مەرقەدی غەوس و مام حوسێنی کەڕەناچی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 22 دقیقه  1477 مشاهده

جارێکی تر حەمە سەعید گوتی: ئەگەر (عەنباری) دەکەن کارم بۆ دیتوونەوە. دیارە «عەنباری» یانی «عەنبارداری» و زۆر کارێکی چاکە. بەڵێ زۆر مەمنوونین. بردنییە لای تاجرێک، تاجر تەلەفۆنی کرد و ئادرێسێکی داینێ کە بچن لای «ڕەشید جەودەت» عەمباری بکەن. چەند ئوتووبووسمان گۆڕێ و نزیکەی چوار کیلۆ میتر بە جادەی خاکیدا بە پیادە ڕۆیشتین. گەیشتینە کارخانەیەکی سەهۆڵ و خۆمان ناساند کە ئێمەین تەلەفۆنمان بۆ کراوە. ڕەشیدی خاوەنی کارگە کوردێک بوو؛ قەدەرێک ڕوانییە سەر و سوکتمان و سەرێکی ڕاوەشاند و گوتی: «برا عەنباڵی سەهۆڵ بار کردن کاری ئێوە نییە؛ وەرن...». بردینیە سەیری حەمباڵەکان، لەناو قوڕ و تەڕیدا تلیسابوونەوە، هەموو زەردی ڕەنگ توڵخی بە کۆخەکۆخ.

گوتی:

- هەر سەعاتەی دەبێ کامیۆنێک بار کەن، شەو و ڕۆژ هیچیان لە بیست دەقیقە پتر ئیستراحەت ناکەن، هیچ کارگەرێک دوو مانگ بەرگە ناگرێ و دەمرێ و ئیدیکە پەیدا دەکەم. من دڵم بڕوا نادا ئێوە بکوژم.

من حیرس گرتمی، گوتم:

- هەرچەند عەنباریم بە عەنبارداری دەزانی بەڵام ئەو حەماڵییەش دەکەم.

کابرا قبووڵی نەکرد و بەو ڕێگە دوورەدا هەناسەسارد گەڕاینەوە.

گوتیان جولەکەیەکی سابڵاغی دەڵاڵی بازاڕە و لە خانێکە. چوومە لای و دەردی بێکاریم لە لا هەڵڕشت.

- سابڵاغیت؟

- بەڵێ.

دە بچۆ لای «منەشێ» بڵێ «یەرمیا لاوی» ناردوومی.

- چوومە لای منەشێ، جوابی کردم.

- ئەوجاریش بچۆ...

«منەشێ» کە زانی «یەرمیا» ڕایسپاردووم گوتی: «ئەمڕۆ بیست و سێیە؛ سەری مانگ وەرە کارت بۆ پەیدا دەکەم». خەبەرەکەم بۆ یەرمیا هێنایەوە.

- باشە ڕاوەستە.

- کوڕە چۆن حەوت ڕۆژ ڕاوەستم؟ هەر ئێستا ئەوە لە برسان قوڕەی زگمە، چوار فلس شک نابەم بیدەم بە نانێک.

- من خواردنت دەدەمێ.

- خوا بتهێڵێ؛ بەڵام بڕیارم داوە لە ڕەنجی شانی خۆم نەبێ نانی کەس نەخۆم.

هەرچی کردی و کراندی فایدەی نەبو. پووڵی دەرێنا بمداتێ نەمویست، گوتی:

- دەسا بچۆ مەرقەدی غەوس، حوسێنی کەڕەناچی ببینە و بڵێ یەرمیا ناردوومی؛ کارم بدەیە. کابرایەکی ڕیش سپی، لیباسی عارەبی، لە حەساری دیوەخانی نەقیبی غەوس لەسەر کورسییەک بەرانبەر بە قاوەجاخ قلیان ئاوی دەکێشا و لینگی لەسەر لینگی دانابوو. ئەسپاردەی یەرمیام پێگوت. گوتی دانیشە.

- چای بۆ بێنن!

- دەی مامە کارت هەیە بیکەم؟

- بەڵێ من چیم کرد و چیم خوارد تۆش وەک من. هەستە با حەسار ئاوپڕژێن کەین.

نیوەڕۆ گۆشت و پڵاو بە پێی فیلان بوو؛ زۆرمان لەبەر مایەوە. بە شەرمێکەوە گوتم:

- هەواڵێکم هەیە، دەتوانم تۆزێکی بۆ بەرم؟

- چۆن ناتوانی؟ هەموو ڕۆژ بۆی بەرە.

بە پڵاوی ماڵە نەقیبەوە مژدەی کارم بۆ قزڵجی هێنا و گەڕامەوە سەر کار. هەر دڵەتەپەشم بوو کە نەوەکا ناهومێدەم کەن و دەربکرێم.

