تووشی سیل بوون و چوون بۆ «بەحنەس»

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 11 دقیقه  1409 مشاهده

لە سەعات پێنجی بەیانەوە تا دوازدەی نیمەشەو لە گەرمای چل و هەشت و پەنجا دەرەجەدا، لە دووکاندا بە پێوە و بە تەنیا ڕامدەبوارد. خواردنی بەیانی و نیوەڕۆم نان و شەربەت بوو. زۆر لاواز ببووم؛ ڕەمەزانیشم گرت، لەپڕ نەخۆش کەوتم. چوومە بیمارستانی (مەجیدیە). پاش حەو ڕۆژ بێ ئەوە چا بم گوتیان بڕۆ. تۆمەز سیلمە و پێیان نەگوتووم. یەرمیا گوتی: کارێکی باشم بۆ لەسەر کەشتی نێوان دەجلە پەیدا کردووی. دووکانەکەی بۆ فرۆشتم؛ پاش قەرزدانەوە هەشتا دینارم بۆ مایەوە. ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبووم. عومەر دەبابەی کۆیی لە تەرەف حیزبی پارتەوە هات کە ئێمە ئاگامان لێت دەبێ. ڕۆژانە دەیبردمە لای دوکتور نەجیب مەحموود ناوێک، دەرزی و دەرمانی بۆ دەنووسیم. هەر نوسخەیەکی دەینووسی هیچ دارووخانەیەک نەیبوو جگە لە یەک دارووخانە. زۆریش گرانجان بوو. دوایی پێمان زانی کە ئەم دوکتورە خاوەنی دارووخانەکەشە و دەرمانان بە ناوێکی نهێنی دەنووسێ، کەس سەری لێ دەرناکا. ئیجازەی چوونە لوبنانی سیلدارانیش بە دەست ئەو بوو. تا نەخۆش قرانێکی دەما نەیدەهێشت لە دەست دەرچێ!

گەیشتمە ڕادەیەک خوێن دەڕشامەوە و چاوم کەمی دەدیت. بردیانمە ئوتێلێک، ڕایانکێشام و بە کۆڵ دەیانبردمەوە سەر حەکیم. کاکە زیادی کوڕی حەمەئاغای کۆیە، کە زۆر کوردێکی دڵسۆز بوو، جگە لەوە کە خەرجی ئوتێل و دەرمانی خستبووە سەرخۆی، حەولی دەدا بمنێرنە لوبنان.

با ئەوەشم لەبیر نەچێ: لەو کاتەوە کە هاتبوومە دیوی عێراق تەنیا سێ جار شیعرم گوتبوو. یەکیانم لە پشت عەکسێک دەگەڵ سدیق حەیدەری نووسی کە سەرەتاکەی: «بە دەربەدەری یان لە ماڵی خۆم...» و جوابێکی نامەی بە شیعری قزڵجی و لەو ئوتێلەش: «بۆ کێلی قەبرەکەم» و «خۆشی دوارۆژ».

عەلی حەیدەر سولەیمان، کە کوردێک بوو، ببووە وەزیری لەشساغی. بۆ خاتری کاکە زیاد جێگەی بۆ گرتم و بە پەساپۆرت ناردمییە ئاسایشگای (بەحنەس) لە چیای لوبنان لەسەر حیسابی حکوومەت. بەر لەوە بڕۆم، ناو ماڵەکەم دا بە عەزیزی نانەوا؛ کە بێماڵ نەمێنێ و کاری چاپخانەکەی بکا.

هێندێک خاولی و ماولی و ئەسپابی سەفەرم لە چەمەدانێک نا و بلیتی قەتاری بەغدا ئەستەمبووڵم تا حەڵەب بڕی و شەو ڕەشید قادر ناوێک کە دانشجووی حقووق بوو بردمیە سەر قەتار و لە دەرەجە سێ دامەزرام. ڕەشید لە کۆریدۆری قەتار کابرایەکی ڕووتەکەی دواند؛ ڕۆیشت و بلیتێکی قەتاری بۆ هێنا. گوتی: «ئەوە مەلا شەریف بوو کە سەرۆکی حیزبی کۆمۆنیستی عێراقە، دەیەویست بە قاچاغ سەفەر بکا؛ ڕازی نەبوو بلیتی تا موسڵی بۆ بکڕم. دەڵێ دەمەوێ ڕیسک بکەم! بلیتی تا تکریتم بۆ کڕی!».

