چەند شتی سەرنجڕاکێش لە ماوەی دووکانداریدا

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  1025 مشاهده

یەرمیا کەس و کارم بوو؛ بەڵام دایکی لە خۆی بەڕوحمتر بوو. ئەوەندە تاسفی سابڵاغی گەرییەتی هەبوو باس ناکری. هەر چێشتێکی سابڵاغییانەی لێنابا، ئەگەر من لێم نەخواردایە، دمی لێ نەدەدا. قەت پیرێژنی هێندە نوورانی و دڵسۆز بە کوردم نەدیوە. لە ماوەی دووکانداریمدا زۆر شتی سەرنج ڕاکێشم دەدیت و بەلامەوە سەیر بوون، بەڵام کەمم لەبیر ماون:

لە دووکانەکە ڕووبەندی ڕەشی ژنانە زۆر دەفرۆشرا؛ بەڵام هەر لە ئێوارانی نیزیک نوێژی شەواندا موشتەریم بۆ دەهات و ئەویش هەموو جار پیاوی تازەلاو بوون. بەلامەوە زۆر پێچەوانە بوو. بۆ پیاو دەکڕن و ژن ناکڕن؟ بۆ هەر لە تاریکی تەنگی نوێژی شەواندا دەیکڕن؟ تێگەیشتم کچ یان ژنی بێ ڕووپۆش کە دەیانەویست بە دزی کەس و کاریان دەگەڵ عاشقیان دەرکەون و بچنە سینەما و جێگەی نادیاری، چارشێویان بەخۆدا دەدا، بۆ ئەوە دووکاندار نەیانبینێ کوڕەکەیان دەنارد پەچەشیان بۆ بکڕێ و لە ڕێگە نەناسرێنەوە و کەیفی خۆیان بکەن. شیعرەکانی ئیرەج میرزام هاتەوە بیر کە دەربارەی حیجابەوە گوتبووی...

جارێک شێخ عارەبێکی زۆر بە کەش و فش و سمێڵ بابڕ لە ماشێنی کادیلاک دابەزی و هات. گوتی: سوبغت هەیە؟ (سوبغ واتا ڕەنگ بۆ کەوش و دیوار و هەرچی).

- بەڵێ هەمە. و گورجێ دوو قوتووی ڕەنگی کەوشم بۆ هێنا.

- بە مۆڕێکەوە تماشای کردم:

- تۆ کوردی؟

- بەڵێ.

- لەمێژە دووکانداری؟

- نەخێر تازەم.

- وادیارە زۆر ناشارەزای، ئەگەر وا نەبا دارکارییەکی باشم دەکردی! ڕەنگی کەوشانم بۆ دێنی کە سمێڵی پێ ڕەش کەمەوە؟!

باوەڕ کە تازە زانیم کە سمێڵ و تووکە سەریش ڕەش دەکرێنەوە و دەرمانی تایبەتی خۆیان هەیە!

ڕۆژێک پێش جێژنی کریسمیس، ژنێکی زۆر بە سەر و سیما چەند پارچە جلێکی جێژنی لێ کڕیم. دیتم لێوی خۆی گەزت. چوار جووت گۆرەوی منداڵانەی دامەوە، گوتی پووڵەکەم دەری ناهێنێ. جێژن و منداڵ بێ گۆرەوی؟ زۆر ناخۆشە.

- خوشکم گۆرەوییەکان هەر دەبێ بەری، وا دەزانم لەو سەودایەت قازانجم نەکردووە.

هەرچی گوتی نابێ، بە زۆر ڕازیم کرد بیبا. دوای دوو ڕۆژ پیاوێک هات:

- بۆچی گۆرەویت دا بە ژنێک و پووڵت نەستاند؟

- پێم خۆش نەبوو منداڵ لە جێژنەدا بێ گۆرەوی بن.

- برام تۆ دەبوو شاعیر بی؛ بۆ دووکاندار نابی، جارێکی تر کاری وا مەکە.

پووڵەکەشی دامێ.

ژنێکی زۆر بە دیمەن موحتەرەم، کاغەز و پاکەتێکی کڕی. گوتی: قەڵەمت پێیە؟

- بەڵێ.

- ئیجازە هەیە لەسەر جامخانەکەت نامەیەک بنووسم؟

- فەرموو.

نامەی بۆ مێردی نووسی کە ئەفسەرە و لە جەبهەی فەلەستینە. سوپاسی کرد و ڕۆیشت. خانمی موحتەرەم دە ڕۆیشتندا شووشەیەکی گەورەی پڕ لە شوکوڵاتی دابووە بن چارشێوەکەی و لێی دزیبووم!

مەلایەکی پیری، پشت کوڕی، لەرزۆکی، ڕیش دوفلیقانە و تەنک، لێی پرسیم: «هەل عیندەکە جەورەبوون» (گۆرەویت هەیە؟). پێم فەقیر بوو؛ ویستم قازانجی لێ نەکەم. گوتم: نرخی سەت و بیست فلسە.

- وەڵڵاهی چونکە کوردی لە تۆ ناکڕم؛ دەستم دەبڕی! پاش نیو سەعاتێک هاتەوە، جنێوی دەدا:

- ئەو بەغداییە سەگبابە عەرەبی نازانن؛ کەچی گاڵتە بە من دەکەن!

- مامۆستا گیان تۆی کە چاردە قەرن بەجێ ماوی، ئەو عەرەبییەی تۆ زۆر لەمێژە بە ڕەحمەت چووە!

- دەسا گۆرەوییەکەم دەیە.

ئەمجار سەت و سی فلسم لێ ساند!

دێتە بیرم کە تازە دەگەڵ قزڵجی لە خانەکەی بەغدا بووین، چووم برینج بکڕم، بەقاڵ گوتی: «شگەت؟». بەغار هاتمەوە لە قزڵجیم پرسی، نەیزانی. خۆم گەیاندە مام حوسێن، گوتی: «یانی: چەند؟». بە قزڵجیم گوت: «ئەوە عەرەبی نییە؛ گوو خواردنە!»، گوتی: «برام ئێمە ئیحتیاجیمان بەو گوو خواردنە هەیە!».

دەگەڵ زۆر لە دانشجوویانی شەریعەت ببوومە دۆست. شەوانە کە بچوونایەتە سینەما، فینەی سوور و جبەکانیان لە لای من دادەنا تا دەهاتنەوە. شەوێک فەقێیەکی مزگەوتێک کە ناوی عەزیز شێخانی بوو هەمان کاری کرد. نازانم چۆن بوو بەر لەوە بێتەوە، دووکانم هەڵگرت و دەگەڵ برادەرێک چوومە گەڕان. سەعات دوازدەی شەو بیرم هاتەوە. گوتیان یەکێک چەند جار هات لە تۆی دەپرسی. فەقێ عەزیز کە بێ جبە و کڵاوە، ناوێرێ لە درگای مزگەوت بدا و مجێور بیبینێ. وەک دز بە دیوار هەڵدەگەڕێ و لە ئاخرین خشتی دیوارەوە بەردەبێتەوە. بە خرمەکەی، مجێور دەرکە دەکاتەوە. جگە لە خەجاڵەتی، دە ڕۆژ لەسەر جێگە کەوت!