نانی نیوەڕۆ و شەوم دابین بوو؛ بەڵام بەرچایی باسی نەبوو؛ پووڵیش نەبوو؛ نەشمدەکرا تا نیوەڕۆ هیچ نەخۆم. فکرێکم کردەوە: بەیانییان چوار فلسم دەدا بە خورما، هەم نان و هەم چا؛ تا نیوەڕۆ هەر دمبەم دەهات. چا بوو شوکور ئەو دەمە جگەرەم تەرک کردبوو؛ دەنا مەخسەرەی سەگم بەسەر دەهات.

مام حوسێن کۆنە سابڵاغی بوو، زۆر لەمێژ ساڵ بوو لە زەمانی عوسمانیدا ببووە جەندرمە؛ ببووە قاوەچی. پاش هەڵگێڕ وەرگێڕ کردنێکی زۆر جۆرە کاسبی، کەوتبووە ماڵی نەقیبان و ببووە سفرەچی. جا چونکە زۆر کاردارێکی لەمێژینەیان بوو، حورمەتێکی زۆری دەگیرا. بە نەقیبی غەوسی گوتبوو - کە ئەودەم سەید عاسم بوو - ئەو کوڕە خزممە و زامنی دەکەم، ئەمینە با دەگەڵ من کار بکا. ژنەکەشی بێوەژنی ئەحمەداغا ناوێک و کچی فاتمە سووری دەفەزەنی سابڵاغی بوو، کوڕێکی ئەحمەد ئاغاشی پێ بوو؛ منی وەک کوڕی خۆی تماشا دەکرد. ڕۆژانە دەگەڵ کا حوسێن وەتاغمان دەماڵی و کاشیمان بە گونییەی تەڕ دەستڕییەوە و حەسارمان گەسک دەدا و ئاوپڕژێنمان دەکرد. بۆ دانان و هەڵگرتنی نان و خوانی نەقیب و میوانان مام حوسێن هەمەکارە بوو، منیش یاریدەم دەدا. شەوانە چێشت و نانی زۆر بەرماو دەمایەوە؛ مام حوسێن لە نێوان قاوەچی و خۆیدا بەشی دەکرد. کابرای قاوەچی ئەوی لە خۆی و ماڵی زیاد بوایە دەیفرۆشت، مام حوسێن بەشی زیادی خۆی دەدا بە فەقیران. لەو چێشتە زۆر و حەڵاڵ و زەڵاڵەی کە بەرهەمی ئەرکدانم بوو، بەشی قزڵجیشم دەبرد کە هەر لە خانەکە مابوو. شەوانە هەر لە دیوەخانی نەقیب لەسەر نیمکەت دەنووستم. زۆر ماندوو دەبووم؛ بەڵام تەواو دڵم ڕەحەت بوو؛ کارم دەست کەوتبوو.

نەقیبی غەوس

ئامۆزایەکی قزڵجی شیرەشوانەی هێناوبۆوە، دووکانۆکێکی پەیدا کردبوو کە قزڵجی شەربەتی تێدا بفرۆشێ. بەختی قزڵجی، لە تەنیشت ئەو ئوتێلێک دروست دەکرا کە پێشی دووکانەکەی ئەو گیرابوو؛ کەسی پێدا ڕانەدەبرد. شەربەت گەرم دادەهات و سەهۆڵی تێ دەخرایەوە و بە نەفرۆشراوی دەمایەوە. ئەویش چی لێ پەیدا نەبوو.

ڕۆژێک لە چێشتەنگاودا چوومە لای قزڵجی، بۆ هەوەڵ جار دیتم گریابوو.

- خەبەر چییە؟

- کاکە ئەوە ژیان نییە؛ وەرە با بچینەوە سلێمانی. هیچ نەبێ کوردستانە و ئاشنا و ڕۆشنایەکمان هەیە.

- تۆ خۆت زانی، بەڵام هەر گا بیستتەوە کەلاکێکی لە برسان مردوویان لە کۆڵانی بەغدا دیتۆتەوە، ئەوە بزانە منم. یان کار پەیدا دەکەم یان بە ناهومێدی سەر دەنێمەوە.

- ئێستا پووڵی قەتارم هەبا دەچوومە کوردستان.

دەست بەجێ چوومە هەڕاجەبازاڕ، تەختە تێلەکانی نووستنمان بە چوار دینار لە کابرایەک کڕیبوو، پێم گوت: بە چەندی لێم دەکڕییەوە؟

- سێ دینار، حەمباڵیش لەسەر خۆم.

پووڵم لێ ساند و شووتییەکم کڕی و دەگەڵ حەماڵ هاتمەوە و تەختەکانی برد. قزڵجی بلیتی کڕی و ئێوارە لێم دوور کەوتەوە. وردە کەلوپەلم هێنا ماڵی مام حوسێن و بە تەنیا مامەوە.

ڕۆژێک گوتیان وەرە نەقیب بانگت دەکا. سەیرە فیرعەونێک بانگی مارمێلکەیەک بکا. چوومە خزمەتی. ڕاوەستابوو. دوازدە سەر حاجی کورد نیو دایرە دەورەیان دابوو. نەقیب پرسی: ئەمەیە؟

حاجی یەک یەک تماشایان کردم؛ گوتیان: نەخێر هەو نییە!

