بەدووی کارێکدا

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 6 دقیقه  1010 مشاهده

پەنامان بە مام و ئامۆزای قزڵجی برد. ئامۆزاکەی جەمەنانێکی داینێ؛ مامیشی نسحەتی کردین ببینە واکسی لە بەغدا و ئیتر نەماندیتنەوە. با بۆخۆمان حەولی کار بدەین. ئوتێل دەری نەدەهێنا بەجێمان هێشت. کۆنە خانێک هەبوو بە ناوی (منزل السرور)چەند وەتاغێکی شڕ و شەوێفی تێدابوو؛ وەتاغێکمان مانگی بە دینارێک گرت. دوو تەختی هەرزانی نووستن، مەنجەڵێکی ئەڵمونیۆم، دوو قاپ و کەوچکێک، کەتری و چادان و ئیستیکان، تاوەیەکی قوڕکێشی بۆ جل شوتنمان کڕی؛ دامەزراین. وەتاغەکنی تەنیشتمان هەر یەکەی یەکی لە ئێمە بەدبەختتری تێدابوو. من کەرستەم لە بازاڕ دەکڕی و قزڵجی ئاشپەز و چاپەز بوو. سەر و حەسیر و پەتووشمان هەبوو. بە قەولی قزڵجی «سیرمان دەخوارد و زوڕنامان لێ دەدا». چێشتی هەرە خۆمان یارەڵماسی و پیوازاو بوو.

هەر لە بەیانییەوە تا نیوەڕۆ، لە پاش نیوەڕۆ تا ئێوارێ، سەر لە بەری جادە و بازاڕم دەپێوا؛ بە بەر هەموو دووکانانەوە ڕاوەدەستام؛ بە ملکەچییەوە دەمپرسی: «شوغڵ ماکو؟»(کارت نییە؟)، بۆ کابرایەکی کەس نەناسی زمان نەزان کار کوا؟ بە ناهومێدی دەگەڕامەوە و تێرم گلەیی لە زەمانە دەکرد و لە خەمخانەدا کزوولە کزوولە دەنووستین.

وەتاغەکەمان دیوارەکانی زۆریان قەڵش تێدابوو کە پڕ بوون لە مارمێلکەی ماڵی؛ کە بەغدایی پێیان دەڵێن: «باڵداری سولەیمان ». هاتووچۆی مارمێلکە بەدیواراندا ببووە ئاودەنگی خەمڕەوێنمان. جیرانێکی دیوار بە دیوارمان بوو بە ناوی «ساڵح ئەفەندی» پیرەمێردێکی بێکەس بوو؛ خۆی بە خودا دەزانی. ئەوەشمان بەوەدا بۆ دەرکەوت کە هەمیشە قورعانی دەخوێند؛ جار جار سەرێکی بۆ بادەدا، لیچی لێ هەڵدەقرچاند، لەبەر خۆیەوە بە بۆڵە دەیگوت: «با وابێ!»، دەمانپرسی: «ها ساڵح دەفەندی؟»، دەیگوت: «لەبیرم نییە من وام گوتبێ؛ بە غەڵەتیان نووسیوە؛ بەڵام دەسەڵات چییە؟!»

خانەکە هەر ئەو چەند وەتاغە شڕە نەبوو. شەوانە پتر لە سەد کەس پیاوی بێجێگە دەحەسارەکەیدا دەنووستن شەوی بە بیست فلس. ئاویش لە بۆشکە دەکرا و بە دەستندە دەماندرایە. دووکانێکی کابرایەکی جوولەکەی «منەشێ» ناویان نیشان دام کە خزمەتکار بۆ ماڵان دەگرێ. پەنام پێ برد. گوتی: «نە دەتناسم، نە زمان دەزانی، ئەگەر هەر بتزانیبا قاوەی تاڵیش دروس کەی شتێک بوو. کاری تۆم نییە».

بەیانییەک بە قرپ و هۆڕی پێکەنینی قزڵجی وەخەبەر هاتم:

- خێرە؟

- خەونم دیوە؛ کابرایەک لە خەوما گوتی: بۆ ناچنە مەرقەدی غەوس بۆ کار بپاڕێنەوە؟

قزڵجییەک کە بە عومری خۆی عاقیدەی بەو شتانە نەبوو، لەو ناچارییەدا تەواو دڵگەرمی خەونەکەی بوو. چووینە زیارەتی غەوس و پاڕاینەوە؛ بەهرەی نەدا. چەند ڕۆژێکی پێ چوو؛ خەونێکی دیکەی دیبوو:

- کابرایەک لە خەوما گوتی: «غەوس چ کارەیە؟ بۆ ناچییە زیارەتی ئیمام مووسا کازم؟»

ناچاری هەموو کار بە پیاو دەکا. چووینە کازمێن و داوای کارمان کرد؛ بەڵام لە گەڕانەوەدا بیست فلسی ئوتووبووسمان نەبوو. بە پیادەیی گەڕاینەوە بەغدا. ئیمامیش وەک غەوس گووی بە کڵاوی نەپێواین.

گوتیان: «حەمە سەعید کانی مارانی» لە بەغدا دەخوێنێ. ئۆخەی برادەرێکم پەیدا کرد کە لە سەفەری مەرگەوەڕ دەگەڵی بوومە ئاشنا و مانگێک لە سابڵاغ میوانم بووە. بە پرسیاران دۆزیمەوە. دیتمی گریا... قەولی دا کارمان بۆ پەیدا کا. جارێک گوتی: «ئاسنگەرێک دەناسم، تکام لێ کردووە؛ قەولی داوە بتکاتە شاگرد؛ بەڵام تا شەش مانگ هیچت ناداتێ».