قەتار گەیشتە(تەلکۆچەر)کە لەسەر سنووری سووریایە. دەبوایە ئەفسەری سووری تەسلیمی وەرگرن و لە شاری (نوسەیبین)تورکی بەسەر ڕابگەن. پاش نیوەڕۆ بوو دایانبەزاندین کە سەیری پەساپۆرتان بکەن. پاسپۆرتی من سیلدار و بیمارستانی سیلی لێ نووسرابوو. گوتیان دەبێ دوو ڕۆژ ڕاوەستی بە قەتاری باری بڕۆی و سیلدار بەو قەتارە مەمنووعە.

- ئای بیکەن بە خاتری خودا، من ئەوا لەسەر مردنم؛ چۆن لێرە لەو سەحرایە دەژیم؟ هێزی مانەوەم نییە.

بەهرەی نەدا. بەڵام لە تاوان هاوارم بۆ هەر کەسی تووشی بام دەبرد. جحێڵێک بە کوردی گوتی: کوردی؟

- بەڵێ.

- دادەی پاسپۆرتەکەت، بزانم...

وەریگرت و ڕۆیشت. پاش تاوێک هاتەوە:

- جێبەجێم کرد، بڕۆ سوار بە!

ئاخر چۆن؟

- من کارمەندێکی عێراقیم لە ئێزگە، دەگەڵ زۆربەی ئەفسەرانی سووری کە بە قەتار ڕادەگەن ئاشنام، ڕازیم کردن ئەوان تا نووسەیبین بتبەن و دەڵێن چونکە پاسپۆرتەکە بە عارەبی نووسراوە هیچ ئەفسەرێکی تورک جگە لە خەتی لاتینی نازانێ بخوێنێتەوە. دەتوانێ تا حەڵەب بڕوا.

- کاکە من ئەو یارمەتییەی تۆم کرد؛ تۆش چاکەیەک دەگەڵ من بکە!

- بەچاوان هەرچی لە دەستم بێ.

- من ناوم مەحموودە. برایەکم لەو بیمارستانەیە کە تۆی بۆ دەچی، نامەیەک دەنووسم بیدەیە.

- خزمەت گران و داوا هەرزان، هەر تۆ و نامە؟ کوا بێنە!

لە قەتاری ئەم جاردا «عەببوود» ناوێکی عارەبی خەڵکی موسڵ و شەش کەسی تر، کە دوویان کوردی حەڵەبی و دیاربەکری بوون شەریکی ڕێ بوون. واگۆنی دەرەجە سێی قەتارەکە هەشت نەفەری بوو. دەگەڵ عەببوود بووینە ئاشنا. باسی تەلکۆچەرم بۆ گێڕاوە، ڕوانییە پاسپۆرتەکەم، گوتی: کوڕە تۆ ویزەی تورکانیشت نییە!

- یانی دامدەبەزێنن؟

- تورکی دەزانی؟

-کەمێک.

- کەمێک و زۆری ناوێ؛ بشزانی نەچی قسەی پێ بکەی. ئەگەر گوتیان ویزە، پەڕی پاسپۆرتیان بۆ هەڵدەوە. من دەبمە دیلمانجت ڕزگارت دەکەم. هەر پووڵێکت پێیە بیخە ناو گۆرەویت، تەنیا چوار دینار بێڵەوە. پووڵی زۆر لە خەڵک دەستێنن، تا دەگەڕێتەوە سنوور و دەیدەنەوە. من حەواڵەی حەفتا هەزار لیرەی سووریم لە پێچی عەگاڵەکەمدا شاردۆتەوە.

