ئاوڕێک بۆ دواوە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 5 دقیقه  1201 مشاهده

گوتم لە سەرەتای چوونە حوجرە و دەرسی گوڵستانەوە دەگەڵ زەبیحی بوومە ئاشنا. جا چونکە بابی ئەو دەگەڵ بابم هەردووک مریدی بورهان بوون و نێوانیان خۆش بوو، ئێمەش پێکەوە هۆگرمان گرتبوو. هەرچەند ئەویان بردبووە مەدرەسەی دەوڵەتی و من فەقێلەی مزگەوت بووم. بەڵام لە کاتی بەرهەڵداییدا پێکەوە دەگەڕاین. هەروا تۆزێک لە خوێندنەوە ڕاهاتین، ملمان لە کۆنەکتێبان نا و نوشتە و جادووی کۆنەکتێبان زۆری سەرنج ڕاکێشاین. چۆن مس بکەینە زێڕ، چۆن سکە لێ دەین، چۆن وا پکەین خەون بە خەزێنەوە ببینین... لە بەزمی سکەلێداندا دوو شتی سەیرم دێتە بیر: قاڵبێکی سکەلێدانمان لە کتێبێکەوە شکڵ کێشا و چووینە لای پیرەمێردێکی تەنەکەساز کە بۆمان دروست کا.

کابرا پرسی: بۆ چیتانە؟

گوتمان: بۆخۆمان گاڵتەی پێ دەکەین.

گوتی: ڕۆڵە گیان دەزانم بۆ چیتانە، وەرن مامی خۆتان بکەنە شەریک! پەنجا ساڵە حەولی لە دوو دەدەم، بۆتان دروست دەکەم و خزمەتیشتان دەکەم!

هەر وردە وردە گەرمتر دادەهات، کەوتبووە پەلە و لرفەوە، ئارەقی دەردابوو:

- مامتان بە قوربانتان، بمکەنە شەریک!

هەر هێندەمان بۆ کرا ڕاکەین و واز لە کارەکە بێنین!

جارێکی تر لە کتێبە پەڕپووتێکدا ناوی دەریچە و بۆتە و گڵەبۆتەمان بەرچاو هات کە بۆ سکە لێدان دەشێ و زێڕینگەر هەیانە. پیرە جوولەکەیەکی زێڕینگەری بۆری چڵکنمان لە گۆشەی دووکانێکی تاریکی تەریکدا پەیدا کرد. هەر گوتمان گڵەبۆتە، دەستی کرد بە پاڕانەوە، گوتی:

- ئێوە مەششاقی دەکەن، من خزمەتکارم، چیتان دەوێ بۆتان دەکەم، بمکەنە شەریک!

های بە کلکی خێوی! خۆ هێشتا نەڕێسراوە و نەپێچراوە شەققەی دێ! زۆر زوو لە چنگی ئەویش هەڵاتین و تازە نەمانوێرا باسی بکەینەوە. بۆخۆمان بە دزییەوە هەرچۆنێک بوو قاڵبێکی وەک بەرگە شەمچەمان لێکدا و پڕمان کرد لە قوڕی خۆڵەمێش و دوو قڕانییەکی زیومان تێدا جێ کردوەوە. قەڵاییمان لە سەر مقەڵی پۆلوو بە فوو -کە هەموو شەویلکمان گۆڕابوو- تواندەوە بە سەرماندا کرد. خوا بە سەرتی نەهێنێ، قەڵایی بە دوو قڕانییەوە نووسا و ئێستا و ئێستاش بەری نەدا و لە باتی قازانج زەرەرمان کرد!

بە گەورەیی بیرم لەوە دەکردەوە: باشە ئەوا ئێمە منداڵ و کاڵ بووین، ئاخر ئەو دوو پیرەمێردە بۆ دەبێ هێندە کەر بن کە لەبەر دوو منداڵۆکە بپاڕێنەوە ئەو شتەی خۆیان نایزانن فێری ئەوانی کەن؟!

دوعایەکم دەس کەوت؛ نووسرابوو: «شەوێک جەغزێک لە سەر خۆڵ بکێشە، چل جار سوورەتی «یا ایها المزمّل» لەبەر و زۆر بە ڕەوانی بخوێنە،، لە مابەینی هەر جارێک خوێندنی سوورەتدا ئەم دوعایە لەبەر بخوێنە، جندۆکە دەیانەوێ بتترسێنن، کێوێک بە مووێک هەڵواسراو لەسەر سەرت ڕادەگرن. خۆیان دەکەنە شێر، هێرشت بۆ دێنن، نەکەی بترسی. هەر یەک حەرفت لێ غەڵەت بێ واوەیلایە، دەمری و گوناحی خۆت لەسەر خۆت. ئەگەر لەو ئەزموونە سەرکەوتی و چل جارەکەت تەواو کرد، جندۆکەیەک دەبێتە نۆکەرت، هەرچی بڵێی پێکی دێنێت...».

