دیسانەکە نۆکەری و شاگردی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  831 مشاهده

ڕۆژێک هەور بوو، حەمە نەچووە کار. گوتمان با یارەڵماسی بوکڵێنین. من چوومە بازاڕ یارەڵماسیم کڕی هاتمەوە، حەمە لە ماڵ دەرچووبوو. زۆرم چاوەنۆڕی کرد، نەهاتەوە. نانی خۆم خوارد و چوومە دەر؛ چوومە سینەما. دە گەڕانەوەمدا لە کۆڵانێکی تەنگ، ڕەفیق چالاک ڕووبەڕووم دەهات. جا وەرە بگەڕێوە و هەڵێ. بە دڵەکوتە هاتمەوە ماڵ. ماڵی چی؟ کورسی شکاوە، لێفە هەڵدڕاوە، دەتگوت شەڕەگای تێدا کراوە. دەر و جیران هاتن، گوتیان: حەمەیان بە کەڵەبچەکراوی هێنا، ماڵیان پشکنی و بردیان. ئای بە خێری ناسەلامەتی، خۆ حەمە حاڵی لە من خراپترە! هەر هێندەم بۆ کرا لێفە و سەنیرێک هەڵگرم و دەرکە داخەم و بەو تەنگی نوێژی شێوانە خۆم بە ماڵە مام حوسێندا کەمەوە. دوای بیست ڕۆژ حەمە گەڕایەوە. پیاوێکیان لە سلێمانی لەسەر دزی حەبس کردووە؛ دەناو پرسیاراندا گوتوویە کەسێک کە ساڵێک لەمەبەر بۆمبای دە ماڵی حاکم سەعید هاویشتووە، نۆکەری شێخ لەتیفە و ناوی حەمەیە. حەمەیان بەرەو سلێمانی بردووە و زۆریان تێهەڵداوە و پاش چەند ڕۆژ نیشانی دزەیان داوە، گوتوویە هەو نییە؛ بەریان داوە.

ماشێنی عەکاسیم بردەوە بۆ کابرای خاوەنی و گوتم بەو کارە بەڕێ ناچم و دەر نابەم.

- ئەی چۆنە ڕۆژانە دووکانەکەم بۆ خاوێن کەیەوە و کاروباری بازاڕ چوون و شت بۆ ماڵ کڕین وەستۆ گری؟ مانگی چوار دینارت دەدەمێ.

کەوتمە سەر پیشەی پێشوو. دووکان گەسک دە! کاشیی بماڵە! شووشە خاوێن کەوە! کەوەر و کەلەم و گۆشت و مۆشت بەرەوە ماڵی وەستا؛ جار جار ئاگاشت لە منداڵان بێ و تۆزێکیان بگێڕە و تێر گوێت لە پرتەوبۆڵە و چەقە و شەڕەجنێوی وەستا و وەستاژن بێ!

کونە سەگێکم لە گەڕەکی «فەوزەت عەرەب» گرت کە خانوویێکی کۆنی یەک تەبەقە و چوار ماڵی تری تێدابوو. بەیانی نان و چام دەخوارد. دەچوومە سەر کار. دووکانم پاک دەکردەوە تا وەستا دەهات. لە پاش کاری بێگاریی ماڵ، دەهاتمەوە بەرانبەر بە وەستا لەسەر کورسییەک دادەنیشتم؛ خەو دەیبردمەوە. سەعات هەشتی شەو، جاری وا بوو سەعات دە بەرەو ماڵ دەبوومەوە. نیوەڕۆیان سەموونێکم بە تۆزێک پەنیرەوە دەکڕی و دەمخوارد؛ شەویش هەر شتێکی وا. مانگێ دینارێکم کرێخانوو دەدا. دەبوایە ڕۆژێ بە سەد فلس کە دەکاتە دوو تمەن بژیم. خودتراش و تیغم هەبوو؛ نەمدەتوانی ئاوێنەیەکی تڕن بکڕم. لەبەر ئاوی قاپی بن ڕەشی دەرمانی عەکسدا ڕیشم دەتاشی؛ چونکە مەمنووع بوو بچمە بەر ئاوێنەی خۆ لەبەر جوان کردنی مشتەرییەکان!

نازانم تاوەنگاز ببووم یان چی، زۆر خراپ نەخۆش کەوتم. وەستا بەزەی پێمدا هات؛ بردمیە ژوورێکی چۆڵ لە ماڵەکەی خۆیدا؛ کۆنە مدبەقێک بوو تاریک. درگاکەی کە دەکراوە جیڕەی مێشکی پیاوی دەزرینگاندەوە. تەختی ژوورەکەش خۆڵەپۆتینە و مشک جلیت بازییان تێدا دەکرد. وا کەساس بووم تەمدەتوانی سەر هەڵێنم. تینووم بوو؛ کەس نەهات سەرم بدا و بێڵم تۆزێک ئاو. لە بەیانی تا ئێوارە بە نۆبەتی و تینوایەتی مامەوە و کەس چراشی هەڵنەکرد. وەستا کە شەو هاتەوە، هەر لە ڕێوە دەگەڵ ژنەکەیدا تێک بەربوون خۆی هات، چرای هەڵکرد و ئاوی دامێ و چوو دوکتورێکی هێنا. دوای حەو ڕۆژ ڕاست بوومەوە.