تەفریحمان

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 10 دقیقه  1257 مشاهده

ئیوارانە دەچووینە قەدەم لێدان و لە ناو باغچە زۆر و هەراوەکانی سەر بە کلیسا. ڕۆژانی یەکشەممە دەچووینە کلیسا، لە ڕیزی نوێژکەراندا دادەنیشتین؛ کە زۆر نوێژێکی خۆش بوو. ژن و کچی دێی بەحنەس خۆیان تاسولووس دەدا، جوانترین جلکیان دەبەر دەکرد، پیاویش بە جلکی خاوێن و ڕیشی تاشراو لە کلیسا ڕیز دەبوون. هەموو بۆنی عەتریان لێ دەهات.

لەپشت پەنجەرەیەکی پەردەداری نادیارەوە ئەرگ لێدەدرا و دەستەکچێکی خواپەرست بە گەل گۆرانیی کلیسایان دەگوت؛ مردووشی دەخستە زەوقەوە. کەشەی سەرسەکۆی قوربانیش دادەهاتنەوە؛ هەڵدەستانەوە؛ بخووریان بڵاو دەکردەوە، مناڵی چکۆڵە لە دواوە داوێنی شۆڕیان دەگرتن؛ دەتگوت «دایە مەمدە بە گورگی» دەکەن! بەڕاستی سەیرانی خۆش، وا لە یەکشەممەی کلیسای کاتۆلیکانە؛ نەزەریش گوناح نییە و ئازادی.

ڕۆژێک دوای بڵاوبوونی نوێژ، چووبووم لەسەر بەردێکی قەراغ ڕێ دانیشتبووم. کچێکی قەڵەوی جوانی دێ – کە ناوی ڤیکتۆریا بوو – هات ڕابرد. ئاوڕێکی داوە گوتی:

- ئەوە بۆ وا بە وردی و سەرنجدانەوە زەق لێم دەڕوانی؟ نیازت چییە؟!

- دوکتور دەڵێ شەش کیلۆ قەڵەو ببی چا دەبیەوە. بیر لەوە دەکەمەوە: هەر لا سمتت دە کیلۆی زیادە. چ دەبوو شەش کیلۆی بهاتایەتە سەر من؟ تۆ جوانتر دەبووی و منیش دەبوومەوە گوێزی ئازا!

پێکەنی و ڕۆیشت.

چرچ، کەسیف، ڕەنگ زەردی توڵخ، بێ هێز و توان، بە مرخەمرخ سەر لە ئێوارەیەک لەسەر بەردێک هەڵتروشکابووم، سەری ڕۆژاوابوون لە دەریام دەکرد. دیمەنێکم بوو، باوەڕ کە بەرازیش بێزی هەڵدەستا بمبینێ. کچێک بە لاما تێپەڕی، ئەحواڵێکی پرسیم. لە وەرامیا گوتم:

- بەڕاستی کیژی لوبنانی زۆر لە عارەبی تر بە ماریفەتتر و جوانتریشن.

گوتی: لاوی عێراقیش کە وەک تۆ بچن، لە لاوی لوبنانی جوانترن.

قەت گاڵتەی هێند سەیر نەبوو! تێر بە خۆم پێکەنیم.

کیژێکی لوبنانی – کە ناوی سەعدە بوو – دووکانی لە نزیک ئاسایشگا بوو. ڕۆژێک نازانم چم کڕیبوو، لیرەیەکی لوبنانیم دایە؛ قسێکی جوبران خەلیلم لێ نوسیبوو: «کەسێ کە پووڵ بە هەموو شت دەزانێ، هەموو شت لە ڕێی پووڵدا دەکا». گوتی: ئەوە چییە؟

- ببەخشە! کاغەز نەبوو لەوەم نووسیوە؛ هیچ نیازێکم نەبووە.

زۆر مەمنوونم، ئەو نسحەتە لە سەد لیرەش بەنرخترە!...

قاوەخانەیەک لەناو باغچەکانی دەوری ئاسایشگا تایبەتی سیلداران بوو؛ ئێواران دەیچووینێ.

دەمێک بوو هیچ پووڵم نەمابوو؛ نەمدەتوانی پووڵی چایییەک یان کۆکاکۆلایەک – کە تازە پەیدا ببوو – بدەم. زۆر باش دامابوو. ئەو مابەینەش هەرگیز لە عێراقەوە کەس نامەی بۆ نەدەنووسیم.

