چەند قسەی خۆش

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 8 دقیقه  1759 مشاهده

«ئەبوو ئەییووت» - سەرتاشەکەی ئاسایشگا – مەسیحییەکی زۆر قسەخۆش، زۆر نوکتەی سەیری لەبەر بوو. دەیگێڕاوە کە:

* دوو ژن چووبوونە لای حەکیم. بە یەکیان گوت: میزت بێنە و دە لیرەش بدە تا بزانم چیتە. ژنەکەی تر پیلی ئەمەی ڕاکێشا:

- خوشکم ئەم حەکیمە زۆر گرانجانە. من یەکێ دەناسم بە چوار لیرەی دەکا و میزیش لە خۆی!

* کەشیشێک لە وەعزی خۆیدا گوتی: کلکی ئەسپی مارئەلیاس لە حێفاوە دەگەیشتە بێرووت. کابرەیەک لە گوێگران گوتی: ئای لەو درۆیە!

کەشە گوتی: لە حەرشەوە تا ناو شاری بێرووت دەبوو.

- بە خوا جێی باوەڕ نییە!

کەشە بە تووڕەیییەوە:

- لەم هینەی منەوە تا ناوگەڵی دایکت چۆنە؟!

- بەڵێ ئەوە ڕێی تێ دەچێ!

* کابرایەکی زۆر درێژ لە بازاڕ چاوی بە کاڵەک کەوت. بانگی کرد:

- قەیسی بە چەندە؟!

- ئەحمەق من قەیسی دەفرۆشم؟!

کابرا تا نیوقەدی داهاتەوە:

- دەی پرتەقاڵ بە چەند؟!

* کەشیشێک ڕۆژێ نەخۆش بوو. کەشەیەکی تر تۆماس ناوی لە بریکاری خۆی نارد، گوێی لە ئیعترافات بگرێ و لەپشت پەردەوە دانیشت. لاوێک هات و هەر لای وا بوو کەشەی خۆیانە:

- باوکی موحتەرەم! گوناهم کرد؛ ژنی کەشە تۆماسم وا لێ کرد.

- دەی چیدی؟

- بە خوا کچەکەی و کڵفەتەکەشی!

- دەی چیدی؟

- بە خوا خوشک و کوڕەکەشی!

تۆماس قوونی ڕووتی لە پەردە دەرخست:

- سەی کوڕی سەی! وەرە خانەوادەمان تەواو کە!

* کابرایەکی پرتەقاڵفرۆش گلەی بەختی خۆی لای هەواڵێکی کرد کە خوا ڕزقی بڕیوم.

- کاکە تۆ بۆ خۆت ڕزقی خۆت بڕیوە! لە کاسبی نازانی. وای دانێ تۆ سەلە پرتەقاڵت لەسەر سەرە و بانگ دەکەی؛ تاجرێک منداڵێکی خوێنتاڵی لە لایە، داوا دەکا. تۆ دەبێ بڵێی ئەو کوڕە جوانەی کێیە؟ عەمر درێژ بێ؛ چەند خوێنشیرینە! ئەو دەم لە جیاتی پرتەقاڵێک چوارت لێ دەکڕن.

بەیانی سەلە لەسەر سەر، بە ناو بازاڕدا دەچوو؛ وەک کابرای دوێنێ غەیبی زانیبێ، منداڵێکی سەر زلی چڵمنی لووت زلی خوێنتاڵ گریا: «پرتەقاڵ!»

تاجر بانگی کرد. سەلەی دانا و لە هەتیوی هەڵڕوانی. بە لالووتێکەوە پرسی:

- کوڕی کێیە؟

- کوڕی منە چۆنی دەبینی؟

چی بڵێ؟ چۆن ڕیایی بکا؟ پرتەقاڵی لە دەست هەتیو دەرێنا و سەلەی خستەوە سەر سەر، گوتی: بە دەستی خۆت بینێژی و ڕزقم لەسەر خودا!

* لاوێک لای کەشە گوتی: ببمبەخشە کچەکەتم ماچ کرد.

- کوڕە جا ئەمە چییە؟ من سەد جار دایکتم ئیلاقە کردووە و ناشڵێم بمبەخشە!

* ژنە لادێییەکی سادەی زۆر جوان خزمەتی کلیسا و ئۆدەی کەشیشی دەکرد. ڕۆژێک دیتی کەشیش نووستووە؛ ئەسپابەکەی دەرکەوتووە: لە سەرەوە زەرد، لە ناوەڕاست شین، لە بنەبانەوە سوورە! بۆ مێردەکەی گێڕایەوە، گوتی: هەر چۆنێک بێ ئەو سووڕە بپرسە!

