زیرەکیی جوو لە کەسب و کاردا

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  929 مشاهده

بەرەجێژنان بوو، چووینە بازاڕی (شۆریجە). تاوێک بە داڵانێکی تاریکدا ڕۆیشتین. بە گاڵتە گوتم: «یەرمیا دەڵێن جوولەکە بۆ جێژنە فەتیرە محەممەد ناوێک دە تەلیس دەنێن و شووژن ئاژنی دەکەن؛ کوڕە من باوکم ناوی محەممەد بووە، بۆ کوێم دەبەی؟!». پێکەنی. سەرمان لە عەنبارێک دەرهێنا. مەنجەڵێکی یەکجار زەلامی تێدا دەکوڵی. دەگەڵ چەند کەسێک بە جوولەکانە کردیانە قلی و بلی.

- بچین مارک هەڵبژێرین.

دەسکاری ئاڵمان، بریتانیا، ئیتالیا و... وەک تەمری پۆستە، شووشە لە کۆما هەڵگرین.

چکۆڵە، ناوەنجی، بە گرنج، ساف، بوتڵی ئاسایی. نرخی شووشە و مارک بڕا و ڕۆن بە خۆڕایی.

ڕۆنی سەرمان بۆ هات، یەرمیا نرخی بۆ دانان. بوتڵی پڕ شێست فلس، شووشەی هەرە چکۆڵە چوارسەد، ناونجی و بە دەرەجە لە سەتەوە تا سێسەد و دیاریشە ئەڵمانی لەوانی تر بەنرخترە!

لە جێژنەدا هەموو شووشە ڕۆنەکانی سەر فرۆشران جگە لە بوتڵە سادەکان، کە هەمووشیان یەک ڕۆن، لە یەک مەنجەڵ تێکرابوون!

کوڕێکی چکۆڵەی حەوت ساڵەی هەبوو. ڕۆژێک هاتە بەر دووکان. گوتم:

گورجی! ئەو دوو دەستە گۆرەویە بۆ بابت بەرە بیگۆڕێتەوە، نافرۆشرێن.

- مامە ئەوە نرخیان چەندە؟

- تۆ چت بەو قسانە داوە؟

- جا بۆ پێم ناڵێی؟

- جووتی بە حەفتا فلس کڕاوە.

دوای دوو سەعات یەرمیا هات. ڕەنگی پەڕیبوو:

- گورجی کوڕم گوم بووە، کەس نازانێ چی بەسەر هاتووە.

- «من دیتوومە» و بۆم گێڕاوە. بە ڕاکردن ڕۆیشت. گوێی گورجی گرتبوو بە گریان هێنای:

- ئەم هەتیوە لەسەر پرد گۆڕەویەکانی دەفرۆشت! تاقە دوو جووتی ماوە و هەمووی بە نەوەت و سەت فرۆشتووە!

بەڵێ، بێچووی مشک هەنبانە دەبڕێ...

نسحەتی دەکردم دەیگوت: «ئەگەر تۆ لەسەر ئەم خیابانە قەوغایە دەسرەیەک ڕاخەی، لە سەت کەس یەکێک چوار فلسی بخاتە سەر تا ئێوارە زۆرە. دەسا ئەگەر مشتەری بە نرخی تۆ ڕازی نەبوو، چەنەی لێدا، ئەگەر ماڵەکە سەتی یەکیش خێر بکا بیدە؛ با نەچێتە جێگەی تر. بازاڕ نزیکە و دەیکڕییەوە».

موسڵمان و جوولەکەیەک لە دەم بازاڕی شۆریجە شەمچەیان دەفرۆشت. مایەی قوتووە شەمجە چوار فلس بوو. جوولەکە دەیدا بە چوار فلس، موسوڵمانەکە دەبوو بە پێنج فلسی بدا تا فلسێک خێر بکا. جووە ڕۆژێ پێنج سندووقی دەفرۆشت و موسڵمان بە حاڵ نیو سندووق. ڕۆژێ بە جنێودان جووەی داگرت و ملی گرت کە: «تۆ بۆ کەسادی من ئەوە دەکەی»، جووە گوتی: «نا برا، من هەموو ڕۆژ دوو دیناری سندووقە بەتاڵەکان خێر دەکەم!».

جوولەکەیەک هاتە دووکان. تێری چاک و خۆشی دەگەڵ یەرمیا کرد. گوتی کراسێکم دەیە. کراس مایەی دینار و سەت فلس بوو. یەرمیا گوتی: «نۆسەد فلس». من لێم هەڵقورینجاند کە زەرەرمانە. لێم مۆڕ بۆوە. مشتەری نەیکڕی و گوتی گرانە و ڕۆیشت. یەرمیا گوتی: «دەزانم مایەی چەندە. ئەم جوولەکەیەش دەناسم چەند قیرسیچمەیە. ڕاوەستە تەپکەم بۆ ناوەتەوە». سبەی ئەو ڕۆژە ئێوارێ هاتەوە. جگە لەو کراسە یەکجار زۆر شتی ماڵەوەی کڕی و چەقەی نەکرد. کە حیسابم کرد حەوت دیناری زیاد لێ ساندبوو!

دەیگوت: «ئەگەر ژن مشتەری بوو، سوێند بە چاویان، بە سەری منداڵیان بخۆ، دەنا بە خودا و قورعان بەهرە نادا. ئەگەر مشتەری شووشە عەتر یان شتێکیان کڕی و گوتیان ئەگەر خڕاپ بێ دەیهێنینەوە، هەمیشە قبووڵ بکە. موسوڵمان زۆر تەنبەڵن؛ لە سەتی یەکی حەوسەڵەی نییە بۆت بێنێتەوە. هەمیشە شتێک کەمتر لە نرخی بازاڕ بفڕۆشە. لەوانەی لێت نزیکن و زۆریان دەبینی قەت زیاد مەستێنە. ناوی فرۆشیاری ڕاست سەرمایەیەکی گەورەیە».

خولاسە لە سایەی ئەو مامۆستایەوە زۆر شارەزای ئاڵوگۆڕی دووکانداری بووم. کارەکەم بە گوێرەی دەسمایە کەمەکەم، یان بڵێم دەسمایە قەرزەکەم باش بەڕێوە دەچوو. جێ خەویشم هەر لای مام حوسێن و دیوەخانی نەقیب بوو.