مەعمووریەت لە «ژێ-کاف»دا

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 13 دقیقه  1635 مشاهده

مانگی جۆزەردان بوو، دروێنەی جۆ لە دەوری بۆکان دەستی پێکردبوو، حیزب ناردی چوومە سابڵاغ، دەگەڵ میرزا قاسمی قادری و زەبیحی کە دەبووینە سێ کەس گوتیان دەبێ بچنە (دزەی مەرگەوەڕ) دەگەڵ نوێنەرانی حیزبی هیوای کوردستانی عێراق گفتوگۆ بکەن و هەر قەرارێک ئێوە بیدەن ئێمە پێی ڕازین. بە سواری ترومبێل بەرەو ورمێ کەوتینە ڕێ کە لەوێوە فایتون هەیە و دەمانباتە مەرگەوەڕ. گەیشتینە گوندی (باڵانیش)، شەڕ و هەرایەک بوو سەگ ساحیبی خۆی نەدەناسی. زێڕۆئاغای هەرکی و دەوڵەت شەڕیان بوو. پۆستی ئەمنیە سووتابوو، هەشت کەلاک درێژ کرابوو. هەر وا کورد بوون لە ورمێوە هەڵاتبوون و دەهاتن. بە پەلە ترومبیلمان بەجێهێشت و بەرەو چیا ڕەوین. چووینە گوندی (کوکێ) کە ماڵە زێڕۆی لێ بوو؛ ویستمان میوانی بین. کابرایەکی گەرمیانی کە کۆنە ئاشنای زەبیحی بوو لە دەرگا گێڕاینەوە. گوتی: زێڕۆ دوژمنی شێخ عەبدوڵڵای دزەیە. لەوانەیە ڕووتتان بکا، چونکە دەچنە ماڵی ئەو. لەوێش بێدەنگ خۆمان ڕزگار کرد و چووینە گوندی (قاسملوو) لە دۆڵی قاسملوو لە بن چیای دمدم، کە ئێستاش شوێنەواری خانی لەپ زێڕینی لێ دیارە. شەو لە ماڵی مستەفاغا ناو میوان بووین. کابرا دەیەویست ڕووتمان کا، بەڵام کە زانی دەمانچەمان پێیە وازی هێنا. بەیان وڵاغمان لە سۆفی شێرە ناوێک بە کرێ گرت و چووینە دۆڵی دزە. بۆ نیوەڕۆ لای عەبدولقادری کوڕی شێخ عەبدوڵڵا لە (گردوان) بووین و ئێوارە چووینە ڕەشماڵی ماڵی شێخ لە دزە.

نوێنەرانی هیوا: «شێخ عوبەیدیللای زینوێ»، «سەید عەزیزی شەمزینی» کە ئەفسەرێکی عێراق بوو، «سەعیدی کانی مارانی» ناوێکیش کە تازەلاوێک و خوارزای شێخ عوبەیدیللا بوو-دەگەڵیان هاتبوو. چەندین کۆبوونەوەمان پێکەوە کرد و لەسەر دوازدە نوختە پێک هاتین کە هەردووک حیزب پێکەوە هاوکاری بکەن و مەعلوومات پێک بگۆڕنەوە. جا چونکە لەو شوێنەی کە پێک هاتین بناری (داڵانپەڕ) و لایەکی شەمزینان و ئەم لایەی ئێران بوو؛ ناومان ناک «پەیمانی سێ سنوور». بڕیار درا هەردووکمان بێ خۆگرتن هەر کەسە لای خۆی بەیانەکە بڵاو کاتەوە. دوای حەوت شەو لە دزە بە ڕێگەی شنۆدا گەڕاینەوە. لە شنۆوە بە پێ هاتینە نەغەدە و لە نەغەدەوە بە سواری ترومبیلێکی سینماییی ئینگلیسیان کە دەهاتە سابڵاغ هاتینەوە. ئێمە دەستبەجێ نوسخە بەیانی خۆمان لە نیشتماندا چاپ کرد. هێشتا بڵاومان نەکردبۆوە، خەبەریان داینێ کە حیزبی هیوا بەو پێکهاتنە ڕازی نەبووە و چاپی مەکەن. ڕووپەڕە چاپکراوەکەی پێکهاتنەکەمان لە گۆڤارەکە دڕی.

خۆش ئەوە بوو کە لە بەندێک لە پێکهاتنەکەدا دەڵێ: «ئەگەر ئینگلیس لە عێراق بەشێ بدەن بە کورد، نابێ کوردی دەرەرەی عێراق هەڵاوێرێ، چونکە کوردستان یەکپارچەیە. با بڵێن ئێمە بەشی کورد بە هەق دەزانین و بەپێی توانا یاریدەی هەموو کوردیک دەدەین. کە دێمەش دەگەڵ ڕووسان هەر ئەو حولە دەدەین و موکریان لە کوردی تورکیان و عێراق و بە جیا نازانین».

