لە ئاسایشگای «بەحنەس»

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 17 دقیقه  1252 مشاهده

(بەحنەس) یان (بحەننەس) گوندێکی مەسیحی نشینی لوبنانە. لە ڕۆژهەڵاتی بێرووت و هەزار و پەنجا میتر لە بەحر بەرزترە. ئاسایشگاکە بەو نێوەیە و سەر بە کلیسای کاتۆلیکی فەرانسایە. دەیری ژنانی ڕاهیبە و تەرکەدنیایە. ژنێک کە «مامێر» یان پێ دەگوت (واتا دایک) ئێدارەی دەکرد. ژنە تەرکەدنیاکان کاریان بۆ دەکرد و پێیان دەگوتن «ماسێر» (خوشک). هەرچی لە دەرمان کردنی نەخۆشان قازانج دەکرا، دەدرا بە سوپای فەڕانسە. ئاسایشگا سێ تەبەقە بوو؛ تەبەقەی چوارەمی سینەما بوو، تەبەقەی سێهەم تایبەتی دەوڵەمەند و خاوەن پارتی زل بوو؛ مانگی شێست دیناریان بۆ دەدان؛ خۆراک و دەرمان و ئیستراحەتیان لەوپەڕی چاکی دا. تەبەقەی ناوەڕاست بۆ فەقیر و بێکەسی هەرزان بایی نەخۆشی عێراقی. تەبەقەی خواری بۆ نەخۆشە فەقیرەکانی لوبنانی و شوێنی تر بوو. ئێمەی عێراقی مانگێ بە حەڤدە دینار بەخێو دەکراین؛ بە دەرمانەوە. خۆراک هەتا بڵێی خراپ، دەرمان زۆر کەم و بە دەستەندە. حورمەت؟ خۆزگە بە حاڵی سەگ...

دوکتورەکان بە هەتیوی لە کلیسا بەخێو کرابوون؛ لە فەڕانسە پێ خوێندرابوون. هەر شەش مانگ دەستەیەکیان دەچووە فەڕانسە بۆ زانین زیاد بوون و کە دەهاتنەوە دەستەکەی تر دەچوون. تەنیا شتێکی کە خوداپێداوەکان و داماوەکان تیا شەریک و بەرانبەر بوون، هەوای سازگار و تیشکی خۆرەتاو، دیمەنی جوانی چیای لوبنان و دوکتورەکان بوو.

هەموو ڕۆژ بەیانی، لیستەیان بۆ تەبەقەی سێ دەبرد کە جۆری خواردنی بە ئاواتی خۆیان هەڵبژێرن و بۆیان لێ نێن. ئێمەش حەوتەی جارێک شۆربای گۆشت وشتر و هەموو جەمی زستان نیسک و باقلە، لە دوو مانگی بەهاردا زۆربەی جەم کەنگری لە ئاودا کوڵاو، هەموو هاوین شۆربا کوولەکە بوو. ساڵێ دوو جار: ڕۆژی کریسمیس و جەژنی فەسح، گۆشت مریشکمان بە برنجەوە هەبوو.

ڕۆژێ چەند جار ماسێر سەریان دەداین. دوو ڕۆژ جارێک دوکتور دەهات بە سەرماندا دەگەڕا. حەوتەی جارێک مامێر و هەموو دوکتور و ماسیرەکان کە پەرستار بوون گەشتێکی بە کۆمەڵیان دەکرد و بەسەریان دەکردینەوە. شەوانە، زستانیش با، دەبوو باشمان داپۆشن بەڵام سەرمان لە دەرەوە بێ. دەرک و پەنجەرەشیان دەکردنەوە تا لە خەوا هەوای پاک هەڵمژین. زۆر جار بە خرتەی بەفر ماڵینی بن تەختەکانمان وەخەبەر دەهاتین کە بە فریان لێ دەباری.

تا چل ڕۆژێک زۆر کەلەلا بووم و گەرمام گەیبووە چل دەرەجە. وردە وردە هاتمەوە حاڵ و بە پای خۆم دەگەڕام. ئەو دەم چارەی سیل زۆر لە ئێستا کەمتر بوو. تەنیا عەمەلی پەراسوان و هەڵکێشانی ڕیە لە ڕێی لاملەوە هەبوو. دەرمانیش دەرزی (ستروپتۆمایسین) بوو؛ ئەویش زۆر گران و دەستی فەقیر نەدەکەوت.