شێست دینارم هەبوو، پەنجا و شەشم نا نێو گۆرەوی. لە (نوسەیبین) ئەفسەری تورک بە جەندرمەوە هاتنە پشکنین. تەواو ئێرانی خۆمان وەبیر هاتەوە: ئەفسەر شۆخ و شەنگ و جل تازە، سەرباز ڕووت و نیوە پێخواس و پینە بە قنگەوە. ئەفسەرێک هاتە واگۆنەکەمان:

- ویزا!

پەساپۆرتم دایە.

- دەڵێم ویزا!

پەڕم هەڵدانەوە:

- ئەوە دە ویزاش پترە!

عەببوود تێی گەیاند کە زۆر گێل و بەستەزمانە، نەیزانیوە دەبێ ویزە وەرگرێ.

- جەریمەی دەکەین.

- چەند؟

- دوو لیرە.

عەببوود دوو لیرەی دا، ویزەی درا. (لیرەی ترک حەڤدە فلسی عێراق بوو، یانی لە چوار قڕان کەمتر).

کوردەکان دەگەڵ خەڵک و بە ئاسایی بە تورکی دەدوان. لە قسەی خۆیانەدا کە قاچاغچی مەڕ فرۆشتن بوون، بە کوردی دەدوان تا کەس نەیزانێ. کوردێکیان بەوی تری گوت: «کچێکم هەیە عومری هەشت ساڵە حەوت زمان دەزانێ: کوردی، تورکی، عەرەبی، فەرانسی، ئیتالی، کلدانی، یۆنانی. ماڵەکەمان لە گەڕەکێکە پڕە لە هەموو میللەتێک، کچەکەم لە مەدرەسەی یۆنانیان دەبەر خوێندن ناوە و بۆتە تەرجمانی هەموو جیرانەکانمان».

عەببوود کوببەی موسڵی پێ بوو. بە زۆر نانی دەرخوارد دام و هاودەمێکی زۆر خۆش بوو. پێش نیوەڕۆ لە حەڵەب دابەزین. لە ئیزگە بانگیان دەکرد: «تاکسی بۆ بێرووت». بلیتەکەی قەتارم دڕی و خستمە سندووقی زبڵەوە، چەمەدانم دا بە خاوەن تاکسییەک کە بمباتە بێرووت. دیتم عەببوود پەیدا بوو. بانگی لە خاوەن تاکسی کرد:

- حاجی ئەو کوڕە دۆستی منە!

حاجی وەک جندۆکەی ناوی خوا ببیە، بە ترس و عوزرخوایی چەمەدانی داگرت و بەجێی هێشتم.

- کوا بلیتەکەت؟

- دڕاندم و فڕێم دا.

غاری دا سندووقەکە زبڵەکەی پشکنی، پارچەی بلیتی دۆزییەوە. دای بە باجەی ئیزگە و بردمیە دەرێ و بە فایتوونێک دەگەڵیا چوومە ئوتێل.

- کاکە عەببوود بۆ نەتهێشت بڕۆم؟

- برا ئێمە ڕەفیقی ڕا بووین. ئەم خاوەن تاکسییانە دز و سەگبابن؛ خەڵک لە ڕێگە ڕووت دەکەن. دەیانناسم، لەوانەبوو تۆی وا نەخۆش کە شێست دینارت پێیە هەر بتکوژن. شەو بە قەتار دەتنێرم؛ سەلامەتترە.

لە ئوتێل نەهاری بۆ کڕیم. چووینە کورتە سەیرانێکی مەیدانی بەر ئوتێل. منیش قەرتاڵە پرتەقاڵێکم کڕی، دەگەڵی هێنامەوە ئوتێل. بلیتی بێرووتی بۆ بڕیبووم. دوای شێو خواردن بە فایتوونێک بردمیە ئیزگە و چەمەدان و کەلوپەلی لە ساڵۆنی چاوەدێری دانا و گەڕاوە. بە هەزار زەحمەت پرتەقاڵەکەم بەجێ هێشت؛ دەیگوت من حەقی زەحمەتی خۆم ناوێ.