- برا گیان وا بکە ڕۆژێ دوو نانی وشکم بداتێ قبووڵمە.

- نانت داتێ؟!

بۆخۆی کوڕە دەوڵەمەندێکی زۆر زل بوو؛ ئەوەندەی دەخۆ ڕانەدەدی بڵێ من دوو نانەکە دابین دەکەم. ئەو کارەشم بە نەسیب نەبوو.

زۆر لەمێژ بوو شتێکی چەورمان نەخواردبوو. شەوێک کە بە خەیاباندا دەگەڕاین، دیتمان قاشە باینجانی ڕەش سوور دەکەنەوە؛ هێندێکامان کڕی و دە کاغەزمانەوە پێچا و هاتینەوە ماڵ کە چاشی بۆ لێنێین و ئەمشەو جەژنێ بکەین. بەڵام داخەکەم باینجان تاڵێک بوو لە قوزەڵقورت تاڵتر...

قزڵجی و من دوو کراسمان دەبەردا بوو کە هەردووکیان یەخەیان لە پشتەوە زۆر شڕ ببوو. نەشماندەتوانی کراسە کۆنیش بکڕین. گوتمان با بچینە لای خەیاتێک یەخەکەمان بۆ وەرگێڕێ؛ بەڵام سەودای دەگەڵ دەکەین، نابێ لە دە فلس زیاتر بدەین. هەر خەیاتێک چووین، بێ سەودا کردن دەری دەکردین: «ئەوە کاری من نییە!». کاکە با خەیاتێکی خوێڕیلەی بێکاری برسی پەیدا کەین. بە کۆڵاناندا دەگەڕاین، عەرەبێکی عەگاڵ بەسەر لەپشت ماشێنێکی خەیاتییەوە دانیشتبوو. بە مل کزی و مینگە مینگ گوتمان:

- برا ئەو کراسانەمان بۆ وەرگێڕە.

گوتی: بدەن.

- ئاخر چەندمان لێ دەستێنی؟

- ئێوە بێنن، دوایی پێتان دەڵێم.

- نا بەخوا پووڵمان نییە. ئێستا بڵێ چەندەت دەوێ؟

- دە فلس بۆ هەر یەکیان.

- هەی ماڵت ئاوا!

یەخەی کراسی وەرگێڕا. دڕاوی لای ژوورەوەشی پینە کرد. دەبرمان کردەوە. بیست فلسمان دەرێنا. گوتی:

- هیچم ناوێ، بەو شەرتەی هەر کارێکی واتان هەبوو بێنەوە لام. من عەکسی جوانی خۆم لە ئێوەدا دیت.

- چۆن؟

لە نەجەف هاتمە بەغدا کار بکەم. دورمانی بە دەستم دەزانی، یەک فلسم دەگیرفاندا نەبوو: «خودایە لەکوێ بنووم؟ نان چۆن پەیدا کەم؟». پاش نوێژ بوو، بە بازاڕی ئەحمەدیدا بە خەیاتانەوە دەگەڕام، بە دوگمە و دڕاو دروونەوە بیست فلسم پەیدا کرد. چوومە مزگەوتی ئەحمەدی، لەسەر حەسیری بەر هەیوان بەردەمۆرەم دانا نوێژ بکەم، مجێور هات بەردەمۆرەکەی فڕێ دا و بە پاڵەپەستۆ دەری کردم. مەلای مزگەوت بەزەی پێمدا هات، خۆی لە مجێور تووڕە کرد؛ گوتی: «کوڕم بڕۆ نوێژی خۆت بکە، ئەگەر جێگەی خەویشت نییە شەوانە لە حەساری مزگەوت بخەوە». ڕۆژانە دەچوومە کار پەیدا کردن و پاش عەسر دەهاتمەوە حەوشی مزگەوت. پاش عەسر کە مزگەوت چۆڵ دەبوو، چارەگە قالبێکم سەهۆڵ بە بیست و پێنج فلس دەکڕی و دەمخستە کووپەی ئاوخواردنەوە و کەس نەیدەزانی منم. ڕۆژێ سەهۆڵم خستە ناو کووپە، مەلا خۆی لێ گرتبووم، دیتی من ئەو کارە دەکەم. لە پاش جەماعەتی نوێژێ شێوان گوتی: «ئێوە چەند ساڵە لەم مزگەوتە نوێژ دەکەن قەت دەستتان بۆ گیرفانتان نەچووە سەهۆڵ بکرن، ئەم کابرا غەریبە نەجەفییە کە لە حەسار دەنوێ سەهۆڵاوی بۆ ئێوە ساز کردووە...». ئیتر لەوساوە لەبەر هەیوانی مزگەوت لەسەر حەسیر دەنووستم. جا ئێستا ڕەنگە ئێوە بە فەقیرم بزانن، نەخێر ئەم دووکانەم هەیە؛ خانووبەرەشم لە شارۆکەی وەششاش کڕیوە؛ ژن و منداڵیشم هەیە و زۆر سازم، بەڵام ئێوە ئەو ڕۆژانەتان بیر خستمەوە...

ئیتر لەوساوە تەواو ببووە دۆستمان و ئەگەر لە هەفتەدا جارێک سەرمان نەدابا گلەی لێ دەکردین.