نۆکەریی عەبوود شالچی وەکیل

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  868 مشاهده

پاش ماوەیەک مام حوسێن گوتی ئاشنایەکی عەکاسم هەیە دەڵێ کارم بۆ دۆزیوەتەوە. عەکاس بردمییە لای وەکیلێکی دادگوستەری، بە حەوت دینار و نیو دامەزرام کە ڕۆژانە دەفتەرەکەی خاوێن کەمەوە و ئێواران لە پشت دەرکە دانیشم، چا و نووشابە بۆ میوانانی بێنم. شەویش لە دەفتەر بخەوم. نیوەڕۆیان دەیناردمە ماڵێ خواردنم بۆ دەهێنا و بەشی منیشی دەکرد. ماڵەکەی زۆر دوور بوو؛ دەبوایە دوو ئوتووبووس بگۆڕم و زۆریش بە پێ بڕۆم. زۆر ماندوو دەبووم؛ بەڵام نانی نیوەڕۆکەم کە دەردەچوو ڕازی بووم.

ئاغاکەم ناوی «عەبود شاڵچی» بوو. وەکیلێکی زۆر پڕکار بوو و زۆر دەوڵەمەند و ئەشرافی و لە ئازادیخوازانی حیزبی چادرچی بوو. کتێبی زۆری لە دەفتەرەکەی هەبوو. کەترییەکی بەرقی هەبوو شەوانە چام لێدەنا و کتێبم دەخوێندەوە. یەک لەو کتێبانەی خوێندمەوە و زۆرم خۆش لێ هات، نووسراوێکی «ئەدگارسنو» بوو کە لەسەر ژیانی منداڵی و لاوەتی ماوتسی تونگی نووسیبوو؛ ناوی نابوو: «پیاوی ئاسیا». ئاغاکەم زۆر هۆگری متاڵا کردن بوو؛ تەنانەت کە دەچووە سەر پێشاویش شتێکی دەبرد لەوێ بیخوێنێتەوە.

ڕۆژێک گوتی: «وەرە بەندی کەوشەکانم توند کەوە»، کردم؛ بەڵام هەستی کرد کە زۆرم بەلاوە گران بوو، ئیتر وازی لەم کارە هێنا. «دوکتور ناجی مراد» ناوێک هەر لەو ئاپارتمانەدا بوو. فەڕاشەکەی ڕۆژانە کە لە بیمارستان دەگەڵی بوو، ئێواران ئەویش دەگەڵ من لە پێشخانە دادەنیشت و ببووینە ئاشنا. بۆی گێڕامەوە کە ڕۆژێک دوکتور بە عارەبێکی دەشتەکی گوتووە:

- خروجت بێنە.

- خروج چییە؟

- گووت بێنە معایەنەی بکرێ.

سبەی کابرا بوخچەیەکی گرانی پێ بوو، شەش کیلۆ دەبوو، گووی لە ڕۆژنامەیەکدا نابووە بوخچەوە:

- فەرموو دوکتور!

دوکتور بانگی کرد:

- سەلمان وەرە مامت دیاری بۆ هێناوین، لێی وەرگرە!

- دوکتور بیبەمەوە ماڵە خۆتان؟!

- نەخێر بیبە ماڵە بابە سەگبابەکەت!

ئاغام ڕۆژانی جومعە لە بەیانەوە دەهاتە دەفتەر؛ کوڕێکی عارەبی دەگەڵ خۆی دێنا کە لە ئیدارە دایمەزراندبوو. دەیگوت تۆ بڕۆ تەعتیل بە و تا ئێوارە مەیەوە. هەستم دەکرد کە ئەو کوڕە دەچێ ژنی بێگانەی بۆ دێنێتە دەفتەر و ئاغای وەکیل خەیانەت بە ژنی خۆی دەکا و حەزیش ناکا من بزانم.

لەو ڕۆژانەدا بەغدا لەپڕ وەک گۆمی خوێنی لێ هات. خۆپیشاندانی خەڵک دژی پەیمانی «پۆرتسمۆس» و ساڵح جەبری سەرەک وەزیری لەوپەڕی تەوژمیدا بوو. ڕۆژ نەبوو چەند کوڕ و کچێک لەسەر جادە نەکوژرێن. نیوەڕۆ بوو، لە بازاڕ بووم تەقە قەوما. بەغار هاتم بگەمەوە دەفتەر، تفەنگیان تەقاند و کابرایەکیان لە نزیک منەوە کوشت. خوێنی لەبەر دەچوو، غارم دایە سەری کە بەڵکوو خوێنەکەی ببەستم، لەپڕ قۆنداغە تفەنگێکیان بە پشتمدا کێشا؛ هەر ئەوەندە بوو نەمردم. بە کۆمە کۆمە ڕامکرد و خۆم دە دەفتەر هاویشتەوە. شاڵچی زانی لە خۆپێشانداندا وام بەسەر هاتووە، کوتی: «وادیارە تۆش سەرت لەو کارانە دەخورێ...». لەوساوە زۆر بە هێدیتر دەیدواندم.

ڕۆژێک کابرایەکی ڕەشی سوودانی دەگەڵ خۆی هێنا و گوتی ئەمە یاریدەت دەکا. تێگەیشتم کە ڕەشەی پێ لە من چاترە و دەفتەر دوو کەسی ناوێ. داوای حیسابەکەم کرد و خواحافیزیم لێکرد. خڕ هاتمەوە ماڵی مام حوسێن.