حیزبی هیوا کە بە سەرۆکایەتیی مامۆستا ڕەفیق حیلمی بوو، لە مەسلەحەتی نەزانیبوو کە هیچ ناوێک لە ڕووس و کوردی ئێران و تورکیە هەبێ.

باسی ئەو ڕێککەوتننامە مێژوویییە تا ئێستا لە زۆر چاپەمەنیی ناوخۆیی و لاوەکیدا کراوە؛ بەڵام سەیر لەوەدایە کە ناوی «هەژار» لە هەموواندا فڕێ دراوە و نووسیویانە: «زەبیحی» و «میرزا قاسم» لە ئێران و «شێخ عوبەیدیللا» و «سەید عەزیز» لە عێراق و «قازی خدر» (یان قازی مەلا خالید، جاری واش هەیە گوتوویانە قازی عەبدولوەهاب) لە لایەن کوردی تورکیاوە ئەم پەیمانی سێ سنوورەیان پەسند کرد. هومێدەوارم ئەم گۆڕانی ڕاستییە لە ڕووی هیچ غەرەزێکەوە نەبووبێ و هەڵەیەک بێ لە دڵپاکییەوە ڕوویدابێ.

لە بۆکان دەگەڵ هەواڵانی «ژێ-ک» کە نامەخوا زۆر ببوون، هاوکاریم دەکرد و بە بەریشەوە کاسبیی گەنم و تووتنفرۆشیم دەکاردا بوو.

زۆر کەس لایان وایە کە حیزبی «ژێ-ک» ڕووسان دروستیان کردووە، کە خوا هەڵناگرێ ڕاستی بۆ نەچوون. کاتێ کە حیزب بۆ هەووەڵ جار لە سابڵاغ دامەزرا، ڕووس هیچ ئاگایان لێ نەبوو. دەمانەویست کە بە ڕەسمی بمانناسن و یارمەتیمان بکەن، بەڵام هەرچی کۆششمان کرد جوابیان نەداینەوە. لە ئاخریدا کە دیتیان هێزوپێزێکمان پێکەوە ناوە، ئەوانیش لەشکری زۆریان لە وڵاتەکەدا بوو، نەیاندەویست وڵاتەکە ئەمین نەبێ و نەوەکا ئینگلیس بەهرەمان لێ وەرگرێ، گوتیان حیزبەکەتان ڕەوایە و ئێمە مانعتان نابین و ئێوەش لە نووسراوەی خۆتاندا هەواڵەتیی ئێمە بکەن. «کوێرە چت دەوێ؟ دوو چاوی ساغ».

کورد لە هەموو شوێنان، زۆر ئازاپەرست و ئازا خۆشەویستە. کاتێ کە هیتلەر لەسەر بوو، دەگەڵ ڕووسیا شەڕی دەکرد، هەموو کەس چەپڵەی بۆ لێدەدا و تاریفیان دەکرد کە ئازایە و ڕووس خوێڕین، ئەگەرچی هیتلەر یاریدەی دەوڵەتی ئێرانیشی دەکرد و دەوڵەتی ئێرانیش لەبەر چاومان لە شەیتان خوێنتاڵتر و دزێوتر بوو. لەبەر ئەوەش کە لە شەڕی یەکەمدا کوردی موکریان یاریدەی دەوڵەتی تورکی موسوڵمانیان کردبوو، ڕووس زۆری کوشتبوون و زۆری بە یەخسیر بردبوو. تەنانەت چل و هەشت سەعات قەتڵوعامی شاری سابڵاغیان کردبوو، عورووسی کافر زۆر ناخۆشەویست بوو، بەڵام کە ئەمجار لە حوکمی کۆمۆنیستیدا هاتبوونە ئێران، بیری خەڵکیان گۆڕی. بەر لە هەر شت چوونە هەر شارێک دەرکی زیندانیان کردەوە و زیندانی سیاسی و ئاسایییان هەموو بەرەڵا کردن. مەلایەکی شکاک دەیگوت: «ئەز حەفسێدا بووم. م دی ڕۆژەک مەلائیکەتەکە سۆری چاڤ شین دەری ڤەکر و گۆت: ئیدی سودا. ئەم هەمی قوتار بوون».

