هاوسەر دڵسۆز بێ شەرتە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  2210 مشاهده

جحێڵ -هەموو جحێڵێک- هەر چاوی لەوەیە ژنێکی جوانی دەست کەوێ. حەقیشی هەیە؛ چونکە ئارەزووی جینسی غاڵبە و تا هاوسەرێکی جوانتری دەس کەوی، کەیفی خۆشترە. بەڵام دەبێ ئەوە بزانی کە جوانییەکەی ژن هەر هەتا دوو مانگ و ئەوپەڕی شەش مانگ و یەک ساڵ زۆر لات بەنرخ دەبێ؛ لەوە بەولاوە تۆ خزم و کەسێکی دڵسۆزت دەوێ. کەسێک بۆ ژن لازمە کە لە خۆشی و ناخۆشیدا هەر پێت ڕازی بێ و شانازی بە ڕفیقایەتی و هاوبەشی لە ژیانتدا بکا. خۆ نەخوازا کە منداڵێکیش پەیدا بوو، ئیتر خۆشەویستی دایک دەکەوێتە سەر منداڵ. نابێ باب لای وابێ دەبێ وەک جاران، ژنی هەموو ڕووح و گیانی بە تەنها لە سەر ئەو بێ؛ هەر چەند باب و دایک لە خۆشەویستی منداڵدا دووبارە گەیونەوە یەک. جا پیاو ئەگەر بە تەمایە ژن بێنێ، دەبێ حەولی ئەوە بدا ژنێک بکاتە شەریکی ژیان کە ژنەکە خۆی بە زیاتر لە مێردەکە نەزانێ. منەتی بە سەردا نەکا کە تەنازولی کردووە و بۆتە ژنی! ژنی وا ژیان لە مێرد دەکاتە جەهەننەم. ژنێک مەخوازە کە بە تەماحی داراییەکەت مێردت پێ بکا. چونکە ماڵی دنیا دێ و دەچێ؛ ئەگەر فەقیر بووی دەگەڵت هەڵناکا. ژنی چاک ڕەحمەتی خودایە و فەقیر بی و دەوڵەمەند بی، لە بەهەشتای و بە دڵخۆشی دەژی. ژنی خراپیش و بە بۆڵە و پرتە و لووت بەرز -با حۆری بەهەشتیش بێ- ژیانت لێ دەکاتە جەهەندەم و خەلاس بوونت زۆر چەتوونە.

دڵم چووبووە سەر کچێکی شێخ محەممەدی خانەقا. بە هۆی کچی قازی زڕدایکەمەوە بە بابم ڕاگەیاند. گوتی: «کوڕی خۆم! لە باتی سێ ژن، ژنێک بێنی باشترە!» پێم سەیر بوو؛ بۆی ڕوون کردمەوە: کچی شێخ خۆی لە تۆ پایەبەرزتر دەزانێ. دەبێ کارەکەرێکی بۆ بگری خزمەتی بکا. دەبێ کارەکەرێکیش بۆ خۆت پەیدا کەی خزمەتت بکا!

ئەگەر ڕێک بکەوێ کیژێکی لادێیی بێنی و خۆشی بوێی زۆر چاکترە لە کیژێکی شارستانی نازدار و کارمەندی شارستانی. کیژی لادێ کە دێتە شار، حەمام چوون و جلی شارستانی بە لاوە خۆشییەکە کە بە هۆی تۆوە دەستی کەوتووە؛ بەڵام کیژە شارییەکە -کە عادەتی بە خووی شارەوە گرتووە- بەهانەی لێ نابڕێ. من خۆم ژیانی ئەو مێرد و ژنانەم بە لاوە ژانە و ژیان نییە، کە هەردووک لە بەیانییەوە تا ئێوارێ هەر یەکە لە ئیدارەیەکی دوور لە یەکتر دەژین و ئێوارە بە ماندوویی دێنەوە و منداڵیان بە خەڵکی بێگانە سپاردووە. ئەگەر مومکین بێ ژن ئاگای لە ماڵ بێ و پیاو ماندوو بێ، بە لامەوە خۆشترە. پیاو کە گرانایی ژیانی لە سەرە و بە ڕۆژگاردا لە دەرەوە دەژی و هەزاران قسەی ناخۆش لە دەسەڵاتداران و بێئاکاران دەبیسێ، بەدڵ تووڕەیە؛ لە ماڵە خۆی -وەک دەربڕینی هەست- وا دەبێ بە سەر ژنیدا دەقیڕێنێ. ژنی نەجیب ئەوەیە دڵخۆشی مێردی بداتەوە و بزانێ کە چۆن دەرد و ناڕەحەتی ڕۆژگاری لەبیر دەباتەوە؛ نەک ئەویش چەنە بە چەنەی دەگەڵ بکا و ماڵی لێ بکا بە جەهەننەم. ژنیش لە ماڵداریدا، لە بەخێو کردنی منداڵدا، لە لای دەروجیرانی خراپەوە دڵی پڕ دەبێ، چاری ناچار ئەویش وا دەبێ هەڵدەچی و بۆڵە و دەردی دڵ دەکا. دەبێ مێردەی عاقڵ ئەو کارەش هەڵسەنگێنێ، بە خوێنساردی و دڵخۆشی دانەوە، خەمی ژنی شەریکی عومری بڕەوێنێ و بە سەریا نەگوڕێنێ و نەیکاتە شەڕ و دم لە دم نان؛ کە هەم ژیان لە هەر دووکیان تاڵ دەبێ و لەوانەشە لێک جوێ ببنەوە. کە وا بوو دەبێ هەردووک ئەوەندە عاقڵ بن، ئەگەر یەکیان خەریکە تووڕە دەبێ، ئەوی تریان نەرمی کاتەوە. تووڕەییش هەر سەرێکە و زوو دەڕوا و ئەوی لای وایە بۆتە مایەی ناڕەحەتی هەواڵەکەی پەشیمان دەبێتەوە. ئاوا دەتوانن تا مردن یەکتریان خۆش بوێ و دنیا بکەنە بەهەشتی خۆیان.

کورد دەڵێن: «ژن و ماڵ»، ژن بۆیە پێش دەخەن کە تا ژن نەبێ ماڵیش نابێ. کورد دەڵێن: «پیاو کرێکاری قوڕە و ژن بەننایە»، پیاو هەرچەند خۆی ماندوو کا و زۆر پەیدا کا، ئەگەر ژنەکەی بە سەلیقە و دڵسۆز نەبێ بۆ ماڵی مێردەکەی، خانوو سەر ناگرێ. ژنێ کە دڵی بە ماڵی خۆی خۆش بێ و مێردی خۆی خۆش بوێ، هەرچی مێردی بۆی دێنێ، بەدڵ و داو ماڵی پێ ڕێک دەخا و حەز دەکا لە ماڵی خەڵک خۆشتر بێ. ترسەنۆکی و خەسیسی بۆ پیاوان ڕەوشتێکی زۆر عەیبە؛ بەڵام بۆ ژن مەدح و کارێکی پەسندە. «عەلی بە حوسێن توغراسی» لە «لامیەتولعەجەم»دا دەڵێ: «قسەی زۆر چاک دەربارەی ئەو کیژانەوە دەکەن کە ترسەنۆک و خەسیسن»!

پیاو دەبێ ببەخشێ؛ بەڵام ژن هەر دەبێ بەدڵ و داو ماڵداری بکا.