زۆربەی نەخۆشەکانی هەواڵم خوێندەوار و ڕۆشنبیر و مامۆستا و نووسەر و شاعیر بوون. ئەوی دەمانەوە، کۆنە پۆلیس و ڕانندە و تۆزخۆری دەشت و سارا بوون. پلەی ناونجی زۆر کەم بوو.

مەگین چلۆنکایی با، دەنا دەبوو لەسەر تەختەکانمان نەبزوین و خۆ ماندوو نەکەین. چینە نەخۆشەکانی پێش ئێمە وردە وردە کتێبخانەیەکیان پێکەوە نابوو. پتر لە دوو هەزار جڵد کتێبی زۆر چاک و بەتامی تێدا کۆ ببۆوە. بە هەڵبژاردنی نەخۆشان سەرپەرست و ئاگاداری کتێبخانە ناودێر دەکران. پارەیەکی زۆر کەم ئابوونەی کتێب خوێندنەوە وەردەگیرا کە ئەویش دەدرایەوە بە کتێب. ئەگەر جارێک دەوڵەمەندێک بۆ سەردانی خزمی نەخۆش یان بۆ سەیری نەخۆشانی سیل بهاتایە و لە ڕووی خێرەومەندی بیگوتایە: چیتان بۆ بکڕم؟ دەیانگوت: کتێب بۆ کتێبخانە. لەو بێکارییە و نەبزووتنەدا، هەموو کەس سەری بەسەر کتێبدا دەگرت. تەنانەت نەخوێندەوارەکانیش دەرسیان دەخوێند کە بتوانن بخوێننەوە. تەنانەت کابرایەکی لێ بوو، مستەفا شێخەلی ناو بوو؛ پتر لە شەش ساڵ بوو لە ئاسایشگا مابۆوە، دەڵاڵی هەڕاجە بازاڕی بەغدا و نەخوێندەوار، لە ئاسایشگا خوێندبووی؛ ببووە خوێندەوارێکی عەرەبی، مەلای دەبەزاندن. منی وا تینووی خوێندنەوە، دەستم بەو هەموو کتێبە ڕابگا و جگە لە دانیشتن و ڕاکشان هیچ کارم نەبێ، دەبێ چ بکەم؟ قوربان شانم لێ داخست و ملم لێ نا و ڕیزم لێ گرتن و وشک و تەڕ، ئایینی و کفرنامە، تاریخی و ئەدەبی، بێوچان و سانەوە، ڕۆژ تا ئێوارە و شەو تا خەو لە لامدا دەباتەوە، چاو لە کتێب ناترووکێنم. نووسراوی تەها حوسێن، عەققاد، سباعی، یەزبەک، سەلامە مووسا، حەسەن زەیات، دیوانی حافز ئیبراهیم، شەوقی، دیوان و کتێبی نووسەر و شاعیرانی کۆن، تاریخی کۆن و نوێی جیهانی و مەڵبەندی، زنجیرە نووسراوی قەدری قەلعەچی، کۆمەڵە گۆڤارەکانی دنیای عەرەب... ڕاستییەکەی نازانم چەند کتێبم خوێندەوە. تەرجەمە لە شکسپیر، ئاناتۆل فرانس، ویکتۆر هۆگۆ، مارک تواین، بالزاک، ماکسیم گورکی، چیخۆف، گۆگۆل، کتێبی کۆنە بەیتی عەرەب، فەلسەفەکان، ئیلیاد و هەرچی لە نووسەرانی ئورووپاوە کراوەتە عەرەبی. خولاسە چیم نەهێشت کە جار و دوو جاری نەخوێنمەوە. تەنانەت کتابی موقەددەسم دوو جار سەر لەبەر خوێندەوە. دوو ساڵ بۆ خوێندنەوە و فێر بوون زۆر دەرفەتێکی زێڕینە؛ هەم لە مەعلووماتدا، هەم لە عارەبیدا دەسمایەیەکی زۆرم دەس کەوت.

