بەرەو بەغدا

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  930 مشاهده

زۆر کەس بە دایمی هاتووچۆی ماڵی شێخیان دەکرد. لەوانە دوو لاوی برا و زۆر نۆجوان و جوانچاک بوون کە شێخ زۆری خۆشدەویستن و بە گفتی سەعدی: «سەر و سڕێکی» دەگەڵیان هەبوو. زۆر شتی تری پشتی پەردەشمان دەبیستەوە کە باسیان شیاوی گێڕانەوە نییە...

قزڵجی و من هەردووکمان لەو ژیانە پەنابەرییە وەڕەز ببووین؛ بڕیارم دا دوایی پێ بێنم. شێخ گوتی: «مەڕۆ، من دوو گوندت تەسلیم دەکەم، بەسەریان ڕابگە».

- یا شێخ تۆ دەفەرمووی من دزی بکەم؟ بۆیە نەگەیومە ئێرە. دەچمە بەغدا و کار دەکەم.

نامەیەکی بۆ عەلی کەماڵ بەگ نووسی کە ملیۆنیرێک بوو. نووسی کارم بداتێ. قزڵجیش بەو هەوایە کە مام و ئامۆزای لە بەغدان، ملی دا و چووینە بەغدا. لە پێنج سەد تمەنەکە (کە دینار دوازدە تمەن بوو) شازدە دینارم مابوو. قزڵجیش بیست دینارێکی هەبوو. عارەبیمان نەدەزانی؛ بەڵام لە ترسان چووینە ئوتێلێک کە هیچ کوردی لێ نەبێ. شەو دەمانەویست شێو بخۆین، کابرای خاوەن ئوتێل کە خۆی جەرگی برژاوی دەخوارد حاڵی کردین کە ئێمەش وەک ئەو بکەین. جەرگیان بۆ هێناین. پاش تاوێک منداڵێکی چڵکنی بۆرەلووکە، دەتگوت مشکی چەورە و دە خاکە ڕەژیدا گەوزاوە، هات گوتی: «کوا قاپەکان؟»

- قاپی کێ؟ (خاوەن ئوتێل پرسی)

- قاپی ئێرانییەکان!

وشەی «ئێرانی» لە قزڵجی بوو بە عیزرایل:

- ئەوە جاسووسە و بە گرتمان دەدا!

- کاکە! هەرکەس عەرەب نەبێ بە ئێرانی ناوی دەبەم ئەم هەتیوە پیسە چوزانێ جاسووس ماسووس چییە؟!

هەرچی کردی دەگەڵی نەڕۆیشتم کە جێگە بگۆڕین و ئەو شەوە خەوی لێ نەکەوت.

لە زەمانی ڕەزاخاندا کە چەند هاودڵێکی کورد بووین و دڵی خۆمان دەداوە، باس باسی عەلی کەماڵ بوو کە دەمانبیست شەوانە سەر لە ئوتێلی بەغدا دەدا، هەر کوردێکی دەس کەوێ یاریدەی دەدا و هێندە هێندە کوردپەروەرە. بە دڵی خۆشەوە نامەی شێخمان هەڵگرت و دەفتەری کەماڵ بەگ بگرە و هاتم. زەلامێکی چاو هەڵپزاوی سوورە زرتە بوو. نامەی وەرگرت؛ بەر لەوە بیخوێنێتەوە بە تاڵییەوە گوتی:

- دەستم لێ هەڵناگرن، بابە من پووڵم لەکوێ بوو بیدەم بەو خەڵکە؟ بۆ ناڕۆنەوە سلێمانی؟!

گوتم: جەنابت نامەکەت نەخوێندۆتەوە؛ ئێمە سواڵکەر نین. نووسراوە کارمان پێ بسپێری.

خوێندییەوە، گوتی: ناوێرم کارتان بدەمێ؛ ئێوە خەتەرن. بۆخۆتان کار پەیدا کەن، من دەتوانم سێ دینارتان بدەمێ!

- جەناب سێ دیناریش مەدە و خوداحافیز...

بەڵام نابێ جوانان بشکێنین: عەلی کەماڵ کۆنە ئەفسەری عوسمانی، مودیری ئەمنییەتی عێراق بووە، دەستی کردووە بە تیجارەت، بۆتە ملیۆنێر. زۆری یاریدەی حیزب و کۆمەڵانی ئازیدیخوازی کورد کردووە. پووڵی بۆ شۆڕشی مەلا مستەفا ناردووە و زۆر دۆستی بووە. لە هەموو دەورانی پەرلەمانی عێراقدا وەکیلی سلێمانی بووە. موڵکی زۆری لە دەوری شاری (کووت) دەبەر دەستا بوو. هەموو ساڵێک منداڵی فەقیری سلێمانی بە جلک و کاغەز و قەڵەمی عەلی کەماڵ خوێندوویانە. منداڵی فەقیری شاری کووتیش، ئەگەرچی کورد نەبوون هەروەتر. ئەمما هەولێر و کۆ و کەرکووک و شارەکانی کوردنشینی عێراق لەو خێراتە بێبەش بوون. پیاوێک بوو دەیزانی دەوڵەمەند دەبێ چ بکا و عەرەب گوتەنی: «لە کوێوە شان دەخورێ». لە سلێمانی هەڵیدەبژێرن؛ لە کووت لە کێشەی موڵکدا یاریدەی دەدەن و قازانجی دوو سەرەیە. مانگی دە دیناری داوە گۆڤاری «گەلاوێژ» بەو شەرتەی هەموو ژمارەیەک شتێکی دەربارەی پیاوەتی عەلی کەماڵ تێدابێ. بەڵام دوو ڕووتەی لێقەوماوی بەرماوی شۆڕشی فەوتاوی قازی محەممەد و بارزانی، وەک قزڵجی و من، هەرچی دەگەڵیان بکرێ بەفیڕۆ دەڕوا و هەرگیز خێر ناداتەوە. بەڵام دیسان ئیدارە تەبلیغاتەکەی بڵاویان کردبۆوە کە دوو کوردی ئێرانی لێقەوماو هاتنە لای کەماڵ بەگ؛

بڕیاری دا هەر مانگێ یەکی پێنج دیناریان بداتێ، پیاوەتی ئاوا دەبێ!!