سەرعەمەلەیی لە کووت و...

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 12 دقیقه  961 مشاهده

بە هۆی دژایەتی دەوڵەت و خۆپێشاندانی ساڵی ١٩٤٨ گوتیان دەبێ شیعە و سوننی ببنە برا. کامیۆنێکی زۆر لەبەر بارەگای غەوس ڕاگیرابوو. هەرایان دەکرد: «کێ دێتە نەجەف؟». هەزار ڕووتە و پووتە و لات خۆیان تێ دەخزاند و دەیانگوت پڵاو دەخۆین. سەرکردە مەلا تەها ناوێک بوو؛ گوتم حەز دەکەم بێم؛ لای شۆفێر دەگەڵ خۆی سواری کردم. خۆم لە پڵاو دزییەوە؛ چوومە ئوتێل، چوومە زیارەتی ئیمام عەلی. لە کابرای خاوەن ئوتێلم پرسی: «لە وڵاتی ئێمە دەڵێن ئیمام لە سەرەمەرگدا فەرموویە مەمنێژن تا دێن دەمبەن. عارەبێک بە وشترێکی سپی چاو ڕەشەوە هاتووە تەرمی بردووە و کەس نازانێ قەبری لە کوێیە». کابرا پێکەنی گوتی: «ببەخشە دیارە لە وڵاتی کەرانەوە هاتووی! ئیمام لە کووفە مردووە، هێناویانەتە ئەو تەپکە سێڵاو نەیگرێتەوە نەجەف یانی تەپۆڵکە».

مەحموود ئەحمەدی ئاشناکەی سلێمانیم نەقڵ کرابووە بەغدا و لە ئیدارەی ئامووزش و پەروەرشدا دەفتردار بوو، گوتی: «نامەیەکت بۆ دەنووسم بچۆ کووت؛ لەوێ کارت دەدەنێ». نامەم دا بە موهەندسێکی کورد کە ناوی نووری بوو (ناوی بابیشم لەبیر نەماوە). شایانی باسە کە لە بەغداوە گەیشتمە کووت و لە گاراژ دابەزیم کەلوپەلەکەم دزرا، زۆری بۆ گەڕاین دیتمانەوە؛ بەڵام کەتری چا لێنانم هەر فەوتا و زۆرم خەم بۆ خوارد. موهەندیس گوتی: ئەمشەو دەگەڵ باغچەوانەکە بە، سبەی فکرێکت بۆ دەکەمەوە. موهەندیس چەند میوانێکی بە سمێڵ و لووسی هەبوون، بەزمیان بوو. دوو ماسییان دابوو بە باغچەوان بیبرژێنێ. ماسی لەسەر ئاگر بوون، باغچەوان گوتی: نوێژ دەکەم ئاگات لێ بن چەقەڵ نەیانبا. لە نوێژ خەلاس بوو، بەجێم هێشت. کردییە هەرا: «ئای چەقەڵ بردی!». پێم سەیر بوو لە ناو شاردا چەقەڵ ماسی بەرێ.

بەیانی موهەندیس ناردمییە لای چەند کارمەندێک کە دەگەڵیان بژیم. ماوەیەک مامەوە. (کووت)ئەوسا شارێکی زۆر پیس و پۆخڵ و لە شار نەدەچوو. تەنیا کابرایەک ڕۆژنامەی بەغدای دێنا و لە قاوەخانە بەکرێی دەدا؛ تەواو چوار خەتت نەدەخوێندەوە دەیساندەوە و دەیدا بە یەکی تر. لەکوێ نان بخۆم؟ کارمەندەکان بردمیانە ناو بازاڕ چێشتخانەیەکیان نیشان دام کە «ئێمە ئابوونەین، مانگی چوار دینار دەدەین و هەرچی بمانەوێ و کابرا هەیبێ دوو جەمە دەخۆین»، بوومە ئابونە. سینەماش هەبوو، هەر بە دوو ڕۆژ فیلم دەگۆڕا.