لە ناوماندا کەشیشێک و مەلایەکی نەجەفی پەیدا بوون. مەلا ناوی شێخ خەڵەف و زۆر وریا و قسەخۆش. لەبیرمە جارێک لێیان پرسی:

- لە قورعاندا دەڵێ: «زەوی بە میرات بۆ ساڵحان دەمێنێ»، یانی چی؟

- مەنزووری قورعان لە ساڵح ئەو کەسانەیە کە بە زەوی دەچارێن و ئیسلاحی ئەرازی دەکەن، نەک سۆفیلکە و مەلای دەسبڕ و تەنبەڵی وەک من. لەوانەیە ستالین لەو ساڵحانە حیساب بێ. کەشەپیاوێک بوو لە تەمەنی بیست و حەو ساڵیدا، ناوی «ئوغستین» بوو. تا نەخۆش نەکەوتبوو بە عومری خۆی لە دێرێکی سەر چیایەکی عێراق دەرنەکەوتبوو. لاتینی، ئیسپانی، فەرانسی، ئینگلیسی، فارسی، تورکی، عارەبی، کلدانی و کوردی بە هەردوو زاراوەی کرمانجی و سۆرانی وەک ئاو دەزانی. زۆریش ڕووحسووک و لە شانان خۆش بوو. لە خوای دەویست پرسیاری لێ بکەی و جواب بداتەوە.

- باوکی ڕووحانی، ئەوەی تۆ فێری بووی بە هەزار زانای عەرەب نایزانن. تۆ لەو کێوە کوێڕا ئەو هەموە فێر بووی؟

- کاکە، عەرەب زمانەکەیان بۆتە بەڵایان، ئەوەندەیان لە خۆیان گران کردووە بە سی ساڵ فێری نابن. خەتەکەیان ئارامی کۆنی چوار هەزار ساڵەیە؛ لایان وایە کفرە بیگۆڕن. ناچار گرامێری چەند جڵدی بۆ نووسراوە کە ڕاست بخوێنرێتەوە. ئەگەر وەک لاتینی بنووسرایە بە پەنجا پەڕ گرامێر ساز دەبوو. هەر خەریکن زمان فێر بن تا قورعان ڕاست بخوێننەوە، ئیتر نایانپەڕژێتە سەر عیلمیتر و بە جاهیلی پیر دەبن.

ڕۆژێک پرسیم:

- بەیانیان ڕاهبەیەک بە چرایە نەفتێکی داگیرساوە و کەشەیەک بە زەنگوڵەوە بە دەوری کلیسادا دەگەڕێن و زەنگوڵە ڕادەژێنن، ئەوە بۆ چییە؟

- چۆن لە کاتۆلیکی ئەوەندەش نازانی؟ ئەوانە شەیتانی دەوری کلیسا کە شەو هاتوون دەردەکەن!

- جا بۆ چی دەریان دەکەن؟

- بۆ ئەوە ئێمە کەشیشەکان جێگەیان بگرینەوە!

لەسەر داوای ئەو، داستانی (کرانک بیل)ی ئاناتۆل فرانسم کردە کوردی. هێندێک دەسکاری زانایانەی تێدا کرد و پەسندی کرد. نوسخە خەتییەکەم فەوتا و بە چاپ نەگەیشت.

لە ئاخر و ئۆخرییەکاندا ویستم ئینگلیسی فێر بم. فەرهەنگی عەرەبی - ئینگلیسی، ئینگلیسی - عەرەبی و فەرهەنگی لەهجە دەربڕینم لە دەوری خۆم دانا. وشە بە وشە مانا و لەهجە دەردێنم و دەینووسم و لەبەری دەکەم. بەو زەحمەتە گرانەی کە کێشام دەمتوانی داستانی هاسان بخوێنمەوە و کەمتر کارم بە فەرهەنگ بێ. بەڵام بەداخەوە لە پاش چا بوونەوەم لە بەغدا بو لە پێناوی نانی ڕۆژانەدا، نەمتوانی لەسەری بڕۆم و لەبیرم چۆوە.

زۆر ئاشنای باشم هەبوون. لە هەمووان نزیکتر «حوسێن وەتتار» ناوێک بوو خەڵک عیمارەی عێراق. لە خۆم ڕووت و ڕەجاڵتر، لە دنیادا تاقە برایەکی هەبوو ئەویش سەرباز بوو. حوسێن زۆر لە ئەدەبی عەرەبیدا زەوقی هەبوو. بۆ خوێندنەوەش پرسی دەکردم، کتێبم بۆ هەڵدەبژارد.

