مەلا حەمەدئەمینی حاجی مەلای تورجانی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  1011 مشاهده

ئەو هەموو لا لێ گیرانە و دەرەتان نەمانە، زۆری کار لێ کردم و خەم و پەژارە دایگرتم. جا کە دەگەڵ ئەسعەد ڕۆیشتم، دوو نیشانەم بە تیرێک ئەنگاوت: یەکێ ڕازی بوونی بابم و دوور کەوتنەوە لە یارێک کە بە هیچ بارێکدا دەستم پێ ڕاناگا و دووهەم هەواڵەتی برادەرەکەم. دەگەڵ ئەسعەد لە ئیساکەندەوە چووینە وشتەپەی خوار بۆکان، کە «مەلا حەمەدەمینی حاجی مەلای تورجانی» دەرسبێژی ئەوێ بوو.

ئەوساکە لە هەر کوێ ئەمنیەی دەوڵەت تووشی کەسێک بان جلی کوردی با، جلیان دەسووتاند و پووڵیان لێ دەستاند. فەقێ لە ترسان هەر بە شەو سەفەریان دەکرد. لای بەرەبەیان گەیشتینە وشتەپە؛ کە سێ فەقێی تریشی لێ هەبوون. چێشتەنگاو مامۆستامان دیت و داوای دامەزرانمان کرد. گوتی: ئەسعەد کە برازامە با لێرە بێ و ئەو فەقێیەم -مەبەستی من بوو- ناوێ؛ با بڕوا. زۆرم دڵ بە خۆم سووتا. مامۆستا گوتی: بەڵام ئەمشەو میوانی من و سبەی بڕۆ!

شەو لە ماڵی مامۆستا -کە نانمان خوارد- باس هاتە سەر لەغەز و موعەمما. لێرەدا باو باوی من بوو. لە موعەمما حەل کردندا لە هەواڵانم چێتر بووم. بەیانی مامۆستا فەرمووی: تۆش هەر بمێنەوە. تۆ بە تەرح و دیدار زۆر گێژ و نازیرەک هاتییە بەر چاوم؛ بەڵام وادیارە وەک دیار دەکەی وا نیت!

لای ئەو دەستم کرد بە «شەرحی سیووتی» لە سەر «ئەلفییەی ئیبنومالک»؛ کە ڕێزمانی عارەبییە. دەرسی ئەدەبیاتی فارسی و حیساب و ئینشایشی فێر دەکردم. ئەوەندەش نێوانمان خۆش بوو کە هەر نەبێتەوە. بەڕاستی قەت تووشی مودەڕیسی ئەوەندە ڕووحسووک و بێدەعییە نەبووم. فەقێ لە هەموو جێیان حەزیان لە چارەی مامۆستای گەورە نەدەهات؛ حەزیان دەکرد جگە لە وەختی دەرس، چاویان پێی نەکەوێ و بە ئازادی گەپ و گاڵتەی خۆیان بکەن؛ بەڵام ئەو مامۆستایە هەواڵی گاڵتە و گەپیشمان بوو. خۆی لە ئێمە بە زیادتر نەدازانی. تەنانەت لە شەڕەشەق و زرمە زلیتانەی دەرەوەی حوجرەشدا بەشداری دەکردین. خواخوامان بوو شەوانی سێشەمە و جومعە لە ناوماندا بێ و لە گەپ و گاڵتەدا یاریمان بکا.

تەنبەڵی لە خوێندندا کراسێک بوو بە بەژنم بڕابوو. سەر لە هەوەڵەوە، بە منداڵی چۆن بووم بە موو لام نەدابوو؛ بەڵام بیرم زۆر تیژ بوو. هەر چیم بیستایە دەس بەجێ لە بەرم دەکرد. سەد بەیتم لە ئەلفییە خوێندبوو، قەت سەرم نەدابۆوە. ڕۆژێک مامۆستا گوتی: بۆم بخوێنەوە بزانم لەبەرتن؟ گوتم: ئێوارە بۆت دەخوێنمەوە. گوتی: دەزانم هەر ئەمڕۆ لەبەرت کردوون، بەڕاستی لە تۆ تەنبەڵتر و بەزەینترم نەدیوە!

مامۆستا لە نوێژ و تەڵقینی مردوو زۆر بێزار بوو؛ منی دەنار کە ئەو کارە لە جیاتیان بکەم. منیش لەو بێزارتر بووم. ڕۆژێک مردووێک مردوبوو؛ ڕامکرد لەوبەری بەندی وشتەپە، لە ناو داراندا ملم لە دەور کردنەوە نا. دیتم مامۆستا چاو دەگێڕێ؛ دیتمییەوە. گوتی: ڕووڕەش! دەزانم لە نوێژ و تەڵقین خۆت دزیوەتەوە. بڕۆ ئەو مردووە سەگبابەم لە کۆڵ کەوە! ناچار چوومە قەبرستان؛

- قوربان! ئەمە چییە؟

- کوڕم! ئەمە تەڵقینە. (مەلا دیار نەبوو) منیش مەلام، نوێژ لە مردوو دەکەم و تەڵقین دەخوێنم.

تەڵقینەکە نووسرابوو: «يا عبدَِالله». گوتم: ئەوە چییە؟ کە دالەکەی هەم سەری هەیە، هەم ژێر؟

- ها، ئەوە تۆ نایزانی. ئەگەر مردوو پیاو بێ، دەڵێم: «يا عبدَالله»، ئەگەر ژن بێ دەڵێم: «يا عبدِالله»!

هاتمەوە گوتم: مامۆستا مزگێنیم دەیە! مەلایەک لە دێدا هەیە بە قولەقاپەشی ڕاناگەی! نەجاتمان بوو! بۆم گێڕاوە؛ زۆری کەیف پێ هات!