دەرچوون لە بیمارستان

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  933 مشاهده

سەییدێکی کەڵەگەتی چاو بە کل ڕژاوی ڕیشتۆپی لاڕیش ڕێکوپێک کراوی کەوا شۆڕی پشتێند و پێچ کەسکی نەجەفی پەیدا بوو. بردیانە وەتاغێک کە پێمان دەگوت وەتاغی کۆمۆنیستان. سەیید مڕومۆچ، تەسبیح بە دەستەوە، دەستی بە ورتەورتی بن لێوان کرد. حاڵ تاڵ بوو. «مار سیری دەدزا، لە دەرکی کونێ ڕوا». گاڵتە و گەپ وەستێنرا. کەس بە لایدا نەدەچوو. سەیید کە دیتی بیمارستان جێگەی کەرپیرۆزان نییە و نەزان فریوی دەس نادا، گورجێ خۆی کردەوە بنیادەمی خۆمانە و لە هەموو هەرزەکارانیشی تێپەڕاند. شاڵ و مێزەرەی دانا، چەقەنەی لێ دەدا؛ قوونی با دەدا؛ جنێوی پیسی بەم و بەو دەدا تا جوێنی پێ بدەنەوە. دەستیان بۆ قوونی دەبرد و دەیگوت قدیلکەم دێ! تەواو ببووە کەللەی شەککر. ئیمانمان هێنا کە «خەربوزە بە ڕەنگ نییە».

عەزیز هەمزەیان مەرخەس کرد و بە منیان گوت مانگێکی تر مەرەخەست دەکەین. عەزیز لاقی چەقاند: هێندەم سوێند و قورعانە، فڵانم دەگەڵ نەبێ لێرە ناڕۆم. منی زماننەزانی قوڕبەسەر چۆن دەگەمەوە عێراق؟

چاری ناچار هێشتیانەوە و مانگەودوا پێکەوە لە بیمارستان دەرچووین!

تەواو دوو ساڵ و دە ڕۆژ ژیانم لەو بیمارستانە ڕابرد. دوکتور کە مەرەخەسی دەکردم گوتی: نابێ خۆت زۆر ماندوو کەی؛ دەبێ خۆراکت خۆش بێ؛ نابێ سەرما و گەرمان لێت دا و دبێ و نابێی زۆر...

ئەی خودایە! من ساغ و سەلیم ڕۆژی بیست سەعات گرانترین کارم دەکرد، قەت نانی وشک و پێخۆرێکم نەدەگەینە یەک. عاسمان دوور و زەوی سەخت! ئەو جار چ بکەم؟ ژان واڵژانمکانم دەهاتە بەر چاو کە پاش زیندان، شەو لەبەر باران دەتلیساوە؛ ئەنوایەکی نەبوو خۆی دەبندا وەشێرێ. دەیگوت: حەبسەکەم چاتر بوو؛ هیچ نەبێ سەربانێک لە بارانی دەپاراستم و ڕایەخم تەختە بوو...

دوو ساڵ و دە ڕۆژ خۆش و ناخۆش هەرچی بوو، کارم خوێندنەوە و فێربوون و خەو بوو. نان هەبوو؛ تەخت و پێخەف هەبوو؛ چۆن دەتوانم کاری جارانم بکەم و ئەوی بە ساغی بۆم نەدەلوا، بە نەخۆشی پەیدای کەم؟ بۆ نەگبەتیش لە پێشدا کە لاوێکی ڕۆحسووک و لەشسووک بووم و قورساییم لە پەنجا و سێ کیلۆ نەدەپەڕاند، لە بیمارستان ببوومە هەشتا کیلۆی هەڵیزاوی تەنبەڵ.

لە چیاوە بەرەو بێرووت دەهاتین و من لەو خەیاڵاتانەدا خنکابووم؛ ئاگام لە مەحموودی بێ زەواد نەمابوو.

لە بێرووت چووینە ئوتێل. قەرارمان دا چەند ڕۆژێک وچان بدەین و شاری بێرووت ببینین. شەو لە سەر داوای عەزیز چووینە تئاتر. تئاتری عەرەبیش یانێ هەڵپەڕینی ژنی ڕووت لەبەر چاو تماشاچییان. کەیفم نەیگرت؛ زوو هەستام. عەزیز گوتی: زۆر خۆشە! تۆ بڕۆ من شارەزام بێمەوە ئوتێل.

ڕۆژانە بە شاردا دەگەڕاین؛ ئێواران عەزیز ڕاست دەچووە تئاتری خۆی و من دەچوومە سینەمایەک. گوتمان با بچینە مەتەبی دوکتور حەبیب و سەروو بیست و پێنج لیرەی حەقی موعایەنەی بدەینێ و لێرەش خواحافیزی لێ بکەین. دوکتور دەزگایەکی هەبوو شاهانە؛ مونشی و پەرستار و هیت و هووت. گوتی: من لە ئاسایشگا مەرەخەسم کردن، هاتوون پووڵم بدەنێ؟

وەرن تماشاتان کەم؛ بەڵام باسی پووڵ نەکەن!

عەزیز دیاری بۆ منداڵانی خۆی دەکڕی، گوتی: دەترسم پووڵی سەفەرم نەمێنێ.

- مەترسە! ن شێست لیرەم لە لای برادەرێکی کوردی شامی داناوە بۆ ڕۆژێکی وا؛ هەردووکمان دەگەیەنێتەوە بەغدا.