هەر ڕۆژە کە نامەبەر دەهات و نامەی کەسوکاری نەخۆشخانەی دابەش دەکرد، دەمپرسی:

- ئەدی ئەمن؟

- نیتە!

زۆر دڵتەنگ دەبووم. تۆ وەرە هیچ کەس لێت نەپرسێ. تەنیا بە هەمووی سێ یان چوار نامەم بۆ هات؛ ئەویش هەمووی پڕ لە خەم و پەژارە. لە یەکیاندا خەبەری مەرگی میرزاوڕەحمان بوو کە گۆیا لە سەرەمەرگەیدا چەند لە برادەران دەورەی بوون. یەکیان پرسیویە:

- مام میرزا وەک لە مەرگ نەترسی وایە؛ ئێستاش هەر قسەی خۆش دەکەی.

میرزا ئیشارەی بە چرایەکی نەفت کردووە کە لە لایەوە دانرابوو، گوتوویە:

- کوڕم! من ئەو لەغەزەم هەڵێناوە. من وەک ئەو چرایەم؛ تا ڕۆنی تێدا ماوە، دایسێ و زیندووە؛ هەر نەوتەی وشکاوی هات، دەکوژێتەوە؛ بەڵام نەوتی تێ ناکرێتەوە...

ماوەیەکی زۆر بە خەمی لەدەست چوونی ئەو مامۆستا گەورەیەمەوە دژ دامام.

حوسێن وەتتاری هەواڵی زۆر خۆشەویستم دەردەکەی وە بنی دا؛ جواب کرا. لە بەغدا لە بیمارستانی عەزل، واتا جێگەی گولیی دووراوا خەوێندرا. نامەیەکی بۆ نووسیبووم؛ بە درێژی باسی خواربار دزینی دوکتوران و بەرتیل داواکردنی پەرستاران و فەزایحی سەگی بیمارستانەکە و زەلیلیی نەخۆشانی نووسیبوو. نازانم چەند ڕۆژ نەیناردبوو؛ چونکە لە حاشیەدا نووسیبووی: تاقە برا سەربازەکەم – کە مانگی بە پێنج دینار دەبووایە دایکم بەخێو کا و یاریدەی منیش بدا – بلیتی بەخت ئەزموونی بۆ دەرچووە؛ دووسەد دیناری دەس کەوتووە؛ هەر دووسەدی لە بن سەنیری من داناوە. ئێستا من دەوڵەمەندێکم! بۆم نووسی: خودا ڕزقی بۆ تۆ نەبڕیوەتەوە. لێم ڕوونە ئەو پووڵە بۆ حوسێن ناوێکی زۆر زگزل هاتووە؛ فرشتەی ڕزق بە سەهو بۆی هێناوی! زۆر دەترسم نەیخۆی!

ڕۆژێک نامەیەکم وەرگرت، نووسرابوو: من نەخۆشێکم! لە سەرەمەرگا حوسێن گوتی تەنیا کەسێکم لە دنیادا هەیە، ناوی عەزیز قادرە و لە بەحنەسە. خەبەری منی بۆ بنووسن...

لە خەبەری مەرگی وا تاسام، سێ ڕۆژ نان و ئاوم لە خۆم حەرام کرد و تا توانیم بۆی گریام.

جارێک لە ڕمادییەی عێراقەوە کوردێکی کۆنە شووناس بۆی نووسیبووم: حەز دەکەم بزانم تەرزی نەخۆشیت چۆنە. لە وەرامدا گوتم: وەک نالیی شاعیرم کە فەرموویە:

وەک توڕڕەیی پیچیدەییی تۆ ساغ و شکستم
وەک دیدەیی نادیدەییی تۆ خۆش و نەخۆشم

زیت و وریا هەڵدەسووڕێم؛ دەڵێن نەخۆشێکی لە مردنی!

لە چیای لوبنان، پەرێشان و سەرگەردان، پووڵی چایییەک شک نابەم کە بیکەمە بیانووی لە قاوەخانە دانیشتن و تەختەکردن و ڕابواردن. «کێچ لە باغەڵما ئامانە خانم دەڵێ!». هومێدیشم بڕاوە کە هیچ کەس بە دادم بگا. ڕۆژێک فیس بە سەرێکی تەژەی عەرەب هات:

- تۆی عەزیز قادر؟

- بەڵێ! فەرمایشت؟

- ئەو قەبزە ئیمزا کە! بیست دینارت لە مووسڵەوە لە لایەن کاکە زیادەوە بۆ هاتووە. بەڵام من – کە لە حەڵەبەوە بۆم هێناوی – چوار دیناری لێ هەڵدەگرم!

