گیران لە سەقزدا

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 12 دقیقه  1047 مشاهده

هەر ئەو شەوە حاجی حەمەداغا و کاکاغا و میناسی شۆفیر و منیان گرت و لە ماڵێکی نزیک چەمی سەقزدا حەبسیان کردین و شازدە سەربازیان لەسەر داناین کە ئاگادارمان بن. پووڵەکەشیان کە بۆ ناردبووین نەداینێ. ئەفسەرە کوردەکە دوای چەند ڕۆژێک هاتە لامان و گوتی: «وابزانم شکەنجەتان دەکەن چونکە منیان لە سەرپەرشتی ئێوە گۆڕیوە». ئەفسەرێکی تر هاتە سەرمان بە ناوی «نەسیرزادە». ئازەربایجانی بوو، دیار بوو دەدڵدا لاگیری پیشەوەری بوو. زۆر کوڕێکی باش بوو. ئەویش زۆری نەبرد کە نەماندیتەوە. ئەفسەرێک بە ناوی «سەروان بیداربەخت» هاتوچۆی دەکردین کە هەمو گیانی گاڵتە و گەپ بوو. هەرچەند بەندی بووین و شەوانە هەموو دوو سەعات خەبەریان دەکردینەوە و دەیانبژاردین، بەڵام خواردنمان زۆر پادشایانە بوو: بەیانی هەنگوین و کەرە و نەهار و شام گۆشت و برینج بوو. پێنج ڕۆژی هەوەڵی زۆرم حەبس لەبەر گران دەهات؛ بەڵام عادەتم پێ گرت و پشووم هاتەوە سەرخۆ. قەسیدەی بوردیەم لەبەر دەکرد. ڕۆژانە هەمووی بە گاڵتە و قسەی قۆڕم ڕادەبوارد. لەو سەربازە پاسدارانە یەکێک چێشتلێنەر بوو، یەکیان لوڕی سوڵتاناباد بوو، کە دەیگوت من بوومەتە کۆمەڵە. هەر خەبەر و باسێک لە شاردا بوایە پێی دەگوتین. کتێبی بۆ دەگۆڕیمەوە؛ ڕۆژنامەی بۆ دەهێناین.

شازدە سەربازیان لە حەبسخانەدا -کە خانوویەک بوو- لەسەر دانابووین کە سەرگرووهبانێکی لوڕ گەورەیان بوو. گاڵتەی خۆشم بەو سەرگرووهبانە لوڕە بوو. جارێ گوتی: «هەرکەس هەرچی بەسەر دێ لە ناوچاوانی نووسراوە». گوتم: «نەخێر نەنووسراوە، دە کوا بیخوێنەوە من چم بەسەر دێ، لەناو چاوی تۆش هیچ نەنووسراوە». لەو سوێند کە نووسراوە و لە من ئینکار. لە داخان دەستی خۆی دەگەست!

بۆی گێڕامەوە کە جارێک عیزراییل چۆتە دووکانی تاجرێک. تاجر بردوویەتەوە ماڵە خۆی. عیزراییل دەمی لە نان و چێشت نەداوە. کابرا سوێندی داوە کە دەبێ نمەکی بکا. عیزراییلی کەر فریوی خوارد و قامکێکی تەڕی لە خوێ دا و نمەکی کرد. ڕۆژێک خوا گوتی: «بڕۆ گیانی ئەو کابرایە بکێشە». کابرا گوتی: «تۆ نمەکی منت کردووە؛ شەرم بکە! هیچ نەبێ مۆڵەتێکم بدە». عیزراییل خۆی گەیاندەوە لای خودا، نەقڵی فریو خواردنەکەی بۆ گێڕاوە. خوا گوتی: «باشە چل ساڵ مۆڵەتی بدە، بەڵام جارێکی تر ئەو کەریەتییە مەکە!».

ڕۆژێک ئاودەستەکەمان سەیری لێ ڕیابوون، پیسایی گەیبووە بڵندایی دیواری پشتەوە. سەروان بیداربەخت هات بۆ دیدەنیمان. گوتم: ئێوە چۆن مەشقی ئەنگێوەیی بە سەربازان دەکەن؟

- دەبێ لە دووهەزار میتر خاڵی ڕەشی ناو هەدەف بپێکێ.