ئای کە چەند شتی چاکە! شەرتە پێی دەڵێم کچی قاقانی چینێم بۆ بێنێ! خۆ زێڕ زیو هەر باسی ناکرێ! نەمەویست زبیحی بکەمە شەریک، پێم نەگوت. چەند ڕۆژان سوورەت و دوعام وەک ئاو لەبەر کرد. شەو لە پاش ماڵنووستنان بە دزییەوە چوومە وەتاغێکی لای درگامان کە ژووری میوانان بوو. بەڕە و حەسیرم لابرد، جەغزم کێشا و بەرەو قیبلە ملم نا لە ورتە ورت. خوێندن لە بیست جار تێپەڕی و دەنگی پێ هات. چاوم کە چووقاندبوو هەڵمنەهێنا و گوتم با جندۆکە بێن منەتیان نەبێ، من ناترسم. تەقەی پێ نزیکەوە بوو، دەنگی کوتانی گۆچانیش دەهات. گوێم لە هەناسەیەک بوو. نەخێر بخوێنەوە و ڕامەوەستە. لەپڕ زۆر بەقەو گۆچانێکم وەپشت مل کەوت و جنێوی بابمی بەدوو دا:

- مەلعوون ئەوە خەریکی سیحری؟!

هەر لە پەنجەرەوە خۆم هاویشت و هەڵێ ئەمما هەڵێ! بابم لە دەرگای حەوشەوە بانگی کرد:

- جارێکی تر نەتبینمەوە!

بە هەزار گریان و پاڕانەوە ڕاگیرامەوە و ئیتر وازم لە جندۆکە و کچی قاقانی چینیش هێنا!

کورتی ببڕمەوە: پەڕە شڕەیەکم دەدیت و شتێکی لەم بابەتی سیحر و جادوانە تێدابوو، لام وابوو ڕاستە. بەڵام خاوەنەکانیان ئەوەندە بە سەگییەتی نووسیبوویان کە مەپرسە: «مێشکی مێشوولە و هێلکەی مێروولە تێکەڵ کە و چاوتی پێ بڕێژە، جندۆکە دەبینی»؛ «کیسەڵ دە خوێنی پەپووسیمانەدا بکوڵێنە، ئێسکێک سەر ئاو دەکەوێ، ودمی هەیە و بەختەوەر دەبی».

لە خانەقا حاجی عەبدوڵڵای کوڕی گەورەی شێخی بورهان بە پیری وەک منی منداڵ بیری دەکردەوە. بڕیاری دابوو ئەگەر لە سایەی نوشتەوە خەزێنە پەیدا کا، بەشم بدا. ڕۆژ نەبوو بۆ پەیداکردنی شتی لە عەقڵ بەدوور نەمخاتە بێگارەوە، تەواو وەرەزی کردبووم. ڕۆژێک گوتی:

- بچۆ پێستی لەبەر تاو سپی بووی کیسەڵ مردووم بۆ پەیدا کە، ئاوی هەندەباشم بۆ بێنە دوعای لێ دەنووسم، دە ملی کەڵەبابێکی ڕەنگ شینی بێ خاڵی دەکەم و ڕۆژی جومعە بەری دەدەم، لەکوێ نیشتەوە خەزێنەی تێدایە.

گوتم: هەندەبا چییە؟

گوتی: پێم وایە ترۆزییە!

گوتم: قوربان، ئەگەر سیحرەکە بە کیری کەر لە پشتی کیسەڵی بنووسی باشترە!

ئیتر خۆی لێ تووڕە کردم و لە خەزێنەش بێبەش کرام، کە ئەویش هەر وەک من دەم لە پووش ما.

دەگەڵ زەبیحی دووبەدوو زمانێکمان دروست کردبوو کە تێک دەگەیشتین و کەس تێمان نەدەگەیشت. ڕۆژێک کە بەو زمانە قسەمان دەکرد، کابرایەک گوێی لێ بوو، ڕووی کردە کابرایەکی دی و گوتی:

-ئاخر بۆچی ئاخر زەمان نییە؟ ئەو سەگبابانە بە زمانی جوولەکان قسە دەکەن، دە بڵێ لە کوێی فێر بوون؟!