بە چاوەنۆڕی قەتار لە ئیزگە ویستم چەمەدان بکەمەوە، قفڵ نەکرایەوە کە نەکرایەوە. ئەفسەرێک و سێ پۆلیس هاتن لە جگەرەی قاچاغ دەگەڕان.

- برا ئەو چەمەدانە چی تێدایە؟

- ئەفەندی هیچ نییە، هێندێک جغارەی لەندەنییە!

- بیکەوە!

- من نەخۆشم، خۆتان بیکەنەوە.

ئەفسەر و پۆلیس شلوکوت بوون بۆیان نەکرایەوە، وازیان لێ هێنا. جگەرەشی تێدا نەبوو، هەر ویستم بۆم بکەنەوە. دوو کیلۆ سجووقم کڕی. واگۆنی قەتار دوور و درێژ و جێگەی پەنجا کەس، هەر دوو کەس لەسەر کورسی تەختەی دوو نەفەرە دادەنیشتن. جیرانم لادێییەکی سووری بوو، دیار بوو زۆر منداڵبار و هەژارە. دوو کیلۆ سجووقەکەم دایە کە بیبا بۆ منداڵان. لە سوپاسی ئەوەدا جێگەکەی خۆشی دامێ و کەوڵی بەری خۆشی پێدادام و ڕاکشام. قەتار تا شاری (حومس) ڕۆیشت و دەبوایە سەعاتێک وچان بدەین تا دەیگۆڕن. لە حەساری ئیزگە لە کابرایەکم پرسی:

- (مرحاض) لە کوێیە؟

کابرا گوتی: بە عارەبی نازانی چت دەوێ؟

ئەی خودایە لە بەغدا (مەرحاز)بە ئاودەست دەڵێن، لێرە دەبێ چ بێ؟

- مەبال؟

- بەخوا شک نابەم دەنا دەمدایەی!

- خەلا؟

- کەس لێرە خەلا نافرۆشێ!

کابرایەک لەولاوە تێی گەیاند، بەتووڕەیییەکەوە گوتی:

- دە بڵێ (بیت المای) و ڕزگارم کە! هۆ بچۆ لەوێ بمیزە!

سواری قەتار بوومەوە. ئەم قەتارەش واگۆنی هەشت نەفەری بوو. تەنیا کابرایەکم دەگەڵ دە واگۆندا بوو کە چوار چەمەدانی پێ بوو؛ حاجییەکی میسری بوو. من بە لەهجەی بەغدایی، ئەو بە زاراوەی میسری، جا وەرە و کەر لەو قوڕە دەرێنە! زۆر بە گران، ئەویش بە نیوە ئیشارەتی دەستان تێگ دەگەیشتین.

باران زۆر باریبوو، ڕووخاوی کێو ڕێی قەتاری بەستبوو. حاجی لەو ماوەدا کە ڕێی قەتار خاوێن دەکراوە دابەزی کە لە دەشت گوو بکا. لەپڕ قەتار ڕۆیشت و حاجی بەجێ ما. هەرچەند داد و هاوارم کرد دەنگم بە کەس ڕانەگەیشت و عەقڵی ئەوەشم نەبوو زنجیری ئاژیر ڕاکێشم. لەو ڕێ بەقوڕگیرانە، قەتار دوو سەعات لە وەخت درەنگتر گەییە ئیزگەی بێرووت. قەت تاقە غەوارەیەکی لێ نەمابوو. نە پێشوازیکەر، نە عەنباڵ. چەمەدانی حاجی لێم ببوونە تۆق. تۆ بڵێی حاجی چی بەسەر هاتبێ؟ لەپڕ چوار کەس لە ترومبیلێک دابەزین و هاتنە بەر واگۆنەکە.

- کوا چەمەدانی حاجی؟ بۆی دەبەین.

- تا حاجی خۆی نەیە نایدەم.

