ئەلا ئەی قەومی ناهەمواری نادان

پەندی ویساڵی
از کتاب:
دیوانی ویساڵی
اثر:
وصالی (1902-1973)
 2 دقیقه  743 مشاهده
ئەلا ئەی قەومی ناهەمواری نادان
هەتا کەی بێخەبەر وەک وەحشی کێوان
هەموو داماو لە ئەسڵ و فەرعی دنیا
خەوی غەفڵەت هەمووی کردوون پەرێشان
بەجارێ بۆ تەماع وا تێکۆشاون
ئەڵێن دوورین و نامرین بە ئاسان
عومرمان وا چووە حەفتا و هەشتا
کە هێشتا فێر نەبووین ئایاتی قورئان
لەبۆ دۆزینەوەی ڕێگەی دیانەت
هەموو بێهۆش و کوێر و مەست و حەیران
لە کەسب و کاری دنیایی فەریدین
وەلی نازانین چەندە ڕوکنی ئیمان
هەموو خائین بە دین و شەرعی ئەنوەر
وەلی حازر بۆ ئەمری نەفس و شەیتان
هەتا زوو قوڕ بەسەردا کەین درەنگە
لە لیتەی ئاستانەی حەییی مەننان
کە وەختێ چووینە قەبری تەنگ و تاریک
بە کاری چی دێ تازە حوزن و گریان
عەزابی قەبرمان ئاوا بێ ئەی گەل
پەنا بە خودا لە هەوڵی حەشر و میزان
کە حاڵی بەرزەخت دی وا بە شیددەت
پەشیمانی لە کاری خۆت پەشیمان
بەسە تاکەی ئەکەی عەبدایەتی نەفس
دە یاخوا سەروەتت بڕوا بە تاڵان
بڵێن پێم بۆ چیتانە ماڵی دونیا
هەموو بیکەن فیدایی زولف و خاڵان
بە غەیری تۆبە چاوی چی لەگەڵ خۆت
ئەبەی بۆ سجدێکی تاریک و وێران
تەماشای حاڵی یاران کە لە پێشا
بە ڕوویی سوورەوە گشت چوونە دیوان
ئەبێ یاڕەب کە ئێمەی پیس و ڕووڕەش
بەبێ فریادرەس چ بکەین لە مەیدان
شەل و کوێر و زەعیف و بار گرانین
کە دەسگیرمان نەبێ ئەلتافی ڕەحمان
هەموو ملمان بە زنجیری عقووبەت
لە جومگەی زیللەتا پەرت و پەرێشان
خودا بۆ خاتری ئەو شاهی دینە
عەفوومان کە، قبووڵمان کە، بە دەربان
ویساڵیتخلص ڕووڕەشە ڕووی کردە دەرگات
ئەتۆش کەیفی خۆتە ئەی بەحری ئیحسان