چەند کورتە باسێک

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  1113 مشاهده

جا با لێرە وچانێک بدەین و چەند کورتەباسێک بکەینە شەوچەرە:

لە سەرەتای کۆمەڵەوە تا بڕانەوەی، هێمن و من بەناوی دوو شاعیری میللی، گوێ بە گوێوە و زۆر برایانە و هەمیشە پێکەوە شاعیری هەموو مناسەباتی خۆش بووین. لەکوێ جێژنی نیشتمانی گیرابا، یاد و بیرەوەری پیرۆز کرابا، ئێمە دەبوو شیعر ئامادە کەین و بیخوێنینەوە. ئەوەندەش لێک نزیک بووین کە زۆر کەس ناوی هەر کامێکیان نابووین: «هەژار - هێمن». لە مناسبەی هەوەڵ ئاڵا هەڵکردنی جمهوورییەت لە سابڵاغ، لە ئاڵا بردنە بۆکان و زۆر جێگەی تر، وێڕای شاعیرانی تر شیعرمان دەخوێندەوە. پێکەوە دەژیاین و لە برا لێک نزیکتر بووین.

لە سەرەتای کۆمەڵی «ژێ-ک»، چاپخانەیەکی دەستی چکۆڵەی هەرزانمان کڕیبوو. ڕووسان بە ناوی یارمەتی فەرهەنگی، چاپخانەیەکی گەورەیان داینێ کە ڕۆژنامەی پێ چاپ بکەین و بۆ هەر کارێ دەکاری بێنین. چاپخانە چکۆڵەکە درا بە بۆکان. دەگەڵ «کاک حەسەنی قزڵجی» چەند نەشرە و نووسراومان پێ چاپ کرد و گۆڤاری هەڵاڵەمان دەرخست. هەوەڵ ژمارەمان بۆ پێشەوا برد. تۆنێک کاغەزی خەڵات کردین. کە هاتیشمەوە سابڵاغ قزڵجی دەگەڵ کۆنە مامۆستاکەم «سەید محەممەدی حەمیدی» کە سەرنووسەری ڕۆژنامە بوو، هاوکاری دەکرد. هەڵاڵە چوار ژمارەی دەرچوو.

ناوی مەشایخی نەخشەبەندیم بە شیعر هۆنیبۆوە، لە بۆکان چاپمان کرد. هەزار نوسخەی بە دوو سێ ڕۆژ فرۆشرا؛ لام وابوو شیعرەکانیان پەسند کردووە. دوایی دەرکەوت وەک نوشتە کڕیویانە و دەبەرگیان گرتووە و بە کڵاویانەوە درووە!

شەوانە لە بۆکان لەبن دیواری قاوەخانەیەک، بەرانبەر بە حەوز، دەگەڵ «قازی کاکە حەمە»، «حەسەن قزڵجی»، «مەلا ئەمجەدی قەڵایە»، «مەلا عەوڵا حەساری» تا نیوەشەو مەجلیسمان دەگرت کە زۆر یادگارێکی خۆشە و لەبیر ناکرێ. لە تەرەغە زۆرم حافز خۆش دەویستن؛ نەمدەهێشت بچنە مزگەوت و دەمهێنانە ماڵە خۆم. چونکە چاویان نییە، شەرمە حزووری نایانگرێ؛ گەڕیدەش زۆر قسەی خۆش فێر دەبن. لە بۆکانیش هەرچەند دەوڵەمەند ببووم، نەمتوانی ببمە هەواڵی پووڵدران. خۆشیم بە حوجرەی فەقێ و حافزان دەهات. شەوی وا بوو دە و دوازدە حافزم لەخۆم کۆ دەکردەوە. خوشکم دەیگوت: «لەوەتا سازی، بوویەتە چاوساغی حافزان!». جگە لە قسە خۆشەکانیان، حافز دەچوونە هەر دێیەک، ملیان لە تاریفم دەنا و زۆر کەس دوور بە دوور خۆشیان دەویستم.