زۆر نێوانمان خۆش بوو. پێکەوە دەگەڕاین. کورد گوتەنی: «وەک گوێی کەر جووت بووین» و ببوینە خەمڕەوێنی یەکتر.

سینەما لە تەبەقەی چوار بوو. دەبوایە هەر کەسە کورسی خۆی بەرێ و لە فیلم بڕوانێ. کلیسا بوو؛ لەبەر خاوەن سینەمایان دەپاڕانەوە، بە خێر فیلمیان وەردەگرت و سەرو چارەگە لیرەیەکیان لە نەخۆشی تماشاکەر دەستاند. هەر ژوورەی جێگەی هەشت نەخۆش بوو. کابرایەکی سەرتاشی لێ بوو، ڕادیۆی دەدا بە ئیجارە، مانگی بە شازدە لیرە. من هەر زوو ڕادیۆیەکی کۆنم کڕی و هاووەتاغەکانم لە ئیجار ڕزگار کرد. کاتێ چا بوومەوە و دەرچووم بە قازانج فرۆشتمەوە.

کۆمۆنیستەکان حەلقەی دەرسیان بوو، سەبری یووسف ناوێکی کوردی مەسیحی دەرسی پێ دەگوتن. گوتی: حوسێن بۆ نایە شتێک فێر بێ؟ حوسێنم بردە دەرسێ. گوتم: عیلم ئەگەر خۆشیشت نەوێ هەر باشە بیزانی. بۆ نەگبەتی دەرسی ئەو ڕۆژە لە مانیفیستی مارکس و ئینگلیس بوو کە دەڵێ هیچ خوایەکی نێر و مێ نەبووە و بەری بیری مرۆیە و ڕاست نییە. حوسێن هەستا ڕۆیشت. کە لێم پرسی بۆ ڕۆیشت، گوتی: «برا تۆ گوتت بەهرە لە عیلم دەبینی. من شیعەم؛ حوسێن و عەبباسم زۆر خۆش دەوێ. ڕاست یان درۆ بە خۆشەویستی ئەوانەوە هۆگرم گرتووە و زۆری پێ شادم. سەبری هەر گوز و گومبەت بێ ئەوە هیچم بداتێ مایەی دڵخۆشیم لێ دەستێنێ؛ تا شتێکم نەدەنێ نابێ دە شتم لێ بستێنن...». سەبری گوتی: ڕاست دەکا، حەق بەوە. سەبری بۆ دەنگ و باسی کوردستان زۆر کۆشا بوو. هەر ڕۆژنامە و گۆڤارێکی ئورووپا و عەرەب، هەرچییان دەربارەی کوردستان نووسیبوو، باسەکانی بڕیبوون و دە بەرگی گرتبوون. عەکسی زۆری هەبوون. تەنانەت ڕۆژێک عەکسێکی لە ڕۆژی ئاڵا هەڵکردنی سابڵاغ نیشان دام و ئیشارەی بۆ عەکسێکی بچووکی دوورگیراوی نەناسراو کرد کە لە سەربان لەکن داری ئاڵا بوو. گوتی: «من لام وایە ئەم عەکسە ئی تۆیە». ڕاستی دەکرد و زۆرم پێ زیرەک بوو. تەمرێکی حکوومەتی شێخ مەحموودی بە یادگار دامێ. دوو خەنجەری تێک پەڕیو بوو؛ لەسەری نوسرابوو: «حکومەتی کوردستانی جەنووبی». لەو دیویش نووسرابوو: «چوار ئانە». هێندەم ئەو تەمرە خۆش دەویست و تاقەتم دەکرد کە لێم ون بوو.

شەوێک دەستی هەیکەلی مەسیح شکابوو. وردە پووڵی زیارەتکەران دزرابو. کلیسا زۆر ڕقی هەڵسا. گوتیان تا گوناهبار خۆی دەرنەخا، نانتان نادەینێ. دەمانزانی کێ وای کردووە؛ بەڵام هێندە هەژار بوو، بەزەمان پێدا دەهات و پۆشیمان. تا نیوەڕۆ بێ نان ماین و ئەوسا هێندێک باقلەی کوڵاویان داینێ. ماسێرێکی کیژەعەرەبی مەسیحی زۆر جوانی لێ بوو، بە دواندنم کەیفی دەهات. لە منی پرسی: «کێ ئەوەی کردووە و دەستی خودای پڕاندووە؟»، گوتم: «لە خودا خۆی پرسن هەموو شت دەزانێ!»، بە بزێکەوە گوتی: «لەسەر ئەو قسانە خۆت تووشی بەڵا دەکەی!». گفتوگۆمان دەگەڵ ماسێر کە ناوی «ماری لویس» بوو، هەر لە دەوری دین و ڕەب دەگەڕا.

