دەرکردنی گۆڤاری «ڕزگاری» دەگەڵ ئیبراییم ئەحمەد

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 1 دقیقه  880 مشاهده

بیستبووم برایم ئەحمەد - کە ئەوسا ڕەئیسی پارتی بوو - لە کەرکووکە. دیتمەوە و چیرۆکی خۆم پێ گوت. خانوویێکی چکۆڵەی دوو ژووری بە کرێ گرت. جیرانێکی دەرکە بە دەرکەوە - کە ناوی مامۆستا «عەلی حەمدی» بوو - ڕاسپارد کە لە خواردنی ماڵ بەشم بدەن و شتێکیان لە باتیان بداتێ. یانی هەرچەند ئەندامی حیزب نەبووم، بووم بە میوانی حیزب. ڕایەخ و لێفەم بۆ هات. پلیکۆپییەکان هێنا و فێریان کردم. شەوانە برایم دەهات و بە دزی گۆڤاری «ڕزگاری»مان دەردەکرد. لە کاتی چاپکردندا ڕادیۆم لەسەر دەنگی تەواو دەکردەوە کە ڕێبواران خڕەی چاپ نەبیستن. دوو ژمارەمان لە دوو حەوتەدا بڵاو کردەوە. تەواوی ڕۆژ لە بێکاری لەشم گران دەبوو. بە عەلی حەمدی خانەخوێم گوت: بە کاک برایم بڵێ کارێکی ڕۆژانەم پێ بسپێرن؛ حەوتەی تاکە شەوێک چاپ کردن زۆر کەمە. نازانم چۆنی پێ گوتبوو، هاتەوە گوتی: کاک برایم دەڵێ جا ئەگەر هەر حەز دەکا با بچێتەوە بەغدا!