دەیدەی، نایدەم، هەرام لە ئەفسەرێک کرد. هەر بیستیان هەرا دەکەم، خۆیان خستەوە ترومبیل و ڕایانکرد. ئەفسەر هات و بۆم گێڕاوە. گوتی: باشت کرد؛ ئەگەر حاجی نەهات لە ئامانەتی قەتار هەڵیاندەگرین. لەو قسانەدا بووین حاجی لە ترومبیلێک دابەزی. گوتی: «کە بەجێ مام، لەسەر جادە دەستم بۆ ترومبیلی چوار کەسەکە هەڵێنا، کە زانیان چوار چەمەدان لە قەتاردایە بەجێیان هێشتم. تۆ فرشتەی منی، نەتهێشت چەمەدانەکانم بچن. هەرچی دارایی هەمە دەوان دایە». نوێژی شەوانە. حەمباڵ و تاکسی دەس ناکەوێ، چار چییە؟ ناچار منی نەخۆش و حاجی ملباریک و لاواز، یەکمان دوو چەمەدان چەند میترێک دوور دەخاتەوە و ئەم جار نۆرەی ئەوی تر دێ. زۆر ماندوو بووین و چی واش نەڕۆیبووین. حاجیم بەجێ هێشت و سەڵتە ڕۆیشتم. لە خێوەتێکی دۆمانەوە گوێم لێ بوو یەکێ بە کوردی دەیگوت: «ئەمڕۆ قەزەتەت خوێندەوە؟» (قەزەتە یانی ڕۆژنامە). بانگم کرد، دوو لاو هاتنە دەر و هێنامن چەمەدانەکانیان لەسەر شان دانا. پاش تۆزێک گەیشتینە تاکسییەک و هێنانیە ناوشار. حاجی دەچووە ماڵە ئاشنا. من گوتم: دەچمە ئوتێل و نەشارەزام. حاجی سوێندی خوارد تا تۆ بە خاترجەمی دانەبەزێنم ناڕۆم. لە مەیدانی بورج لە ئوتێلێک ژووڕێکی بۆ گرتم. سەرمای قەتار و گرانی چەمەدانان زۆری کار تێ کردبووم. لە ئوتێل ئەوەندە خوێن ڕشامەوە کە لام وابوو خوێنم دە لەشدا نەماوە.

ئیشتیام نەبوو، شەو بێ نان خەوتم. بەیانی دەرکەوتم و لە ڕستوورانێک داوای کەبابم کرد.

ژنێکی زۆر بە دەعیەی جگەرە بە لالێوانەوە لەوبەرمەوە دانیشتبوو، لە پەستا چاوی لێ دادەگرتم. ئای بە کلکی خێویەوە! کەس نا قینچکە! بە مۆڕێکەوە تماشام کرد و بە قەڵسی ڕووی لێ وەرگێڕام.

بە تاکسی چوومە سەفارەتی عێراق کە بزانن من نەخۆشیانم. دوو لیرە دا بە تاکسی. سەفیر گوتی: «پیاوی نەشارەزا دەبێ تاوانی نابەڵەدی بدا. سواری ترام بای پێنج قورشت دەچوو، نە دووسەت. بە ترام بگەڕێوە. بچۆ خەیابانی پشت سەرا؛ تاکسی لێن، بە لیرەیەک دەتبەنە ئاسایشگای سیلداران».

مەگەر خەڵکی سووریا بۆ پووڵپەرستی بگەنە لوبنانیان، دەنا عەجەمیش دەسکیان لە دوو ناکا. لە کابرایەکی بە سەر و سیمام پرسی: خەیابانی سەرا لەکوێیە؟

- چم دەدەیەی پێت بڵێم؟

- چت بدەمێ؟

- چارەگە لیرەیەک.

لێی وەرگرتم، گوتی: ئیرەیە!

لە درگای ئاسایشگاوە لە پاش پرسیار و وەرامی پێویست، بردمیانە تەبەقەی سیلدارانی فەقیر و تەختیان نیشان دام.