چەکداری ڕووس زوڵمیان لە کەس نەدەکرد، هەموو کەس خۆشی دەویستن. خۆ نەخوازا ئێمەی نیشتمانپەرست کە ڕووسمان بە فریشتەی ئازادیی کوردستان دەزانی، بە قەد گلێنەی چاوی خۆمان ڕێزمان لێ دەگرتن. لە خوامان دەویست ئێمەش بکەوینە بەر قانوونی ئەوانەوە. ڕاستت دەوێ ناوی کۆمۆنیستمان نەدەزانی، پێمان دەگوتن باڵشەویک. وا تێگەیبووین کە وڵاتی ڕووس هەمووی زۆر ئاوەدانە، لە هەر گەڕەکە ماڵەی، لە مەنجەڵێکدا چێشت لێ دەنێن؛ هەموو کەس قاپی خۆی دەبا و لەو چێشتە بۆی تێ دەکەن. ئیتر کەس لە هیچ بارێکدا جیاوازی نییە. هەموو کارێکیش بە دەست پیاوێکە، ناوی ستالینە. نازانم خەڵکی تر چەندەیان لەم بارەوە دەزانی، بەڵام لەو کاتەدا نەمدی کەس لەمە پتری لێ بزانێ و زۆریش بەوە ڕازی و ئاواتەخواز بووین و لامان وابوو هەر ئەوان ئازادمان دەکەن و دەمانکەنە دەوڵەت. جا ئەوەندی لە توانادا بوو، بە پەخشان و شیعر بە ڕووس و باڵشەویکیمان هەڵدەگوت. بەزم بەزمی من و هێمن بوو کە سەر و بنی قسەمان سڵاوەت لە دیداری ستالین و دوعای بەخێر بۆ سەرکەوتنی ڕووسان بوو.

ئەو دەمانە کە لە تەرەغە بووم و تازە دەوڵەت تێک چووبوو، لەشکرێکی دەهەزار کەسی بە سەرکردایەتیی «سەرهەنگ پزشکیان» ناوێک لە سەردەشت هەر ما و حوکمی خۆی دەکرد. گوتیان وا عەشایری کورد دەچنە جەستەیان. زۆرم حەول دا کە چەند هەواڵێکم دەگەڵ بێ بەڵکوو لەو تاڵانە تفەنگمان دەس کەوێ، کەس نەهات. تەنانەت بە گاڵتە دەمگوت: ئەگەر هیچیشمان دەس نەکەوێ، خۆ تووشی پیاوی وا دەبین ڕووتمان کا، با بێکار دانەنیشین! ئەو سەفەرەم بە نسیب نەبوو.

عەبدولکەریم کوڕە گەورەی شێخ محەممەدی خانەقا خەبەری بۆ ناردبووم کە بەرەو خەلیفانی مەنگوڕان بچێ منیش دەیگەمێ، سەرەخۆشی لە ماڵی عەلی خان دەکەم. وا دیار بوو کەسی لە من باشتر دەست نەدەکەوت کە ڕاوێژکاری سیاسی بم. لە ڕێگەدا کە تەنیا بووم تووشی دەستە سوارێک هاتم. ڕێگەمان لێکی دەدایەوە. سوارێک تاق بۆوە و بەرەو من هات. گورجێ دابەزیم و تفەنگم هێنایە سەرپێ و گوتم: مەیە پێش دەتکوژم! گوتی: «بابە نەهاتوومە شەڕ، ئەوا من لە خزمەت سەیید کامیلی کوڕی سەیدی زەنبیلدام و دەچینە خەلیفان». لەو ڕۆژەوە دەگەڵ سەیید کامیل بوومە ئاشنا و چەند ساڵان زۆر دۆستی نزیک بووین.

عەبدولکەریم و سەیید کامیل هەردووک ڕاسپێرابوون کە مەنگوڕان ساز کەن بچنە یاریدەی حەمەڕەشید خان لە سەقز. عەلی خان و مەنگوڕ نەهاتن. دەگەڕانەوەدا عەبدولکەریم سەری لە (قالوێ) دا و سەیید کامیلیش هەر هاتە ئەوێ. من دەستم لە عەبدولکەریم بەردا و دەگەڵ سەیید کامیل چوومە سەقز؛ کە بابەشێخی مامی سەیید کامیل هەمەکارەی حەمەڕەشید خان و لە سەقز بوو.

حەمەڕەشید خانی بانەیی-کە ئاغای وێنە و دارۆخانی بەشی کوردستانی عێراق بوو عەشیرەتی بانەیی دوای خۆی دابوو؛ بانە و سەردەشتی لە دەست عەجەم دەرهێنابوو. پاش زۆر شەڕی پاڵەوانانە و بەناوبانگ، بە یارمەتیی بەگزادەی فەیزوڵڵابەگی سەقزیشی گرتبوو، چەکوچۆڵی زۆری لە دەوڵەت ساندبوو. بەیتی شەڕی حەمەڕەشید خان، گوند بە گوند و ماڵ بە ماڵ دەگەڕا.

