زەردەخەنە لە فرمێسکا

از کتاب:
تریفەی هەڵبەست
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 5 دقیقه  1243 مشاهده
١
گیانە بیستم، کە پرسیبووت چۆنە ئێستا
لەگەڵ ژینا، لەگەڵ دانانی هەڵبەستا
وەک خۆی ماوە شێوە و ڕەنگی، یان گۆڕاوە؟
دەنگی وەک ئەوسا زوڵاڵە یان خنکاوە؟
***
وەکوو جاران قسەکانی هەر زیندووە؟
یان ساردوسڕ وەک دەم و دەسی مردووە؟
بە تەرازووی عەقڵی دوێنێ خەڵک سەنگ ئەکا؟
بە شوێن هەتاو، یاخود سێبەرا، ڕا ئەکا؟
***
وەکوو جاران، زۆر گەورەناو وا ئەناسێ؟
یان ئەو بەرگەی بیری کۆنی خۆی گۆڕیوە؟
بە واتەیان، تەناف بۆ مل، هەڵئەواسێ؟
یان زۆر ملی لەو تەنافە دابڕیوە؟
***
تو خوا ئێستەش وەکوو جاران دڵی تەڕە؟
یان گوڵاڵەی بەهارەکەی هەڵوەریوە؟
وەکوو جاران، پێش برسێتی لە سەر، سەرە؟
یان لە ژەنگی ناو کۆمەڵا، دڵ ڕزیوە؟
***
وەکوو ئەوسا کە ئەمناسیی، گیانی گەشە؟
یان دەماری هەستی سڕە و بەنجی خەوە؟
نانی ژینی، نانی سپی، یاخود ڕەشە؟
ڕەنجی شانی بۆ ڕووناکی یان بۆ شەوە؟
***
ئەڵێن پشتی جیڕی دوێنێی، ئەمڕۆ لەژێر
باری قورسی نەبوونیدا کۆماوەیە؟
ئەڵێن دۆستی زۆری دوێنی بۆ چاو بگێڕ
تاک و تەراش لە چاوی ئەو شاراوەیە
***
ئەڵێن ئەمڕۆ بە دارشەقی، ڕێی بێکەسیی
لاشەی سستی وەکوو پەڕۆی هەڵگرتووە
تو خوا ڕاستە مۆمی دڵ و داری دەسی
لە تاریکیی شەوی عومریا ون کردووە؟
٢
وەرامەکان لە قەفەزی سینەی یادا
وەک بولبولی هیلاکی خەو، کز هەڵنیشتوون
پرسیارەکان لە تینوێتیی سەر ڕێگادا
زۆریان لەناو چوون و خنکان، زۆریان مردوون.
***
گیانە هەرچەند شیعرم لەناو تەمی خەما
پەل ئەکوتێ ڕێگەی ونە، بەڵام بۆ تۆ
بەرەو ساماڵ ڕێگە ئەبڕێ، تەم لائەدا
دەمی وەرام گەر «گۆ»یش نەکا، بۆت دێتە گۆ.
***
گیانە ڕاستە ئەم چەند ساڵە دەستی ئازار
دەقی پەڕەی لاوێتیمی ژاکاندووە
چاوی تیری پڕ لە شەوقی پار و پێرار
ئەمڕۆ کزە و جوانی لە خۆی تۆراندووە!
***
ڕاستە پەنجەی ناسۆر لەسەر کێلی بەختم
هەڵبەستێکی چارەنووسی وشکی نووسیی
ڕاستە ڕێگای بیست و حەوتی عومری سەختم
بەهارێکی بەختیاری تا سەر نەدی
***
بەڵام گیانە، دەنگی ئەمڕۆم زیاد لە دوێنێ
زوڵاڵترە و، بەناو ژیانا باڵ ئەگرێ
قسەی زیندووم، تا دڵی مردووش ئەدوێنێ
شنەی وشەی تا فرمێسکی ناو چاو ئەسڕێ.
***
ڕێ ون ئەکەم، خۆم ون ئەکەم، بەڵام گیانە
هەرگیز خۆری سەرفرازیی کورد ون ناکەم
ژیان لای من، بەرەو هیوا، کۆڵنەدانە
گەر وا نەبێ بە دڵ خواستی مردن ئەکەم.