- ئەو سەربازانە مەشقیان کردووە یان تازە هاتوون؟

- هیچیان لە چوار ساڵ کەمتر نییە کە لێرەن، لەبەر شەڕی ئێوە هێشتووماننەوە.

- دەوەرە با بچینە سەیری ئاودەست: کونی ئاودەست تا قوونی سەرباز بستێکە؛ زۆریش لە خاڵی هەدەف گەورەترە، سەربازێک نەتوانێ ئەو کونە گەورە بپێکێ، مەشقی چی و فێر بوونی چی؟!

زۆر پێکەنی، بانگی سەرگرووهبانی کرد، گوتی: «فڵان فڵان شودە! ئەلعان دەبێ بە دوو تەنەکە ئاو بێنی لە چۆمڕا و بیشۆیەوە؛ یان دەبێ بیلێسییەوە!». ئاخری سەرگرووهبان لە چۆم ئاوی هێنا و شتیەوە.

زانیمان کە شەڕ لە نێوان دەوڵەت و پێشەوەری هەڵگیرساوە. بیستمان کە تەورێز شکاوە.

ڕۆژێک هاتن و بردیانمە لای حاکمی نیزامی کە «سەرهەنگ غەفاری» بوو. چوار سەرباز لە پێشمەوە بە تفەنگەوە و چوار لە پشتمەوە بە کەلەپچە کراوی بردیانم و نێزەکانیان لەسەر قوونم ڕاگرتبوو. بە کۆڵانێکدا هاتین، چەند منداڵێکی سەقزی دڕیان دا و چوونە بەرێکی کۆڵانەکە و ئامادەباش ڕاوەستان. لام وابوو جڕتم بۆ دەکێشن و گاڵتەم پێ دەکەن؛ چاوم داخستبوو. هەر گەیشتمە لایان، هەموویان کڵاویان داگرت و سڵاوێکی گەرمیان لێ کردم. سەرباز تێیان خوڕین و هەڵاتن. ئەو قەدر گرتنەی مناڵان زۆر دڵگەرمی کردم. چوومە لای سەرهەنگ؛ حەمەداغای سەرای لەلا بوو. گورجێ دەسبەندیان کردمەوە و لەبەرم هەستا و جێگەی نیشاندام و ناردی چایان بۆ هێنام. حەمەداغا باسی خۆی کرد کە چۆن موڵک و ماڵی چووە و چۆن لە شاپەرستی لای نەداوە.

سەرهەنگ گوتی: تۆ دەزانی ئازەربایجانمان گرتووە، قازیش یەک دوو ڕۆژی تر تەسلیم دەبێ. شتێک بۆ ڕۆژنامەی (اطلاعات) بنووسە کە قازی بەزۆر تۆی کردۆتە کۆمەڵە؛ بەڵکوو لە مردن ڕزگارت بێ.

دوو بەستە ئەسکیناسیشی لەسەر مێزەکە دانا، گوتی: وابزانم پووڵت نییە؛ ئەمەش بۆ تۆ.

گوتم: جەنابی سەرهەنگ! قازی بەزۆر نەیکردوومە کۆمەڵە؛ بەر لەو کۆمەڵە بووم. حەمەداغا لە باسی خۆیدا دەرسێکی دادام لە کوردپەرستی پەشیمان نیم و پەشیمان نابمەوە. گوناهی منیش بە تۆ و بە (اطلاعات) و بە «قوام السلطنە»ش نابەخشدرێ...

گوڕاندی: «وەرن بیبەن!». نەیهێشت چایەکەم بخۆمەوە، تێری جنێوی زۆر پێس پێدام و هەڕەشەی کرد. دەسبەند لە دەست هاتمەوە حبسەخانەکەم.

ڕۆژێک لەسەر داوای خۆم بردیانمە حەمام. دیسان هەشت سەرباز بردیانم و لە دەرکی حەمام دەستیان کردمەوە و لە درگا ڕاوەستان کە دوای چارەگێک بیمە دەر. ڕیشم زۆر هاتبوو، تیخی ڕیش تاشین مەمنووع بوو. کابرایەکم دی لە حەمام، ناسیمەوە کە ڕۆژێک لە بۆکان پێکەوە ئاشنا بووین. ئەو خۆی لێ گێل کردم و تماشای نەکردم. گوتم: «برا با گیراویش بم، بۆ نامدوێنی؟». سوێندی خوارد کە ناتناسم. کە پێم گوت تۆ لە بۆکان بووی، گوتی: «خوا ئەیزانێ ئەوە برام بووە و من ئەفسەری ئەرتەشیم!». بۆخۆی ڕیشی تاشیم و زۆر عوزرخوایی کرد.