مام حوسێن کە لە پشت نەقیبەوە بوو، دەمدی زەرد هەڵگەڕاوە و زۆر پەرێشانە، ڕەنگی هاتەوە بەر و نەڕاندی:

- ماڵە نەقیب لە پاش سەید عەبدوڕەحمان پیاویان لێ پەیدا نەبووە. هیچ شەرم نەیگرتی کوڕێکی کە من بوومە زامن و گوتوومە خزمی خۆمە بە دز بزانی؟ بەڕاستی نەقیبێکی نامەردی! نەقیب زۆری دانەواند و عوزرخوایی لێ کرد و دڵی دایەوە تا خاوی کردەوە.

- مام حوسێن مەسەلە چییە؟

- کوڕە هەر خوا پاراستمی. ئەم دوازدە گوێرەکەیە دەچنە حەج. لە حەساری غەوس لە ژوورێکدا بوون، یەکێک چووە خزمەتی کردوون، شتی لە بازاڕ بۆ کڕیون، گوتووشیە من ناوم عەزیزە و خزمەتکاری دیوەخانی نەقیبم. پێی گوتوون: «حاجی، خاولی ئیحرام لێرە بە پێنج دینارە و لە مەکە بە بیستی نادەن. سەر و پێنج دینار بدەن تا بۆتان بکڕم». ئێستاش ئەوە دەیکڕێ! شکایەتیان لە نەقیب کردووە، تۆش کە ناوت عەزیزە کەوتوویە بەر تۆمەت. دەمگوت کە من نەمناسیوە چۆن گوتوومە خزممە و زامنی دەبم، بەڵام کە تۆ بێتاوان دەرچووی، کوڵ و کۆی خۆم بە نەقیبی ماکەر ڕژاند!

دوایی ڕوونمان کردەوە: ئەو عەزیزەی منی لە باتیان بانگ کردبوو؛ عەزیز ناوێکی قەدبڵیندی شنۆییە بە ناوی کەلانتەر؛ گیرفانبڕێک بوو لە بەغدادا ناوی دەرکردبوو.

با بزانین نەقیب چییە؟ بە عارەبی «نەقیب» یانی سەردەستە؛ «شەریف» یانێ سەید و عولادی پێغەمبەر. بنەماڵەیەک لە بەغدا بە سەید و سەردەستەی سەیدان ناسراون و بە گەورەیان دەڵێن «نەقیب الاشراف» واتا سەردەستەی سەیدان. ئەمانە دەڵێن ئێمە لە ئەولادی غەوسین. ئەگەرچی لە ڕاستیدا غەوس سەید نەبووە؛ بەڵام تاریخی دوای خۆی بە سەیدی حەسەنی داناوە. مەوقووفەجاتی بارەگای غەوس لە مەزرا و دووکان و خانوو لە ڕادە بەدەرە. هەرچەند زۆریشیان وەچە لێ کەوتۆتەوە، هەموویان زۆر دەوڵەمەندی قورسن. جگە لە دارایی خۆشیان، پووڵی نەزر و ناو شباکی مەرقەد و خێری هیندی و کورد و عەرەبیان بە لێشاوە. لەو نەقیبانەی ئەم چەرخە «سەید عەبدوڕەحمان» و «سەید مەحموود» و «سەید ئەحمەد»یان بەناوبانگ بوون.

ئەوسا کە من نۆکەری دیوەخانیان بووم، نەقیب «سەید عاسم» بوو. پیاوێکی زۆر جوان و بە سەروسیما و تەڕپۆش بوو. دەیانگوت نوێژ ناکا بەڵام هەموو ڕۆژی جومعان دەچووە نوێژی جومعە و هەژ - نۆ مەلای زگزلی فشوفۆڵی دەگەڵ خۆی دەهێناوە بۆ نەهار خواردن، دەشیانگوت هەموو شەو ئارەق دەخواتەوە و دەیانگوت و دەیانگوت... بەڵام من ئەمانەم پێوە نەدییوو. هێندە دەزانم کچ و کوڕیان لە هەموو کەس بێشەرمتر بوون، کچ نیوەڕووت و کوڕ کاکۆڵ لە فڕ دراو، هەرچی پاکی و خۆپارێزی بوو ڕووی تێ نەکردبوون. تەنانەت جاریکیان کە لەبن مێزی نان خواردن نوستبووم، دیتم دوو لە کوڕە جحێڵەکانیان خەریکن پێکەوە بنووسێن؛ بەڵام یەکیان گوتی: «با لێرە بڕۆین نەوەک ئەو کوڕە بەخەبەر بێ...».

