ئەسیری چەرخی دەورانم غەریبم سا خودا ڕەحمێک
از کتاب:
دیوانی ویساڵی
اثر:
وصالی (1902-1973)
3 دقیقه
839 مشاهده
ئەسیری چەرخی دەورانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک
زەلیلی موڵکی بەڵخوانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک
ئەگەر چی دەشتەکەی بەڵخوان هەموو باغاتە لاکین من
بەبێ گوڵ مات و حەیرانم، غەریبم سا، خودا ڕەحمێک
ستارەی بەختی من جانا یەقین کەوتووەتە تاریکیی
کە ئێستا جوغدی بەڵخوانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک
ئەوەند داما و گریاوم، سەراپا غەرقی خوێناوم
نەماوە نووری چاوانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک
پەشێوی عەشقی یارانم، میسالی شێخی سەنعانم
ڕەفێقی وەحش و تەیرانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک
سەحابی پەردەیی هیجران، لە من پۆشی ڕوخی جانان
بەبێ ڕووی ماهی تابانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک
بەدەن وەک قەقنەس لێ هات و خانوویی سەبرەکەم سووتا
زەرووری وەسڵی خووبانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک
بەیادی سەڕسەڕی هیجران، منی میحنەتزەدەی هیجرەت
نەما شەمعی شەبستانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک
عەجەب مەستوور و بیمارم، لە بەڵخوانا بەبێ هەمدەم
بە دڵ موحتاجی لوقمانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک
عیلاجم زەحمەتە بکرێ، نەجاتم بێ لە تەنهایی
خودا تۆی دەردی دەرمانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک
بە بێکەس لێرە دانیشتووم، هەتیوئاسا هەموو وەقتێ
لەبەر دەرک و لە ئەیوانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک
خودا کوا ڕاحەتی جانم، لەبۆ کوێ ڕۆیی نازانم
هەموو دەم زار و گریانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک
بە تەنها من لە بەڵخوانا خەریکی شوغڵی جانانم
خۆراکی مێشە ڕشکانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک
بەبێ دیداری هەمزئاغا نەماوە عەیش و ئەحواڵم
هەمیشە هەر لە کێوانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک
لە چنگی دێوی فیرقەتدا، لە چنگ شاهێنی میحنەتدا
شکست و خار و بوریانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک
لەگەڵ دەرد و پەرێشانی، وەکوو یەعقووبی کەنعانی
موقیمی کونجی ئەحزانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک
لەنێو وادی غەمی دووری، لەنێو هاموونی مەهجووری
سەراسیمە پەرێشانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک
لە کێوی بێستوونی غەم، لە دەس چوو ڕۆحی شیرینم
قەتیلی زاڵی حیرمانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک
ئیلاهی قەریەکەی بەڵخوان بە زوودی خۆش و ئاوا ە
بەبێ هەمدەم بە ئەفغانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک
خوداوەندا غەزەب بگری لە ئینگلیز و لە ئینگلیزی
کە هەر دوو بوونە شەیتانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێن
میسالی نەفس و شەیتانن، کە هەردوو ڕەهزەنی دینن
لە هەر دوو هار و عوسیانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک
ئەگەر چی ڕووڕەش و عاسیم، خودا تۆبە پەشیمانم
ئەگەر چی شێت و نادانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک
دڵا تۆ تەرکی دونیا کە، دەمێ یادی بیارا کە
ئەوە ئوممدی غوفرانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک
ویساڵیتخلص مژدە بێ یاران، نزیکە بێتەوە بەڵخوان
شوکر دڵشادی قورئانم، غەریبم سا خودا ڕەحمێک