ڕۆژانە بێکار و وەڕەز دەبووم، دەچوومە سەر سەدی(غەڕاف) سەیری ماسیان و قوڵکەی ماسیگریم دەکرد و پێی دەخافڵام. ڕۆژێک چاوم لێ بوو عەرەبێک بەرەو کووت دەهات. بوخچەیەکی دەبن هەنگڵدا بوو، گەیشتە سەر پردی سەد، دانیشت جووتێ کەوشی لە بوخچە دەرێنا، خاوێنی کردەوە و کردییە پای و هەستا. وەک ژنە لادێییەک کە تازە پاژنە بەرز دەپێ دەکا، هەر تلاوتلی بوو. کردی و نەیکرد نەیتوانی بڕوا. دانیشت و دایکەند و نایەوە ناو بوخچە و بە پێخواسی ڕووی لە شار نا.

خۆپیشاندان دژی ساڵح جەبر لە کووتیش بەردەوام بوو. دەڕۆین و بە تێکڕایی دەیانگوت: «بکەوێ! بکەوێ!» عارەبێکی ڕووتی پێخواس کە لە کەنارەوە وێستابوو چەند جار هاواری کرد:

«یا خوا بکەوێ! دەبا بکەوێ!».

پرسیم: مامە چی بکەوێ؟

- دینار بکەوێ و من هەڵیگرمەوە!

لە کووت دەگەڵ کوردێکی کۆیی و عارەبێکی کوردیزانی باش بوومە ئاشنا و خۆشم لێ دەهاتن. کوردەکە ناوی ئەحمەد حەوێزی و عارەبەکە ناوی خالید بوو.

ڕۆژێک موهەندیس گوتی دەتنێرمە (بەدرە) یان (جەسان) کارمان هەیە. باغچەوانەکە تێیگەیاندم کە ئەو دوو شارە ئاویان سوێرە و هەوایان زۆر پیسە، گوتم ناچم.

- دەچییە نوعمانیە؟

کابرا چاوی لێ داگرتم، گوتم بەڵێ دەچم. دەگەڵ بەننایەک و دارتاشێکدا چوومە نوعمانیە کە ئیدارەی پۆلیس تەعمیر کەینەوە و من سەرعەمەلە بم. بیست فەعلەیەکی عەرەبی دەشتەکیم تەسلیم کرا و دەسمان بە کار کرد. بە قانوون دەبوایە کرێکار ڕۆژانەی لە چارەگە دینارێک کەمتر نەبێ و هەشت سەعات کار بکا، بەڵام عارەب گوتەنی: «کێ دەبیە و کێ دەخوێنێتەوە؟»؛ فەعلە دوازدە سەعات کاری پێ دەکرا و کرێیان ڕۆژانە سێ پەنجایی بوو. هەر وا دوای یەک-دوو ڕۆژ هەستم کرد کرێکارەکان سرتە دەکەن و لە من دەڕوانن.

- برا ئەوە دەڵێن چی؟

- دەڵێن ئەو کابرایە هیچ لە سەرعەمەلەیی نازانێ، ئەوانی پێش تۆ قسەی خۆشیان «سەگی کوڕی سەگ» و «قاحبە دایک» بوو، تۆ هیچ جنێومان پێ نادەی؛ جگە لە کاری دەوڵەت کاری خۆتمان پێ ناکەی، پێمان سەیرە...

من و بەننا و دارتاش لە وەتاغێکی چکۆڵەدا دەژیاین؛ کرێکاریش لە ژوورێکی زۆر بەرفرەواندا کە عەنباری گێچ و سیمانیش بوو دەنووستن. هەر لە بەرە بەیانەوە تا تاریکان دەناو تۆز و خۆڵدا هەڵدەسووڕاین. نیوەڕۆیان سەعاتێک وچانی فاعلان بوو. دارووجانی ناو برنج بە بار لە کووت دەفرۆشرا. فاعلەکان داروجانیان دەکڕی و بە بەرد دەیانکوتا و لەسەر تەنەکەیەکی ڕەش بە ئاگری کۆنەقامیش دەیانکردە سەوڵە و دەیانخوارد؛ کە وەک زەهری مار تاڵ بوو.