سەید عەلی ناوێکیان هەبوو؛ چل ساڵێک عومری دەبوو، بەرگی شباکی غەوس - کە ماهووتی بە زێڕ چندراوی بوو - ساڵە و ساڵ هێندوستانی دەیانگۆڕی؛ کۆنەکەشی بەشی سەید عەلی بوو کە پاچەی بارێکی بە حاجی و زیارەتکەران بوو متفەرک دەفرۆشرا. ژنەکەی دڵپیسی لە سەید عەلی دەکرد. ئەو ساڵە شباک گووم ببوو. ڕۆژێک ژنەتیو ژنێکی بانگ کردبووە ماڵە خۆی کاری پێ سپاردبوو، بۆخۆی چووبووە ماڵەکەی، پڕ و پێسکەی گەڕابوو. شباک کرابووە کراسی ژنەکە؛ کە ناوی «نووریە» و باشیان نەدەگوت. بوو بە چەققە و شیڕە شیڕێک دەتگوت کاسەی قەرەچی ئاو بردوویە.

سەید عەلی سیلی هەبوو؛ مرد. لە وەتاغێکی بارەگادا ناشتیان و شباکێکیان لەسەر قوت کردەوە و هەر زیارەتکەرێک دەهاتە زیارەتی بارەگای غەوس، زیارەتی سەید عەلیشیان پێ دەکرد و زیارەتانەیەکیان لێ وەردەگرت. خۆم سەید عاسمی ملیۆنێرم دیت کە سەربازانی هێندی لە لەشکری ئینگلیس دەوریان لێدابوو، پووڵیان دەدایە. ئیوا هەبوو چوار فلسی دەدایە، تەشەکورێکی لێ دەکرد و دەریدەگرت.

لە موکریان بیستبووم کە ئەگەر گۆشت بە بن سێبەری غەوسدا بڕوا ئاگر کاری لێ ناکا؛ بۆیە مردووان بەر لە ناشتن دەبەنە بەر سێبەری بارەگا تا ئاگری جەهەندەم نەتوانێ بیانسووتێنێ. تەنانەت جارێک دەگەڵ «تورجانیزادە» چوومە بەخێرهێنانەوەی «حاجی عەبدوڵڵای تۆکمەچی» لە سابڵاغ کە لە حەج دەهاتەوە. گوتی: «لە بەغدا من و حاجی فڵان و فڵان چووین لە دووکانێک بۆرەکی زێڕتواندنەوەمان کڕی. هاتینەوە سابڵاغ، بۆرەکی من کاری نەکرد، لام وابوو دەستمان بڕاوە. چوومە لای هەواڵەکانم. گوتیان بۆرەکی ئێمە زۆر باشە. خۆ هی تۆش هەر لە قوتووەکەی ئێمە تێکرا. ئای دڵی خافڵ! وەبیرم هاتەوە کە لە زیارەتی غەوس دەرمانەکە دەبەر پشتێندم دابووە!». لەسەر ئەو باوەڕانە ڕۆژێک لە چاوشی شێخ، واتا کاربەدەستی بارەگام پرسی: «ئایا ڕاستە گۆشت بکەوێتە بەر سێبەری مەرقەد ئاگر کاری لێ ناکا؟».

زڕتێکی زۆر زەلامی بۆ کێشام:

- کەرە! ڕۆژێ سی کیلۆ گۆشت دەکڕین و لەبەر سێبەری بارەگاوە دێتە ژوور و دەکرێتە شۆرباو و دەکوڵێندرێ! ئیتر نەموێرا باسی بۆرەکی حاجی عەوڵا بپرسم!

وەبیرم دەهاتەوە کە بەچکە خەلیفەیەکی باب مردوو، سەفەرێکی دە ڕۆژەی کرد و گوتی چوومە لای نەقیبی بەغدا کردمییە خەلیفە.

مانگی ڕەمەزان تێپەڕی و جێژن هات. مام حوسێن زۆر بە تووڕەیی هاتە لام گوتی:

- کوڕە ئەو دەوڵەمەندە زەلامە، گوتومە ئەم کوڕەمان دوو مانگە لە لایە. تۆ بۆ حقووقێکی نادەیەی؟ چارەگە دینارێکی دامێ کە بە جێژنانە بتدەمێ و گوتویە حقووق نییە، نان دەخوا بەسە!

چارەگە دینارم تووڕ هەڵداوە و گوتومە لە لات نابێ.

- مام حوسێن من بە نانەزگ ڕازیم کار بکەم.

- نا، مەترسە، کارت هەر بۆ پەیدا دەکەم، کاری ئەو خوێڕییە مەکە.