میوان لە ماڵان دامەزران. سەیید کامیل و دەست و پێوەندی کە منیش یەکێک لەوان بووم لە ماڵی حاجی عەلیئەکبەر ناوێک دامەزراین. نان و خوان و خەو لە سەر حاجی. هێشتان زۆر شوکرانەبژێر بوو کە بانەییی تەشقەڵەباز نەهاتوونە ماڵی و بە نیوەشەو داوای کەبابی بازاڕی لێ ناکەن!

کاری ڕۆژانەی سەیید کامیل هەر ئەوە بوو، لادێیی هاواریان بۆ دێنا کەریان لێ ساندوون، ڕووتیان کردوون، تکای بۆ دەنووسین. خان حاشای دەکرد و دەیخستە ملی پیاوی سەلیم خانی کێورۆ؛ سەلیم خان دەیخستە ملی پیاوی خان.

لە دەرگای ژوورەکەمانم نووسیبوو:

کەر دزینی سەقزییەکان بە مەسال
هەر بینا دیت ببێتە ئیستقلال!
بێنە شکوا، لێیان بکەن حاشا
زوو مووەفەق دەبێ ڕەشید پاشا

بانەییی دەیانخوێندەوە و پێدەکەنین.

دوو مانگێک لە سەقز مامەوە. زاراوەی سەقزیان وا فێر بووم فەرقم پێ نەدەکرا. لەو ماوەیەدا خان هێرشی بردە سەر هێزی عەجەم لە (دیواندەرە) عەشایری دەوروبەری سەقز و ئەحمەداغای حاجی بایزاغاشی دەگەڵ بوون. عەشیرەتی گەڵباخی ببوونە پیاوی دەوڵەت. لەو شەڕەدا لەشکری خان زۆر پیس شکا و چەند کوژڕاو و ئەسیری دا. ئەویش دوو ئاغای گەڵباخی بە دیل گرتبوو؛ لە سەقز کوشتنی. «نافیع مەزهەر»ی شاعیر قەسیدەیەکی بەو هۆیە گوتبوو کە زۆر قەسیدەیەکی چاک بوو. چەند بەیتێک نەبێ لەبیرم نەماوە. دەربارەی کوردە خاینەکانەوە دەڵێ:

دزی خانەگی واجبە کوشتنت
لەبۆ عیبرەتی غەیرە، خوێن ڕشتنت

یان دەڵێ:

چ خۆشە کە یەک سانیە بیتە شێر
نەوەک دوو هەزار ساڵە بتنێنە ژێر
چ شیرینە شاعیر کە ئەنجامی کار
لەسەر پاسی ئەم قەومە بتدەن لە دار

تفەنگەکەم پێنج تیریکی زۆر خراپ بوو. زۆڕ بەئاوات بووم تفەنگی بڕنۆم هەبێ، بەڵام دەست نەدەڕۆیی بیکڕم. شیعرێکم بۆ حەمەڕەشید خان نووسی، گوتم جایزە تفەنگەم دەداتێ، بەڵام کەس هەر نەیخوێندەوە.