من دەمگوت: «ئەگەر میردت بکردایە، دوو منداڵت باش پەروەردە بکردایە و مەسەلەن ببوونایەتە دوکتور و دەرمانی هەژارانیان لە مل بایە، لەوە چاتر بوو کە خۆت ئەستێور کردووە و بە سەری تاشراو، لە کراسی جاو، لە زیندانی دێردا دەژی». ئەویش لە جوابما کاری خۆی بە باش دەزانی و دەیگوت خزمەتی ڕەب دەکەم. بەڵام زۆرجار دەهاتە لام و دەگەڵما ڕووخۆش بوو. ڕۆژێک گوتم: ماسێر دەچمە بێرووت بۆ معاینەی چاوم، فرمایشت نییە؟

- نا، هەر هێندەم دەوێ قەول بدەی کە خۆت زۆر ماندوو نەکەی!

تێگەیشتم چی لە دڵدایە؛ بەڵام خۆم گێل کرد، گوتم: بە پێ ناڕۆم؛ ماشێن هەیە!

وا دیار بوو هەردووک یەکترمان خۆش دەویست و سەد کێوی شاهۆمان لە نێواندا بوو...

لەسەر خواردنی زۆر خراپ هەموو نەخۆشەکان مانیان گرت. یەکێک ئاڵایەکی بە لوولاکە وشترێکەوە کردبوو؛ کردیانە هەرا. خەبەر بە بێرووت درا. سەفیری عێراق و دوکتور غوسن (وەکیلی عێراق دەربارەی نەخۆشانی ئاسایشگا) هاتن؛ بوونە میوانی مامێر. گۆشت بەراز و مریشک و پڵاو ئاشی پێ دەگەڕا، خۆ شەرابی کۆنی کلیسا هەر مەپرسە. من لەسەر تەختەکەم نەبزووتم، گوتم مان ناگرم. شکایەت لای سەبری کرا، گوتی: با نەیە من بە پیاوی باشی دەزانم. خەبەر بە مامێر درابوو. گوتبووی: یەکێک هەیە لەو پرسن تا بزانن ئەمانە کۆمۆنیست و تەشقەڵەبازن و درۆ دەکەن. ڕەگەڵ مامێرێک بانگ کرامە لای سەفیر. بە ناو سەفدا کە تێدەپەڕیم، «خاین! خاین!» کەری نێر نەیدەکێشا!

سەفیر گوتی: کوڕم تۆ بڵێ خزمەت و خواردنتان چۆنە؟

- قوربان سەک دەژی و ئێمەش دەژین!... بە درێژی باسم کرد.

رووی کردە وەکیل و مامێر:

- پووڵمان لێ دەستێنن و ئەوەش حاڵی نەخۆشانە؟ ئەوە قبووڵ ناکرێ.

سەفیر هاتە دەر و گوتی: «ئەم کوڕە باشی تێگەیاندین کە ئێوە چەند مەزڵوومن. ئەگەر ئەو نەبا لەوانەبوو لێرە بڕۆین و نەتانبینین. خواردن و خزمەتتان چاک نەکرێ، دەتانبەینە شوێنێکی تر».

ئیتر خاین گورج بوو بە برای باش و سەبریش ئافەریمی کردم. حورمەت و خزمەتیش زۆری فەرق کرد.

چل ڕۆژ بوو لە بەحنەس بووم. دەگەڵ ئەحمەد ناوێکی کورد بوومە ئاشنا. زۆری ژمارەی گۆڤاری گەلاوێژ هەبوو. دوای چل ڕۆژ هاتوچۆ کردنی یەکتر، لێی پرسیم:

- ئەرێ کەس نامەیەکی بۆ ئەحمەد نەداویەی؟

- ئای خەجاڵەت خۆم، نامەکەم هر دە باخەڵدایە!

لەو تێگەیشتم کە مەحموود و ئەحمەد بەچکە عەرەبن؛ لە سلێمانی گەورە بوون و بوونە کوردی دڵسۆز.

