هاوماڵیی مەحموود ئەحمەد لە بەغدا

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  1049 مشاهده

تا هاتمەوە کووت موهەندیس تەسادوفی کردبوو بردبوویانە بەغدا. هاتمەوە بەغدا. دەگەڵ مەحموود ئەحمەد بوومە هاومەنزڵ کە ماوەیەک لە بەغدا ماڵ و منداڵی دەگەڵ بووە و خەرجی دەرنەبردووە؛ ناردوونیە سلێمانی و ژوورێکی لە خانوویەکی هەشت ماڵیدا گرتبوو؛ بە تەنیا دەژیا. مەحموود نیوەی ژیانی لە زینداندا گوزەراندبوو؛ سەری زۆر لە گونگەڵ دەخورا، لە پەرژ و بڵاویشدا وەک من کۆڵەوار بوو. شەوانە ئارەقی هەرە گرانی بە لیوانێکی لێو قرنجاوی شکاو دەخواردەوە؛ بە جووتەش چامان پێ دەخواردەوە. دەبوو لێو بگێڕین خۆ لە قرنجاو لادەین؛ نەوەک بریندارمان کا. لیوانم دەکڕی دەیشکاند کە من وام پێخۆشە بەو لیوانە ڕایبوێرم. جارجارە دەعوەتی گۆڕانیبێژ و موسیقادانی دەکرد؛ بەڵام لیوان هەر نەدەگۆڕا.

شەوانە جلی کوردی دەبەر دەکرد و دەردەچوو. دەچووە قەحبەخانە، یەکێکی بانگ دەکرد: «پووڵەکەت دەدەمێ و کارم هەر ئەوەندە پێتە بۆم بگێڕییەوە چۆن گەیشتوویە ئێرە و سەرگوزەشتەت چییە؟...» چەند جارێک لە لایەن گەوادانەوە دارکاری کرابوو، ترسابوون قەحبەکانیان لێ بفڕێنێ. ئەو چیرۆکانەی کۆ کردەوە و لە چاپی دا بە ناوی «لە سایەی دەرەبەگیدا». هەر فۆرمەیەکی دەردەچوو دووسەد دانەم پێ دەهێناوە ماڵێ. کتێب لە چاپ دەرچوو، گیرا و مەحموودیان گرت.

پاش بیست ڕۆژ بەردرا. کتێب نرخی بیست و پێنج فلس نووسرابوو. کە لاوان بیستیانەوە خاوەنی گیراوە و نووسراو سووتێنراوە بۆی دەگەڕان؛ هەر نوسخەم بە دووسەد فلس دەفرۆشت و کە هاتە دەر بارێکم پارە بۆ وەسەر یەک نابوو.

بۆی گێڕامەوە کە ئەودەم هێشتا ماڵ و ژنی لە بەغدا بووە و بۆ چیرۆک چۆتە قەحبەخانە، نیوەڕۆیەکی گەرما، ژنێک خۆی بە ماڵا کرد. یەک لەو ژنانە بوو کە مەحموودی ناسیبوو: «کاکە مەحموود هەڵاتووم؛ بیکە بە خاتری پیاوەتیت ڕزگارم کە». هەر ئەودەمە ترۆمبیلێکی گرتووە و بردوویە تا قەراغ شاری سلێمانی و گەڕاوەتەوە. پاش چەند مانگێک ڕێگەی کەوتۆتە شێخە دێیەک، لە حەساری تەکیە سۆفییەک پێی گوتووە: «وەرە دایە خانمی حەرەمی شێخ بانگت دەکا». کە دەچێ دایەخانم هەمان ژنە. خانم شانی ماچ دەکا:

- کاکە مەحموود قەت لە منەتت دەرناچم.

- دایکم بە غەڵەت چووی؛ بەخوا نە دەتناسم، نە ناوم مەحموودە؛ لێت گۆڕاوە.

خانم دەگری و دەڵێ: بەڕاستی پیاوی...

نا نا، دایکم بەخوا ناتناسم، خوداحافیز.

لە سۆفی و مۆفیانم پرسی: دایەخانم چۆن ژنێکە؟ ئەوەندەیان تاریفی خێرەومەندی و ئیمانداری و بەزەیی گێڕایەوە کە باس ناکرێ.

مەحموود بە عاقیدە چەپی بوو؛ بەڵام لە حیزبی کۆمۆنیست و پارتیدا ئەندام نەبوو؛ هەردووک لاش خۆشیان دەویست. زۆر دڵاوا بوو. جارێک لەبەر دووکانەکەم کابرایەک سرتەی دەگەڵ کرد؛ مەحموود ڕۆیشت و زوو هاتەوە، سێ دیناری دا بە کابرا. کابرا ڕۆیشت.

- مەحموود ئەو سێ دینارەت لەکوێ هێنا؟

- کاکە ئەو پیاوە گوت پووڵی سەفەرم پێ نییە، چوومە هەڕاجە بازاڕ کۆتەکەم بۆ فرۆشت!

زۆر کاری سەیرترم لە مەحموود دیوە؛ بەڵام پێویست ناکا زۆرتری لەسەر بڕۆم.

دوای هاوماڵیم دەگەڵ مەحموود ڕۆژێک لە ڕۆژان خانووەکەیان تێکداین کە تازەی کەنەوە، مەحموودیش خۆی نەقڵ کردە سلێمانی و ناچار سیپاڵم بردەوە ماڵی مام حوسێن.