مامۆستا مەلا حوسێنی مەجدی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  1025 مشاهده

دوای ئەو سەردانەی باوکم، چوومە «کەرمندار». پاش مەوەیەک چوومە تورجان و لە وێڕا هاتمە سابڵاغ. لە مزگەوتی بازاڕ بوومە فەقێ لە لای «مامۆستا مەلا حوسێنی مەجدی» زانای مەشهوور. جگە لە دەرسی سەرف و نەحو، قەسیدەی «بانەت سوعاد»ی «کەعب ئیبن زوهەیر» و «لامیەتولعەرەب»ی «ئیبنولوەردی»م لای خوێند و لەبەرم کردن. لە هەمان کاتدا مەلا سەید محەممەدی مامۆستای پێشووم و یەکێک لە ماڵە شێخەکانی بیارە بە ناوی شێخ مەعسووم لە مزگەوتی بازاڕ، لای مەلا حوسێنیان دەخوێند و من لای هەردووکیانم دەخوێند؛ کە شێخ زۆر نەزان و سەید محەممەد زۆر زانا بوو.

شێخ کوڕە جحێڵێکی ئامۆزای خۆی لەگەڵ بوو بە ناوی شێخ نەسرەدین -کە بە ڕواڵەت دیندار و شەرمێون بوو- ببووە فەقێ لای شێخ مەعسووم. ئەو نەسرەدینە کوڕی شێخ کامیل بوو کە لە وڵاتی «تالش» ببووە شێخێکی سەر بەڕماڵی زۆر ممبارک -کە لە دواییدا باسیان دەکەمەوە چ بوون.

دیسان چوومەوە خانەقا. لەم جارەی دواییمدا دەگەڵ کچێکی شێخ محەممەد -کە ناوی فاتم بوو- دڵمان لێک چووبوو. براکانی ڕازی نەبوون خوشکیان بدەن بە بەچکە مەلایەکی کە نە ئاغایەکی دەوڵەمەندە و نە کوڕی بازرگانی شارە؛ تا لێی میوان بن و بەهرەیەکیان پێ بگا. بابیشم کە ئەوەی بیستبوو، تەواو توڕە ببوو: «من هەر ئاواتم ئەوەیە کوڕی من ببێتە مەلا و بە کەوای شۆڕەوە بیبینم کە دوو فەقێی لە دواوە دەڕۆن. ئەگەر کوڕی منە دەبێ لە خانەقا نەمێنێ و لە خزمەت شێخدا تووشی شەرمەزاریم نەکا...».