عەزیزی نانەوا و ئیمامی شووخوشکی

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  884 مشاهده

ڕۆژێک «عەزیزی نانەوا» (منداڵەکەی باسم کرد) هاتە بەر دووکان، زۆر کز بوو. گوتم: «وابزانم بێ پووڵی. من چەندێکت بە قەرز دەدەمێ، دوایە بمدەوە». لەپڕ گریا؛ دەردی دڵی کرد کە لە ماڵە ئیمامی و خوشکی ناڕازییە و نایەوێ دەگەڵیان بژی. کوردە؛ سابڵاغییە؛ منداڵە؛ بەغدا پڕە لە سەگ و گورگ؛ چۆن بێڵم هەڵوەدا بێ؟ ڕازیم کرد کە پێکەوە بژین. وازم لە ماڵە مام حوسێن هێنا. ژوورێکم لە ماڵێکی نیزیک دووکان لە ژنێکی کۆنە ئەرمەنی تازە موسوڵمان بەکرێ گرت. ناوماڵێکی قشپیلەم کڕی و دەگەڵ عەزیز تیا ژیاین. حەولی کارم بۆ دا. حەمە عەلییەکەی هاوکاری حوزنی، کاری لە چاپخانەیەک بۆ پەیدا کرد ڕۆژی بە چارەگە دینارێک تا فێرە کار دەبێ. قەرار درا حقووقەکەی کۆ کاتەوە بۆ ڕۆژی خۆی و داهاتی من بەشی هەردووکمانی دەکرد. ڕۆژێک کە هاتمەوە ماڵ، بۆی گێڕامەوە کە ئیمامی گوتوویە: «لای هەژار بی و نەیەوە لام، وا دەکەم، وابچێ»، وابزانم پووڵی لێم دەوێ. ڕاستی کرد؛ بە شەش دینار سەرانە هەرا داکوژا و پارەکەم دا. ڕۆژانە من لە دووکان و عەزیز دوای کاری چاپخانە پێویستی ماڵی دەکڕی.

ئیمامی لە هەواڵانی «ژێ-ک» بوو؛ هەڵاتبوو، ماوەیەک لە سلێمانی دەگەڵ قزڵجی و سەمەدی کە ئەویش هەر هەواڵێکی سابڵاغی و ئاوارە بو، لە ماڵی شێخ لەتیف ژیابوو. ناردبووی ژنی بۆ هاتبوو. لای موهەندسێک لە بەغدا بە سەرعەمەلە دامەزرابوو. تەنیا عەیبێک کە لەو ئاوارەییەدا لێی پەیدا ببوو، خۆهەڵکێشانێکی بێتام و درۆی زل بوو. لای من دەیگوت: «سەرعەمەلە نیم، هاوکاری موهەندیسم! سەعات هەشتی بەیانی، شوفێرێک بە ماشێنی ئاخر مۆدیلەوە دێ لەدوام و دەمباتە سەرکار و ئێوارەش دەمهێنێتەوە!». بە هەڵکەوت دوو دینارم کەوتبووە سەر کرێکارێک، گوتیان لە مەدینەی مەنسوورە. بەیانییەکی زۆر سارد، سەعات چوار، سواری خەت بووم کە بچمە قەرز ساندنەوە. کابرایەک لە سووچێکەوە لە سەرمان هەڵدەلەرزی، کە دنیا ڕووناک بوو دەبینم ئیمامییە! ناچارە بەو بەرەبەیانە ساردە، بە ئوتووبووسی شەق و شڕی تایبەتی دەرەوەی بەغدا بچێتە سەر کار!

ڕۆژێک بە بۆڵەبۆڵ هاتە لام: «بڕوانە ئەو قزڵجی و سەمەدیە سەگبابانە چییان بۆ نووسیوم؛ شەرت بێ بیانبینم بەر شەقیان دەم!». لە نامەکەدا نووسرابوو: «کاکە نامەکەتمان خوێندەوە. زۆر شادین کە سازی. نووسیبووت من لە بەغدا ڕۆژێ دوو پاکەت دەخۆم. نەتنووسیبوو دوو پاکەت چ دەخۆی، تەواو نیگەرانین!».

لەسەر شات و شووتی کە لە سابڵاغ وابووە و واچووە، پۆلیس گرتی و ڕەوانەی ئێران کرایەوە.

ڕۆژێک لەپڕ زەبیحم دیتەوە کە لە ناسرییەوە ڕایکردبوو. پێک شاد و شوکور بووینەوە. ڕۆژی دوایی بەرەو سلێمانی ڕۆیشت. دوایە بۆی گێڕامەوە کە لە سلێمانی خۆی کردووە بە دووکانی عەلی مەدهۆشی خەیاتی شاعیر، دوور و درێژ چیرۆکی هەڵاتنی بۆ گێڕاوەتەوە و تێری باسی کەساسی خۆی بۆ کردووە. گوتی لە جوابما هەر هێندەی گوت: «گوایە ئێستا داماوی!!».