ئەوا بۆت هات کەڵەشێرێکی مل ڕووت
از کتاب:
دیوانی ویساڵی
اثر:
وصالی (1902-1973)
2 دقیقه
688 مشاهده
ئەوا بۆت هات کەڵەشێرێکی مل ڕووت
لەبۆی پەیدا کە جنسی ببنە هاوجووت
هەتا زوو یاری بۆ ساز کەی، درەنگە
نەوەک سوێی بێتەوە بێچارە بێ جووت
لە غوربەتدا ئەگەر بمرێ بەبێ جووت
هەموو ئۆباڵەکەی ئەو دێتە ئەستووت
عەجەب جنسێکە حەیفە تۆوبڕاو بێت
کە لاهووتی بوو خوا هێنایە ناسووت
لەبۆ زینەت هەڵی بگرە زەمانێک
درووس بۆ پێی کە پاوانە لە یاقووت
حەقیقەت باڕەی ئەو دوننەل بلووغە
فەقەت بۆ شەڕ عەجەب چالاک و مەزبووت
لەبۆ دوشمن عەجەب دەمگەرمە بۆ شەڕ
ئەگەر بیبێت بەدائیم خواردن و قووت
کلیلی شێرە بۆ مەیدانی ئەعدا
بەشەرتێ نەیدەیە بەر تیری تانووت
موباریز ناوێرێ بۆی بێتە مەیدان
کە هەر چی هاتە مەیدان کردی نابووت
بەبێ پرسیار ئەگێت بێ فەرق و ئەندێش
بعەینە میسلی قەومی حەزرەتی لووت
مەیێڵە با نەفەوتێ هەر بمێنێت
کە مانی قووەتە بۆ دەست و بازووت
بە زەحمەت لەم وڵاتە جنسی ئەو بێت
مەگەر جووتێ لە شام بێ یا لە بێرووت
تەواو نابێ بەهای ئەو شکڵە حەتتا
بە باغاتی دڕیی و قامیش و بەرزوت
ڕەوایە چاوەزاری بۆ بنووسیت
کە دائیم زینەتە بۆ حەوش و خانووت
ویساڵیتخلص بەسیە مەدحی دوایی نایەت
ئەگەر بێڵن هەتا ئەخرێتە تابووت