یارمەتیی یەرمیای جوولەکە و وردەواڵەفرۆشی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  915 مشاهده

پاش دووکان فرۆشتن بێکار مامەوە. یەرمیای جوولەکە دیسان وەک فریشتە دە هاوارمەوە هات، دووکانێکی چکۆڵەی بەتاڵی بێ بەرقی پەیدا کرد لەسەر خەیابانی ڕەشید؛ لە لای حەیدەرخانە. هێندێ قەفەسە و جامەکی بۆ کڕی و شتومتی وردەوپردەی تێ خست. گوتی: «سەت و پەنجا دینارم پێ قەرزداری، ئەگەر بووت بمدەوە؛ دەنا گەردنت ئازاد بێ. مەشترسە، من هەموو ڕۆژ پاش نوێژان دێمە لات و فێرە کاسبیت دەکەم». بەرق بە نۆرە بوو؛ دووکان و ماڵی وا هەبوو بە سێ ساڵ نۆرەی نەدەهات. یەرمیا جوولەکەیەکی کارمەندی بەرقی ساز دابوو کە بە سی و پێنج دینار بەرتیل بەرقی بۆ بدزێ. نوێژی شێوانێک دوو کرێکار بە ناردیوانەوە و کابرای کارمەند هاتن و بووینە خاوەن بەرق. ڕووی کردە یەرمیا:

- دە بدە سی و پێنج دینار.

- هەی جوولەکەی سەگ دین! تۆ دزی لە دەوڵەت دەکەی؟ دەبێ لە زینداندا بتڕزێنن.

کابرا تۆقی؛ خواخوای بوو هەڵێ. بە تکای من کە خوا هەڵناگرێ، پێنج دیناری دایە.

لە دووکان زۆر نەزان بووم. ئەو هەموو وردە شتە چۆن بناسمەوە؟ لەسەری هەموو قوتووەکانم نووسیبوو. ماوەیەکی زۆری ویست تا شارەزایی تەواوم پەیدا کرد. یەرمیا ڕازی نەبوو کتێب بفرۆشم بەڵام بەقسەم نەکرد. بە بەر کتێب فرۆشتنەوە، مەجەللە و ڕۆژنامەشم دادەنا. دەبوایە سەعات چواری بەیانی کە هێشتان تاریکان بوو بچمە دەفتەری ڕۆژنامە دابەش کردن، پتر لە سێسەد منداڵ و جوان و پیری لێ بوو؛ هەرا بوو، لە هەر ڕۆژنامەیەک - کە ئەوسا نزیکەی دوازدە ڕۆژنامە دەردەچوو - چەند ژمارەیەک وەرگرم. لە دە فلس دوو فلس بۆخۆم. ڕۆژی دوایی نەفرۆشراو بەرمەوە و تازەم دەنێ. ناوی دووکانەکەم نابوو «مەخزەن شوهەدا» بە یادی ئەوانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی بەغدا کوژراون. بڵاوکراوەکانی حیزبی شەعبم دەفرۆشت کە «عەزیز شەریف» و «ڕەحیم شەریف» دەریان دەکردن و دەستەچەپی بوون.

«حیزبی ئیستقلال» دروست ببوو؛ دژی دەستەچەپیان بوو، هەموو ئەندامەکانی، وەک هەموو عەرەبی تر، لات و چەقۆکێش بوون و هەر ترساندنیان دەزانی. شەوێک هاتنە سەرم، ملیان لە شکاندنی جامخانە و دڕاندنی کتێبان نا، کە «بۆچی ناوی دووکانت شوهەدایە؟». «ڕەحیم شەریف» بەیانی ناردی کە قەرەبووی زیانم بکاتەوە و شکایەتم بۆ بکا، گوتم لێم خراپتر مەکەن و هیچم ناوێ. ڕۆژێکی تر پۆلیس هات و دووسەد کتێبۆکەی چەپی لێ زەوت کردم. ئیتر یەرمیا نەیهێشت چیتر کتێب و ڕۆژنامە بفرۆشم. دووکان بە پتەوی کرا بە خەرازی؛ ناویشمان کردە «موختار». یەرمیا دەگەڵ خۆی بردمییە بازاڕ. بە جوولەکانەوە گەڕاین کە عومدەفرۆش بوون و هەموویان دەیانناسی و لە کاری فرۆشتنا زۆریان ئیحتیاج بە دەڵاڵی بازاڕ بوو. دەیگوت: «ئەم کوڕە ئامۆزامە و بابی موسڵمان بووە؛ هەرچی دەیەوێ بیدەنێ و من زامن». بە قەولی شێخ ڕەزا: «من کە یەک پارەی جڵقم لە ئەزەل شک نەدەبرد»، هەمیشە بایی سێسەد تا چوارسەد دینارم ئامانەتی جوولەکان لە دووکاندا هەبوو. هەموو پێنج شەموان داخڵەم حیساب دەکرد؛ بۆ هەر عومدەفرۆشە شتێکم دەبرد و شتی تازەم وەردەگرت. ئێواران یەرمیان دەهاتە لام و دەرسی کاسبی فێر دەکردم. لە هەواڵەتی و ڕێ شاندانی ئەوڕا زۆر باش ڕوون بوومەوە کە جوولەکە چەند لە موسڵمان و عەرەب و مەمانان زیرەکترن. دەمدی کە هەموو ئابووری عێراق و بازاڕی بەغدا سەری بە جوولەکەوە بەندە و هەموو هاوردەیەک لە دەستی ئەوانەوە بە عەرەب و بازرگانی عێراق دەگا. لەوانەی کە خۆم لێم دیون چەند نموونەیەک دەگێڕمەوە:

ڕۆژێک یەرمیا دەگەڵم هات عەتر بکڕین. زۆر جۆرە عەتری بە مارکی فەڕانسە و ئەڵمان و ئسپانیا و کوێ و کوێ هەبوو. یەرمیا گوتی: «غەزەبتان لێ بارێ هەمووی لێرە دروست کراوە! توخوا ئەگەر هەتانە عەترێکی حەوسەت و هەفتا و حەوتم بدەنێ بۆخۆم، کە عەسڵە». شووشەیەکیان بۆ هێنا؛ بۆنی کرد گوتی: «بەڵێ ئەوەم دەگوت کە خاریجییە». کابرا جرتێکی بۆ کێشا: «مردووت مرێ بۆ کەریەتیت! سی ساڵیشە هیچ عەترێکی خارجی نەهاتۆتە بەغدا، هەمووی دەسکردی خۆمانە!».