ڕۆژێک بەخشداری شار هات گوتی: ئەگەر هێندێک ماڵەکەم تەعمیر کەنەوە مەمنوون دەبم، گوتم: باشە وەختێکت بۆ دەدزم. پیاوێکی زۆر ناسک و هێمن و خەڵکی نەجەف بوو، ویستی نەجابەت بنوێنێ، بە عەمەلەیەکی گوت: تۆزێک لەو نانەی خۆتم دەیە، گوتم مەخۆ. نەخێر، وەریگرت و نایە دەمی؛ دەسبەجێ تفی کردەوە و گوتی: تاڵە، ناخورێ. چاوم لێ بوو فرمێسکی دە چاو تزا، ملی نا لە جوێندان بەو دەوڵەتە دەوڵەمەندەی خاوەن نەوت و داهاتەی عێراق کە هێشتا زۆربەی دەشتەکی عێراقی ناتوانن هیچ نەبێ نانی جۆ بخۆن و پەنا بە دارووجان دەبەن.

سبەی ئەو ڕۆژە کرێکارم بردە ماڵەکەی. بۆ نیوەڕۆ گۆشت قەلەموون و خۆرشت و پڵاوی زۆری داینێ. گوتم: «جەناب بەدبەختت کردن؛ تا چەند ڕۆژ تام لە دارووجانەکەیان ناکەن و تازە تا مردنیش جەمێکی وا مەگەر دەخەون ببینن...».

ڕۆژێک دیتم بۆ کرێکارێکی پیری کۆڵکێش خیزی زۆر تێ دەکەن، گوتم: «خاتری ئەو پیرە بگرن، باری زۆر گران مەکەن». لەو ڕۆژەوە بوومە موقەددەسیان و زۆر بە دڵ کاریان دەکرد کە لێیان نەڕەنجێم و ڕۆژێ بیست جار باسی ڕوحم کردنەکەمیان بۆ یەکتر دەگێڕاوە.

ڕۆژێک کرێکارەکان گوتیان کارمان بە قەبەڵ بۆ دانێ، زووتر مەرەخسمان کە کە جێژنە دەکەین. کاری خۆیان بە زیادەوە کرد و سەعات چوار گوتم بچن. پاش تاوێک گەڕامەوە خورمای زەهدییان لە پێش بوو. گوتم: «خورمای زەهدی کیلۆی بە چوار فلس بۆ جێژن کردن نابێ؛ ئێوە فریوتان داوم»، یەکیان گوتی: «چۆن نابێ؟ بە ئیمام حوسێن سوێندە کە ساڵێکە دمم لێ نەداوە. سەد و پەنجا فلس بۆ ژن و ماڵم خەرج کەم یان خورما بکڕم؟!».

شەوێک باران بوو، دەگەڵ دارتاش و بەننا بە چراگاز چووینە شەوارەی کۆتران لە تەویلە کۆنێکی ئیدارەی پۆلیس؛ چوار کۆترمان گرت. دارتاش گوتی: کرێکار دێنم پێی چا دەکەم.

- دوو کۆتری بدەیە!

- کۆتری چی؟

من ڕازی نیم بێگار بکەن.

- برا تۆ ناتەوێ زۆر ڕازی بن و کەیفیان ساز بێ؟ دە بڕوانە...

«بەدر» ناوێکی لە کرێکارەکان هێنا، پاکی کردن. لە نرخی ماندووبوونی، سەر و پێ و ڕیخۆڵەی کۆترەکانی برد و هەر هەڵدەپەڕی. چووم لە کونێکەوە خۆم لێ گرتن، یەک دەیگوت: «کۆنە قامیش بسووتێنین سەرکارگەر تووڕە دەبێ»، ئەوانی تر دەیانگوت: «پیاوی چاکە دەمانبەخشێ». گوتم: «بسووتێنن بزانم چ دەکەن؟». لاقە کۆتریان کەوڵ کردبوو، سەرەکانیان پاک کردبوون، ڕیخۆڵەیان شوشتبۆوە، خستبوویانە سەر تەنەکەیەک و نابوویانە سەر ئاگر و هەر بیستیان وێکڕا لە خۆشیان گۆرانیان دەگوت و چەپڵەیان لێ دەدا.

مندڵێکی شازدە ساڵە دەگەڵ کرێکاران بوو. ئێوارەیەک باوکی هات و دەگریا و کوڕەکەش گریا: «چۆن پێتان نەگوتووم؟». برای چکۆڵەی مردبوو؛ ناشتبوویان تازە خەبەریان دەدایە. کە من لۆمەی بابیم کرد، گوتی: «دەترسام تۆ ئیجازەی نەدەی و کارەکەی لە دەست بچێ...».

