چۆن هەڵاتم
ڕاسپێری قاسماغام ڕاگەیاند کە ئەسپێکم بدەنێ و بچمە قەرەگوێز. کاکە ڕەحمان گوتی: «نە ئەسپت دەدەمێ، نە لاشم وایە مەسڵەحەتە بچییە لای ئەحمەداغا. بۆخۆت یا بچۆ خانەقا یان دەرەغە». گوتم: «بەڵێ خۆم دەگۆڕم و دەچمە لای تەرەغە». جلکی تازە و باشی خۆم بە جلکی پیس و خراپی فەقێیانەی مەلا عەبدوڵڵای حەساری گۆڕییەوە. کتێبی جامی و هێندێک قاقەز و قەڵەمم خستە بوخچێکەوە و بوومەوە بە فەقێ. داوام لە مەلا عەوڵا کرد کە سێ هەزار تمەنت لە لایە ئەگەر دەکرێ بمدەوە. گوتی: هیچم نییە. میرزا عەوڵای بارامی گوتی: «من پێنج سەد تمەنت دەدەمێ و لە مەلا عەوڵای دەستێنمەوە». دەمانچەکەم دا بە کاکە ڕەحمان کە ئەگەر توانی بیفرۆشێ، پووڵەکەی بدا بە منداڵ و براکانم. هەر ئەو ڕۆژە بەر لە نیوەڕۆ بە بیانووی چوونە تەرەغە دەرکەوتم و بەرەو مەحمووداوا ڕۆیشتم تا لە دێی شێخلەر نەدیوو بووم. دامقەڵاشتە خوارێ و هاتمە ناو مێشەی مەحمووداغا و ڕوو بە جەنووب بە مێشەدا ڕۆیشتم. لە مێشە نەهاتمە دەر تا لە گوندی قاقڵاوا تاوم لێ ئاوا بوو، لام دا.