لەو بەینەدا کە نۆکەری دیوەخان بووم، یەکێک هات گوتی: «حوزنی موکریانی بیستوویە هەژار لێرەیە». حوزنی بە جاسووسی ئینگلیس ناوی زڕابوو؛ نەعووزوبیللا؛ مام حوسێن گوتی شتی وا لێرە نییە. ڕۆژێکی دی، سەر لە ئێوارە سەیدێکی ڕیش سپی تەنک، دەستەباڵای، لاواز، هاتە حەوشەی دیوەخان و قسەی دەگەڵ مام حوسێن کرد. مام حوسێن هات گوتی: «ئەوە سەید حوسێن حوزنییە؛ دەیەوێ بتبینێ». چار نەمابوو. تەلەفۆنێکم لە دوکتور «جەعفەر محەممەد کەریم» کرد کە دەمناسی و ناوێ زۆر چاکی هەبوو، گوتی سەید حوزنی پیاوی چاکە و دیتنی زیانێکی نییە. دەگەڵ حوزنی بوومە ئاشنا. ئێستاش لەبیرم ناچێ کە دیتمی فرمێسک بە ڕیشە سپییە جوانەکەیدا هاتنە خوار... ئادرێسی ڕۆژنامەی «دەنگی گیتی تازە»ی دامێ کە خۆی سەرمودیر و هاوکارێکی بە ناوی «حەمە عەلی بەگ» خەڵکی سلێمانی، سەرهەنگی بازنشەستە هەبوو. جارجارە ئێجازەم لە مام حوسێن وەردەگرت دەچوومە لای. ئەو کابرا پیرە موحتەرەمە یەکپێ لەبەرم ڕاست دەبۆوە؛ دەیگوت: تۆ یادگاری جمهوری کوردستانی.

حوزنی لە گوندی (نیچکە)ی نزیک (بوغدەکەندی) سەر بە بۆکان هاتۆتە دنیاوە کە ئێستا نیچکە نەماوە و زەمانی من شوێنەواری دێیەکە مابوو. باوکی لەو سەیدەکانی بوغدەکەندی و ناوی «سەید لەتیف» بووە و زوو مردووە و دایکی «خات سەلما» مێردی کردۆتەوە بە کابرایەکی ورمزیار کە «گیوی موکریانی» دەبێتە دایک برای حوزنی. هەر لە منداڵییەوە حوزنی پەرەوازەی وڵاتان بووە: لە ئەستەمبووڵ فێری مۆر هەڵکەنی کراوە و بەو پیشەوە گەڕاوە. بۆتە سەیاح لە کوردستاندا، سەری لە کوردەکانی تورکیا و ئەرمەنستان و عێراق داوە و لە زەمانی فەرمانداری «سەید تەها» لە ڕەواندز دامەزراوە. بە سەلیقەی خۆی کەتە چاپخانەیەکی لێک داوە، کڵیشەی لە دار هەڵکەندووە و بۆ یەکەمجار لە کوردستانی عێراقدا نووسراوی بە کوردی بڵاو کردۆتەوە. لە زەمانی ڕەئیس ستادی «قایق کاکەمین»دا - کە کوردێک بووە - لە عێراق دەرکراوە. چۆتە شاری حەڵەب؛ لەوێش چاپخانەیەکی چکۆلەی دەست و پا کردووە و ملی لە کاری کوردایەتی ناوە. لە حەڵەبیش ئاویان دەبن کردووە و بێدەرەتان ماوەتەوە. لە سەرەتای شەڕی ئاڵمان کە فەڕانسە لە سووریە لە ڕێگەی گۆڤاری ڕووناهییەوە دڵی کوردیان خۆش دەکرد، ئینگلیس لە بەغدا بۆ کوردی زمانی خوێندەوار گەڕاون و داوایان لە حوزنی کردووە بێتەوە بەغدا و گۆڤاری «دەنگی گیتی تازە»یان بۆ بەڕێوە بەرێ. حوزنی لە «ڕەوابیتی فەرهەنگی ئێران و عێراق» بە ناوی «عەلاقاتی عاممە» دەست بەکار بووە. لە ڕووپەڕێک و دواندا خەبەری شەڕ و لە پتر لە پتر لە حەفتا ڕووپەڕدا فۆلکلۆری کۆنی کوردی زیندوو کردۆتەوە؛ شیعری شاعیرە باشەکانی لە چاپ داوە. ئێستاش هەرکەس هەموو ژمارەکانی لابێ زۆر بەختیارە و زۆر مەعلووماتی باشی لێ دەست دەکەوێ.

حوزنی لە کوردایەتیدا سووتابوو، دین و ئیمانی کوردستان و ئازادی کورد بوو. جسنی عارەبی زۆر ناخۆش دەوسیت. لاشی وابوو هەر بەڵایەک لە دنیادا هەیە تاوانی ئینگلیسە، تەنانەت دەیگوت: «بە دووری نازانم ستالین کاربەدەستی ئینگلیس بێ!».

جارێ گوتم: تۆ سەیدی؛ دەبێ ڕەسەن عەرەب بێ.

پێکەنی، گوتی: بیستم کە ئاڵمان لە خوێنەوە ڕەسەنی گەلان دەناسن، خوێنی خۆم نارد و جوابم بۆ هاتەوە کە تۆ ئاریاییت. شوکور ئەم سەی سەیەم لە کۆڵ بۆوە!

جارێ گوتی: «کوڕە سەیری کەریەتی من کە. لە گەشت و گوزارەکەم لەناو کوردستانی ترکیەدا، شەوێک لە گوندێکی حەنەفی مەزەب لەسەر ئێمامی شافیعی کە گوتم باشە، ئەوەندەیان دارکاری کردم دوو ڕۆژ وەهۆش نەهاتمەوە. کەس نەیگوت تۆ کوردێکی چت لە شافیعی داوە؟!»

