کتێبفرۆشی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  986 مشاهده

تووشی برادەرێک بووم گوتی: وەرە من هەشتا دینارم هەیە، دووکان بە شەریکی دەکەینەوە؛ مایە لە من و کاریش لە هەردووکمان. دووکان نەبوو، دەبێ بڵێم تاقەیەکی پەل بوو لە دیواردا. هێندێک وردەواڵە و کتێبمان لێ دانا. لە بەیانی زووەوە تا نیوەشەو بە نۆرە لە دووکان دەوبووین. خواردنمان سەموون و شەربەت بوو. زۆر ماندوو دەبووین و کەممان دەست دەکەوت. کتێبفرۆشێکی شیرازی لە بازاڕی کتێبفرۆشان خۆی کردە ئاشنامان؛ بە دەمیش زۆر کۆمۆنیستی غەلیز بوو، چەند کتێبی داینێ، گوتی مەمنووعە بەڵام زۆر خێر دەکەن. نازانم چۆن بوو کتێبمان نەهێنابووە دووکان، لەپڕ پۆلیس هاتن دووکانیان پشکنی و سەلامەت دەرچووین.

دیار بوو کاکی شیرازی وەک قڕژاڵ بە دوو سەر دەڕوا.

دوو مانگی نەکێشا شەریکەکەم وازی لە دووکانداری هێنا. حیسابێکی کرد گوتی: دوازدە دینارمان زەرەر کردووە، بدە شەش دینار.

- کاکە خۆت دەزانی شەش ئەسپێ شک نابەم.

هەر چۆنێک بوو بەخشیمی و یەک فلسم دەست نەکەوت.

لەو دووکانە ڕۆژێک منداڵێکی دە-دوازدە ساڵە هات پرسی: «ماڵی ئیمامی لەکوێیە؟ من خەڵکی سابڵاغم، ناوم عەزیزە و لە ماڵی نانەوام. ئیمامی مێردی خوشکم لە بەغدایە و سۆراغی ناکەم». دەگەڵیا چوومە ماڵی براگەورەی ئیمامی کە ناوی محەممەد بوو.