لەو ماوەیەدا سەیید کامیل ڕۆیشت کە سەری ماڵ بداتەوە لە (گەردیگلان) و من بەتەمای هاتنەوەی لە سەقز مامەوە، بەڵام کە ئەو زۆری پێچوو نەهاتەوە. لە ماڵەکە گوێستمەوە بۆ خانێکی کەران. شەوێ دەگەڵ کابرایەک قەرارمان دا کە پێکەوە بڕۆینەوە وڵات. ئێوارە سێبەر شۆڕ ببوون بە شار دەرچووین. کابرا سێ خزمی خۆی دەگەڵ بوو. زوو تێگەیشتم کە تووشی بەڵایەک دەبم و ئەوانە کاریان دزی و خەڵک ڕووتکردنە. زۆر بە خۆپارێزی لە دواوە دەڕۆیشتم و تفەنگم لە سەر پێ و ئامادەی ڕووداو بووم. نوێژی شەوانێکی درەنگ لە دەوری گوندی قارەوای سەقز هێندێک ڕەشەولاغ و کەری بە جلەوە دەلەوەڕان. هاوڕێکەم دەگەڵ خزمەکانی درگای کۆنە قاوەخانەیەکیان لە سەر کەرەکاندا بەست و گوێلک و پانێرەکانیان پێش خۆ دا و دزییان. زۆر دوور نەکەوتبووین، خەڵکی دێ کەوتنە شوێنمان و چەند تفەنگیان هاویشت. من کە دەمەویست لە چنگ ئەو پیاوخراپانە ڕزگار بم، گوتم ئێوە بڕۆن من لێرە پێش بە هاوارچییانە دەگرم. ئەوسا ڕۆیشتن و منیان بەجێهێشت. هاوارچییەکان دوای چەند گوللە تەقاندن گەڕانەوە. ئەوسا سوار بووم و بێ ڕێگە ملم لێنا. تووشی جۆگە ئاوێکی زل بووم، ویستم باز دەم، هەیم لە ماینەکەم کرد بازی دا، بەڵام تەنگەی زین پسا و کەوتمە ناوەڕاستی قوڕ و لیتەی جۆگە. هەر چۆنێک بوو هاتمە دەر و چرایەکم لە دوور بەدی کرد و هاوارم کرد. دیار بوو خەڵکی دی دەترسان. ئاخری دوو کەس بە تفەنگەوە هاتن. کە زانیان جێی ترس نییم، من و زینی قوڕاوی و ماینیان ڕاکێشا و بردیانمە ماڵێک. خۆم ششتەوە. کابرا چای بۆ لێنام و حەسامەوە. کە باسی خۆم بۆ گێڕایەوە، بە لایەوە سەیر بوو. گوتی:

- ئەو هاوڕێیەت کە ناوی حەمەکەریمی مەجیدی بوو، بۆ دوو قڕان پیاوێکی کوشتووە، سەیرە تۆ نەجاتت بووە. ڕەنگە لە ترسی سەیید کامیل نەیوێرابێ بتکوژێ و ماین و تفەنگت بەرێ.

پتر لە سی ساڵ بە سەر ئەو ڕووداوەدا ڕابردبوو، ڕۆژێک چوومە خزمەت بارزانی. سۆفی عەلی ناوێک زۆر بەگەرمی ئەحواڵی دەپرسیم. بارزانی فەرمووی:  «لە کەنگێوە هەژار دەناسی؟» گوتی: «قوربان لەو ساوە کە ئەو کەری لە دەوری سەقز دەدزی!» چیرۆکەکەم بۆ بارزانی گێڕاوە؛ فەرمووی «نەمزانیبوو کەریشت دزیوە!»

کۆمەڵی «ژێ-ک» دەیەویست خەڵکی شار بترسێنێ شەو تەقەیان لە حاکمێکی ئێرانی کرد کە وەبەر نەهات؛ بەڵام لە شار هەڵات. «عیسازادە» ناوێک کە زەمانی پەهلەوی شەیتانی لە خەڵک دەکرد و زەبیحی و فاروقی بە گرتن دا و خەبەری لە من و مەلا حەمەدەمینی حەدادی دابوو، لە دەست دەوڵەت هەڵاتبووین و خۆمان شاردبۆوە بە ئەمری حیزب کتێبخانەکەی تاڵان کرا. ترس و لەرزێکی زۆر کەوتبووە ناو خەڵکی شار و لە دوژمنی نادیاری دەترسان. وردە وردە هەر دوژمن کەم دەبوون و دۆست زۆر. تا وای لێهات کە دەستەڵاتی کۆمەڵە لە شاری سابڵاغدا تەواو پەرەی سەندبوو ئەوی خۆشیشی نەدەویست لێی دەترسا.

جارێک خەبەریان دا کە دەوڵەمەندی شاری، حیزبی خۆیان لە دژی ئێمە دروست دەکەن و فڵانە شەو لە مزگەوتی سەیید نیزام کۆدەبنەوە. قەرار درا لێیان تێک دەین، بەڵام نەشدەبوو بناسرێین. حوسێنی سەرۆکمان پاش کێشە و هەرای زۆر ئەو ئەرکەی خستە سەر شانی خۆی کە وا نەکا بیناسن و لێشیان تێک دا. بە جلێکی گۆڕاو، دەم هەڵپێچراو، لە مزگەوت چووبووە ژوور و دەمانچەی دەرهێنابوو، کە:

-وا وا لێکراوینە! ڕووح بە کوێ دەبەن؟...

ئەو هەموو دەوڵەمەندە قەڵەوانە وەک جندۆکەی بیسمیللا لێکراو هەر ئەوەندەیان بۆ کرابوو کە لە پەنجەرەوە باز دەن و خۆ دەرباز کەن. پتر لە دووسەدت جووتە کەوشی زۆر باش لەوێ بەجێ مابوو.