گارسۆنی ڕستوورانی خەییام

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 11 دقیقه  1111 مشاهده

شەوێک برادەرێک هات گوتی: «حیزبی پارتی ڕایسپاردووم، کارێکم لە ڕستوورانێک بۆ دیتوویەوە؛ مانگی بە چوار دینار و نان و پێخۆر». ئای لەو خۆشییە! ڕستوورانێکی زۆر گەورە بە ناوی «خەییام»، دوو کورد بە ناوی «ئەحمەد خواجا» و «ڕوشدی بەگ» دەگەڵ عەرەبێکدا کردبوویانەوە. ئەحمەد خواجا لە هەواڵانی شێخ مەحموود بووە؛ مێژوویەکی بە ناوی «چیم دی؟» نووسیوە. ڕوشدی کوردێکی حەڵەبی بوو. کاری من ئەوە بوو قاپی بەتاڵ لەبەر خەڵک هەڵگرمەوە؛ وڵات بماڵم و کاشی بستڕمەوە؛ یاریدەی قاپشۆر بکەم. ئێوارانە بیست و دوو مێز و هەشتا و هەشت کورسی ئاسن بەرمە سەربان؛ سەعات یەکی پاش نیوەشەو بیانهێنمەوە خوار، سەعات دووی پاش نیوەشەو لە سەربان خۆ درێژ کەم و سەری سەعات پێنچ دیسان مل لێ نێمەوە. لە سەعات دوازدەی نیوەڕۆ بۆ سەعات و نیوێک وچان و ئیستراحەت بێ. چەند کەسێکی تری هاوکاری تێدابوو کە یەکیان کوردێکی سابڵاغی بە ناوی «محەممەدی ڕەشادی» بوو کە ئێستا زێڕینگەرێکی زۆر دەوڵەمەندە. چەند کوڕێکی خەڵکی سلێمانیش هەبوون کەباب و شەربەتی مێوژیان دروست دەکرد. ئارەقیش لەوێ دەفرۆشرا.

ڕۆژانە تێکڕا بیست سەعات پتر ماندوو دەبووم و سەری خۆم پێ نەدەخورا. نیوەڕۆ و شەو نەفرۆشراویان دەداینێ. بەیانیان سەموونێکی ڕەقهەڵاتووی لە کەڵکی خوران کەوتوویان بە چایەکەوە، کە بە حەبی سوکەرین شیرن دەکرا، جیرەمان بوو. ئەودەم سێ دەسک کەرەوز بە فلسێک بوو. ڕۆژێک دەستم برد نیوە دەسکە کەرەوزێکم هێنا کە بیخەمە ناو سەموونەکەم. دوژمنی ڕای ئیمانت بێ، خاوەن ڕستووران لە دەستیان دەرهێنام و فەزیحەتی سەگیان پێ کردم. شەڵوارێکی زۆر ئەستووری پینەکراو، کراسێکی شڕ و بێقۆڵ، جل و بەرگم بوو. پێخواس بووم. لە گەرمای هاوینی بەغدا هەموو لەشمان هەمیشە لەبەر ئارەقە جڵقەی دەهات؛ تەنانەت نەیاندەهێشت نیوەڕۆیان لەبەر دووشی ئاودەستخانەش ئاو بەخۆدا کەین؛ نەیاندەهێشت لەبەر سێبەر خۆ درێژ کەین.

سەر لە هەوەڵەوە لەو شاگرد گارسۆنییە زۆر بەخۆمدا دەشکامەوە. بە تەقییەوە ئامان و دەفرم لە پێش موشتەری لادەبرد؛ بەزەشم بەخۆمدا دەهات. بەیتێکی مستەفا بەگی کوردیم هاتەوە بیر:

سەبا یارانی مەجلیس گەر دەپرسن حاڵی زارم لێت
بڵێ کێشایە مەیخانە دوو چاوی بێچووە عەییارێک

بێچووە عەییاری ئەو شاعیرە، بەچکە ئاغایەکی لووسکەڵە بووە، بێچووە عەییاری من کوردستان و چەندین ملیۆن کوردی لێقەوماوە. بۆشی بچمە سووچی مەیخانە و لەوەش ڕەزیلتر بم جێی شانازیمە. ئیتر بەڕاستی ئەم بەیتە شیعرە شەرم و تەقییەی لابردم و زۆر بە ڕاشکاوی کاری خۆم دەکرد.

لەبیرمە ڕۆژێک ناردیانمە شوێنێکی دوور کە قالبە سەهۆڵیان بۆ بێنم. پێخواس بووم؛ عەرزی خەیابان لاقی دەسووتاندم، لە تاوان هەر غارم دەدا کە نەمدەوێرا زۆر پێم وەعەرز کەوێ. زوو هاتمەوە، خاوەن ڕستووران گوتی: «ئافەریم زوو هاتییەوە؛ ئەوجار هەر تۆ دەنێرم!!».