خوایە لەناو ئەو هەمووە ناسیاوانەدا چۆنە ئەو پیاوە منی وەبیر هاتۆتەوە و ئەو ئاوڕەی لێ دامەوە؟... لە پاش چا بوونەوەم زانیم، کە پیاوی زۆر گەورەی عێراق وەکوو ئەمین ڕەواندزی و شێخ لەتیف باربوویان بۆ کۆ کردوومەوە کە بێچارە نەخۆشە با پەکی نەکەوێ. کاتێ بە کاکە زیادیان کوتووە، ڕاستەوخۆ باربووی خۆی ناردووە. ئەگەر بیدایە بەوان – وەک باربووەکانی تر – ئاو دەیبرد و بۆم دەکرا بە وشتر!

زۆر لە کوردەکانی شام و جزیرە و دانشجووی کورد لە لوبنان دەهاتن سەریان دەدام و کتێب و میوەیان دێنا. «جەلادەت عالی بەدرخان» و «ڕەوشەن خانم» و «قەدری جان»ی شاعیر و «جەگەرخوون» و «عوسمان سەبری»م لەوێ ناسین. کابرایەکیش لە جزیرە – کە بیستبووی من مردووم – کوڕی خۆی ناو نابوو هەژار.

مەسەلەی مردنیش سەیر بوو: موسڵمان مەلایەکی خۆیان بوو؛ شیعە بوو، فەرقی دانەدەنا نوێژ و تەڵقینی بەڕێوە دەبرد. مەسیحی ئەگەر پرۆتستانت یان ئورتودۆکس با، دەبووایە کەشەی خۆی بۆ بێنن و کەشەی کاتۆلیک خۆی تێنەدەگەیاندن. بۆ مردوومراویش فەرق و جیاوازی دادەنرا: ئەگەر نەخۆشێکی مەسیحی لە سەر مردن بە ڕەوانی و ڕووخۆشی دەمەلاسکەی کەشەی لە دوعا و تۆبەدا نەکردایە، نەیاندەهێشت لە گۆڕستانی کلیسا بنێژرێ و دەبوو پیاوی شەهرداریی بێرووت بێن و بیبەنە گۆڕستانی گشتی. سەبری یووسف دەردی لێ گران ببوو، کەشە هاتە سەری:

- دەی کوڕم! پێ لە گوناحانت بنێ و لە مەسیح بپاڕێوە.

چاوی هەڵێنا و تێی ڕاخوری: هەی دەسبڕی کوڕی دەسبڕ! دم لە منیش خوار دەکەیتەوە؟ لاچۆ لەبەر چاوم! جەحەنندەم پڕ لە خۆشت و مەسیحیشت!

کەشە هەر هێندەی پێما بڵێ: لە گۆڕستانی ئێمەدا جێت نییە!

هەر مردوویێک بمردایە – تا ئیدارەی کلیسا دەیزانی – نۆکەر و قەلە و قوتەی خزمەتکار هەرچی پووڵ و جلی بوو دەیانڕفاند و شرت و گومیان دەکرد.

عەزیز هەمزە ناوێکی خەڵکی سلێمانی کە پێش من چووبووە ئەوێ و لە ماوەی دوو ساڵدا بە قەد پشکەڵێک عەرەبی فێر نەببوو. هەر من چووم و بوومە تەرجمانی، ئیتر لێم بوو بە قیلی کەوا سپی و هەر دەبوایە تەختی لەتەنیشت منەوە بێ و زمانی حاڵی بم. ئێوارانە قورعانی بەغدام بۆ دەکردەوە. بە کەوای شۆڕ و شەدە و جامانەوە چوار مێردەکەی لەسەر تەختەکەی دادەنیشت و تا قورعان خەلاس دەبوو خۆی ڕادەژاند و ئەڵڵا ئەڵڵای دەگوت. یانی زۆرم پێ خۆشە! جارێک گوتم: کاک عەزیز! مەلای قورعانخوێن زۆر دەنگ ناخۆشە؛ دە مانای ئایەتیش ناگەی؛ ئەو خۆ ڕاژاندنەت لە چی؟!

- ئای کاکە وا مەڵێ! بە خوا لە سایە سەری تۆوە لە سلێمانی ڕادیۆیەکم هەیە چوار ئەوەندەی ئەو ڕادیۆیە؛ بە سی دینارم کڕیوە!