ڕۆژێک نامەیەکم بۆ هات. عەزیز نانەوا نووسیبووی: «کاکە هاتوومە شام؛ لە ئوتێل غازیم، حاڵم خراپە، چ بکەم؟». جوابم بۆ نووسییەوە لە ئوتێل مەبزوو. نامەیەکم بۆ برایم نادری نووسی کە فریای کەوە! برایم بردبوویە مەنزڵی خۆی. ڕۆژێک عەزیز بە دووچەرخە گەیشتە لام.

- تۆ چی و ئێرە چی؟

- دوای تۆ ناوماڵەکەم فرۆشت؛ بە قەتار هاتمە موسڵ. چوومە سنجار، میوانی شێخێکی یەزیدی بووم. ناردمییە قامیشلی، ماڵە جگەرخوێن. خەریک بووم کچەکەی بخوازم، سەری نەگرت. بە دوای تۆدا هاتم، گەیشتمە شام، ئێستا هاتووم بۆ لات؛ چەند ڕۆژێک لە لات دەبم.

- لیرە ڕێگەی میوان نادەن.

- کەوابێ دەچمەوە، خواحافیز!

بەیانی ئەو ڕۆژە گوتیان لاوێک لە ئوتێل بووە، دەڵێن پارە نادا؛ هەرایە! ڕوانیم عەزیزە و داوای بیست و هەشت لیرەی لوبنانی لێ دەکەن؛ دەڵێ نیمە. لەو بەڵایە ڕزگارم کرد و ڕۆیشت. برایم بۆی نووسیبووم لە ڕێ دووچەرخەی بەکرێگیراو شکاوە و من تاوانەکەم داوە.

عەزیز لە چاپخانەیەکی شام دامەزرابوو کاری دەکرد. جارێک برایم نووسی: «نسحەتی بکە دەڵێ دەچمە میسر. دەڵێم ئەوە نەخشە، ڕێگەت نییە. دەڵێ من بە نەخشە ناڕۆم؛ بۆخۆم دەچم!» لە جوابا نووسیم: «تۆ بزانە عەزیز خۆی لە من بە عاقڵتر نازانێ تا نسحەتی بکەم؟!»

عەزیز وەرەقەی پەنابەرانی فەلەستێنی ساز دابوو؛ مۆرێکی بەراوەژوو پێوە نابوو؛ چووبووە ئوردون. گەڕابۆوە لە ڕێ زانیبوویان فێڵی کردووە، خستیانە زیندانەوە. پاش دە ڕۆژ حوسنی زەعیم کوودەتای کرد و جگە لە خۆی کە کوردێک بوو، حوسێن بەزازی سەرۆک وەزیریشی لە کوردەکانی شاری حەما بوو، عەزیز بەردرا.

ڕۆژێک نامەهێنی ئاسایشگا بانگی کرد:

- کێ عەزیز ناوە و ئێرانییە؟

نامەیەکی بە دروشمی پشیلە و کەلەمی ئێرانەوە هێنابوو. تەواو ترسام، خوایە چ قەوماوە؟

نامەی سەفارەتی ئێران لە لوبنان بوو کە: «ئاغای عەزیز نانەوازادە! کارمان بە تۆ نییە؛ بۆ ناچییەوە میهەنی عەزیز؟!» ئادرێسی عەزیز من بووم. ڕۆژێک لە بەغداوە نامەی عەزیزم بۆ هات:

دەڕۆمەوە وڵات، کارت نییە؟ نووسیمەوە خەبەری ماڵەوەم بۆ بنێرە. پاش ماوەیەک عەکسی کوڕ و ژن و خوشک و برامی بۆ ناردم؛ دەگەڵ چەند ڕۆژنامەیەکی ئێرانی و نووسیبووشی:  «مەجەللەی هیلال ئەو ژمارەی باسی ڕووسیای سوورە؛ بنێرە فڵان ئوتێل لە ورمێ». ئیدی خەبەرم لە عەزیز بڕا. لە ساڵی 1354ی هەتاویدا کە هاتینە ئێران، بیستم کە ناوی دوکتور عەزیزی ژیانە و مامۆستای دانشگایە.