شەوێک میوانی بووک هێنان بوو؛ زۆر شلووغ بوو، ئەحمەد خواجا گوتی: دەزانی بنووسی؟

- بەڵێ.

- وەرە لەبەر سندووق ڕاوەستە، هەر شیوێک دەچێتە دەر بینووسە.

کابرای خاوەن میوانیش دەینووسی. کە هاتینە حیساب کردن، حیسابی کابرا لە هی من پتر بوو. ئەحمەد خواجا دەیگوت هی ئەو ڕاستە؛ لە من تووڕە بوو کە سەهوم کردووە. چەققە پەیدا بوو. کاتێ لە ئەشپەزیان پرسی حیسابی من ڕاست بوو. خاوەن میوانی نیو دیناری بە خەڵات دامێ؛ ئەحمەد خواجا دە دەستم نووسا لێی ساندم.

ڕۆژنامە بە دە فلس بوو؛ نەمدەتوانی بیکڕم. جارجارە لە خەڵک بەجێ دەما، دەمبرد و تماشام دەکرد. ڕۆژێک دوو پۆلیس بە باوەشە کتێبەوە هاتن، بە کابرای خاوەن ڕستوورانیان گوت یەکیان بکڕە. هەرچەند زیقاندی کە ناکڕم، چارەگە دینارێکیان لێ ساند و کتێبێکیان بۆ دانا و ڕۆیشتن. کابرا لە کتێب نەوی و تا هێزی تێدابوو فڕێی دا و چەند جوێنێکی حەواڵەی دەوڵەت کرد. چووم کتێبم لەناو خۆڵ هەڵگرتەوە. داستانێک بوو بە عارەبی جڵفەی ناو بەغدا نووسرابوو. زۆرم کەیف پێ هات کە زۆر وشەی بەغداییانەم فێر دەکا، ڕەنگە بیست جارم خوێندبێتەوە.

ڕۆژێک کابرایەکی زۆر بەسەر و سیما هاتە ڕستووران. من کە چووم قاپە بەتاڵەکانی بەردەمی هەڵگرم، بە بێ ئەوە چاو لە من کا بە سرتەوە گوتی: تۆ هەژاری؟

- بەڵێ.

- من ئەمین ڕەواندزی ئەفسەری مەشهوورم، ویستم حەولت بۆ بدەم لە سەحرا سەرعەمەلەیت بدەنێ؛ بەڵام لام وا باشە بچییەوە ئێران، دەڵێن عافواتی شا دەرچووە.

- قوربان هیچ زەحمەت مەکێشە، ناچمەوە ئێران؛ ناشچمە سەحرات. لێرە هیچ نەبێ سێبەر هەیە؛ نانیش هەیە، زۆر سوپاست دەکەم.

ڕۆژنامە نووسیبووی: «مستەفا خۆشناو»، «محەممەد مەحموود قودسی»، «خەیروڵڵا»، «عیززەت عەبدولعەزیز» کە ئەفسەر بوون و چوونە یاریدەی بارزانی، حوکمی ئیعدامیان دراوە. ئیتر ڕستووران هەر جمەی دەهات. کوردی بەغدا و سلێمانی بۆ نەجاتیان تێدەکۆشین و لەوێ کۆ دبوونەوە. لەپەناوە گوێم هەڵدەخست کە بزانم خەبەر چییە؟ ئاخری ئیعدام هەر کران و لاشەکانیان بردەوە شوێنی لە دایک بوونیان. منیش هەر ئەوەندە بوو لە پەنایەکەوە چەند فرمێسکێکم هەڵوەراند.

جاری وابوو خواردنم لە ڕستوورانەوە دەبردە ئوتێلان. جارێک کەبابم برد بۆ شێخ عەرەبێک ناوی عەبدوڵڵا یاسین بوو؛ لە شێخە هەرە زلەکانی نێوان کووت و عەمارە. کەبابی سلێمانی زۆر لێ خۆش هات، ڕۆژی دواییش داوای کردبوو؛ بۆم برد. هێشتا لەبەر دەمیم دانەنابوو، قاچم تێک هاڵا و کەوتم و قاپ شکا و کەباب پەرژ و بڵاو بوونەوە. لە ترسان و لە حیرسان فرمێسکم پەڕیە چاو. گوتی: گوێ مەدەیە. تەلەفۆنی کرد کە من قاپەکەم شکاند. دوو دیناری بۆ ناردن؛ نیو دیناریشی بەخشش دا بە خۆم. گوتی: ئەگەر دەبییە خزمەتکارم و دەتوانی لە سەحرا بژی، ژنت بۆ دێنم، ڕەشماڵت دەدەمێ، مانگێ دە دیناریش حقووق.