کە هاتمە دەر لە حەمام، کابرایەکی سیسکەی کورتەباڵا گوتی: «هەژار! من نافیع مەزهەری شاعیرم، هاتووم لە حەمام بتبینم». ئیتر سەرباز نەیانهێشت بیدوێنم و ئەو حەسرەتەم ئێستاش هەر لە دڵ ماوە.

لە سەرەتای دامەزرانی دەوڵەتی عێراق کە دادگا بەدەست مەلایانە بووە، دەڵێن نافیع مەزهەر لە هەڵەبجە فەقێیەتی کردووە. «من بۆچی قورعان بە شیعری کوردی تەرجەمە نەکەم؟...» لە سوورەی (القارعە) دەست پێدەکا: «ئەلکوتێنەر، وەلکوتێنەر، نازانی چییە ئەلکوتێنەر؟ ڕۆژێ کە خەڵک ئەبن بە پوولەی سەر لێشێواو، وەکێوان ئەبن بە خوری پشەوەکراو. ئەو کەسەی قورس بێ تەرازووی، وا لە عەیش و خۆشییە. ئەو کەسەی سووک بێ تەرازووی، دایکی ئەوە هاویە. تۆ نازانی ئەوە چییە؟ ئاگرێکە گەرم...». قڕ دەیگرن. مەلای حاکم دوو مانگی حەبس دەکا!

ئەمجار شیعرێک لەسەر هەژاری و چارەڕەشی فەقێ دەڵێ و تیایا (سەرگونی خۆی شین نەکرد جبریل) هاتووە. دەیبەنەوە بەردەستی حاکم:

- هەتیو بۆ کفرت کردووە؟

- بۆچی قوربان جبریل گونی هەیە؟!

- وست! بێئەدەب! گونی کوا؟

-دەسا گوتوومە هیچی شین نەکرد!

بە تکا و ڕەجای خەڵک وازی لێ دێنن.

دوو مانگ بوو حەبس کرابووین. «سەروان بیداربەخت» ڕۆژێک هات؛ زۆر کز و کەنەفت دیاری دەدا، گوتی: خەبەری زۆر ناخۆشم پێیە؛ زۆر خەمبارم بۆ ئێوە.

گوتم: ئاخر یا لێرە دەمانکوژن یان دەماننێرنە تاران، دەبڵێ چییە؟

گوتی: ئێوە ئەمڕۆ ئازادن و نانی نیوەڕۆتان نادەینێ. بۆیەش کزم کە تازە مەجلیسی گەپ و گاڵتەی دەگەڵ ئێوەم نامێنێ!

باوەڕمان نەکرد. گوتم: دەچمە لای غەفاری. ئیجازە درام. غەفاری گوتی: بەڵێ ئازادن.

گوتم: «کەوابێ دەتوانم بچمە ساڵحاوا؟ خزمم لەوێ هەن».

گوتی: «نا، دەبێ ئێمە بە حورمەت بەڕێتان کەینەوە».

تێگەیشتم کە بەردانی ڕاستی نییە و هەر دەمگرنەوە. چوومە مەنزڵی حەمەدەمیناغا و قاسماغا لە سەقز کە هەردوکیان برای حیزبی بوون. بۆیان گێڕامەوە کە لە پاش شکانی ئازەربایجان، پیشەوەری و زۆر لە دارودەستەی هەڵاتوون بۆ ڕووسیە. قازیش هاتۆتە حەمامیان و بێ شەرت خۆی تەسلیمی دەوڵەت کردووە. ئەو داوای لە سەرتیپ هومایوونی کردووە کە ئێوە بەربدەن. بە کۆتری نامەبەردا فەرمانی ئازادی هاتووە. گوتیان زەبیحیش پەنای بە کونسوولگەری ڕووس لە ورمێ بردووە؛ ڕایاننەگرتووە. دەگەڵ سەید ئەحمەدی سەید تەها و دڵشاد بە ماشێنێکی حیزبی ڕای کردووە بۆ عێراق و ڕادیۆ لەندەن خەبەری داوە.