پێنج مانگێک بوو لە بیمارستان بووم؛ ڕادیۆ بەغدا بڵاوی کردەوە کە ڕەفیق چالاکی کۆمۆنیست گیراوە و ئیقراری لەسەر هەموو ئەندامانی حیزب کردووە و ئەوا هەر ڕۆژێ ناوی چەند کەسێکیان لەسەر ڕادیۆ بڵاو دەکەینەوە. دڵم لەرزی، نەکا ناوی منیش بڵێ و لە بیمارستانەوە بمبەنە زیندانی بەغدا. سەرباریش ڕەفیق دەمناسێ کە لە کۆمەڵەوە هاتووم. خوایە هاوار! هەموو ڕۆژ گوێم بە ڕادیۆوە دەنا؛ ڕۆژنامەی بەغدام دەپشکنین؛ لە ناوی خۆم دەگەڕام. نەخێر، ناو نەهات.

هەناسەیەکی ئاسوودەم هەڵکێشا. ڕەفیقیان کردە گوویندەی ڕادیۆی کوردی بەغدا؛ حقووقی جاسووسی و گوویندەگی وەردەگرت. ڕاستی گوویندە و ئەدیبی وا کەم دەبێتەوە. وای وەسەر زەوق خستم، چەند جارێک ئینتقاد و پێشنیارم بە ناوی «قۆیتاس پەپوولە» بۆ نارد و لە ڕادیۆدا جوابی دەدامەوە.

نەخۆشانی کورد چەند ساڵ بوو لە لایەن مامێر و دوکتورانەوە بە ئازاتر بنیادەم ناسرابوون. بۆ نموونە شێخ عەبدولقەهارێکیان ناو دەبرد کە بۆ عەمەلیاتی پەراسوو بە مشار بڕین نەیهێشتووە بێهۆشی کەن، کە هاتوون خەلاس بن، گوتوویە: «دوکتور، پێغەمبەر فەرموویە خوا ڕوحم بەوانە بکا کە سنعاتی خۆیان باش دەکەن!». کوردێکی تر بە ناوی «سەیدۆ» لە جەنگەی عەمەلیاتدا کە نەیهێشتووە بێهۆشی کەن گوتوویە: «دوکتور باشی ببڕە، تازە ناتوانم بێمەوە!». زۆر داستانی وا لە کوردان ببووە شەوچەرەی دوکتوران. چونکە عەرەب هەر مقەستیان دەدی دەگریان و دەیاننەڕاند و هەزار جوێنیان بە مەسیح و جەد و عابادی دوکتوران دەدا. ئەم ئاوی ناوی ئازایەتییە بۆ کورد ڕژابوو. هەر کوردێک بیناڵاندایە دەیانگوت: «تۆ کورد نی؛ کورد زۆر بەغیرەتن!».

جا ئێمە چەند کوردێک کە لەوێ بووین زۆریشمان ئێش پێگەیبا، پێمان شەرم بوو هاوار کەین. من لە کەلەکەمدا ئاوی پیس پەیدا ببوو. بە جورە ترومپایەک خاڵیگەیان کون دەکردم؛ ئاویان لێدەکێشا و دەرمانیان تێدەکرد. حەفتەی دوو جار ئەم کارە دەکرا. ڕۆژێک دوکتور هات، وا بە دوو ماسێر تێم بەربوون و کەوڵم دەکەن. دیتی حاڵم زۆر شڕە.

گوتی: دەمرێ، دەستێ لێ بەردەن، کەس ئەو ئازارەی دەرنابا.

گوتیان: ئەدی بۆ چی هاوار ناکا؟

- کورد هاوار ناکا؛ شێخ قەهارتان لەبیر نەماوە؟

جارێک دەبوو دەرزی لە زگم دەن. هەڵمکرد، پڕ لە تووک، دوکتور گوتی: «وەک زگە بزن دەچێ!». گوتم: «دوکتور وا دیارە شارەزای نووسراوی داروین نی؛ من وەک باپیرە مەیموونەکان دەچم!». ئەم دوکتورە لە ناو هەموو دوکتورەکانی تر بەچکە موسڵمان و ناوی حەبیب بوو. ئەویش بە منداڵی مامێر بەخێوی کردبوو. وەک کوڕی خۆی لێ دەڕوانی و کردبوویە سەرۆکی دوکتوران و نازداری باوان. هەرچی بیگوتایە بەقسەی دەکرا. جگە لە دوکتویەکەشی، زۆر ئەدیب و لە ئەدەبی عەرەبیدا شارەزا بوو.