ڕۆژێک وەک هەموو ڕۆژان پاش کار چوومە مزگەوتی سوننی کە نزیکمان بوو دەم و چاو بشۆم. ئەو شارە چوار ماڵ سوننی و مەلایەکی لێ بوو، کاروباری موڵکی پادشایان بەڕێوە دەبرد.

لەو دەمەدا یەکێک لە مەلاکەی پرسی:

- مامۆستا شیعەش وەک ئێمە موسڵمانن؟

- بەڵێ کوڕم ئەویش وەک ئێمەن.

گوتم: ئوستاد مەفەرموو وەک ئێمەن، بفەرموو ئەوانیش دینێکیان هەیە!»

مەلا کە یەکێکی دم و چاو ئاوڵاوی کورتەباڵا بوو پرسی:

- خەڵکی کوێی؟

- کوردستان.

- ها کەرکووک!

- بەڵێ وەک کەرکووک!

- لەکوێ دەنووی؟

- لە ئیدارەی پۆلیس دەگەڵ دوو کەسان

مەلا و ئەوانی تر گوتیان نابێ لەوێ بی؛ وەرە حوجرەی مەلا، حاجی عەبدوڕەحمانیش کە مجێورە نان و چات بۆ ساز دەکا.

هەر ئەو ئێوارە، مەنجەڵ و قاپ و قاچاغ و برینج و ڕۆن و زۆر شتی پێداویست گەیشتە مزگەوت. حاجی کەتەی لێنا. حاجی چ حاجی؟ ڕیشێکی درێژی دوو فلیقانەی ماش و برنج، بڵندباڵا، بێسەواد، قەت دەمی ڕانەدەوەستا، لەسەریەک قسەی دەکرد، تێنەدەگەیشتم دەڵێ چی، بۆخۆشی نەیدەزانی چ دەڵێ! قسەکانی دەتگوت دێوجامەی کەوگرتنە؛ هەر پینەی لە ڕەنگێک و لێکی دەدان و دەیڕست تا خەو بەلایدا دەبردمەوە. مەسەلەن دەیگوت: «بەسرا دوورە، شبلی پیاوی خوا بوو، لە بەغدایە گەرمایە، ماستی گامێش شلە، جەواهیرول قەلاید، بایەزیدی بوستامی، سەدەی غەراف، عەبدولقادر فادخلی جەننەتی...» ،ئیتر لەو قەبیلە قوماشە لە دووی دەدا. منیش هەر بۆ سبەی شەو دەفتەر و میدادم ئامادە کرد هەرچی دەیفەرموو دەمنووسی. بەزمێکی سەیری لێ دەرچووبوو. بەداخەوە فەوتا.

ڕۆژانە حاجی کڵاوێکی لۆتی چەقۆیانەی لەسەر دەنا؛ هەژ نۆ ئاوێنە و لیزگە مووری پێوە کردبوو، سواری داریک دەبوو بە کۆڵاناندا ڕمبازێنی دەکرد، دەیگوت هەتکی نەفسە و ئەولیا وایان کردووە. سەد منداڵی وەدوو دەکەوت و دەیانکردە قریوە. بەڕاستی حاجی لەکن سوننی و شیعەی شار بە ئەولیا ناسرابوو. شۆفیران هەزار سوێندیان دەخوارد کە حاجی بە پێ و ئەوان بە ترومبیل ڕۆیشتوون، حاجی دەپێشدا گەیوەتە بەغدا! حاجی نامەی لە بەغداوە بۆ دەهاتن من بۆم دەخوێندەوە. ژنە وەزیر و جێ گەورە داوای نوشتەیان لێ دەکرد؛ دەعوەتیان دەکرد کە بەسەریان کاتەوە؛ دیار بوو لە بەغداش بە ئەولیای دەزانن. نوشتەکانیشی هەر خۆم بۆم دەنووسی کە دەپێشدا مەلا بۆی نووسیبوو.

ڕۆژێک لە پاش کار و چاوشوتن، بە جادەدا دەچووم تووشی کتێبخانەی شار بووم. هەر چوومە ژوور کابرای کتێبدار یەک پێ ڕاستەوە بوو؛ بەغار ئاوی سارد و چای بۆ هێنام؛ لە پەیتا کتێبی دینا و قوربان قوربانی بوو. زۆر لەخۆم دڕدۆنگ بووم: «ئەم کابرایە کە نامناسێ ئەو کلکەسووتەی لە چییە؟ بە زمانێکی زۆر لووس گوتی: خێرە لێرەی؟!»

