بەجێمان دێڵێ!

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  935 مشاهده

لە بەحنەس پێچەوانەی بیمارستانانی تر، نەخۆشێ کە حاڵی زۆر شڕ با و هومێد بە چابوونەوەی نەمابا، ڕەپ و ڕەوان پێیان دەگوت بچۆرەوە ماڵە خۆت؛ تۆ زۆر ناژی. جارێک لە سەرداندا بە منی گوت:

- تۆ بچۆوە لای کەسوکارت.

- دوکتور هیچ کەسم نییە و لە عێراق غەریبترم تا لوبنان، لات وایە دەمرم؟

- بەخوا هەرچی بۆت دەکەم حەرەکەت ناکەی؛ لام وایە بەجێمان دێڵی...

- دوکتور بڵێ چا نابی؛ مەفەرموو حەرەکەت ناکەی. چونکە بەرەو پاش گەڕانەوەش هەر حەرەکەتە. وا من بەغار بەرەو مردن پەل دەبم...

تماشایەکی کردم:

- تۆم پێ شتێکی سەیرە، جا مەگەر ئەو هێزی دڵەت دە هاوارت بێ...

بە ئاشکرا حوکمی ئیعدامم درا. قەت نەمدیوە دوکتور بۆ کەس درۆ بکا. بەڵێ دەمرم. لام وایە ماوەی دە دەقیقەیەک تاسام. تارماییی عیزراییل دەهاتە بەر چاوم؛ وەختە بڵێم گوێم لە فڕەی باڵی دەبوو. لەپڕ هۆشم هاتەوە بەر: «هەیاران من نزیکەی سی ساڵە دەژیم؛ ژیان هەر ئەو شەڕەشەق و کەر بازاڕەیە کە دیومە. بە جحێڵی ئەو هەموو دەردەم دیت؛ بە پیری دەگەمە کوێ؟ سینەمایە؛ تماشای خۆت کردووە؛ بەجێی بێڵە و خەمی پێ ناوێ. بەس نییە لە خەم ڕزگار دەبێ...». هاتمەوە سەرحاڵ و ملم لە گاڵتە و گەپی خۆم نایەوە. وەک نە بام پێدا هاتبێ و نە باران و هاتمەوە سەر دەقی جاران. شەش ڕۆژ دەرمانیان نەدامێ. گوتم:  «دوکتور تۆ هیچ نەبێ بەقەستیش بێ شتێکم بۆ بنووسە با پێی بخڵافێم». دەرمانیان بۆم نووسیمەوە.

ئەوانەی هاتبوونە ئەو نەخۆشخانە، فەقیر و دەوڵەمەند، یان پارتییەکیان هەبوو یان زۆریان زمانلووسی دەگەڵ ماسێران دەکرد و کاری خۆیان پێک دێنا. من کەسم نەبوو؛ نەشمدەتوانی لەبەر پیرێژنە فەرانسییان مل کەچ کەم و خۆم شیرین کەم. ماسێر سوزانێک هەبوو زۆر تووڕە و زمانشڕ؛ خۆشی نەدەویستم. ڕۆژێک دەرمانم بۆ نووسرابوو، نەیدامێ. زۆرم دڵ بەخۆم سووتا. نامەیەکم بۆ دوکتور حەبیب نووسی؛ شیعری شاعیرێکم لە سەرەوە دانا کە بۆ «مەعنی بنی زائید»ی نووسیوە، دەڵێ: «ئەی بەخشندەیی مەعن، دەربارەی من سرتەیەک دەگەڵ مەعن بکە، جگە لە تۆ هیچ تکاکارێکم نییە». لە باسی ئێرانی بوون و چۆنییەتی هاتنم لە عێراقەوە بۆ لوبنان، چۆن بووە تێمگەیاند. نووسیشم نە پارتیم هەیە، نە دڵم بڕوا دەدا لەبەر پیرێژنان ڕیایی بکەم. با ئینسانییەتی خۆت تکاکارم بێ... کاغەزەکەی خوێندەوە، نایە گیرفانی و ڕۆیشت. هاتن گوتیان دوکتور لە وەتاغی خۆی تۆی دەوێ. لای خۆی جێگەی نشان دام. گوتی: «برا من دەبمە کەسوکارت، حەبێک تازە پەیدا بووە دەوڵەتی عێراق نایدا بە فەقیران چونکە زۆر گرانە و هەزاری بە شەشسەد لیرەی لوبنانە و ڕۆژانە دەبێ بیست و چوار دانەی بخورێ. بۆ تەبەقەی سێ هەتا بڵێی زۆرە. من لەوان دەگێڕمەوە و دەتدەمێ». بە دوو هەزار حەب لە خەتەر ڕەخسام و ڕۆژ بە ڕۆژ لە چاکی بووم.

ئاودەرهێنان لە خاڵیگەمەوە ڕیەی ڕاستی هەڵقرچاندم و پەردەیەکی وەک ئێسک و لە ئێسک ڕەقتر بە سەردا کێشا و شانی خوار کردم و ئێستاش کە شانم وەک تەرازووی لەنگ تاوتایە، ئاسەواری ئەوسایە و لەوساوە تەنیا سییەکم کار دەکا.