گوتم: «ئێوە ناترسن؟». حەمەدەمین دەستی بو سۆپە ڕاداشت، گوتی: «هەموو ڕۆژێ گوزارشێکم نووسیووە، ڕەنگە پڕ بەو سۆپە ببن. من هەواڵی دەوڵەت بووم! قاسم ئاغا گوتی: ئەگەر قازی نەفەوتابا ئێمە هەموومان دەفەوتاین».

بەڕاستی خەبەر و باسێکی دڵتەزێن بوو...

لەو حەپسەدا زۆرم قەرزی ئیجارەی کتێب کەوتبووە سەر. چوومە دووکانی کولاهی:

- کوا حیسابت چەندە؟

گریا، گوتی: «بریا مردبام و ئەو ڕۆژەم نەدیبا. یەک شایی پووڵم ناوێ. ئەو ڕۆژەش لە ترسی ئەفسەرەکە داوای ئەو پووڵە زیادییەم کرد».

پاش نیوەڕۆ کە دەبوو سەفەر بکەین و چاوەنۆڕی ترۆمبیل بووین، سەرتیپ هومایوونی هات و ئەحواڵێکی پرسیم. گوتم: من دەمانچەکەم لێ سێندراوە، حەز دەکەم بمدەنەوە. گوتی: جا بۆ چیتە؟ خۆ ئێمە زۆر زوو چەک لە هەموو کوردێک دەستێنین. گوتم: بەڵێ ئەودەم قەیدی نییە، بەڵام ئێستا بۆ من شەرمە بەتەنیا لە چەک کرابم. گوتی: دەمانچەکەی بدەنەوە، دایانمەوە. هومایوونی گوتی: «من سواری ترۆمبیلی عەوڵاغای ئێلخانی دەبم، قاسماغا و حەمەدەمیناغا و هەژار سواری ماشێنی من ببن و لە بۆکان یەکتر دەبینین». جگە لە ئێمە سیان، سەربازێکی ڕانندە و ئەفسەرێکی سەرڕشتەداری لە سەقزەوە بەرەو بۆکان هاتین. لە ڕێگە تووشی پۆل پۆلی سەتی و دووسەتی لە فیدائیانی پیشەوەری دەبووین کە کورد تفەنگیان لێ ساندبوون و بە کۆمەڵ زۆر زۆر دەگریان و یاحوسێنیان دەگوت. ئەفسەری سەرڕشتەداری دەیگوت من شاعیرم. ئاغایان گوتیان ئەوەش شاعیرە. هەڵیپێچام کە نموونەیەک لە شیعری خۆمی بۆ بخوێنمەوە و تەرجەمەی بکەم. ئەوەم بۆ خوێندەوە کە دەڵێم:

ڕۆڵە نامووست وەک خزمەکانت
نەدەی بە شەکر، دەستم دامانت
شەرەف گەوهەرە، قیمەتی نایە
دەویت ڕووڕەشی هەردووک دنیایە
ئەو کەسە پیاوە، بۆ خاک و ئاوی
ڕۆح دانێ و بە چاک بمێنێ ناوی
نەتبیستووە واتەی زانای سەرزەمین
مەردانە مردن نەک حیزانە ژین

بۆم تەرجەمە کرد؛ ئافەریمی لێ کردم. منیش مەبەستم لەو دوو ئاغایە بوو کە بە بێ شەرم شانازی بە خەیانەت بە گەلی خۆیان دەکەن.

نوێژی شێوان لە بۆکان تووشی سەرتیپ هومایوونی بووینەوە. گوتی: «با هەژار لە ماڵی قاسماغا بێ، سبەی هەموومان دەچینە مەهاباد». چوومە مەنزڵی قاسماغا کە لە ماڵە عەبدوڵڵای بارامی بوو. کاک هەمزەی کۆنە هەواڵم هات. گوتی: وەرە لە ماڵی من بخەوە، گوتم: «وابزانم قاسماغا ڕێ نادا. چونکە وا دیارە منی پێ سپێراوە بە هیچ کوێدا نەچم». هەمزە داوای لە قاسماغا کرد کە من بەرێتە ماڵە خۆی. قاسماغا گوتی: «لێرەش نوێن هەیە بۆ بێت؟». هەمزە گوتی: «من بەڵێن دەدەم کە سبەی بیهێنمەوە لای تۆ و ئەگەر وا نەبوو، با من ئیعدام کەن».