ئەوەندە گفت و لفت خۆش و ئاگادار بوو، پیاو حەزی دەکرد هەر گوێی بۆ ڕادێرێ. ڕۆژێک گوتی: «بەداخەوە کورد چونکە هەمیشە ژێرچەپۆکە بوون، شاعیر و نووسەری گاڵتەچیمان لێ هەڵنەکەوتوون؛ کە گەپ و گاڵتەش بەشێکی گرینگە لە ئەدەبیاتدا». من باسی «مەلا حەسەنی دزڵی»م بۆ کرد کە زۆر گاڵتەچی بووە و بەداخەوە لە برسان مردووە. نموونەی کردەی ئەو پیاوەی لێ خواستم، شیعرێکم بۆ خوێندەوە کە لە مەریوانەوە بۆ فەقێیەکی برادەری خۆی بە ناوی «حەمەدەمین هەمەوەندی» بۆ شاری سابڵاغی نووسیوە. من وەک عادەتمە، لە خوێندنەوەی شیعری لەبەردا چاو لەسەر یەک دادەنێم. لەو ناوەدا چاوم هەڵێنا: ئەو پیرە ڕیش سپییە بە دەست و پێ سەمای دەکرد. گوتی: «پیاوێک دەنێرم کە بەدوو نووسراوی ئەو پیاوەدا بگەڕێ و لە ڕۆژنامەی دەنگی گیتی تازەدا بڵاوی دەکەمەوە»؛ کە بەداخەوە مەرگ ڕێگەی نەدا. ئەمەش بڵێم کە لە پاش نەمانی شەڕ، گۆڤارەکە هەڵگیرا و ئیمتیازەکەیان دابوو بە حوزنی؛ بە ڕۆژنامەیەکی چوار لاپەڕی دەری دەکرد و ئەدەبیاتی کوردی تێدا دەنووسی.

شیعرەکان ئەوەندی لەبیرم ماون ئەمانەن:

ای عازم ساوجبلاغ! عرض سلام این حزینفارسی
بخوان کسی را نام او اندر دهانم انگبینفارسی
چابک هموندی کە او، در وقت غارت بارهافارسی
برکندە بزها پوست را، درویشها را پوستینفارسی
از نام او پرسی اگر، محمد امین اسمش بودفارسی
اول محمد آمدە، آخر نقیض لاامینفارسی
باری اگر مرسولەای ننوشت سوی این طرففارسی
منعش نباشد زان مکان، گر غافل است از ما چنینفارسی
شهر سیه چشمان وی همچون غزالان ختنفارسی
تعطیر ناف دلبرش چون نافه‌ی آهوی چینفارسی
پیکان مژگان سیه، بر سینەی هر کس زنندفارسی
فواره‌اش بالا رود، تا آسمان هفتمینفارسی
بەرخۆلةٌ، دوو شحمةٌ، تاقانةٌ فی بلدةعربی
قتالەٌ بالغمزەٌعربی، با آن دو چشم نرگسینفارسی
آتش بە جانها افگنند، وقتی کە چون کبک دریفارسی
آیند بیرون از حمام با آن خدود آتشینفارسی
پشمینە پوش اطلسی، زنگاریان طاوسیفارسی
جنبیدن دسمالشان گە بر یسار و گە یمینفارسی
لو عانق الانسان بالبنت التی من قربکمعربی
صادر شود بی اختیار، از وی ریاح فا و سین (فس)فارسی
درویشهای کوڵکنین، ڕیش نێری و زوڕنا کەپۆ
سەرچۆلەکەی، گون کوولەکە، مانند جامووس بطینفارسی
بینند چون آن لعبتان، چون دیوشان دربر کشندفارسی
با بۆڵەبۆڵ و فشەفیش، با لرفە لرف و ئاخنین

ڕەنگە چەند بەیتێکم لە بیر نەمابێ.

لە خۆشەویستی موکریان و تایبەتی سابڵاغدا لە ڕادەی تیپەڕاندبوو. ڕۆژێک کە منی دەدواند و زۆر باسی سابڵاغی کرد، محەممەد عەلییەکەی یاریدەری پرسی:

- مامۆستا وا دیارە تۆ خەڵکی سابڵاغت زۆر خۆش دەوێ؟

گوتی: بەڵێ سەگێکی سابڵاغم لە کاکەحمەدی شێخ خۆشتر دەوێ.

گوتم: «کاکە حوزنی چونکە کاری ئینگلیسانت کردووە، هەموو کەس بە جاسووس و خەتەرت ناو دەبا و منیش لام وابوو تووشم بی دەمخۆی!»

- خودا دەیزانێ، بەڵام لە عێراق دەرکرام پەنام بە عەلی کەماڵ برد کە زۆر دەستی دەڕۆیشت. لە گەرمای نیوەڕۆی چل و هەشت دەرەجەدا لە دەرگام دا، هاتە دەر:

- مامۆستا خێرە؟

- لە عێراق دەرم دەکەن.