لە دەرفەتێکدا بە شەرمەوە پرسیی:

- بابی ڕۆحانی، ئی تۆ بۆ چی وایە؟!

- کوڕم! ئەوە نهێنییەکە تەنیا لای تۆی دەدرکێنم. هەر ژنێ لە بەشە زەردەکە ئاوس بێ، کەشەی دەبێ، لە زەرد و شینەکە «مەتڕان»، لە هەر سێ ڕەنگ «ئەسقەفی گەورە»!

ژن و مێردەکە پێکەوە لەبەری پاڕانەوە کە ڕوحمێکیان پێ بکا، بە هەزار دەبێ و نابێ کەشە ڕازی بوو مەتڕانێکیان بداتێ! لە جەنگەی ژەنیندا کابرا لەپشتەوە لەپڕ پاڵێکی توندی بە قنگی کەشەوە نا:

- دە ئەگەر ئەسقەفێکمان بدەیەی ماڵت وێران دەبێ؟!

* پیاوێک بە لیرەیەک بەری لە لای دەلاکێک تاشیبوو. هات ژنەکەشی برد و دەلاک بەری تاشی. گوتی: هەقم پێنج لیرەیە.

چۆن بەری من لیرەیەک و هی خانم بە پێنج؟

- قوربان! ئی تۆ دەسگیرەی هەبوو، ئی خانم زۆری زەحمەت دام!

قسەخۆش لەناو نەخۆشان زۆر بوو؛ کەمم لە بیر ماون.

حاجییەکی نەخۆشی کوێتی هاتە بەرانبەرم لە ژوورەکەدا. ناوی «حاجی عەبدوللەتیف بوو». زۆر زوو بووینە ئاشنا. جارێک گوتم: تۆ کە حاجیت چۆنە نوێژ ناکەی؟!

گوتی: ئەوە مانگێکە پێکەوەین. قەت نەتپرسی کارت چییە و بە چی دەژی؟ من گەوادی شەرعیم!

- دوور لە تۆ حاجی، بمبەخشە!

- دوور لە تۆی چی و بەخشینی چی؟! با بۆت بڵێم: ئێمە لە کوێت چەند کەسێکین قاچاغچی. ئەو قەحبانەی لە مووسڵ و بەغدا ڕمێن دەکەون و خۆشیان بە گەوادان فرۆشتووە، دەهێنرێنە بەسرە. بەکی بە سی، بە بیست دینار دەیانکڕین. بە سەحرادا باریان دەکەین و بۆ پاتەختی سعوودی. یەکی بە سەد پاوەنی زێڕ بە ئەمیران و کاربەدەستانی سعوودی و ئەگەر زۆریش بەرچاو بن بە خودی ماڵە شایان دەفرۆشین. ناویان ناون: «کەنیزی سپی». کارتمان پێیە، لە هەر کوێ لەو سەحرایە ماشێنمان خرا بێ یان ڕێگەمان لێ بگۆڕێ، پۆلیسی سعوودی یاریدەمان دەدا.

وێڕای قەحبە، جغارەی ئورووپایی، ویسکی و جنسی زۆر دەبەین؛ قازانجی زۆر دەکەین. هەزاران کەس لەو ڕیازە هەن کە هەموو ڕۆژێ هەزاران دینار تەختوبەخت دەکەن، وەک چیرۆکی ئەلف لەیلا دەژین. لەو سەحرایەدا عەشایری وا هەن شەرمیان دانەپۆشراوە؛ ئەگەر زەردە قۆڕەیەک ڕاو کەن جێژنیانە. ڕووتن؛ لە برسان دەمرن؛ بەڵام نایەڵن لە وەختی حەجدا بێنە مەککە و مەدینە، لە خێرە حاجییان بەشدار بن؛ نەوەکا ئابڕووی دەوڵەت بچێ. بە ناوی ئیسلامی ڕاست و قورعان حوکم دەکەن! ئەوی من دیومە ئەگەر حاجییان بیاندیبا، ئەویش وەک من لە هەموو شت پەشیمان دەبوونەوە. لێم مەپرسە، دەڵم پڕ لە برینە...

حاجی دەیدی دیشلەمە دەخۆمەوە، پرسیی: ئێرانت دیوە؟

- بەڵێ.

