قازی محەممەد

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  1355 مشاهده

ماڵە قازیان زۆر لەمێژەوە قازی و دەستەڵاتداری شار و بەناوبانگ بوون. قازی فەتاحێکیان هەبوو کە لە ئازایەتی و بەجەرگیدا ناوبانگی دەر کردووە و لە شەڕی عرووسان کوژراوە. قازی عەلیش کە قازی سابڵاغ بووە لە پیاوە هەرە بەڕێزەکانی وڵات ژمێراوە. دوو کوڕی لە پاش بەجی ماوە: «میرزا محەممەد» کە پیاوێکی زۆر خوێندەوار بووە و لە زەمانی باوکیدا چەندین ئەرکی بێ حقووقی وەک مدیر مەعارف و سەرپەرشتی شێروخورشیدی سووری گرتۆتە ئەستۆ و زۆر خۆشەویستی خەڵکی وڵات بووە و لە پاش باوکی کراوەتە قازی سابڵاغ. دووهەمیان «میرزا قاسم» کە بە «سەدرولئیسلام» ناو براوە و لە دەسگیرۆیی داماوان و تکا بۆ زیندانیانی بێچارەدا زۆری کۆشش کردووە و بە پیاوی چاک ناسراوە و لە زەمانی کۆمەڵەدا بۆتە نایب لە تاران.

دەگەڵ تێکچوونی دەسەڵاتی دەوڵەت لە موکریان، قازی بۆ پاراستنی شار لە تاڵان و بڕۆی عەشایری دەوروبەر، خەڵکی سابڵاغی سازدابوو کە تفەنگ بکڕن و شەوانە کێشکی شار بگرن. زۆر جاریش ڕۆژانە کۆی دەکردنەوە و ئامۆژگاری دەرکردن. دەسەڵاتی سابڵاغی تەواو لە دەستابوو. پێمان خۆش بوو قازی ببێتە هاوکارمان، بەڵام ئەو ئێمەی بە هێچ نەدەزانی و بە لایەوە کەمایەسی بوو دەگەڵ چەند ڕەش و ڕووتێکی بێناو و نیشان زرمە زلیتانێ بکا.

ئێمەش هەستمان دەکرد کە عەشایر و خەڵکی دیکەی سەرناس چەتوونە هەتا نەزانن سەرۆکمان پیاوێکی زل و شیاوی حورمەت گرتنە بێنەگەڵمان و هیچ کەسی پایەبەرز بە حوسێن ڕازی نەدەبوو. بەڵام قازی چۆن چار بکەین؟ ڕامان دەسپارد ئەندامان و لاگرانمان کە لە کۆبوونەوە بۆ وتاری قازی بتەکنەوە. تا وای لێهات کە قازی خۆی هەستی بەوە کردبوو حیزب بەهێزە و گاڵتەی پێ ناکرێ. ئەوسا داوامان لێکرد کە بێتە حیزبەوە. قبووڵی کرد و زۆر زوو بڕیار درا قازی سەرۆکی کۆمەڵە بێ. ئیتر زۆر ئاغا و پیاوماقووڵان کە پچووکی قازییان پێ شەرم نەبوو هاتنە یاریمان و هاتنە ناو حیزبەوە. قازی کە ماڵەکەی قۆناغی میوانانی ڕووس بوو، توانی نێوانی حیزب و ڕووسان خۆشتر کا و دەمانتوانی بە ڕاشکاویتر کار بکەین. دەوڵەتی ئێران کە لە موکریان پاشەکشەی پێ کرابوو، ئیدارەی موکریانی لە میاندواو دانابوو، بە هەموو توانا حەولی دەدا ئاغایانی وڵات لە خۆی دڵخۆش بکا. شەکر و قەندی زۆری دەدانێ، پلەی حاکمەتی شاری بە عەشیرەتان دەسپارد. دوژمنی سەرسەختی ئەو ڕۆژگارەمان «قەرەنیاغای مامەش» و «عەلیاغای ئێلخانی» بوون. قەرەنیاغا زەبیحی گرت و هەڕەشەی کوشتنی لێ کرد. ڕووس بەریان دا و هەڕەشەیان لە قەرەنیاغا کرد.