نە چرووک بە! نە دەست بڵاو

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  1951 مشاهده

نە ڕەزیل و چرووک بە، نە دەست بڵاو. بابم دەیگوت: «دەوڵەمەندی خەسیس و فەقیری سەخی دەبێ هەردووکیان بۆ بابیان عاقڵ کرێن». ئەگەر هەتە، ببەخشە؛ بەڵام بە ئەندازە. پاشەڕۆژت لە بەر چاو بێ؛ دنیا بێئیحتوبارە. ئەگەر بتوانی شتێکت پەزمەندە هەبێ بۆ لێقەومان و نەدار بوون. ئەگەر نیتە و فەقیری، چاو لەوانە مەکە زۆریان هەیە و زۆر خەرج دەکەن.

ئەو وردە نسحەتانەی من هەموو زیادین. کتێبی باش زۆر بخوێنەوە. بەتایبەتی لەبیرت نەچێ ئەدەبیات و نووسراوی ڕابردووان، لە هەموو بابەتێکەوە پڕن لە پەندی زۆر بەقیمەت. دەتوانی بەرنامەی ژیانی ئابڕوومەندانە لەوانە فێر بی و دەکاری بێنی. بە منداڵی گوڵستانی سەعدیم دەخوێند؛ بابم دەیگوت: «دەڵێن گوڵستان بە حەوت ساڵەیی دەخوێنن و بە حەفتا ساڵەیی تێی دەگەن». گوتم: بابە! ئەدی ئەگەر نەگەیشتمە حەفتا ساڵ عومر چ بکەم؟! بەڕاستی دەزانم سەعدی هیچی نەهێشتۆتەوە کە نەیڵێت.

بەخشین و سەخاوەت دوو جۆرە: ئەگەر دەستی فەقیر و بێدەستێک بگری، هەتیوێک پۆشتە کەیەوە، بێوەژنێکی هەتیوبار یارمەتی بدەی، بەخشینی پیاوانەیە؛ بەڵام ئەگەر بادی هەوا، مەسەلەن لە داوەت شاباشی زیاد لە خەڵک بدەی، یان لە ڕستوورانێک، چاخانەیەک زیاد لەوەی کابرای خاوەن ڕستووران دەیەوێ بدەی، ئەوە ناوی کەریەتییە نە پیاوەتی!

جارێک دەگەڵ سەید برایمی ئازادی لە تەورێز سەرمان تاشی. لە جیاتی دوو تمەن -کە حەقی سەرتاشین بوو- پنج تمەنی دا.

- ئەوە بۆ زیادت دا؟

- ئاخر عەیبە!

- یانی سبەی عەکست لە ڕۆزنامەدا چاپ دەکەن کە ئەو کوردەی نازانین ناوی چ بوو زیادی داینێ؟!

لە تەرەغە خەنجەرێکم هەبوو، زۆر بە خەیاڵی خۆم بەباشم دەزانی. گوتم وا باشە بیکەمە دیاری بۆ کاکە ڕەحمانی حاجی بایزاغا. بەدڵ و داو خەنجەرم بۆ برد. لێی وەرنەگرتم بزانێ چۆنە، بە نۆکەرێکی خۆی گوت: لێی وەرگرە و دەبەر خۆتی چەقێنە! زۆرم دڵ بە خۆم سووتا. ئیتر بڕیارم دا کە تازە غەڵەتی وا نەکەم. فەقیر ناتوانێ شان لە شانی دەوڵەمەند بدا. ئەوی بە لای منەوە زۆر شتێکی بەنرخ بوو، لای ئەو هەی لایقی نۆکەرانی بوو!