ئەگەر مریشکی لاسای قاز مەکەوە!

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  1430 مشاهده

بۆ نان خواردن دەعوەتی کەسێک بکە لە نانەکەت مەمنوون بێ! دەعوەتی کەسانێک مەکە کە نۆکەریان لە تۆ تێرترە و هەمیشە سفرەیان لە سفرەی ڕۆژی دەعوەتەکەت ڕنگینترە. یانی «ئەگەر مریشکی، بۆ هێلکە کردن لاسای قاز مەکەوە!».

دنیا پڕیەتی لە پیاوی فێڵباز کە لە سەر فریودانی دڵسادە و بەستەزمانان دەژین. بنیادەمن لە شکڵی تۆ؛ بگرە تۆ جوانتر و ڕێک و پێکتریشی لەوان؛ بەڵام دەبینی بە ڕدێن، بە کەوای شۆڕ، بە مێزەرەی زل و تەزبیح و مت و مووروو، خۆیان لە خەڵک گۆڕیوە. دەڵێ وەرە بتبەمە بەهەشت! یان ئەفەندی عەینەک لە چاوە و خۆی لە سەر خەڵک بە هەیبەت کردووە؛ کۆمەڵێک دڵسادە دوای خۆی دەدا: «وەرن حیزبم دروست کردووە، واتان بۆ دەکەم، وا بکرێ ...»، لەوانەدا زۆر ئاگاداری خۆت بە! دەتوانی بێنیە بەر چاوت: ئەو کابرایەی دەڵێ شێخم، ڕیشی بتاشرێ، شۆرتێکی دەبەر کرێ، پێخواس بێ، یان وەک چیرۆکەکەی «چیخۆف» لە حەمام ڕووت بێتەوە، چۆن مەیموونێکی لێ دەردەچێ؟! دەکرێ بڵێی: بۆ تۆ شتێک نادەی بە من تا من تۆ ببەمە بەهەشت؟ خۆ هی هەردووکمان حەواڵە بە دوای مردنە! یان: کابرای سیاسی خاوەن حیزب! ئەگەر تۆ لە پێشمەوە بی لە سەنگەردا، قبووڵمە. بەڵام تۆ بۆ خۆت لەوپەڕی خۆشیدا بژی و من بە کوشتن و گرتن بدەی، خوا هەلناگرێ...

جارێک لە شیعرێکمدا -کە چاپیش نەکراوە- گوتوومە:

هەرگیز مەبە عەنتەری پیاوێ
تۆ هەڵپەڕی، بەو بدەن پڵاوێ