- چۆن نایەم؟ دەستیشت ماچ دەکەم؛ ژنیشم ناوێ. خوا ڕاوەستاوت کا.

- دەجا سبەی سەعات شەش وەرە بەر ئوتێل.

شەو لە خۆشیان نەمزانی خەو چییە... شڕە و پەتووم پێچایەوە. لە جەنگەی گەسکدانی بەیانیدا، کۆڵەپشت لەسەر شان، لەبەر دەرکی ئوتێل (شط العرب) وێستام و نیو سەعات هەڵلەرزیم تا شێخ تەشریفی هاتە دەر. تێلەکەیان لەسەر ماشێن دابەست:

- خۆ دەزانی کەبابم بۆ دروست کەی؟

- نا بەداخەوە، بەڵام هەموو کارێک دەکەم.

- شڕەی بۆ فڕێ دەنەوە! وەمزانی کەبابی سلێمانی دەزانی.

بە هەناسە ساردی هاتمەوە جەهەننەمەکەی خۆم و نەمدەزانی جوابی پرسیارکەران چی بدەمەوە...

ماڵی مام حوسێن لە ڕستوورانەوە چارەگە سەعاتێک ڕێ بوو، نیوەڕۆیان ناچار دەچوومەوە ئەوێ ئاوم بەخۆدا دەکرد و بڕێک ڕادەکشام. ڕۆژێک لەم ڕێگەیەم تووشی مغازەیەکی کتێبفرۆشی بووم کە هەموو کتێبەکان باسی ئایینی خاچپەرستی بوو. تابلۆیەک بە پەنجەرەکەوە درابوو: «ڕۆژنامە خوێندنەوە بەخۆڕایی». بەخوا باشە، با بچم. کابرایەکی پیر، هەشتا - نەوەد ساڵە، لووت کورتی سوور، گوێ پان، لەسەر کورسییەک قووت ببۆوە، جێگەی نیشان دام. دوو لاوی عارەبیشی لێ بوو. پڕم بە ڕۆژنامەدا گرت و بە خۆشییەوە لێم دەڕوانی. گوتم ئیستراحەتی نیوەڕۆم لێرە دەگوزەرێنم. چەند تابلۆیەک بە دیوارانەوە بوو، نووسرابوون: «ئەگەر مجادەلەی دینی دەکەن هەرگیز تووڕە مەبن، بە زمانی نەرم و خۆش یەکتر بدوێنن». کابرا کە بۆ بەخێراتن دواندمی گوتی: «بە لەهجەتدا وادیارە عەرەب نیت».

- کوردم.

بە کوردی گوتی: «زۆر باشتر، من سی ساڵ لە سابڵاغ و دە ساڵ لە تەورێز ژیاوم، تەبلیغاتی دینی مەسیحیم کردووە. ئێستاش ئەوا تەرجەمەی کتێبێکم بە دەستەوەیە کە بە فارسی بڵاوم کردۆتەوە و دەیکەم بە عارەبی. خۆ فارسیش دەزانی؟»

- بۆچی، کەم تا کورتێک.

- با بڕێکت بۆ بخوێنمەوە.

- بەخوا من هاتووم ڕۆژنامە بخوێنمەوە.

- نا، دەبێ هەر گوێم لێ بگرێ، زۆر بە فایدەیە.

ملێکم لار کردەوە:

- بەڵێ بفەرموو!

- ڕۆژێک لە ڕۆژانی بەهار کەربەلایی زینەلعابدین و یووسفی هاواکیان چووبوونە سەیران لە شاگوڵی. یووسف خەریکی چا لێنان بوو؛ کەربەلایی نوێژێ دەکرد. لە دەمی نان خواردنا یووسف پرسی:

- چەند ساڵە نوێژ دەکەی؟

- چل و پێنج ساڵ.

- چەند نوێژت کردووە؟ چەند ڕکاتی تێدا بووە؟

- نازانم.

- من حیسابم کردووە، دەکاتە ئەوەندە هەزار ڕکات. ئەو هەموو موسوڵمانە لە دنیادا لە هەموو ڕکاتێکدا لەبەر خودا پاڕاونەوە: بمانخە سەر ڕێگەی ڕاست، ئەدی خودا کەی دوعایان لێ قبووڵ دەکا؟!