قاسماغا گوتی قەیدی نییە با بێت. هەر چووینەوە هەمزە هەڵیپێچام کە ڕاکە و خۆت خەلاس کە. زۆری حەول دا؛ گوتم: «چونکە تۆ بوویە زامنم هەرگیز ڕا ناکەم. با بزانین چۆن دەبێ...».

بە خەیاڵی خۆم وام دانابوو کە لە میاندواو ئیجازە وەرگرم و بچم بە پێ و شوێنی عەبدوڵڵای برام کە لە تەورێز دەیخوێند. ئەوسا لە تەورێز خۆم بشارمەوە کە شارێکی گەورەیە و نامدۆزنەوە.

بەیانی دەگەڵ هەمزە هاتینەوە لای قاسماغا. شەیپووری سەفەر لێدەدرا و لەشکر بەرەو سابڵاغ دەرچوو. عەشایریشیان دەگەڵ دەچوون.

لە قاسماغام پرسی: کوا کاکە ڕەحمان؟

گوتی: نەخۆشە و لە گوندی شێخلەرە.

گوتم: ناتوانم بیبینم؟

لە پاش تاوێک بێ جواب مانەوە گوتی: من وام پێ باشە بچییە لای کاکە ڕەحمان و پێی بڵێی بتنێرێتە قەرەگوێز لای ئەحمەداغا و هەرگا بە مەسڵەحەتمان زانی؛ دەتوانی بێیە سابڵاغ، ئەمڕۆ دەگەڵ لەشکر مەیە.

هەر ئەو وای گوت، ئەو پیاوەی کە وەختی خۆی خەبەری خەیانەتی دێبۆکریانی دابوومێ، گورجێ لە ئەسپ دابەزی و ئاوزەنگی گرت و گوتی: «وەرە سوار بە و بچۆ شێخلەر». لەبن لێوانەوە گوتی: «من ئەم ئەسپەم ناوێتەوە؛ ئیتر خۆت دەزانی». سوار بووم و هەر لە کۆڵانی حەمامەوە کردمە غار. لە شار دەرچووم و تەقڵەکوت ڕووم کردە شێخلەر. لە ڕێگە وام حەل کرد کە ئەحمەداغای قەرەگوێز زۆری خراپە دەگەڵ دەوڵەت کردووە؛ منیشی خۆش ناوێ، قاسماغا دەیەوێ من ببمە دیاریەکی دەست و ئەحمەداغا بمگرێ و گوناهی بە هۆی منەوە ببەخشرێ. بە هومێدم ئەم خەیاڵەم ڕاست نەبووبێ، بەڵام وای بۆ چووبووم...

گەیمە بەر دیوەخانی شێخلەر. کاکە ڕەحمان و چەند کەسێک ڕاوەستابوون. دابەزیم و گوتم:

- حوللە مەرەسێ، هاتینەوە سەر سێ، ڕیسەکانمان بۆوە خوری!

کاکە ڕەحمان وەک نەیبیستبێ وابوو. ڕەنگی بزرکابوو، لێوی دەلەرزین، دیار بوو زۆر ترسابوو. چووینە وەتاغ، تاوێکی پێچوو، کەس چای بۆ نەهێنام. گوتم: «مردن مردنە، لینگە فرتەکەی چییە؟ کاکە چایەکم بدەنێ!». شیعرێکم لە باخەڵم دەرێنا، گوتم: «لە حەبسدا ئەم شیعرەم گوتووە، زۆر بەزم و گاڵتەیە، باسی چۆنییەتی حەبسخانەیە، با بۆتان بخوێنمەوە». کاکە ڕەحمان زوو لە دەستی ڕفاندم و دەناو کوورەی هاویشت و سووتاندی. حەیفێ ئەو شیعرەشم چوو کە وێنەیەکی تەواو لە ژیانی حەبسەخانەم بوو.