جێگای مەردان قوون تەندوورە!

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  1149 مشاهده

هاتینە شام؛ سێ ڕۆژ ماینەوە. چووینە زیارەتی جامیعی ئەمەوی و قەبری سەلاحەددینی ئەییووبی. کە چووینە مزگەوتی ئەمەوی، من شاپۆیەکم لە سەر و کراوات لە مل، مجێور خۆی دە من نەگەیاند؛ چوو بە لای عەزیزەوە – کە جلی حاجیی کوردی سلێمانی فشوفۆڵی دە بردا بوو – عەترێکی دە بەری دەستی هەڵسوو؛ بەڵام ئەو هیچ پووڵی نەدایە و شوێن من کەوت. کابرا قسێکی کرد. گوتم:

- ئەوە دەڵێ گووم بکردایەتە ناو دەستی باشتر بوو!

- کاکە حەوز و ئاو لە کوێیە؟

- بۆ چیتە؟

دەستم لە گووی ئەو کابرایە دەشۆمەوە!

شەوێ کە دەبوو بەیانی لە شام بڕۆین، کاک عەزیز هیچ پووڵی نەمابوو؛ بە تەمای پووڵی من بوو. ئەو شەوە برادەرەکەم دۆزییەوە؛ گوتی: پووڵەکەم بۆ ناردوویەوە.

- هەی نەکەی!

«مریشک هەر قاچێکی هەیە» - بۆم ناردوویەوە.

- بە کێدا؟

- نازانم!

هیچم بە عەزیز نەگوت. چێشتەنگاو چووین بلیتی ئوتووبووس ببڕین، بلیتێکم بە بیست لیرە بڕی. دوو لیرەم دا بە ترێ و نان، بۆ خۆم سێ لیرەم پێ ما. عەزیزم بە بلیتەوە دامەزراند.

- ئەدی تۆ؟

- حاڵ و حیکایەت ئەوەیە. تۆ بگەوە، من دە بەحریشم هاوێن تەڕ نابم.

عەزیز فرمێسکی هاتە خوار و بە نیگەرانییەوە دەستی بۆ هەڵێنام و ڕۆیشت. هەر ئەو ڕۆژە چوار فێرکاری کوردی شام هاتنە لام؛ نەقڵم بۆ گێڕانەوە. هەر چواریان شەو چووبوونە سەر کابرا و بە چەقە و هەرا چل و پێنج لیرەیان لێ ساندبوو. دوای دوو ڕۆژ منیش بەرەو بەغدا بوومەوە. «جێگای مێردان قوون تەندوورە»! چوومەوە ماڵی مام حوسێن.

برای دوور وڵات بەخێر هاتیەوە!

دوو ساڵ و چەندێک لەسەر تەختێک ڕاکشێ، بیست و حەوت کیلۆ گۆشتی سست و فشەڵەت لێ زیاد بێ، چۆن دەتوانی کار بکەی؟ چەند ڕۆژێک بیست میتر بڕۆیبام دەبوو دانیشم تا نەفەسم دێتەوە سەرخۆ. ڕۆژێک دەگەڵ برادەرێکا چووینە چاخانەیەک. قوونم خستە سەر کورسی، قرچەی کرد. زۆر بە خۆدا شکامەوە. کابرای چاییچی هات، باوەڕ کە من لە کنگیەوە دەچووم! هەر نیخەی دەهات:

- پێم خۆش بوو شکاندت؛ بە قوربانت بێ! من پیاوی وام خۆش دەوێ!

زۆر لە ئاشنایانی پێشوو، تا نەمگوتبا من کێم نەیاندەناسیمەوە. وردەوردە لە سایە قەدەم لێدانی زۆرەوە تۆزێک هامەوە سەر حاڵ و بە دۆست و ئاشنایانەوە گەڕام، کارێکم بۆ بدۆزنەوە. برادەرێک گوتی لە گاراجێکی کوردان نووسەری باریان دەوێ؛ بەغار چووین. خاوەن گاراژ دەستووری کاری نیشاندام. زۆر هاسان بوو.

- زۆر سپاست دەکەم!

تۆزێکم تێوە ڕاما؛ برادەرەکەی بردە کەنارێک و سرتەیان کرد.

- وەرە با بڕۆین! ئەو کابرایە لێی پرسیم: ئەوە هەژارە؟

- بەڵێ.

- بە خوا من ڕێم ناکەوێ هەژار نۆکەریم بکا.

ببوومە سەییدی ڕووت: پووڵی نادەنێ، دەڵێن سەید زەکاتیان پێ ناشێ!