مزگێنیی ڕەفێق چالاک!

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  1059 مشاهده

ڕەفیق چالاکمکان ببووە یەکێک لە زەلامەکانی حیزبی کۆمۆنیست و بەرپرسی بەشی بەغدا بوو. ڕۆژێک هاتە دووکان گوتی:

- مزگێنەکم دەیە!

- خێرە؟

- تۆ دەزانی حیزبی کۆمۆنیست دوو دەرەجەیە، ئەندام تا دوو ساڵ دەچێتە حیزبی «تەحەڕوڕی وەتەنی»، لەژێر چاوەدێریدا دەبێ؛ ئەگەر لە ئەزموون دەرچوو، ئەودەم دکرێتە کاندید بۆ حیزبی کۆمۆنیست!

- بەڵێ بیستوومە.

- جا کاکی خۆم، تۆ کە پیاوێکی باشی و نەشەراتی ئێمەت بۆ دێ و دەیکڕی و ڕێگەی پۆلیس و گوزارشدان نازانی، سەرانی حیزب بەگشتی تۆیان بە ئەندام قبووڵ کردووە و دوو ساڵەی پێشەکەیان لەسەر هەڵگرتووی. دەستت بێنە، تەبریکت دەکەم!

- کاکە ڕەفیق زۆر شانازی دەکەم کە ئێوە باوەڕتان بە من هەیە و بە پاکم دەزانن؛ بەڵام بڕیارم داوە پاش «ژێ-ک» نەچمە هیچ حیزبێکەوە. ئەگەر بە بێ بوونە ئەندامی ڕەسمی پێم ڕازین باشە؛ ڕازیش نەبن من هەر ئەو هەژارەم کە ناسیوتم...

هەرچی حەولی دەگەڵ دام، نەهاتمە ڕەدایە و بەجێی هێشتم.

بە هۆی مەحموود ئەحمەدەوە بوومە ئاشنای جوبرایل ناوێکی ئەرمەنی. زۆر هاتوچۆی دەکردم و نێوانمان زۆر خۆش بوو. لە دارووخانەیەک بەناو «سەعادەت» کاری دەکرد. ڕۆژێک لێی پرسیم: تۆ لە ئێران ئەفسەرێکی شۆڕەویت دەناسی بە ناوی یەعقووب؟

- بەڵێ لە بۆکان بوومە ئاشنای؛ دەرەجەی سەروان بوو. لە ناسینی وڵاتی کورد و عەشایرەکانیدا پسپۆڕێکی بێهاوتا بوو. جا تۆ بۆ دەیناسی؟

- کوڕە ئەوە دوو ساڵ بوو بە ناوی عەجەمێکی باغەوانی ئێرانی لە «قەسرو ززوهورعربی»ی ماڵی پادشادا باغچەوان بوو. تا بیدیبام ئەحواڵی تۆی لێ دەپرسیم. من لە مەحموودم دەپرسی و جوابم بۆ دەبرد. ئەو ڕۆژانە ڕۆیشتەوە؛ گوتی سەلامی منی لێ بکە و پێی بڵێ من یاقووبەکەم کە لە بۆکان دەیناسیم.

پاش ماوەیەک جوبرائیلیش هەڵات و دەرچوو کە دارووخانەکە موڵکی حیزبی کۆمۆنیستی عێراق بووە.