- ڕاوەستە ئێستا دێم.

تاوێک لەبەر درگا وێستام. درگا کرایەوە، هەر نووسراوێکی بە دیاریم بۆ ناردبوو دە باوەشیدا بوو، لەبەر درگا هەڵیڕشت و دەرگای لە ڕوو پێوەدام. زۆر کەسی تری وەک ئەو، وەک ئەویان لەگەڵ کردم، کە بە ناوی کارمەندی ئینگلیسیان هاتوومەوە. ئێستا نە شەرم و نە حەیا، هەموو ئەو پیاوە زلە کوردانە فەخر دەکەن کە قسەیان لەگەڵ بکەم. بەدناویم لە ناو لاوە کوردەکانیش هەر ئەوەندەیە دەڵێم زگ ئێشەی بەتەنێتان نەبێ، ئێوە عاشقی ڕووس و ستالینن و مەعشووقە تفیشتان پێدا نادا. با بۆ بەرژەوەندی کوردستان خەبات بکەین و لە ڕێگەی ئازادیدا دەگەڵ شەیتانیش ببینە دۆست. با جگە لە ئازادی کورد کەس نەپەرستین...

لە ئاکاری شێخ مەحموود زۆر ناڕەحەت بوو، کە ئینگلیس کردیانە فەرمانڕەوای کوردستان؛ کەچی بە هەوای دین و دنەدانی تورکان دەگەڵ ئینگلیس بەشەڕ دەهات؛ دەنا هەر وەک یاریدەی فیسەڵیان دا و دەوڵەتی عێراقیان بۆ دامەزراند، ئەویشیان کە جێگەی متمانە بوایە دەکردە دەوڵەتۆکێک و لە مەسڵەحەتیان بوو. دەیگوت: «کاتێ خەبەری تێکچوونی کوردستانی موکریم بیست، زۆر بە تاڵی گلەم لە سەفیری ئینگلیس کرد، گوتی: حوزنی، ڕەفیقانی ئێران ڕاستیان کرد و ڕەفیقانی کورد درۆزن دەرچوون...».

مەحموود ئەحمەد گوتی: خریکن بمگرن و حقووقم ببڕن، دەگەڵم وەرە لای حوزنی دەڵێن تۆی خۆش دەوێ. مەحموود وەک هەموو کوردێکی دیکە، جووتێک سمێڵی ستالینی و کراواتێکی سووری نیشانەی کۆمۆنیستی پێوە بوو. حوزنی زۆری بەخێراتن کرد و کە باسەکەم پێ گوت گوتی:

- باشە هەرچی لە دەستم بێ قوسوور ناکەم. بەڵام کام مەحموود تۆ دەزانی عەرەب عەقڵیان لە چاو دایە و لە مێشکدا نییە، ئەگەر دەکرێ تۆزێک سمێڵەکانت سووک بکە تا بتبەمە لای کاربەدەستان.

مەحموود خۆی لێ تووڕە کرد:

- جەناب تۆ جاهیلی، نازانی کۆمۆنیست چییە! من فەخر دەکەم کە بە کۆمۆنیستم بزانن!

حوزنی زۆر بە نەرمی گوتی:

- ڕاستە جاهیلم، تۆ دەتوانی بە زمانێکی سادە پێم بڵێی کۆمۆنیستی چی زۆر باشە؟

- تۆ نازانی لە ڕووسیە هەموو کەس نان و کاری دەدرێتێ؟

- کاکە مەحموود گیان، خۆ زیندانی بەغدایەش نان و کاری تەواویان هەیە!

کاری مەحموودی هاسان جێبەجێ کرد و زۆری مەمنوونی خۆی کرد. جارێک باسی بەدفەڕی هێندێک نەجیمزادان بوو؛ حوزنی گوتی: «من کە لە ئیدارەی گۆڤار بووم قەت نەچووبوومە سەفارەتی بریتانیا، تەلەفۆن کرا کە سەفیر دەیەوێ بتبینێ. بردمییە پەنایەک و بە سرتە گوتی: کوردێکی زۆر گرینگی ڕووسیەمان لە لایە؛ تۆ بیدوێنە و دڵخۆشی بدەوە. لە ژوورێکی تایبەتی کوردەکەم دیت. خوایە من وەک ئەو کابرایە بناسم وایە.

- کاکە ناوت بەخێر؟

- مامۆستا حوزنی نامناسی؟ من عەمەراغام، نۆکەری حاجی سەید عەوڵا؛ چەندم چایی بۆ داناوی؟

-تۆ و ئێرە چی؟

- بەدبەختی. سەید پۆشۆی سەید تەها هەڵیفریواندم: وەرە دەتکەمە کوردی ڕووسیە و دەتبەم بۆ سەفیری بریتانیا و پووڵێکی باشت دەست دەکەوێ. وا لیرە وەک حەپسی وام و ئەوا لە ترسانیش زراوم چووە. دەخیلە ڕزگارم کە.

