خوسرەو و کەیقوباد و ئەسکەندەر

از کتاب:
دیوانی حاجی قادری کۆیی
اثر:
حاجی قادر کویی (1816-1897)
 2 دقیقه  1356 مشاهده
خوسرەو و کەیقوباد و ئەسکەندەر
وەکوو کیسرا و کاوس و قەیسەر
هەموو تێ چوون و پاکی فەوتاوە
نە سیلاح و نە سککەیان ماوە
واقیعەن وایە وەک بەیانم کرد
هەر کەسێ زا بە ناعیلاجی مرد
مەرگ و ژین میسلی سێبەر و تاوە
ئەوی باقی بمێنێ هەر ناوە
چونکە هەرچی لە داری دونیایە
ئەووەڵی ئاوە، ئاخیری بایە
سەد شەهەنشاهـ و پادشا مردن
سەیری کە کوردی ئێمە هەر کوردن
میللەتە باقی، مابەقی فانی
هەر لە جافی هەتا بە گۆرانی
حەسرەتم هەر ئەمە لە دنیا دا
حاجیتخلص دەمرێ بە دەوریان ناگا
گەر بە دەورانیان بگەییایە
هەموو حاڵی دەبوون چ دەریایە
چ بە مەنسوور و گەوهەری کوردی
چ بە نەزم و کینایەتی وردی
سەعدی ئەییامی خۆی نەبوو نانی
وەکوو من بوو گەڕۆک و بێ خانی
ئێستە خەڵقی لە حەسرەتی دەمرن
بەیتەکانی لە زێڕ و زیو دەگرن
ئاخیری ڕۆژەکیش دەیێ وەعدی
خەفەتم بۆ بخۆن وەکوو سەعدی
قازیی نەسر و موفتیی نازیم
تێ دەگەن تا مودەڕیس و عالیم
بۆ تەسیحەی زوبانی کوردانە
شیعرەکانم دەلیل و بورهانە
یەعنی تا ماوە شاعیری غەڕڕا
عارف و عامی داخی بۆ ناخوا
لاکین ئەو ساعەتەی بە ڕەحمەت چوو
قوڕ دەپێون دەڵێن: چ حیکمەت بوو!
پەشمە حاجیتخلص وەرە وەکوو جاران
بێرەوە سەر حیکایەتی کوردان