یادێکی پیرەمێرد و فایەق بێکەس

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  1366 مشاهده

ئێستاش هەر بەداخەوەم کە نەیانهێشت «پیرەمێرد» و «فایق بێکەس» ببینم. دەیانگوت فایق سەرخۆشی زمانشڕە و ڕاستیت لێ دەڵێ. پیرەمێردیش خۆ دیارە جاسووسە!

پیرەمێرد ڕۆژنامەی ژینی دەنووسی. بۆ یەکەم جار لە دنیادا و بۆ ئاخر جاریش ڕۆژنامەیەک لە ڕۆژگارێکدا چوار ژمارەی لێ چاپ دەکرا، چونکە ئیعلانی چوار ئێدارانی بڵاو دەکردەوە. نە کەس دەیکڕی، نە کەس دەیوێرا بیفرۆشێ. گوناهیشی هەر ئەوە بوو کە دەیگوت با کورد بین و بە دڵ کۆمۆنیست نەبین. جێژنی نەورۆزیشی دەگرت کە بە لای کۆمۆنیستانەوە کفر بوو.

فایق بێکەسی شاعیر زەلامێکی ورگن بوو؛ ملی نەبوو، شەوانە نەیدەتوانی بە ڕاکشانەوە بخەوێ. هەر تاکە لێفەیەکیشیان هەبوو. یان دەبوو فایق لەسەر کورسی دانیشێ و بە شانیدا بدا، یان دەبوو ژن و منداڵی پێی بخەون. هەموو شەو چەند لاوێکی ڕێکوپێک دەچوونە بەر ماڵی فایق تا گوێ لە شەڕەجنێوی فایق و ژنەکەی بگرن لەسەر لێفە...

جارێک شێخ لەتیف دەگەڵ خوێدا بردمییە گوندێک بە ناوێ (چوارتاق)، ئاویان بە کوندە لە عەربەتەوە دەهێنا بۆ خواردنەوە و مەشکە. حیسابم کردبوو کاروانەئاوێک لە سەعاتێکی پتر دەخەیاند. شێخ هەڵیپێچان کە: «سەد دینار پووشانەم بدەنێ»، هەرچەند ژن گریان و پیاو هاواریان کرد کە نە پووڵمان بۆ هەڵدەسووڕێ، نە پووشانەکەش ئەوەندە دەکا، قامچی نۆکەران وەکار کەوت و سەد دینار کۆ کرایەوە و شەو گۆشتی مەڕی برژاو خورا و هاتینەوە.

- یا شێخ ئەو سەد دینارەت چۆن وا بەپەلە و بۆچی ئەستاند؟

- کاکە، عەلی کەماڵ بەگی بەغدایی هاتۆتە سلێمانی و دەعوەتی دەکەم!...

زۆر کەسی دەگەڵ عەلی کەماڵ بانگ کردبوو. فایق بێکەس هات، هەر لە درگا بوو گوتیان ئەو سەگبابە مەجلیسەکە پیس دەکا. من لە پشت درگاوە لە مەجلیسەکەم دەڕوانی کە نەبینرێم. داوای شیعریان لە فایق کرد. لای لایەکەی خۆی خوێندەوە. لەپڕ دەگەڵ ڕەفیق چالاک کێشەیان لێ پەیدا بوو؛ ملیان لە شەڕەجوێن نا. ئەو هەموو مامۆستا و ئەفەندییە ماقووڵانە لەسەر چالاکیان دەکردەوە، کە جلکی جوانتر و بە دیمەن ڕێکوپێکتر بوو. نۆکەران فایقیان بە پاڵەپەستۆ وەدەرنا. وەک دەشزانین لە مەرگی فایق بێکەسدا هەر ئەوانەی دەستیان نەدەچووە گیرفانیان کە لێفەیەکی بۆ بکڕن، بە هەزاران دیناریان لە سەرەخۆشییەکەیدا خەرج کرد. پیرەمێردیش هەروەتر، ئێستاش هەر بۆی دەنووسن: «پیرەمێردی نەمر»...

جارێک لە مەجەللەی «هەولێر»دا مەقالێکم نووسی کە: «لە دووکانێکی بەغدا چەقەڵێکی موومیایی کراوم دیت؛ لە بنی نووسرابوو نرخی بیست و پێنج دینارە. مات مام: خوایە دەبێ ئەو چەقەڵە شاعیر بووبێ یان خزمایەتی دەگەڵ شاعیر هەبێ؟! پەنجا چەقەڵ بە زیندوویی کەس بە فلسێکی ناکڕێ، بە مردوویی نرخی بیست و پێنج هەزار فلسە!»؛ مرادیشم هەر شاعیرانی کوردستان، وەک مەلا مارف و قانیع و فایق و پیرەمێرد و جگە لەوان بوو.

پیرەمێرد چاپخانەی خۆی هەبوو؛ لە ماڵی دنیاش ناساز نەبوو. هەموو ساڵان جێژنی نەورۆزی لە گردی مامەیارە دەگرت و لاوی کۆ دەکردنەوە و شیعر و وتاری تێدا دەگوترا و داوەتی جێژنە دەگیرا. کە کۆمۆنیستی پەرەی ساند نەیانهێشت نەورۆز بگرێ. مەقالێکی زۆر جوانی نووسیبوو؛ ئەوەم لەبیر ماوە کە لە پاش باسێکی جوانی نەورۆز نووسیبووی: «بەڵام ئەمساڵ لە سایەی حیزبی حیزبانەوە نەورۆزەکەمان لێ تاڵ بوو!...».