سەفیر لە دەرێ دەهات و دەچوو؛ چاوەنۆڕی خەبەری خۆش بوو. نووک و بەدم بۆ گێڕایەوە. وەک بیست کەس قدیلکەی بدەن ملی لە پێکەنین نا:

- ئەو پۆشۆیە پتر لە بیست جاران دەستی بڕیوم؛ بەڵام دیسان فایدەی لێ دەبینم!

پووڵێکم بۆ عەمەراغا ساند و ناردمەوە سنووری ئێران».

هەر حوزنی گێڕایەوە کە لە هەولێر بووم، دەچوومە دیدەنی حاکمی ئینگلیس، مەلایەکی لەباری کەڵەگەتم دیت لە دەرگای حاکم کز وێستابووم. گوتی:

- سەید توخوا وا بکە حاکم ببینم؛ چەند ڕۆژە ڕێم نادا.

حاکم لە جوابما گوتی:

- ئەوە مەلا خەلیلی گۆڕۆمەرە؛ ئەوی پێمان سپاردبوو، باشی پێک نەهێنا؛ ئێستا داوای پووڵ دەکا. پێی بڵێ ئەگەر خۆی نەشارێتەوە پۆلیسی عێراق دەیگرن.

ئەوسا تێگەیشتم کە ئەو پیاوە ممبارەکەی ئەو هەموو مەنگوڕەی بە کوژ دا و ماڵوێران کرد، کێ ناردوویە و ڕەسووڵ ناجی کە ئێمە لە سابڵاغ گرتمان و دەرکەوت جاسووسێکی گەورەی بریتانیایە و دامانە دەست ڕووسان، لە خەزای مەلا خەلیلدا ڕاوێژکەری هەرە نزیکی بووە.

«توفیق وەهبی» وەزیری کار و ڕێ و بان بوو؛ لە ئەدیبە بەناوبانگەکانیشە، ڕۆژێک شیعری «لێفە شڕە»ی من بۆ حوزنی دەخوێنێتەوە و دەڵێ:

-کەمتر شیعری وا باشم دیوە؛ خۆزگە ئەو شاعیرەم بدیبا.

حوزنی دەڵێ:

- ئەوە لە بەغدایە و پێخواس و ڕووت و برسییە؛ بیکە بە کارگەرێکی سادە.

- ئەی دەغیلە خوزنی، پێی بڵێ خۆی بشارێتەوە نەوەک بیگرن!

حوزنی ئیمتیازی مەجەللەی «زاری کرمانجی» کە لە ڕواندز دەینووسی و لێی هەڵواشێنرابوو وەرگرتەوە. بڕیاری دا کە بیداتە دەست من.

بەیانییەک برادەرێک هات، گوتی: «حوزنی کوتوپڕ مردووە؛ با بچینە سەر قەبران». چەند دیمەنێکی دڵتەزێن بوو: جەنازەکەی لەسەر خاک درێژ کرابوو تا قەبری تەواو دەبێ، جگە لە من و برادەرەکە هیچ کەسی لە لا نەبوو. بیرم لە قەدرنەزانی کوردان دەکردەوە، گریانێکی زۆر بە کوڵ گرتمی و پێم وایە تەنیا کەسێک کە بۆ مەرگی گریابێ من بووم.

حوزنی کە بە جاسووس و هەمەکارەی ئینگلیسیان دەزانی، زۆر بە فەقیری مرد. جگە لە کتێبخانەکەی، هەموو ناوماڵی، یەک-دوو بەڕە و چوار نیمکەتی دار بوو. مناڵی نەبوو. ژنەکەی کوردی تورکیە بوو. «گیو» کتێبەکانی برد؛ ناوماڵ بۆ ژن ما و کارەکەری ماڵانی دەکرد.

لە کاتی شەڕدا ئینگلیسیان ڕادیۆیەکیان لە شاری (حێفا) خستبووە کار کە «مامۆستا گۆران»، «ڕەفیق چالاک» و «شێخ حەسە» ناوێک، ڕۆژانە دوو سەعات بەرنامەی کوردییان لەوێوە بەڕێوە دەبرد. لەبیرمە بۆ یەکەمجار لە (گەردیلان) گوێم لێ گرت. ڕەفیق چالاک وتارێکی لەسەر چارەڕەشی کورد خوێندەوە؛ کوڵ هەڵیگرتم و تێر گریام. ئەویش دوای شەڕ هەڵگیرا.

تووشی هەر کوردێکی سەرناس بام داوای کارم لێ دەکرد. دوکتور جەعفەر حەولی دا ببمە فەڕاشی مەدرەسەی فەیلی؛ نەکرام. مامۆستا قادر قەزازێک هەبوو زۆری کار بە دەست بوو؛ دەشیناسیم کێم، لەباتی کار پەنجا فلسییەکی بۆ ڕاداشتم، بێدەنگ بە جێم هێشت...