- دەڵێن لە ئێران «نەذەرلەمە» دەخۆنەوە، ڕاستە؟

- نەذەرلەمە چییە؟

- چا بە تاڵی دەخۆنەوە و لە دوورەوە تماشای قەند دەکەن.

- حاجی بۆ نافەرمووی «نەظه‌رلەمە»، «نەذەر» مانی نییە!

ئەسەد ناوی کرماشانی، کۆنەپۆلیسی عێراق و سەگەوانی ماڵە ئینگلیسییان و بێسەواد، کەوتبووە ئەو بیمارستانە. لە سەگ سواڵی دەکرد؛ بۆ چایییەک بە حەوادا دەچوو. بەزەم پێدا دەهات؛ بانگم کرد چام دەگەڵ بخواتەوە، هەزار دوعای بەخێری بۆ دەکردم. برادەرانی کۆمۆنیست گوتیان: ئەسەد جاسووسی عێراقە و هەموو ڕۆژ گوزارشێکمان لەسەر دەنووسێ، با هاتوچۆت نەکا. ئێوارە چەند کەسێکم لەو برادەرانە بۆ چا خواردن بانگ کرد. خەبەرم دا بە ئەسەد، هەر بە غار هات. گوتم:

- ئەسەد! حیزمردوو! بنووسە: عەزیز دوو بەڵغەمی گەورەی فڕێ دا. فڵان کەس هەژدە جار کۆخی. فڵان شەو دەیناڵاند! جاسووسی سەر سیلداران لەوە زیاتر چ دەنووسێ؟ خۆ تۆ خەتیشت نییە.

ئەسەد لە حیرسان گریا؛ گوتی: بەغیلی بەو چایییەش دەبەن کە تۆ دەمدەیەی! خوا هەڵینەگرێ...

جەژنی فەسح بوو؛ بە سەدان ژن و پیاو هەیکەلی مەریەمیان هەڵگرتووە و کەشەیەکی تەپڵە سەرتاشراوی کورتەباڵایان لەپێشەوە بە حەساری کلیسادا دەهاتن و کەشە دەیخوێند و ئەوانیش بە دوایدا. جارێ کەشە چووە سەر پلەکانان و بانگی کرد: من چیم گوت ئێوەش بیڵێن:

- دۆستانم!

هەموو گوتیان: دۆستانم!

- وش!

هەموو تێکڕا گوتیان: وش!

کەشە دیتی حاڵ خراپە، دابەزی و ملی نایەوە لە دوعای خۆی!

بەوەدا نوکتەیەکم بیر کەوتەوە: گۆیا لە شەرەفکەند مام فەرەج ناوێکی کەڵاشکەر، ویستوویە لای مەلا، ژن مارە کا. مەلا گوتوویە: هەرچی گوتم وەدووم کەوە: دەی فەرەج بڵێ.

- دەی فەرەج بڵێ!

- جارێ دەنگ مەکە!

- جارێ دەنگ مەکە!

- بە خوای سەگبابێکی کەرە!

- بە خوای سەگبابێکی کەرە!

مەلا لینگە کڵاشێکی لە دمی دەدا؛ فەرەجیش لینگە کەڵاشێک بە دەم و فڵچی مەلادا دەکێشێ. مەلا هەڵدێتە سووچی مزگەوت و دەڵێ لێت مارە کرا.

لێی دەپرسن: مام فەرەج مارەت بڕی؟

- کوڕە خۆ مارەبڕین نیوە شەڕێکە من نەمزانیبوو!

حەسەن عەسکەر و حەسەن غەریب دوو تورکمانی دەوری کەرکووک و شیعە بوون و نەخۆشی بەحنەس. حەسەن عەسکەر فێرکاری فێرگە بوو؛ مێشکی لە خەرافات ئاخنرابوو. باسی خەیبەری دەکرد کە دەروازەکەی شەش هەزار تۆن ئاسن بوو. ئیمامی عەلی لە سەر دەستی دانابوو؛ کردبوویە مەتاڵی شەڕ.

- کاکە حەسەن خۆ ئەو زەمانە کیلۆ و تۆن نەبوون!

ئەو جار دەیگوت: دووسەد هەزار ڕەتڵی بەغدایی بوو.

- ئەوسا نە ڕەتڵ هەبوو نە بەغدا.

- سەرم گێژ بوو ناهێڵن قسەکەم بکەم؛ ئەدی چەند بار گوو بوو؟!