دیسان وەیلان بەشوێن کاردا

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  851 مشاهده

ویستم کۆنەفرۆشی بکەم؛ چوومە لای جوولەکەیەکی کۆنە سابڵاغی بە ناوی ئەبووسەلمان. کۆنەی لە ئەمریکاوە بۆ دەهات. تێی گەیاندم کە ئەو کارە بۆ من دەس نادا. دەبێ خەیات و ئوتووچیم هەبێ و دووکانی بۆ بگرم و زۆر شتی تر...

عەکاسە کوردەکەی ناردبوومیە لای شاڵچی، گوتی فێرە عەکاسیی فەوریت دەکەم. کەچە ماشێنێکی کۆنی دامێ و دوو سێ ڕۆژ دەرسی دادام و کەوتمە کار. سندووق بە سەر شانەوە بە کۆڵاناندا بگەڕێ کێ عەکس دەگرێ. لە پیاوی شەهرداریش بترسە کە نەتگرن و ماشێنت لێ نەشکێنن. ڕۆژی باران و هەور کار نییە. ماشێن زۆر شل کارە. کابرام لە بەرانبەرم ڕاست و پاستە دەکرد:

- بڕوانە ئێرە! بزە بێنە لێوت! یەک، دوو، سێ، چوار، پێنج، شەش!...

کابرا وەڕەز دەبوو لە جێ دەبزووت. من هەر هەتا شەشم گوت؛ جاری وابوو دەبێ بیست یان سی بژمێرم. ڕۆژانی تاوساو هەر لە تاو هەڵاتەوە تا خۆراوا، کەم ڕۆژ چارەگە دینارێک و زۆر ڕۆژان سەد و پەنجا تا سەت فلسم کار دەکرد. ئەویش دەبوو مەسرەفی کاغەز و دەرمانی لێ بدەم. گاڵتەی منداڵ و بیکارانیش لە جێی خۆی. لە هیچ چاخانەیەک نەیاندەهێشت دانیشم چونکە بیست منداڵم بە شوێنەوە بوو. لە سەری کۆڵانێک ڕادەوەستام، برادەرێکم دەکردە تەپکەی مشتەری؛ هەر کە کەسێک لاو لاوە دەها، برادەرەکەم لە بەرانبەرم قیت ڕادەگرت، سەرم دەبردە بن پەردەی ڕەش، دەمگوت: تاریفم بکە تا ڕێبوارەکەش عەکس بگرێ.

دەگەڵ حەمەڕەشادی کۆنە هاوکارەکەی [ڕیستوورانی] خەییامم، چاوەخانوویێکمان لە گەڕەکی سابوونکەران بە کرێ گرت و پێکەوە دەژیاین. حەمە ببووە قاوەچی لە سووچێکی تاریکی بازاڕی زێڕینگەران. ڕۆژانە هەر کەس دەچووینە کاری خۆمان و شەوانە دەهاتینەوە کونەڕەش.