گوتم: «بەسمە، تگەیشتم. جەناب فاتیحا قسەی خودایە، فەرمانی داوە موسوڵمان لە ڕکاتە نوێژدا بیڵێن، وەک ئەوەیە کە ئێواران سەربازان فێر کراون بڵێن بژی مەلیک، فەرمانە؛ دوعا نییە. ڕەنگە تۆ قورعان بە قسەی خودا نەزانی؟»

- شتی وا مەڵێ، قورعان زۆر گەورەیە، لە چەند جی بە ئاشکرا باسی مەسیحی تێدایە کە لە فووی خودایە.

- بەه بەه ! چەند مبارەکە! لات وایە هیچ قسەی پێغەمبەری تێدا نییە؟

- بەڵێ، ئەوانە «قول»یان تێدایە، واتا: «بڵێ» بێشک فەرمایشتی خودایە.

- کەوابێ محەممەد بێ قولەکانی بۆخۆی لێ زیاد کردووە کە قورعان دەڵێ: «هەرکەس جگە لە ئیسلام دینێکی دیکە هەڵبژێرێ لێی قبووڵ ناکرێ» قسەی خودا نییە؟!

- من ئەوە ناڵێم...

- تۆ بڵێ! شەرم و تەقییەی پێ ناوێ، وەرە هەردووکمان بڵێین محەممەد بە ناوی خوداوە ئایەتی خستوونە ناو قورعان و دزی کردووە. کەسێک دز و بوختانکەر بێ بۆ پێغەمبەر نابێ. ئەوسا وەرە پێم بسەلمێنە کە مریەم لە فووی خودا ئاوس بووە و ئەو کچە جوولەکە جوانە کەس لاقەی نەکردووە!!

- کوڕە تۆ دەڵێی چی؟! قورعان ئاشکرا دەڵێ.

- گوتمان قورعان بڕوای پێ ناکرێ چونکە خاوەنەکەی بە زمانی خواوە هەڵیبەستووە.

- جا دەڵێی چی؟

- دەڵێم ئەو هەموو موسوڵمانە دەربارەی پاکی مریەم و عیساوە بە هۆی قورعانەوە دەمیان بەستراوە، ئیوە حەول بدەن قورعان زۆر چاپ بکەن با موسوڵمان هەموو بزانن کە مەسیح زۆڵ نەبووە، چارتان هەر ئەوەیە.

- تۆ ناوت چییە؟

- عەزیز.

- عەزیز هەستە بڕۆ، جارێکی دیکە نەیەوە ئەم دووکانە!

کلک لە گەڵۆزدا دەرکەوتم و پەکی ڕۆژنامەی بەخۆڕاییم کەوت. حوزنیم وەبیر هاتەوە کە لەسەر شافیعی تێهەڵدانی خواردبوو...

دوو مانگ لەوپەڕی چەوسانەوە کارم کرد. مانگی یەکەم گوتیان دوایە حقووقت دەدەینێ؛ مانگی دووهەم گوتیان نیمانە و نایدەین. حەمەی ڕەشادیش وەک من هەشت دیناری دوو مانگەیان نەدایە، گوتی با شکایەت بکەین؛ گوتم من نایکەم؛ ئەو چوو دوو پۆلیس و دەرەجەدارێکی لەگەڵ خۆی هێنا. گوتیان: «حەقی ئەو فەقیرە بۆ نادەن؟»، خاوەن ڕستووران گوتی: جارێ فەرموون ئیستراحەتێک بکەن»، بوتڵێ ئارەق و کەبابیان بۆ بردن. تێریان خوارد و حەمەیان وەبەر شەق و زللە دا:

- نامەردی لات! ئەو پیاوە نەجیبانە چۆن هەقی تۆ دەخۆن؟!

من هەر ئەوەندەم بۆ کرا حەسیر و پەبووەکەم لەسەر شان دانێم و بێمەوە لای مام حوسێن.

لە ڕستوورانەکەدا نامەم بۆ کڕێکارەکان دەنووسی ئەوانیش تیغی ڕیش تاشین و سابوونیان بۆ دابین دەکردم، پەکم لەسەر ئەو دوانە نەدەکەوت. ڕۆژێک کرێکارێک کە چەند جار نامەم بۆ نووسیبوو گوتی: «وەرە لەسەر حیسابی من بچۆ لای قەحبەیەک»

گوتم: «چەندی تێ دەچێ؟»

گوتی: «نیو دینار»

گوتم: «کاکە چارەگە دینارێکم دەیە و ناچم»

گوتی: «سا بەخوا نەچی فلسێکت نادەمێ!»

پێم سەیر بوو: چۆنە بۆ کاری خراپە وا دڵاوان و بۆ خێرێک وا دڵکوێرن؟! زۆربەی خەڵکی تریشم وا دیوە، نازانم سوڕ چییە؟...