا سرکاند: زەبیحی لە فڵان باغچە لەسەر نیمکەتی چەقاو کروشمەی کردووە. هەموو گلە و گازنم لە بیر چوو و غارم دا، زەبیحیم دیتەوە. لێم مۆڕ بۆوە و ڕووی لێ وەرگێڕام.

- کاکە وەختی تووڕەیی نییە؛ هەستە با بڕۆین.

چووینەوە ماڵەکەم.

- دەی کاکە بۆم بگێڕەوە!

- دەگەڵ حیزبی کۆمۆنیست بووم. لە سلێمانییەوە هاتمە کەرکووک؛ بە نهێنی دەژیام و خەریکی نووسینی خۆم بووم. ئەوانەی دەمناسین گیران و سەرگەردان مامەوە؛ هاتوومە بەغدا...

سەرمان پێکەوە نایەوە.

ڕۆژێک لە کار چوومەوە ماڵ، کابرایەکی مل باریکی سەر چکۆڵەی چڵکنی پووتەکە، دەگەڵ زەبیحی دانیشتبوو.

- کاکە تۆ کێی؟

- دەمێک بوو لە مامۆستا زەبیحی بێخەبەر بووین، وا ئەمانەوێ «ئیتتیسالی» پێ بکەینەوە «وەزعی» مادیمان باش نییە؛ ئەگەر باشتر ببێ مانگی دوو دیناری یارمەتی دەدەین.

وەخت بوو لە داخان بدڕێم:

- ئاخر ناڵێن ئەم مامۆستایە بە چی دەژی؟ ئەگەر وەزعی مادیتان - خوا نەکا - باشتر بوو، کێ هەر جێ خەوی شەو، بەبێ نان، مانگی بە دوو دینار دەدا؟ دەی خوا لێتان بەزیاد نەکا. ئەوا من کارێکم هەیە، دەتوانین هەردووکمان پێی بژین. بۆ کاری ئەویش خوا کەریمە.

کابرام تووڕە کرد؛ ڕۆیشت. بەڵام ڕەفیق چالاک گوتەنی: «شیووعی وەک قیر و زفت وان؛ هەر پێتەوە نووسان تازە بە ئامان و زامان بەرت نادەن»، هاتوچۆی زەبیحییان هەر دەکرد. «وەزعی» مادیش هەر چاک نەبوو!