داستانی دار دزین

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  1102 مشاهده

زستانی وشتەپە زۆر سارد بوو، ئێمەش داری سووتانمان بۆ کورە نەبوو. هاوارمان بۆ مامۆستا برد. گوتی: دار بە من پەیدا نابێ، خۆتان عیلاجی خۆتان بکەن. گوتمان مەگەر بدزین. گوتی: بدزن، چی تێدایە؟! فتوامان وەرگرت و ملمان لە داردزین نا. دوو سووختەمان هەبوون بە ناوی سەید حەسەن و قادر، هەر کە ئێواران دەچوونە نان چنینەوە، داری ماڵانیان هەڵدەنا و شەوانە دەچوون، یەکیان سەگی بە خۆیەوە خەریک دەکرد و ئەوی تریان داری دەدزی. داردزین گەیشتە ڕادەیەک نیر و ئامور و پنە و تیرۆکیش دەدزران و دەسووتێنران. ڕۆژانە لە مزگەوت باس هەر باسی داردزین بوو. هەموو خەڵکی دێ ئێمانیان وابوو کە جندۆکە ئەو کارە دەکەن. دوعایان بە مەلا دەنووسی کە گێچەڵی جندۆکەیان لێ دوورخاتەوە.

ماڵە عەلیاغای ئێلخانی و هەموو ماڵە ئێلخانی، مریدی زۆر دڵگەرمی شێخ حیسامەدینی تەوێڵە بوون. یەک لە خەلیفەکانی تەوێڵە بە ناوی خەلیفە محەممەد بۆ بەرەکەت لەو دێیە دەژیا. خوا هەڵناگرێ هەموو دنیا بگەڕێی دوانی وا خوێنتاڵ و مڕومۆچ و خۆبەزلزانت دەست ناکەوێ. بەڕاستی لە شەیتانمان ناخۆشتر دەویست. ئێوارەیەک کە سەید حەسەن لە نان چنینەوە هاتەوە گوتی: «کوڕینە کاریتەیەک بەسەر دیواری ژوورێکی سەردانەپۆشراوی خەلیفە ڕایەڵ کراوە، بەشی ئەم زستانەمان دەکا، بەڵام هێنانی کاری کەسێک و دوان نییە». شەو ماڵنووستنان هەر شەشمان چووین و کاریتەکەمان بە نەقەنەق کێشایە هەیوانی حوجرە و سەماوەری تەنەکەمان جۆش دا و بە بیور وەرگەڕاینە کاریتەبۆر و تا مەلابانگدان هەموومان کردە قەڵاشکەری سۆپە و لە حوجرەیەکی چۆلی تەنیشتمانەوە لەسەر یەکمان کەڵەکە کرد. حوجرە لەسەر ڕێگەی مزگەوت بوو. تازە دەمانویست بخەوین. خەلیفە لە مزگەوت هاتە دەر و دوو سۆفی دەگەڵ، ڕاست ڕوو بە حوجرە هات. یەکێکمان کە مەلا محەممەدی کوڕی مەلا عەلی حەمامیان و برازای مامۆستا بوو گوتی: «ئێوە خۆتان دەخەو کەن، خەلیفە بە کاریتە دزینەکەی زانیوە، لێمان تووڕەیە. تەنیا من بە نەرمی و زمانی خۆش جوابی دەدەمەوە، بەڵکوو دەس هەڵگرێ و شکاتمان لێ نەکا».

خەلیفە بەر لە هەر شت چووە حوجرە چۆڵەکە و دەستی کرد بە تەق و هۆڕی دار بە سەریەکداندا. ئەوسا هاتە ژوورەوە و گوتی:

- فەقێ! ئێوە خۆتان بە موسڵمان و خزمەتکاری قورعان دەزانن، عەیب ناکەن دزی دار دەکەن؟

مەلا محەممەد کە نسحەتی ئێمەی کردبوو، سەری لە بن لێفە هەڵێنا و بێ سێ و دوو گوڕاندی:

- هەی ڕیش کلکەسەگی سەگباب! وات لێ هاتووە قسەی سووک بە فەقێ بڵێی؟ هەستم هەزار شەقت تێهەڵدەم؟!

خەلیفە دەمی بوو بە تەڵەی تەقیو. ماڵ بریا و بە کۆی زوخاڵ بێ. هەر دەرپەڕی و سۆفی بە شوێنیدا پەل بوون و بە بۆڵەبۆڵ بەرەو ماڵی ئاغا ڕۆیشتن. بەختی ئێمە مامۆستا لە حەوشە دەسنوێژ دەشوا و پرتەوبۆڵەی خەلیفە دەبیسێ.

- ها خەلیفە گیان خێرە؟

- بەڵێ فەقێکانت کاریتەیان لێ دزیوم کە بە کوڕێکم نەدەدا. سەرباریش ئەوی خراپە پێیان کردووم. دەچمە لای عەلیاغا، ئەگەر حورمەتی شێخی تەوێڵەی لە لا بێ، دەبێ ئەوانەم بۆ تەنبێ کا.

مامۆستا بە زمانی خۆش خەلیفە خاو دەکاتەوە کە خۆی تۆڵەی بۆ دستێنێ. مامۆستا بە خەلیفەوە هاتنە سەرمان. دەمی کردوە و چاوی قوچاند، هەزار جنێوی دا:

- ڕوو ڕەشینە! چۆن فەقێ دزی دەکا؟ ئەویش لە پیاوێکی وا ممبارەک؟!

سەری خۆمان داخست و ملمان حیز کرد، متەقمان لەبەر نەهاتە دەر. جوێن و هەڕەشەی مامۆستا کە  «بەم زستانە دەرتان دەکەم» گەیشتە ڕادەیەک کە خەلیفە گوتی: « قوربان من گەردنیان ئازا دەکەم، تۆش بیانبەخشە». خەلیفە ڕۆیشت، بەڵام مامۆستا لە جنێودان و لۆمە کردن دەستی هەڵنەدەگرت. گوتم: «قوربان، خۆت فەرمووت دار بدزن قەیدێ ناکا». لەپڕ لە قاقای پێکەنینی دا، گوتی: «ئەگەر وابێ جندۆکەکەی دارەدزیش هەر ئێوە بوون! خوا بتانگرێ، پنە و نیر ئاموریشتان دزیوە؟ ئەمما وەڵڵاهی کاری چاکتان هەر ئەوە بووە کە داغتان بە دڵی ئەو خەلیفە سەگبابەوە ناوە. دا سۆپەی لێ نێڵ دەن با خۆم گەرم کەمەوە! »

ئیتر بۆ خەڵکی ئاوایش ساغ بۆوە کە جندۆکەی داردز لە حوجرەی فەقێیانەوە سەری هەڵداوە.