- سەرعەمەلەم و کار دەکەم.

- قوربان من تۆم لە «شعبەی خاسە» دیوە؛ هەرچی دەفەرمووی دەبەر ئەمرت دام!

کابرام بۆ کەر بووە بۆ دەنگ بکەم؟! زۆر درەنگ زانیم «شعبەی خاسە» بە ئیدارەی پۆلیسی سڕی دەڵێن. ئەو کەرە منی لێ گۆڕابوو؛ خراپیش نەبوو!

شەوانە دەچوومە قاوەخانە؛ تەویلەیەکی زۆر درێژ و پان، پڕ بە نیمکەتی ڕەقی درێژ، عەکسی جوچک و مریشیکی ئینگلیسی، جۆرج و ئەلیزابت، کچی کافرۆش و هەزار جینجڕ فینجڕی دی بە دیواراندا کرابوو. نیمکەت هەموو پڕ دەبوونەوە و دەبووە هەرا و چەققەیەک مەگین خوا بزانێ.

من کە هیچ کەسم نەدەناسی، دەفتەر و میدادێک و خۆم کردبووە خەبەرنیگاری خۆم. کەچەڵەکان، یەک چاوەکان، زگ زلەکان و لووت خوارەکانم دەبژاردن، ئەوجار قسەم دەنووسینەوە: «چەند ماسیت گرت؟ گامێشت کڕی؟ تازە لە بەغدا هاتمەوە، چوومە زیارەتی کەربەلا...»، هەرچی دەیانگوت دەمنووسیەوە.

شەوێک پەیمانکار هات کە بە کرێکارەکان بڵێ بارە گێچ و خشتی بەتاڵ کەن. چووم پێم گوتن: «نەچن بە بێ پووڵ بیکەن، داوای دە دینار بکەن»، گوتیان: هەر بەخۆڕاییمان کردووە!

- هەتیو ڕۆژی دوازدە سەعات کار دەکەن؛ شەو هی خۆتانە.

کارگەر ئیعتسابیان کرد و کابرا ناچار گوتی شەش دینار دەدەم، فەورەن گوتیان باشە! ڕانەوەستان بۆیان زیاد کرێ. پەیمانکار زۆری ڕق لە من هەڵگرتبوو. ڕۆژێک ڕیزە خشتم دەبژارد، گوتم: چەندن؟

- دوازدە هەزار.

- نەخێر ئەوەندە نین.

قیڕاندی: «تۆ دوژمنایەتیم دەگەڵ دەکەی! پووڵێکی نا گیرفانمەوە، پووڵەکەم دایەوە، گوتم: «شازدە هەزارە و چوار هەزارت لەبیر چووە. بەرتیلم مەدەیە و هەقی کارگەرانیش مەخۆ».

کارمان تەواو کرد. موهەندیس هات گوتی: «لە حیسابێ کە من کردوومە حەوت هەزار دینار لە پێشین؛ چونکە نەتهێشتووە دزیم لێ بکرێ. تا ئێستا حقووقت مانگێ دوازدە دینار بووە، بچۆ بەغدا چەند وەرەقێک وەرگرە تا بتوانم بۆت بکەمە هەژدە دینار». کەچی بەو حاڵەش دەرچوو کە لە ئیدارەی تەلەفۆنات چل گفتگۆی نێوان نوعمانیە و کووتیان زیاد لەسەر حیساب کردووین!

لە بەغدا کارەکانک کرد؛ وەرەقەی عەدەمە مەحکوومییەتم مابوو، شەش ڕۆژ هەر دەچووم، کۆمەڵێک ئەفسەری دەرەجەداری گەورە دیانگوت سبەی وەرەوە. ڕۆژی شەشەم پۆلیسێک لە درگا پرسی: چ بوو؟

-دەڵێن سبەی.

- کاکە چارەگە دینارێکم دەیە.

گورجێ ڕۆیشت و وەرەقەی بۆ هێنام. سوێندی خوارد کە تەنیا سەد فلسی بەو گەیوە و سێ پەنجایی داوە بە ئەفسەرە زەلامەکان.