ئێوارەیەک لەپڕ تەنگی نەفەسێکی وا بوو بە حاڵ هەناسەی دەهات. ناردمانە شوێن دوکتور. سەرم بردە بن گوێی: پووڵەکەت لە کوێ تاقەت کردووە؟ با بزانم نەوەک بیدزن! نەخێر، گوێی لە هیچ نەبووە! دوایی کە هاتەوە سەرحاڵ دەیگوت: هیچم نەدەبیست جگە لە باسی پووڵەکە، نەموێرا نیشانت دەم!

پیرەمێردێک ڕەگەز کورد و بە زمان عەرەب، بە ناوی «جەعفەر بابان» هاوژووم بوو. ڕۆژێک نامەیەکی وەرگرت؛ دەیخوێندەوە، سەرێکی ڕاوەشاند و بزەیێکی تاڵی هاتێ.

- ها عەموو جەعفەر! چییە؟

- کە لە بەغدا بەرەو ئێرە دەهاتم، دوازدە برادەر هاتبوونە بەڕێکردنم؛ تێکڕا بۆم دەگریان کە مەسلوولی و ناتبینینەوە. هەر بەرەو دوا مردوون. ئەوا نووسراوە دوازدەهەمیش عەمری خوای کردووە؛ کەچی من هەر زیندووم.

«جاسم» ناوی کوڕی شێخێکی عارەبی چۆڵی عێراق، هات؛ کەس دە لەهجەی نەدەگەیی. ببوومە تەرجمانی ئەویش. هەر تێگیراوییەکی دەبوو من جێگەی هاوار و بانگی بووم. جارێک گوتی: خەبەرم دا بە بابم کە تۆ چەند بە منەوە ماندووی، ئەویش دیارییەکی زۆر خۆشی بۆ ناردووی؛ با بچین لەناو داران بیخۆین. قوتووە شیرناتێکی دە نایلۆن پێچراوی بە نەوار بەستراوی دەرێنا. دیارە خۆشە! کە هەڵیپچڕی کوللەی برژاوی سوێرکراوە! هێڵنجم هاتێ و ڕامکرد.

جاسم نەقڵێکی خۆی بۆ گێڕامەوە کە جارێک ئەوەندەی تینوو بووە ناچار ئاوی لە ماڵی سوننی خواردۆتەوە و نەیهێشتووە دایک و بابی بزانن! ئەگەر جنێوی بە کەسێ دابا دەیگوت: ئێسکی سوننی بە قەبری بابی! ڕۆژێک گوتیان جاسم حاڵی شڕە. چوومە لای.

- ها خێرە؟

- سەیید عەزیز! ئەو سوننی کوڕی سوننییە بەیانی زوو دیتم وام بە سەر هات!

- سەگباب چەندم پێ گوتووی بەیانی سوننی نەتبینن!

- حەقتە بەڵام چ بکەم؟!

ئەو سوننییە سەییدێکی سامرایی بوو، بە ناوی سەیید عەلی. بۆم گێڕاوە؛ زۆر پێکەنی. گوتی: شەرت بێ هەموو ڕۆژێ تولحی بەیانی خۆمی نیشان دەم!

جا هەر وەک جاسم نەیدەزانی من سوننیم، کەمتریان دەیانزانی کە سەبری موسڵمان نییە و مەسیحییە. ڕۆژێک لای سەبری بووم، یەکی سووریایی خۆی بە ژوورا کرد:

- سەبری من لە فڵان کەسی هاووەتاغم داوە؛ لەسەرم بکەوە!

- لەسەر چی؟

- ئەو سەگبابە مەسیحییە. من دوای نوێژ دەمگوت خودایا هەرچی موسڵمانە ڕوحمی پێ بکە! ئەو دڵێ بۆ ناڵێی چی مەسیحی و موسڵمانە؟!

- چاکت کردووە؛ مەسیحی چ گووخۆرێکە تۆ دوعای بەخێری بۆ بکەی؟!

ڕاهیبەیەک عاشقی عێراقییەکی «فارس» ناو ببوو؛ زگی پڕ کرابوو؛ بوو بە هەرا. هەر چۆنێک بوو کێشە داکوژا و ڕاهیبەیان بۆ «بێت لەحم» تەبعید کرد. فارس دەیگوت: من هەر خەمی ئەوەمە لە بێت لەحم بەبێ مێرد منداڵی ببێ؛ مەسیحێکی دیش پەیدا دەبێ!