***
گیانە دوێنێ کە ئەتناسیم وەک مناڵ بووم
گرێی دەستم ئەخستە ناو دان و ناو دەم
ئەو سەردەمە ساوای بیری گڕوگاڵ بووم
نەمئەزانی ئەڵقەی فرسەت چۆن لە دەس کەم.
***
ئەو سەردەمە ناڵەی برسیم ئەهاتە گوێ
چاوم ئەکەوت بە فرمێسکی چاوی ئازار
پەلی کوێرم ئەگرت ئەمبرد هەتا سەر ڕێ
ئەشمنووسی بمرێ زستان، بژی بەهار!
***
بەڵام گیانە، ئەوسا منیش پۆشتە وەک تۆ
لەسەر تێریی، باسی برسێتیم بۆت ئەکرد
قسەی جوانم ئەخستە گیرفانی درۆ
لەژێرەوەش ئاڵای ڕیام پێ هەڵئەکرد.
***
ڕاستە ئەوسا ژیان وەکوو دڵی ساوا
ئاسمانەکەی بێگەرد بوو، پاک بوو، ساماڵ بوو
بەڵام گیانە، ڕێگای مێشکمان لە چاوا
بۆ ڕێبواری بەنگ کێشی خەو و خەیاڵ بوو.
***
باوەشی ناز هیوای دڵی ڕائەژەنیم
تاریکەشەو کێوێکی ترسی بەسام بوو
لە کام تەقە، زۆر بچووکە، ڕائەچەنیم
دڵناسک و بیر کاڵ و کرچ و نەفام بوو.
***
ئەسپی خەیاڵ لەژێر لێفەی گەرمی شەوا
بۆ کام دنیا ئێجگار دوورە ئەو ئەیبردم
حەزی دەروون چیی بویستایە، بۆی ئەلوا
لەگەڵ تۆشا، دەسی پێ لە مل ئەکردم.
***
بەڵام ئەمڕۆ ئەو ئازارەی من ئەیچێژم
ئازارێکە بەختیاری تیا ئەبینم
ئەو چاوانەی کە فرمێسکی پێ ئەڕێژم
چاوێکە تۆوی پیاوەتی تیا ئەچێنم.
***
لە ژیانی تفتی ئەمڕۆی کزر و دێما
سبەینێی تەڕ و پاراوی کورد ئەبینم
لە هەورازی سەخت و ئارەقی سەر ڕێما
دوائەنجامی سەرفرازیی مەرد ئەبینم.
***
لە هەر ئاخێکی ناو سنگی پڕ لە سوێما!
هەزار کسپەی جەرگی کۆرپەی کورد ئەبیسم
لەناو هەموو هەنسکێکی قوڕگی خۆما
دەنگی قرچەی دڵی دار و بەرد ئەبیسم.
***
ئەو زەوییەی ئەمڕۆ وشکە و گاسنی خەم
ناخی دەروونی بە دانی ڕق ئەکێڵێ
ئەو کۆترەی ئەمڕۆ لەبەر باران و تەم
بێچووی هێلانەی ئارامی جێ ئەهێڵێ.
***
سبەی زەوی لە هەر بستێکیا کانییەک
وەکوو چاوی قرژاڵی ڕوون، هەڵئەقوڵێ
هەر کۆترەی بە خوێندنی گۆرانییەک
بەستەی ژیانی ئازادی بۆ گەل ئەڵێ.
***
بەڵێ گیانە لە تاریکیی شەوی ڕەشدا
چاوم خۆری ناو شەبەقی ژین ئەبینێ
لە گریانی ناو ئازاری زامی لەشدا
ئومێد، دیاریی پێکەنینم بۆ ئەهێنێ
***
لە پاییزی لێوی وشکا، لە خەزانا
زەردەخەنەی بەهاری دڵ ئەبینم من
لە باوەشی بەفر و زوقما، لە زستانا
چەپکە نێرگز، یاخود نەورۆز، ئەبینم من.
***
لەناو هەر قەترە خوێنێکی لێ ڕژاوما
گوڵی باخچەی ئازادییەک ئەبینم من
لە هەر گوڵەگەنمێکی لێ سووتاوما
سبەی خەرمانی شادییەک ئەبینم من.