ئێمەش دەمرین دەبینە خاکی سەرەڕێ
از کتاب:
دیوانی حاجی قادری کۆیی
اثر:
حاجی قادر کویی (1816-1897)
1 دقیقه
1734 مشاهده
ئێمەش دەمرین دەبینە خاکی سەرەڕێ
ئەم ڕۆژ و شەوە تەنووری سوبحی دەگڕێ
دەسگا و دوکانی شارەکان دادەنرێ
ئەمیان دەفرۆشێت و ئەوی تر دەکڕێ
ئەم مردووە باوکی یەخەیی دادەدڕێ
ئەو بووکی نوێی هەیە کەوای بۆ دەبڕێ
بێ بستە فەلەک ئاشەکی وای ناوەتەوە
بۆ هاڕدنی ئێمە چ عەجایب دەگەڕێ!
لادێیش ڕەزی ئاو دەدات و وەردی دەبڕێ
حەیوانە دەزێ، سەگ دەوەڕێ، کەر دەزەڕێ
لوقمان لەمە دا شوانە ئەگەر خۆی بکوژێ
گاوانە فلاتوون لە غەما گەر بدڕێ
ئەم دەستە کە چوو دەستەیەکی تازەیە دێ
مەعلووم نەبوو ئەم کەشمەکەشە کەی دەبڕێ
عالەم هەموو مردن لە خەمی زانینی
ئەم حیکمەتەیان نەزانی، هیچ لێی مەگەڕێ
لەم لاوە هەتا حاجیتخلص نەچێتە ئەو لا
مومکین نییە تێ بگا لەوە، گەر بفڕێ!